چیرۆکەکانی شار: نارنجۆک

Tuesday, 02/09/2014, 12:00

4496 بینراوە


ئای کە ئەمڕۆمان لەدوێنێ دەچێت، دوێنی بەهەموو شێوەیەکییەوە، دوێنێ کە شار دارستانێکی پڕ چەک بوو وەك ئەمڕۆ، من تاسەر ئێسقان لە هەڵدانی ئەو نارنجۆکە پەشیمانم، هەمیشە دەیێڵم بەس نەبوو کەسی پێوە نەبوو، دەنا تا دەمردم دەبوو بەو ئازارەوە بتلامایەتەوە، بەڵام ژوان بوونەوەم بەڕاستی پەیوەندی بەم ڕۆژەوە هەیە کە تێیکەوتووین .
 دەزانم خوێنەری ئەزیز ئارەزووتانە بۆتان باس بکەم، نارنجۆکەکەم چۆن هەڵدا منێک کە بۆ خۆشیش و بۆ وێنەگرتنیش تفەنگم هەڵنەگرتبوو. تا ئەو کاتەش، بەڵام بڕیارم دا نارنجۆکێک هەڵدەمە ماڵێکەوە کە گوزەرانیان لە گەڕەکەکەمان ئاڵۆز کردبوو.
 ئێمە ماڵمان لەیەکێک لەکۆڵانەکانی ئیبراهیم پاشادا بوو لەسلێمانی، پیشەم بەرگدروو بوو، بەڵام لەسەربازی هەڵھاتبووم و لەڕێگەی ناسیاو و دۆستەکانمەوە کارم بۆ دەهات و جێبەجێم دەکرد و ژیانێکی مەمرەو مەژیم لەگەڵ دایکم و باوکم بەسەر دەبرد، ئیتر سەرگەرمی ژیان بووین.
 ئەوسا هیچ بەرپرسیارییەک لەسەر شانم نەبوو، نەخەمی دوکانم بوو بیکەمەوە نەشتکڕین نەهیچ .
 ئەو ڕۆژانە شار تادەهات قەرەباڵغ تر دەبوو، گوندەکان تاده هات وێرانتر و خەڵکانێک کە نەگیرابوون ڕوویان لە شار کردبوو، یان بەر لە هێرشەکانی سوپا و جاش. ئەودەم شەقامی شێست مەتریش شاری کردبوو بە زیندان، باڵدارەکانیش زاتی ئەوەیان نەبوو لەشەقامە شێست مەترییەکەوە ئاودیوو ببن. ڕۆژانە دەیان ژنی عەبا بەسەرت دەبینی لەدەرگای ماڵانیان دەدا بۆ هۆدەی چۆڵ و ژێر خانێک دەگەڕان، بۆ خۆشاردنەوەیان لە دەستی ڕژێم. بۆ بنیادنانی جێگەی تر تا ئارامی تیابگرن.
 ئەنفال هەموو شتێکی سوتماک و وێرانکردبوو. لە ناو هاتنی ئەم لێشاویی عەشاماتەدا، ماڵێک بوون بە دراوسێیەمان کە پیاوەکەی "جەیش شەعبی" بوو، ئافرەتەکەشی وەک پەشتەماڵ هەر ڕۆژەو بەدەست یەکێکەوە بوو، بەکورتی و بە کوردی کاری لەشفرۆشی دەکرد، بەوەشەوە نەوەستا بوون لەم و ئەولاوە ئافرەتی تریان دەهێنا ئەو گەڕەکەیان وا لێکردبوو سیمای ژیانی ئاسایان پێوە نههێشتبوو.گەڕەکەکەمان کە پێشتر زۆر بەڕیکەوت ئۆتۆمۆبێلی پیادەهات و هامشۆکەران زۆر کەم بوون و گەڕەکێکی کۆمەڵایەتی بوو هەموو یەکترمان دەناسی، کەس شتێکی نهێنی نەبوو، کەچی ئێستا ببوە جێگەیەکی خراپ و لەپەستا خەڵکی سوک وڕەفتار نزم بەلێشاو ڕوویان لە گەڕەکەمان دەکرد. سەرۆک جاش و جێگری سەرۆک جاش و ئەمنی عەرەب و سەدان خەڵکی نەخۆش بۆ بەتاڵکردنەوەی ئارەزوە شەیتانێکانیان ڕوویان لەو ماڵەدەکرد . ئەمە خەونی لەمێژینەی بەعسێکان بوو کە سلێمانی و کوردستان بکاتە جێگەیەکی ڕامکراو . ئەوەی زیاترئازاری منی دەدا ئەو ماڵەی دراوسێمان بوو کەسێ کیژی هەرزەیان هەبوو، لەمابەینی ماڵە شاییەکەو ماڵی ئێمەدا، ئەوان باوکیان بەکارەساتێکی دڵ تەزێن مردبوو دایکیان بە بەجل شۆری و نانکردن بەخێوی دەکردن و نەفسێتێکی بەرزیان هەبوو تەنانەت یارمەتی کەسیشیان پێقوڵنەدەکرا،ئەو مشتەری یە نانەجیبانە زۆرجاران لەدەرکی ئەو ماڵەیان دەدا کە سێ کیژەکەیان هەبوو کیژەکان سەرگەرمی خوێندبوون . جانازانم بەقەست بوو یان نا ؟ خەڵکی گەڕەک هەموو پیشی دەخواردەوە و پلانیان دەکرد چۆن لەم دژوارییە ڕزگاریان بێت و سەرفراز بن و ژیان بخرێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی . سەریان بەکۆشی مەرد و نامەردا دەکرد و دەیان کۆبونەوەیان ئەنجامدا تا لەم بەڵایە ڕزگاریان بێت. ئیمزایان کۆکردەوە و بۆ شارەوانیان برد . ڕویان لە هەر لادەکرد بەدڵ شکاوی دەگەڕانەوە . بەوئەنجامەش گەیشتن کە ئەمانە پێناسنامەی تایبەتی "سەدامیان" پێیە و راستەوخۆش پەیوەندیان بە (عەبد عەلی)** ەوە هەیە . بیرمە سەرەک جاشێکی خرپن کە ناوی (شێخ نەجمەدین) بوو خەڵکی ناوچەی هەورامان بوو لەوسەری گەڕەک قەلایەکی هەبوو، پیاوانی گەڕەک ڕوویان لەو پیاوی ناو فەرشە کرد، لێ ئەو زاتەی گەڕەکی تژی کردبوو لە حیمایە و نیگابان ووتبووی: "ئەوە لە توانای مندا نییە و کەس ناتوانێت دەستیان بۆ بەرێت" منیش لەبەر ئەوەی هەر لەماڵەوە بووم و ئاگاداری وردی هەموو ڕووداوەکان بووم هێندەی تر پڕدەبووم لە ڕق، لەڕێگەی پورزایەکمەوە کە لەعەربەت بوو ماڵیان و پێشتر (پ . م) حسک بوو قاچی بڕابووەوە، ئیترە گەڕابوویەوە ناو ژیانی ئاسایی و منیش بەڕاستی بڕوام پێی بوو، بۆیە داوام لێکرد:
 -    ئەرێ دەکرێت نارنجۆکێکم بۆ پەیدا بکەیت؟
 ئەویش زۆز سادانە ووتی:
 -    جا نارنجۆک چییە؟ سبەینێ بۆت دەهێنم.
  ئەو ووتی:
 -    بەناشکوری نەبێت هەموو گەل بۆتە جاش ئەی نازانی لەبازاڕ دەی فرۆشن بەدوو دینار؟
 من نە دەویست پێی بێڵم بۆچیمە لێ لەبەر ئەوەی ژوان نەبێتەوە له هێنانی بۆم باس کرد و ئەو ڕازی بوو، کە بۆشی هێنام فێری کردم چۆن بەکاربهێنم، چونکە ئەو پێشتر ئەزمونی هەبوو، چاکە باسی ئەو هاوڕێیەشم بکەم کە بەردەوام دەهات بۆلام و هەواڵێ شاری پێدەدام قوماشی لای بەرگدرۆکان بۆ دەهێنام و کە دەمدوری دەیبردەوە بۆیان، بۆیە پێم ووت:
 -     دەمەوێ کارێکی وابکەم.
 زۆر لە من بەجۆشتر بوو دەیوت:
 -    منیش لەگەڵتام ئێستا پێشمەرگە نایەتە سلێمانیان کردۆتە مەلھاو کارخانەی لەشفرۆشی
  ئەو دەیووت:
 -    هەموومان بەرپرسیارین نابێ بترسین و دەبێ لەهەموو جێگەیەک بەو کارانە هەستین ئەوە دوا چارە کە کەرامەتمان بۆ بهێنێتەوە .
 نیوەڕۆیەک کە هاوڕێکەم هات بۆلام ونارنجۆکەکەم پیشان دا، ئیتر هەموو گیانی نیشتە سەر ئاو، دەتەوت لە حەمامێکی گەرمایە، زۆر هەوڵی دا پەشیمان ببمەوە و ئەی ووت:
 -     ئێمە حەقمان چییە بەسەر ئەم کارەوە؟ ئەم شارە بەئێمە چارەسەرناکرێت .
 منیش پێم ووت:
 -     ئەزیزم من دەیکەم، بەڵام تۆ وابزانە هەر نەت بیستوە
 سەرەتا ووتی:
 -    مەیکە و زەرەردەکەیت و توشی گرتن و کوشتن دەبیت. پاشان ووتی: ئەوە من هەر نەم بیستوە و ڕۆیشت و بەجێی هێشتم . بەزەیم پێدا هاتەوە کە پێی بڵێم ئەی قسەکانی خۆتت بیر چۆوە بەر لە چەند ڕۆژێک ؟ منیش بڕیاری خۆم دابوو تاهات زیاتر سور بووم له هەڵدانی ئەو نارنجۆکەکە. من بە درێژایی ئەو کاتانە هەر بیجامەم دەپۆشی و سەندەڵیم لەپێ دەکرد ئەوەش سمبوڵی کەسی بێوەیە، من بە بێ پلان ئەو بەرگەم دەپۆشی، چونکە بۆ هیچ شوێنێک نەدەچووم . پێش ئەوەی ئەو ماڵە نەعلەتییەش ببن بە دراوسێمان، من هەر وابووم .
 کات پایز بوو تاک و تەراخەڵک لەسەربان دەخەوتن یان هەر نەدەخەوتن چونکە شەوی پێشتر بارانێکی پرتاو هات دار و بەردی شارو گەڕەکی شتەوە، کات دوانرەی شەوبوو نارنجۆکەکەم لەناو زەرفە ڕەشە نایلۆنەکە دەرهێنا، نارنجۆکی چل پارچەبوو ئەوە پورزاکەم ئەو زانیاریەی داپێم . نازانم بەدەستی کامە کرێکار و لەکام ووڵات دروست کرابوو؟ هەرچی ترس هەبوو لە لەشما بەدیم نەدەکرد، ئارەزووشم بوو چەند لەو مشتەرییە نابوتانەش هەلاهەلا بکەم، چوومە دەرەوە، گەڕەک خامۆش ئەستێرەکان لەناو پەڵە هەورەکاندا مەلەیان دەکرد گڵۆپە زەردەکانی دارتەلەکان چاوەکانیان ترپە ترپی دەکرد و باوێشکیان دەدا. چەند پشیلەیەکی بێخودان سەریان کربووە ناو تەنەکەی خۆڵەکاندا و سەرگەرمی مڵچ و مۆچ بوون. منیش بەردێکی بچکۆلەم لەبەر دەرگاکە دانا تا بۆ ئەوەی دەرگاکەمان پێوە نەدرێت و سانایی بچمەوە ماڵەوە، پێشتر کە دەرگاکەمان جیڕەی لێدەهات ئەو ئێوارەیە بە ڕۆنی مەکینەکەی دوورمانەکە ئەویشم بێدەنگ کرد، هەموو شت وەستا بوو لە گۆمی مەنگ دەچوو، منیش سەیرێکی خوارەوەم کرد هیچ نەبوو سەیری سەرەوەم کرد لەبەردەم ماڵە سەرەک جاشەکەدا تارمایی نیگابانێکم دی، بێ جوڵە وەک دار وەستابوو. هەرچۆنێک بوو لەبەردەم ماڵە کەدا کە قینی دنیام لێ بوو ئەو کاتە وەستام به هەمان دەستوری سەربازیی ڕاست و چەپم کرد و ئەڵقەی نارنجۆکەکەم دەرهێناو نارنجۆکەکەم هاویشتە ناوماڵەکەوە، پورزاکەم ووتی: دوورهەڵی بدە دەنا خۆت دەکوژی، دوای هەڵدانی پاشە کشێم کرد. نازانم بەچەند هەنگاو گەیشتمە ماڵ پێش گەیشتنم گوێم لەچرکەیەکی تەرەقەکەی بوو دەرگاگەم کردەوە و ناڵه هات. بوو بە گەڵاو چیلگە باران، باوکم کە گوێکانی تەواو پەکیان کەوتبوو هەمیشە بەدەنگی بەرز قسەی دەکرد، وای دەزانی وەک خۆی ئێمەش زەحمەت لە قسە دەگەین. بەدەنگی بەرزووتی کوڕم چیبوو؟ پێدەچێت پێشمەرگە هاتبێتە سەر ماڵە بەرەڵاکە ؟ منیش ووتم: ڕەنگە باوکە گیان منیش گوێم لە دەنگی تەقینەوە بوو . پاش ماوەیەکی کورت گەڕەک پڕ بوو لە خەڵك لە جاش لە چەکداری سەرەک جاشەکە. منیش بە سەندەڵی و بیجامەکەوە چوومە دەرەوە، تێکەڵ بەخەڵکی گەڕەک بووم . هەر کەسە و قسەیەکی دەکرد، چوم بۆ ژوورەوە بۆ ماڵەکە وەک خەڵکی گەڕەک کە ڕوانیم لە قەراغی گوێسەبانەکەی دابوو، هێندە نەشارەزاییانە هەڵم دابوو تۆزێکی مابوو بکەوێتە ماڵی بێوژنە نەگبەتەکەی دراوسێمانەوە، کە سێ کیژۆڵەکەی هەبوو، خۆشحاڵانە جگە لەو دار تووی حەوشی ماڵەکە و تۆزێک گوێسەبانەکەیان زامدار بوو هیچی تر نەبوو، لە کۆڵانیش دراوسێیەکمان، که هەمێشە مۆڕ دەبۆوە لەو ماڵە چرپاندی بەگوێمدا و ووتی ماڵی ئاوابێ کاک جەلال**کارەکەی کرد من بەچاوی خۆم دیم جێبێک بوو خێرا قومبەلەکەی هاویشت و ڕۆییشت، ئەم پیاوە هەر بەعەقڵی حەفتاکان لێی دەخوڕی . دراوسێیەکی ترمان ووتی: لای کەس قسە مەکەن ماتۆڕێک بوو دوو گەنجی کردەی بەسەرەوە بوو. ماڵیان ئاوا بێت کارەکەیان کرد و ڕۆیشتن و ئێمەیان سەرفراز کرد، هێشتا تۆزێ موی پیاوەتی ماوە لەم شارەدا . منیش پێکەنینم دەهات هێشتا ئەڵقەی نارنجۆکەکە لەگیرفانما بوو فڕێم نەدابوو.
 ئەوساڵانە گەر لەسەر کارێکی وا بگیرایتایە، دەبویتە پاڵەوان لێ ئێستا دەکرێیتە جاسووس و تابوری پێنج و بەدڕەوشت و تیرۆریست . من دڵنیابووم کەس خوێن لە لوتی نەهاتووە ئاسودە بووم ژنەکەش کە ناوی خۆی نابوو (دونیا) بۆ ماوەی دوو ڕۆژ داوی ئەوە وون بوون کەس نەیزانی لە کوێیە ؟ سەمەرە لەوەدابوو دوو منداڵی هەبوو هەریەکەیان ڕەنگێکی هەبوو لەکۆڵان بێخودان جێمابوون بیرمە دایکم دەێنایە ماڵەوە و نانی دەدانێ دوای دوو ڕۆژ دونیا گەڕایەوە بۆلایان و بۆ هەتا هەتایە لەو گەڕەکە نەمان و وەک هەڵم بزربوون. نە ئاسایش و نە "عەبد عەلی" بۆ پرسیارکردن ڕویان لەم ناوە نەکرد . گەڕەک ئارامی بۆ گەڕایەوە پێش ئەوەی لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەم ببمەوە حەز دەکەم باسی ئەو ناسیاوەتان بۆ بکەم کە بەنیاز بوو لەگەڵمدا ئەوکارەبکات تاهەفتەیەک سەردانی نەکردم، که هاتیشەوە دڵنیا بوو کە هیچ نەبووە بە چاک وبە خراپ باسی ئەو ڕووداوەی نەکرد تا دوای ڕاپەڕین ڕۆژێک لە شەقامی مەولەوی ویستی باسی ئەو نارنجۆکە بکات منیش تەنھا سەیرم کرد، ئەویش بێدەنگی هەڵبژارد.
 خوێنەری ئەزیز خەڵکانیش هەن بەو نارنجۆکە پلە و پایەیان وەرگرتوە.
 
 ---------------------------
 *نارنجۆک: چیرۆکێکی دروست کراو نییە پێشکەشە بەهاوڕێ بەرگدرۆکەم پاڵەوانی چیرۆکی نارنجۆک
 **عەبد عەلی : ئەو جەلادەبوو کە بەرپرسیارێتی هەبوو لەئاسایشی بەعسییەکان لەسلێمانی
 *** کاک "جەلال" بەرپرسێکی مەیدانی ئەوکاتە بوو
 
 ڕزگار ڕانگور
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە