سەگ و پشیلە و مافەکانی دەسەڵاتی کوردی.!

Thursday, 19/01/2012, 12:00

2118 بینراوە


کاتێك بە شەقامەکان وەیان شوێنە گشتیەکانی یەکێك لە وڵاتانی ئەوروپادا دەگوزەرێیت دەبینیت سەگێك بەدەست خاوەنەکەوەیەتی، ئەگەر کەمێك وردبونەوە بۆ تێگەیشتن لەو سەگە بکەین ، تێدەگەین کە ئەو سەگە بە تەنها بونەوەرێکی دەستەمۆی وەفادار نیە بۆ خاوەنەکەی ، خاوەنەکەی بۆ کات بەسەربردن لەگەڵیدا ئاسودەبێت و بەس.! بەڵکو ئەو سەگە وەك بونەوەرێك توانیویەتی پانتاییەکی گەورە لە ناو یاساکانی ئەو وڵاتە بۆ خۆی جێگیر بکات لەوێوە تەواوی مافەکانی بۆ دیاری بکرێت. پشیلەیەکی نەرمۆڵە بە هەمان شێوە. بونەوەرەو گیاندارەکانی تر بە توخمە جیاوازەکانەوە ، باڵندەو پەلەوەرەکان تەواویان لە داڕشتنی یاساکانی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین سەلمێنراون، هاوبەشی کردنی ژیانیان بۆ دیاری کراوە پشکی خۆیان لەناو مادەو بڕگە یاساییەکاندا هەیە. ئەگەر بێتو لەوەش تێپەڕین بەدوای زانیاری ورد تردا بڕۆین دەبینین هەندێکیان زێدەتر مافەکانیان گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی کە هاوشانی مرۆڤەکان مافی هاوڵاتی بونیان بۆ دەستنیشان بکرێت...! ئالێرەوەیە مرۆڤەکان دەتوانن لە نرخاندنی دنیای مۆراڵ و تێگەیشتن لە مافی مرۆڤ و یاساو ، پێشکەوتنخوازی تێبگەن ..!
دەکرێت ئەمەش بکرێتە بەیسێکی بەراورد تاکی کورد لەو ڕوانگەیەوە تەوژمێ بە ئاستی هوشیاری خۆی بدات لە دروشمی وەهم بێتەدەرەوە ، لەوێوە خوێندنەوە بۆ نرخاندنی خۆی بکات...
ئەمەش خوێندنەوەی منە..! پێموانیە هیچ تاکێکی کورد تا ئێستا گەیشتبێتە ئەو ئاستەی کە نەك وەك مرۆڤێك بەڵکو وەك بونەوەرەکانیش مافەکانی خۆی بەدەستهێنابێ..! مەبەستم ئەوە نیە کە مرۆڤەکانی کورد لەبەرابەر بونەوەرو ئاژەڵەکاندا بەکەم بنرخێنم بە پێچەوانەوە تاکی کورد زۆر بە مەزن دەبینم لێ حەقیقەتی واقیع ئەمەمان نیشان دەدات.
ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی کە تاکی کورد تا ئێستا نەیتوانیوە مافی هاوڵاتی بونی خۆی لە پێشینەو ئێستاشدا لەسەر خاك و ئاو و نیشتمانەکەی بەدەست بهێنێ،. دەشێت کەسێك خاوەنی پارچە زەویەک و سەرمایەیەکی گەورەو وەیان کۆشکێکی عەجیب بێت لێ ئەمە مانای ئەوە نیە ئیتر ئەو کەسە مافی هاوڵاتیبونی هەیە.. ئەوەش هەڵەیە مافی هاوڵاتیبون لە ناونوسینی ڕەگەز نامەیەکدا وەیان تەسکەرە نفوسێکدا ببینرێتەوە، چونکە ئەمانە تەنها پێداویستی و دابینکردنە ساواکانی هاوڵاتیبونەو هیچی تر... ! لە ڕاستیشدا تێگەیشتنی هاوڵاتیبونی زۆر لەسەروی ئەم تێڕوانینە ساواییبونە هەڵکشاو ترە..! ئەگەر چی لای ئێمە بەم ساواییە لەسەر مانای هاوڵاتیبون ڕاهێنراوین ..! بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتوە لەوە دورتر بنواڕین، ئەو سنورە سەرەتاییە بەجێبهێڵین لە دیوە ڕاستەکەوە لە مافی هاوڵاتیبون تێبگەین. بێگومان هێندە کارێکی قورس و گرانیش نیە. لێ تەنها هەر ئەوەندەیە بزانین چۆن کاری لەسەر دەکرێت و چۆن دەبێت وەیان چۆن کاری لەسەر کراوە..؟ وەڵامەکەشی ئەوەیە کە دەبێت هەوڵەکان وەگەڕ بخرێت تا مافی هاوڵاتیبون لەناو یاساکانی وڵاتدا بەبێ جیاوازی لەسەر تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگەدا ڕێکبخرێت، کۆچ بەعەقڵی جیاوازیەکان بکرێت. ئەو عەقڵە جیاوازیەی کە دروستکراوی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانن و گەورە ترین گرفت و کۆسپیان لەڕێی هاوڵاتیبونی تاکی کورد داناوە.. ئەو گرفت و کۆسپانەش لەوەدایە کە ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە بە ئەستۆی وردیان چوار ڕۆژ چونەتە شاخ بە ناوی کوردو کوردایەتیەوە ئیدی لەو ڕوانگەیەوە دەنواڕن خۆیان بەمنەتکار دەزانن ، هاوڵاتیبون تەنیا لەخۆیاندا دەخوێننەوە ئیتر ئەو مافە بەکەسی تر نادەن، واتە بە جیاوازکردنی هاوڵاتیانیان داهێناوە..! پارتی هاوڵاتیبون لەخۆیاندا دەبیننەوە باوەڕیان بەهاوڵاتیبونی کەسی تر نیە، یەکێتیش بەهەمان شێوە، حزبە بچوک و ئیسلامیەکانیش ئەگەر دەسەڵاتیان بکەوێتە دەست بێگومان لەوان خراپتر ئەمانیش جێگەی متمانەو باوەڕنین چونکە لەسەر هەمان ڕیتمی ئەوان مەشقیان لەسەر هاوڵاتیبون کردوە . بۆیە پێمباشبو بۆ تێگەیشتن لەمافی هاوڵاتیبون لەو دیوەی کەخۆی پێویستی پێیە بەکورتی بەراوردێك لەنێوان هاوڵاتیبون لە وڵاتی ئێمەو هاوڵاتیبون لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتانی کۆمەڵگەی مەدەنی دیاری بکەم ...!
لەوڵاتانی ئەوروپاو وڵاتانی کۆمەڵگەی مەدەنیەتدا مافی هاوڵاتیبون بەشێوەیەکی زانستیانە لەلایەن پسپۆڕانی تایبەتمەندی دەسەڵاتەوە کاری لەسەر کراوە بەشێوازێك کە مافی هاوڵاتیبون بەبێ جیاوازی لە ناو یاساکاندا چەسپێنراوە، ئەگەر چاو بەو یاسایانەشدا بخشێنین دەبینین لەناو تەواوی مادەو بڕگەکانیدا مافی هاوڵاتیبون جێگیرکراوە ! واتە لەم جێگیرکردنی مافی هاوڵاتیبونەوە هاوڵاتی خۆی هەستدەکات دان بەمافەکانیدا نراوە، بەشێوەیەکی کۆنکرێتی لەناو یاسادا ئەو مافانەی پێویستی پێیەتی چەسپێنراوە. ئەمیش بێئەوەی پێی بوترێ بە بەرپرسیارێتیەوە ئەرکی پارێزگاری لەمافی هاوڵاتیبونی دەخاتە ئەستۆی خۆی . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئینتمابونی لادروستکراوە.! کەواتە هاوڵاتیبون هەستکردن و بەرپرسیارێتی و ئینتمابونە نەك پسۆڵەیەکی بەخشین لەلایەن فەرمانگەی ئەحوال مەدەنیەوە...! لەوڵاتی ئێمەدا بێجگە لەو پسۆڵەیەی لەلایەن فەرمانگەی ئەحوال مەدەنیەوە دەدرێت بەخەڵکی وڵات ئیدی لەهیچ کایەکانی تری ژیاندا مافی هاوڵاتیبون نیە..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە