بۆ ئه‌و (60) چاوه‌ی كه‌كرانه‌ قوربانی قاچاغ چییه‌ك ...

Tuesday, 11/06/2013, 12:00

1347 بینراوە




پاش هه‌مووئه‌و نه‌هامه‌تیه ‌جۆربه‌جۆرانه‌ی كه‌هێنران ‌به‌سه‌رئه‌م میلله‌ته‌دا له‌لایه‌ن ڕژێم وده‌سته‌ڵاتداروحاكم وپاشا پێشینه‌كانه‌وه ‌، ئه‌وه‌تا له‌ سه‌رده‌می ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ ‌سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌ی ئێستاشدا،خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ گرفتاری چه‌ندین شێوازی تری نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری بوون‌،یه‌كێ له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ كه‌له‌م ڕۆژانه‌دا وله‌ له‌ یه‌کێک له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی هه‌ولێری پایته‌خت هێنرا به‌سه‌ر 30 هاوڵاتی بێتا‌وا‌نی نه‌خۆشدا ، هه‌ست و نه‌ستی هه‌موو لایه‌کی جوڵاند و که‌رتی ته‌ندوستی به‌ته‌واوی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، ئه‌م بێسه‌روبه‌ریه‌ له‌م وڵاته‌دا‌ و به‌تایبه‌ت له‌ که‌رتی ته‌ندوستیدا و مامه‌ڵه‌ی هه‌ندێ كۆلكه‌ دكتۆر و مه‌عاون قاچاخچی ده‌رمان و ێه‌یده‌لانی نه‌خوێنده‌وار له‌گه‌ڵ هاوڵاتی له‌م ڕۆژانه‌دا بوه‌ته‌ مانشێتی ڕۆژنامه‌کان و سه‌ردێڕی هه‌واڵ و باس و خواسی هه‌موو توێژه‌کانی خه‌ڵک ، گه‌نجان ده‌پرسن له‌م سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌ و پێشکه‌وتنه‌دا كه‌ ڕۆژ نییه‌له‌ وڵاتانی هه‌ره‌ بچوكی ئه‌م جیهانی سێیه‌مه‌دا گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به‌ هاوڵاتیان نه‌كرێ و ڕۆژانه‌ چه‌ندین گیان ڕزگار نه‌‌كرێ و چه‌ندین دڵ ئاڵوگۆڕ نه‌كرێ ، كه‌چی لای ئێمه‌ چاوی ساغ کوێر ده‌كرێ ... ‌ تازه‌به‌ تازه ‌دكتۆره ‌خاوه‌ن بڕوانامه‌ ته‌زویره‌كانی لای خۆمان وئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ زۆر و به‌ حوكمی واسیته‌ و فه‌لسه‌فه‌ی خزمایه‌تی و عه‌شره‌تگه‌ری و وه‌عد و به‌ڵێنی سه‌رمێزی ئێواران خۆیان له‌ شوێنه‌ گشتی و نه‌خۆشخانه‌ و كۆگاكان خزاندوه‌ وپله‌و پۆستی هه‌ستیار و به‌رزیان پێ به‌خشراوه‌ و ئه‌و ئازادییه‌ خوار و خێچه‌ی بازاڕ و شێوازی نایاسایانه‌ی هاورده‌کردنی کاڵاو ده‌رمانی ئه‌م ڕۆژانه‌یان بۆ خۆیان قۆستۆته‌وه‌ وده‌یانه‌وێت ئه‌وانیش به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان میلله‌ت بكه‌نه‌كۆیله‌وخزمه‌تكاری خۆیان وشه‌هاده‌ ته‌زویر و نیازه‌ گڵاوه‌كانیان به‌ خه‌ڵكی هه‌ژار و چه‌وساوه‌ی كوردستان بفرۆشنه‌وه‌ و هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌ی پاره‌یه‌ك له‌خه‌ڵكی هه‌ژارونه‌زانی ئه‌م وڵاته‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ و پێی بچن بۆلوبنان ومونته‌جه‌عه‌كانی سویسرا و پاریس و مناڵه‌كانیان بنێرنه ‌قوتابخانه‌ی نمونه‌یی وژنه‌كانیان به‌ ئاره‌زووی خۆیان پاره‌ی هه‌ژاران بكه‌نه‌ خه‌رجی سه‌وزو زه‌ردكردنی ده‌موچاو و قژ و ڕێككردنه‌وه‌ی لوتی خوار و ڕووخساری ناشیرینیان ،هه‌ڵبه‌ته‌ له‌گه‌ڵ داوای لێبوردن له‌ هه‌موو لایه‌ك كه‌به‌ناچاری لێره‌دا ناوی پیرۆزی (دكتۆر) به‌ خراپ دێنم ، خوێنه‌ری به‌ڕێز دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ته‌نها مه‌به‌ستم دكتۆره‌ خراپ و قاچاخ چیه‌كانیانه‌ ، نه‌ك خوانه‌خواسته‌ مه‌به‌ستم پیشه‌كه‌ و ئه‌و فریادڕه‌س و فریشتانه‌بێت كه‌ ژیانی چه‌ندین كه‌سیان كڕیوه‌ته‌وه‌ و ملیۆنه‌ها كه‌سیان له‌ كه‌م ئه‌ندامی و نوقسانی جه‌سته‌یی ڕزگار كردووه‌ و گڕوگاڵیان خسۆته‌وه‌سه‌ر لێوی ملیۆنه‌ها مناڵ و خه‌نده‌ و زه‌رده‌یان به‌ خشیوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌زاران دایك و چه‌ندین شۆڕه‌سوار و پێشمه‌رگه‌ و زانا و مرۆڤی گه‌وره‌یان به‌ ساغ و سه‌لامه‌تی داوه‌ته‌وه‌ ده‌ست خاك و خه‌ڵك و نیشتمان ، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ته‌نها ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ده‌ستیان له‌گه‌ڵ دزو جه‌رده‌ و مافیاكانی ئه‌مڕۆدا تێكه‌لاوكردووه‌ و پیشه‌ی پیرۆزی خۆیان دۆڕاندوه‌و ڕوویان له‌ کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌ و ده‌ست بڕین و چه‌وساندنه‌وه‌ی فه‌قیر و هه‌ژاران کردووه‌ ، پێشڕكێی باخ كڕین و ڤێللا دروستكردن ده‌كه‌ن له‌سه‌ر حسابی ڕیخۆڵه‌ و دڵ وجگه‌ر و زراوی ئه‌م میلله‌ته‌ ، ئه‌م جۆره‌یان له‌دكتۆره‌ به‌ڕێزه‌كان دیاره‌ له‌بیریان چووه‌ته‌وه‌ كه‌ پیشه‌ی ئه‌وان ‌ پیشه‌یه‌كی موقه‌ده‌سه‌ و هه‌موو كه‌سێك ناتوانێت ببێته‌ دكتۆر، هه‌ست و نه‌ستی ئه‌وه‌یان نییه‌ كه‌ كاتێك ‌خه‌ڵك‌ خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌ستی ئه‌وان و قیرو سیا له‌ هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانێكی ده‌كاو ته‌نها بیری لای چاكبوونه‌وه‌یه‌ و هیچی تر ، برینی سه‌خست و ئازارو ده‌ردی تیمارنه‌كراوی خه‌ڵكیان بۆ خۆیان قۆستۆته‌وه‌ و ناساغان به‌ گێل ده‌زانن ، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی گێلیه‌تی و نه‌زانی میلله‌ت نییه‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌ متمانه‌یه‌ و ئه‌و متمانه‌یه‌ به‌كه‌سی تر ناكرێ جگه‌ له‌ دكتۆرو كاربه‌ده‌ستانی تری ده‌وڵه‌ت ، جه‌نابی دكتۆریش بۆخۆ گێل كردن له‌م ڕاستیه‌ زۆر زیره‌كه‌ . پیرۆزی ئه‌م پیشه‌یه‌ ئالێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ، له‌م متمانه‌ پێكردنه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی دكتۆره‌كه‌ ناسیاو بێت یان نه‌ناسیاو كوردبێت یاعه‌جه‌م هاوڵاتیان ده‌چنه‌ لایان و بێ سێو دوو باوه‌ڕ به‌ ووته‌ی پزیشكه‌كان ده‌كه‌ن و ڕێنماییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن ، چونكه‌ كه‌سیتر وه‌ك حاكم وده‌سته‌ڵادارو دكتۆر ناتوانێت ڕێنمایی بدات و خه‌ڵك چه‌واشه‌ بكات ، بۆ نمونه‌ ده‌سته‌ڵاته‌ خۆسه‌پێنه‌کان هه‌میشه‌به‌ناوی نیشتمانپه‌روه‌ری وگێڕانه‌وه‌ی هه‌ق وماف وبه‌رگریكردن له‌سه‌روه‌ت وسامانی هاووڵاتیان وپارێزگاری له‌سنوری وڵات خه‌ڵك ته‌فره‌ ئه‌ده‌ن ودێن ئه‌ونیشتمانپه‌روه‌رییه‌ی كه‌پڕوپاگه‌نده‌ی بۆده‌كه‌ن زۆرجار به‌ نرخێكی زۆر گران به‌ هاووڵاتی ده‌فرۆشنه‌وه‌ ، چونكه‌ كورسی ده‌سته‌ڵات و پاره‌ و پولی خه‌ڵكیان له‌ چنگدایه‌ و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان میلله‌تیان ناچار كردووه‌ كه‌ ڕازی و بێده‌نگ بێت و خۆیان به‌ هه‌ڵبژێردراو و متمانه‌پێكراوی خه‌ڵك ده‌زانن، دكتۆریش هیچی له‌ ده‌سته‌ڵاتدار و خاوه‌ن پله‌ و پایه‌ كه‌متر نییه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ چونكه‌ هاوڵاتی به‌ ناچاری ده‌چێته‌ به‌رده‌ستیان هه‌موو نهێنی و ڕاز و نیازی خۆیان ده‌به‌نه‌ لایان ، هه‌روه‌كو خۆیان جاروبار ده‌یڵێن كه‌سیان نه‌ناردووه‌ به‌دوای نه‌خۆشدا تا سه‌ردانیان بكه‌ن ، ئه‌گینا پزیشكه‌كان زۆریان ئاگاداری ئه‌و ده‌رزی ده‌رمانانه‌ن كه‌ ئێكس پایه‌ر بوون و كه‌ڵكیان لێوه‌رناگیرێت پێشتر بینیویانن و چاك ده‌زانن چی له‌ له‌شی مرۆڤ ده‌كه‌ن و كه‌چی زۆر به‌ئاسانی بۆ نه‌خۆشی ده‌نوسن و ته‌نانه‌ت ناوی ده‌رمانخانه‌كه‌شی پێده‌ڵێن كه‌ بچێ لێی بكڕێت ، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر ئیشكردن بۆ یه‌ك تۆڕی مافیا نییه‌ ئه‌ی چییه‌؟ له‌لایه‌كی تره‌وه‌ چ پێویست ده‌كات ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی حزبێك یان به‌رپرسی كۆمیته‌ و لێپرسراوی لقێكی حزبی ده‌رمان بۆ خه‌ڵك هاورده‌ بكات؟ ئه‌مه‌ له‌ كوێی پلانه‌ ته‌ندروستیه‌كاندا جێی ده‌بێته‌وه‌ جه‌نابی سه‌ندیکای پزیشکان ؟ خۆ ئێوه‌ ته‌نها پیشه‌كه‌تان ئه‌وه‌یه‌ و به‌س . مووچه‌ و داهاتی عه‌یاده‌ و نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلیه‌كانتان و پاره‌ به‌ سوو دراوه‌كانتان هێنده‌ كه‌م نییه‌ تاكو ببنه‌ شه‌ریكی ئه‌و مافیاو مرۆڤ كوژانه‌ . بۆیه‌ ده‌كرێ پێمان بڵێن ئه‌و ده‌رزی (ئه‌ڤاستین) ه‌ی كه‌ له‌م دواییانه‌دا و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی (ڕزگاری) شاری هه‌ولێر درا به‌و (30) نه‌خۆشه‌ چۆن هات و كێ هێنای ؟ یان ئه‌تانزانی خراپه‌ و له‌به‌ر ترسنۆكی و جه‌بانی خۆتان و له‌ ترسی پاره‌كانتان هیچتان نه‌ووت ... وه‌ڵامه‌که‌ هه‌چی بێت تاوانباری یه‌که‌م هه‌رخۆتانن ، دیاره‌ خه‌ڵكی كوردستان و زۆرێك له‌ دكتۆره‌كانی وڵاتانی دراوسێشمان ده‌زانن كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها نمونه‌یه‌كه‌له‌ هه‌زاران كه‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵی که‌رتی ته‌ندروستی ئه‌م هه‌رێمه‌ ، ئاشكرابوونیشی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ ده‌رزییه‌كه‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌بووه‌ ، دوای ماوه‌یه‌کی زۆر که‌م نه‌خۆشه‌کان بینینیان له‌ده‌ستداوه‌ ، ده‌بێ ئه‌و ده‌رزی و ده‌رمانانه‌ی که‌ كاریگه‌ری ناڕاسته‌و خۆو خراپیان هه‌بووه‌ چه‌ند جار به‌كار هاتبن و چه‌ند كه‌سیان پێ له‌ناو چووبێت ؟چه‌ند که‌س ئێستا گیرۆده‌بێت ؟ ئێوه‌ش وه‌ک به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رچووبن .. من که‌سێکی نزیکی خۆم به‌ نمونه‌ دێنمه‌وه‌ که‌ هه‌ردوو (کڵۆک) ی هه‌ڵوه‌ره‌ین به‌هۆی چاره‌سه‌ری هه‌ڵه‌وه‌ ئێستا (پلاتین) یان بۆ داناوه‌ ، ناكرێ لێره‌دا هه‌موو نمونه‌كان پیشان بده‌ین وئه‌وه‌ كاری من نیه‌ ، هه‌ركه‌سێكیش بێه‌وێت به‌ دوای ژماره‌ و داتای خیانه‌تی گه‌وره‌ی دكتۆره‌كاندا بچێت به‌ڵگه‌ و شایه‌تحاڵ زۆرن له‌ شوێنی مه‌به‌ست هه‌ن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ و برینی نه‌خۆشه‌كان دێنێته‌ سوێ و ویژدان و هه‌ست و نه‌ستی ساغه‌كان ده‌جوڵێنێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌نابی دكتۆر ئه‌و هه‌موو خوێندن و زانست و سین و ێاده‌ی له‌ مێشكیدا جێ كردۆته‌وه‌ ، كه‌چی ویژدانی ئازار نابینێت كاتێك پیاوێكی پیر له‌به‌رده‌می مێزه‌كه‌یدا وه‌ستاوه‌ ، نه‌خۆش و بێده‌سته‌ڵاته‌ ، ئه‌و درۆی بۆ ده‌كات یان ده‌ینێرێته ‌لای درۆزنێك ؟؟!له‌ كۆتاییدا هه‌رهێنده‌ به‌سه‌ كه‌ بڵێم جه‌نابی دكتۆر تۆ ده‌بوایه‌ نه‌بوویتایه‌ به‌ حزبی ده‌بوایه‌ تۆ سوێندی خۆتت نه‌شكاندایه‌ ، خۆ سوێندی تۆ زۆر له‌ سوێندی سیاسیه‌كان و سوێنده‌كانی ترگه‌وره‌تر و پیرۆتزتره‌ .. چاریش نییه‌ ئه‌مه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ مادام مه‌لا و نوسه‌ر و شێخ و ئه‌كته‌ر و یاریزان و شاعیر و پارێزه‌ر و دادوه‌ری حزبی و چڵكاوخۆر و گه‌نده‌ڵ هه‌یه‌ ده‌ی دیاره‌ دكتۆریشیان تیا هه‌ڵده‌كه‌وێت .....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە