كابینەی حكومەتی نێچیرڤان بارزانی چی كردووە بۆ خانەوادەی شەهیدان

Monday, 03/08/2009, 12:00

1663 بینراوە


لە سەرەتاى دەستبەكاربوونى نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆك وەزیرانی حكومەتى هەرێمی كوردستان، هیوا و ئومێدێكی دلخۆشكەر لای هەموو خەلكی كوردستان دروست بوو بەتایبەتیش لاى خانەوادەى شەهیدان، بەوەی كە بەڕێزیان بتوانێت تۆزقالێك خەمی لەدەستدانى باوك و برا و مێرد و كوڕە شەهیدەكانیان سووك بكاتەوە و لە كابینەكەیدا گرنگیەكى تایبەتیان پێ بدات و چەند ئیمتیازاتێك بۆیان دەستەبەر بكات تاكو ژیان و گوزەرانیان باشتر بكرێت وەك لە وەزارەتەكاندا كوڕ و كچی شەهید ئەوانەى خاوەن بڕوانامەن شوێنیان پێ بدرێت، وەرگرتنیان لە قوتابخانە و كۆلیجە تایبەتیەكان كە پارەیەكى زۆر وەردەگرن لەبرى خوێندن، دابینكردنى زەمالەى تایبەتی بۆ تەواو كردنى خوێندنیان لە دەرەوە, دۆزینەوەی هەلى كار بۆ ئەوانەى بێ بڕوانامەن، زیادكردنى مووچەی وارسی شەهیدەكان، هەروەها رێیان پێ بدرێت مەسئوولەكان ببینن و لە وزارەتەكاندا ئاسانكاریان بۆ بكرێت بۆ راپەڕاندنى كارەكانیان و چەندین خەونى تر.
بێگومان لە كابینەى رێزدار نێچیرڤان بارزانی ئەوانەى سەرەوە هەموویان هاتنە دى بەلام نەك بۆ خانەوادەى شەهیدان بەلكو بۆ خانەوادەی مەسئولەكان، هەر لە وەرگرتنى چەندین پارچە زەوى لە شوێنی تایبەتی بە (ئیستیسنا) بۆ مەسئولەكان و دابەشكردنی پۆستە ئیداریەكانی حكومەت و وەرگرتنی زەمالەی خوێندن و رەوانەكردنی كوڕە مەسئولەكان بۆ خوێندن لە دەرەوە و هتد.
مەسئولەكان لەسەر حسابی رەنجی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان، هەموو هەلێكیان بۆ خۆیان و خزمەكانیان قۆزتەوە و لە خۆیان زیاتر رێگا بە كەس نادەن، هەروەها لە نێوان خۆیاندا رێككەوتوون و كار بۆ یەكتر دەكەن و خزمى یەكتر و كەسی نەشیاو پۆستی گرنگیان پێ دەدەن، ئەو كەسەی پشتی نەبێت هەرچەند كەسێكی زیرەك و داهێنەر بێت رێگای پێ نادەن و هیچ پۆستێكی پێ نادەن، هەر بۆیە ئەم كابینەیە لەلاى خەلك بە كابینەی (خزم گوزاری) ناوبانگی دەركردووە.
مەسئولە گەندەلەكان هەر بەمە نەوەستاون بەلكو وەزارەتی دارایی خانووی زۆرێك لە مەسئولەكان بەكرێیەكی خەیالی بۆ فەرمانگەی حكومی گرتووە كە هەندێكیان كرێی مانگانە دەفتەرێك دۆلار دەبێت و دەكرێت بە كرێی كەمتر لە دوو ساڵ ئەو خانووە بەم پارەیە دروست بكرێت.
كابینەی ئەو حكومەتە زۆر باسی پرۆژەكان دەكات بە دروست كردنی قوتابخانە و شەقام و جسر و سوپەڕماركێت و هتد. ئەمانە دەكەنە منەتێك بەسەر خەلك كەچی ئەمە ئەركی هەر حكومەتێكە كە دەسەلات بێت و بودجەى دەولەتی لەبەردەست بێت، سەرەرای ئەوەى بە هۆى كۆمپانیا تایبەتیەكانی مەسئولەكان وەرگرتنى زۆربەى پرۆژە گەورەكان بۆ خۆیان قۆرخ دەكەن و پارەیەكی زۆر قازانج دەكەن و پرۆژەكانیش دەكەنە منەت بەسەر خەلكەوە.
ئەگەر سەرژمێریەكی قوتابخانەی نموونەیی شوەیفات بكەین بە دەگمەن منداڵە شەهیدێك نادۆزینەوە، هەمووى منداڵە مەسئولن چونكە لە كۆمەڵگەى كوردستاندا لە سایەی حكومەتی هەرێمی كوردستان خانەوادەی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان دابەزین بۆ چینی هەژار و هەندێكیان بۆ ژێر خانەی هەژاری، سوودمەندەكان تەنها كۆنە موستەشارەكان بوون، زمان درێژ و هەڵپەرست و ماستاوچیەكان بوون. پێشمەرگەی ئەیلولی قوڕبەسەر مانگانە مووچەكەی تەنها 40 هەزار دینارە كە ناكاتە 35 دۆلار، كەچی فەرمانبەرە بە واستە وەرگیراوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بێجگە لەوەی كە مووچەیەكی زۆر وەردەگرن، بەم دواییە (لە فەڕاشی هەتا مودیری) هەر یەكەیان مەبلەغی 8 دەفتەر دۆلاریان وەرگرت بۆ كڕینی خانوو. تاكە شتێك كە بۆ ماڵە شەهیدەكان كرا بێت پارچە زەویەكە كە هەندێكیان پاش 10 ساڵ لە وەرگرتنیان تاكو ئێستا شار بە دووربین لێیەوە دیار نیە و خزمەتگوزاری 10 سالی تریش بۆی ناچێت.
پارتی بەشێوەیەك سەیرى خانەوادەی شەهیدان دەكات هەروەك ئەوانەیان بە خوێنی خۆیان كڕی بێ و بوون بە مولك و لەسەر پارتی تاپۆ كراون، لەسەر ئەم بنچینەیە مامەلە لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان دەكرێت، وەك بلێی ئەوانە بێ پێ نە و هی خۆمانن، حزب تەنها بەدوای بەپێیەكاندا دەگەڕێت، لەلایەكی دی ئەگەر سەیری ئەندام لقەكانى هەولێر بكەین دەبینین گۆرانیبێژ كراوەتە ئەندام لق، كچە پێشكەشكاری تەلەفزیۆن كراوەتە ئەندام لق، كوڕە موستەشار كراوەتە ئەندام لق، مەلاى مزگەوت كراوەتە ئەندام لق ...هتد، ئەمانە جمهوریان هەیە و خەلكمان بۆ دەكەن بە پارتی!!
ئێمە حەقمانە گلەیی لە پارتی بكەین چونكە پارتین و لە رۆژانی سەخت و لە تەنگانەدا پارێزگاریمان لە پارتی كردووە و خوێنمان بۆ رشتووە، پارتیش حەقە ئەمەى لەبەر چاو بێت ئەگەر نا دەبێ چاوەڕوانى گۆڕانێكی گەورەتر لە گۆڕانی یەكێتی لەناو پارتیدا بكات كە خوا دەزانێت پێمان خۆش نییە.
لەلایەكی تر سەركردایەتی پارتی تەنها كار بۆ زێباریەكان دەكات و شوێنی گرنگیان پێ دەدات، چەند مانگێك لەمەوبەر بە نوسراوێكی نهێنی سیداد بارزانی بۆ ئەنجومەنى وەزیران و لە رێگەی (ئیجرا سەعید) كوڕە زێباریەك كە باوكى لە سەردەمی بەعس ئامر مەفرەزە بوو و ئێستاش مەسئولێكى گەورەیە، (بلند رەزا زبیر زێبارى) لە یەكەم سالی دەرچوونی لە كۆلیج كرایە بەرێوەبەری بانكی ئاكرێ بە عینوانی بەرێوەبەر و (بنەمالەى شەهیدانیش بە قوربانی سیداد بارزانی).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە