نەوشێروان پێویستى بە ڕاوێژكارى باش هەیە

Friday, 23/10/2009, 12:00

1638 بینراوە


لەسەرەتادا دەڵێم گۆڕانخوازەكان شتێكى تازەیان هێنایە ناو گۆڕەپانى سیاسییەوە لەباشوورى كوردستان، ئەویش بە ڕزگاركردنى ئەم هەرێمە لە حزبى قورمیشكراو و ئەندام پەڕلەمانى قورمیشكراو و ڕۆژنامەى قورمیشكراوو..... بەڵام گەورە نووسەرى فەرەنسى مۆریس دیفرجییە دەڵێت:((كێشەى ئەو سەركردانەى كە لەبنەچەدا لە چینى وردە بورژوان ئەوەیە كە گوێ لەكەس ناگرن)) من پێم وایە یەكێك لەهەرە كێشە گەورەكانى تاڵەبانى و سەركردەكانى یەكێتى ئەوە بووە كە گوێیان لەكەس نەگردووە، كە ئەوەش بووەتە هۆى سیستەمێكى حزبى زۆر لاوازو ئیدارەیەكى لەوە لاوازترو دۆڕاندنیش هەم لەئاشتى و هەم لە شەڕدا، بۆیە من دەمەوێت نەوشێروان لەو نەخۆشییە ئاگادار بكەمەوە، دەوڵەتى ئەمڕۆ لە كۆمپیوتەر دەچێت لێى نەزانیت ناتوانى كارى پێ بكەیت، تەنانەت ئەوانەش پرۆفیشناڵن لە بوارێكدا ئەگەر ئارەزوویان لە كارەكەى خۆیان نەبێت وبەردەوام خۆیان نوێ نەكەنەوە وەك و نەخوێندەوار وانە، ئەوەى واى لێ كردم ئەم بابەتە بنووسم ئەم هەڵوێستانەى نەوشێروان مستەفایە:
ـ ئەو بەڕێزە دەڵێن دەبێت مەرجەعێك هەبێت بۆ ئەوەى حزبەكان بۆى بگەڕێنەوە ئەگەر هاتوو یەكێكیان لەڕێكەوتنى نێوانیان پەشیمانبوەوەو جێبەجێى نەكرد.
ئەوەى ڕاستى بێت ڕێكەوتنى نێوان حزبەكان بە پلەى یەك كارێكى سیاسیە ، ڕێككەوتن كارێكى ئاساییە، هەڵوەشاندنەوەى ڕێكەوتنیش كارێكى ئاساییە، تەنانەت ئەم حاڵەتە لە دەوڵەتە دیموكراسیەكانیشدا هەیە، مەرجەعیش بۆ حاڵەتى وا خودى سیستەمى دیموكراسییە، ئەو لایەنەى پێبەند نەبووە دەتوانێت هاوپەیمانى تازە پێك بێنێت، لایەنەكەى دیكەش دەتوانێت هاوپەیمانى تازە پێك بێنێت یان داواى هەڵبژاردنى تازە بكات بەپێى یاسا، بۆ نموونە ئێستا یەكێتى دەتوانێت لەگەڵ گۆڕاندا حكومەت پێكەوە بنات، هەروەها پارتیش دەتوانێت ئەوە بكات، بەڵام ئەو لایەنەش كە پەراوێز دەخرێت نابێت بتوێنرێتەوە بە ئامرازى نادیموكراتى، جا بۆیە مەرجەع بۆ حاڵەتى لەو جۆرە بەهێزكردنى سیستەمى دیموكراسییە، ئەوەش بە دەركردنى چەك لە دەستى حزب، دیاریكردنى بودجەیەكى كەم بۆ حزب، پەراوێزكردنى ئایین لە حزب و سیاسەت بەگشتى، پەیڕەوكردنى میكانیزمى هاوشێوە لە ژیانى حزبایەتیدا لە شتە سەرەكییەكاندا، بە مەدەنى كردنى كۆمەڵگا......
ـ گۆڕان بۆ مەسەلەى دەستوور هەڵوێستێكى دەمارگیرانەى بوو زیاتر تا ئەوەى زانستى بێت، لە بزاڤى ڕزگاریخوازى كوردا دوو بۆچوون بووە، یەكێكیان پێى وایە دەبێت لە دەستووردا سیستەمى سەرۆكایەتى پەیڕەو بكرێت، ئەوى دیكەیان پشتگیرى سیستەمى پەڕلەمانى دەكرد، لەئەنجامدا دەستوورێك نووسرایەوە نە سەرۆكایەتییەو نە پەڕلەمانییە، بەم جۆرە دەستوورەش دەڵێن سیستەمى تێكەڵاو(النڤام المختلگ)، واتە ڕەچاوى هەردوو سیستەمەكە دەكات، بەهەر حاڵ كێشەكانى ئەو دەستوورە لە قەبارەى خۆى زیاترى پێ درا، من پێم وا نییە ئەو دەستوورە لە بار بێت دكتاتۆرێك دروست بكات، بۆ نموونە كام دەستوورى دنیا پێشكەوتوە بیبە ئەفغانستان ناتوانێت سیستەمێكى دیموكراسى بەهێزت بۆ بەرهەم بهێنێت، لە هەمان كاتیشدا دەوڵەتى دیموكراسى هەیە هەر دەستوورى نووسراوى نییە هەر وەك و ئیسرائیل و بەریتانیا. دكتاتۆر كۆمەڵگەى دواكوتوو دروستى دەكات نەك دەستوور. هەروەها قسە لەسەر ئەوە دەكرا لە دادگاى فیدرالى باڵا تانە لەسەر پرۆژەى دەستوور بكرێت یان پەڕلەمان كاتێك پێداچوونەوەى بۆ دەستوور كردووە مۆڵەتى كاركردنى تەواو بووە، ئەم قسانە بەپێچەوانەى چەند حەقیقەتێكى زانستین، بۆ نموونە دەستوور كاتێك دادەنرێت مەرج نییە پەڕلەمان داینات یان تەنانەت حوێندنەوەشى بۆ بكات، یان دەستوور ناتوانرێت بە ناشەرعى وەسف بكرێت كاتێك تەنها پرۆژە بێت، لەبەر ئەوەى لە ئەنجامدا دەخرێتە ڕیفڕاندۆمەوە و گەل بڕیارى لەسەر دەدات، دەستوور ڕاستەوخۆ شەرعیەت لەگەل وەردەگرێت. ئەما بە نسبەت ئەوەى لە گەڵ دەستوورى عێراقدا كۆكە یان ناكۆكە پێم وایە نابێت ئێمەى كور ئەو خاڵە بوروژێنین. ئەو خاڵە با نایارەكانى كورد كارى لەسەر بكەن، ئێمەى كوردستانییەكى بە ناچار عێراقى چیمان داوە لەو مەسەلە. بە قەناعەتى من هەق وابوو كورد هەر لە سەرەتاى ڕاپەڕینەوە دەستوورى خۆى هەبووایە، ئەوە قازانجى زۆرى دەبوو، لەبەر ئەوەى ئەو كاتە كورد دەیتوانى ئەو دەستوورە لە دەستوورى عێراقدا بچەسپێنێت كاتێك نووسرایەوە، پاش ڕووخانى سەدام كاتە ناسك بوو، دەكرا زۆر شتى باش لە قازانجى كور لە دەستوورەكەى خۆیدا بچەسپایەو لە دەستوورى عێراقیشدا دانى پێدا بنرایە . بەڵام ئەمە بۆ نەكرا ئەوە دەبێت پرسیار لەو سەركردانە بكرێت كە ئەم هەرێمەیان كردە قوربان دەسەڵاتى تەسكى حزبایەتى خۆیان. لە كۆتاییشدا دەڵێم چارەسەرى هەموو كێشەكان لە بەهێزكردنى سیستەمى دیموكراسیدایە، گۆِران هەنگاوێكى مێژوویى لەم بوارەدا ناوە و فاكتەرێكى بەهێز بووە بۆ هۆشیاركردنەوەى كۆمەڵگا لە مافەكانى، بەڵا گەشەكردنى دیموكراسى و سیستەمى دامەزراوەیى تەنها بە ئارەزوو نابێت، دەبێت شێوەیەكى زانستى بگیرێتەبەر دوور لە هەنگاوى ڕەمەكى ودەمارگیرانە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە