گۆڕینى پەروەردە لەنێوان پروپاگەندەو راستى دا

Friday, 08/03/2013, 12:00

1746 بینراوە






ئەو راستیە دەزانین كە گۆڕینى هەموو كۆمەڵگایەك دەبێت لە بناغەوە دەستپێبكرێت كە بریتیە لەپەروەردە، لەسەرەتاى راپەڕینى 1991وە ئومێدێكمان لادروستبوو بۆ پێشخستن و گۆڕینى پەروەردە، بەڵام هەرزوو ئەو ئومێدەمان لا رەوییەوەو گە یشتینە ئەو قەناعەتەى كە حكومەتى هەرێم نایەوێت گۆڕانكارى لەم كۆمەڵگایەدا بكات كە بناغەكەى بۆ پەروەردە دەگەڕێتەوە،ئەڵبەتە چەند هۆكارێك هەن لەپشت نەبوونى پلان و نەبوونى تێڕوانینێكى ستراتیژیانە بۆ گۆڕینى كۆمەڵگاكەمان دیارترین ئەو هۆكارانەش بریتیە:
1ـ ململانێیەكى بێتام و بێلەزەتى حیزبى كەوادەكات هەموو شتێك لەچاوى حیزبەوە تەماشابكرێت، گرفتى سەرەكى حیزب لەم قۆناغەدا بریتیە لە مانەوەى وەك حیزبى یەكەم و هاوكاتیش مانەوەى بەردەوام لە دەسەڵاتدا، بۆ ئەم مەبەستە پارەوداهاتێكى زۆر بەفیڕۆ دەدرێت.
2ـ بریتیە لەپاراستنى واقیعەكە وەكو خۆى، نەك گۆڕینى، كە ئەمەش یەكێكە لە خەسڵەتەكانى دیكتاتۆریەت.
3ـ بریتیە لە مشورخواردن و پەروەردەیەكى تەندروست بۆ مناڵى لێپرسراوان و سەرمایەداران چ لەناوخۆى هەرێم بێت یان لەدەرەوەى هەرێم، ئیدى لێرەوە زۆرینە لاى دەسەڵات دەبێتە خڵتە.
4ـ هۆشیارى: بەهۆى نەبوونى پەروەردەیەكى تەندروستەوە ئاستى هۆشیارى كۆمەڵگا نەگەیشتۆتە ئەو رادەیەى كە دەسەڵات لە هەرێمى كوردستاندا موحاسەبە بكات، دروستكردنى (نەهێشتنى نەحوێندەوارى) گەورەترین ئیعترافە بەو لێشاوە نەخوێندەوارەى لەكوردستاندا هەیە.
5ـ بیانوو دۆزینەوە: ئەمە جۆرە نەخۆشیەكە كە تیۆرى (ئەدلەرى) لەسەر بنیات نراوە، ئەم نەخۆشیە كە توشى تاك دەبێت، تاكیش دەیگوازێتەوە بۆ ناو دەسەڵات، بۆیە هەمیشە دەسەڵات ناسكى قۆناغ و نەبونى پارەو پیشتریش ساوابوونى حكومەتى دەكرد بەبیانوو، تاوایلێهات كێشەكان كەڵەكەبن.
گۆستاڤ لۆبۆن سەد ساڵ لەمەوپێش لە كتێبى سایكۆلۆژیاى جەماوەردا دەڵێ (پروپاگەندە لەراستى بەهێزترە) گۆستاڤ لۆبۆن لەم وتەیەدا مەبەستى ئەوە نیە بڵێ پروپاگەندە چاكترە یان باشترە، بەڵكو دەڵێ بەهێزترە، ئەڵبەت گۆڕینى پەروەردە لەهەرێمى كوردستان زیاد لەقەبارەى خۆى گەورە كرا، هەمووان چاوەڕێى ئەوەبووین كە وەزارەتى پەروەردە بە پاڵپشتى هەمووان ئەم ئیشەى بەجدى بێت، بەڵام ئەوەندەى لە ریكلامەوە نزیك بوو، ئەوەندە لە زەوى واقیعدا كارى بۆ نەكرا، تەنانەت ئەو كتێبەى كە ناو نراوە سیستمى نوێى پەروەردە زۆربەى لاپەڕەكانى باسى شێوازەكانى تاقیكردنەوە دەكات. بەكورتى ئەو هەوڵانەى كەدرا لەم بوارەدا تەنها سەرەتا بوو، واتە دەستدانە كارێكى قورس بوو بۆ بەرزكردنەوە، بەڵام هەتا ئێستا بەرزنەكراوەتەوە.
گۆڕین: پروپاگەندە یان راستى؟
1ـ دەبوو هەوڵبدرێ خوێندكار فێربێت ، تێبگات لەشت، خوێندنەوەى بۆ واقیع هەبێت، بتوانێت واقیع بگۆڕێت هیچ نەبێ لەداهاتوویەكى نزیكدا، ئەمانە هیچیان هەوڵیان بۆ نەدرا، بەڵكو پەروەردە لەسەر شێوازە تەقلیدیەكە بەردەوامە كە بریتیە لە دەرچوون، ئێستاو پاشەرۆژ، چاوى لەپلەوپایەو پارە بێت.
2ـ هەر لەسەرەتاوە كەوترا ئێمە نابێت چاوەڕێى زەمینەسازى بكەین، ئەمە بۆخۆى سەرەتاى لەباربردنى گۆڕینەكەبوو، چونكە شوێن گرنگترین شتە كە بتوانین پرۆسەى نوێبوونەوەو گۆڕینى تیا بەئەنجام بگەیەنین، چونكە خوێندنگە حەوشەى جارانى مزگەوت نیە كەمناڵى تیا ریز بكەیت و بە تیۆرى دەرسى تیا بخوێنرێت، بەپێچەوانەوە خوێندنگە دامەزراوەیەكى شارستانى نوێیەو لەگەڵ رۆژگارو سەردەمدا تازە دەكرێتەوە.
3ـ كتێب یان پرۆگرام بنچینەیەكى گرنگى گۆڕانكاریە، ئەمە بۆتە سەرچاوەیەكى گەندەڵى گەورە بۆ هەندێ بەرپرس، نەك گۆڕانكارى گەورە لەخوێندكاردا
4ـ دێوەزمەى بەكالۆریا، كە ئەگەر سیستمەكە جێبەجێ بكرێ هێشتا بەكالۆرى 12 ى ئامادەیى 70 نمرەى لەسەرە، هەتا ئەو دێوەزمەیە گۆڕانكارى تیانەكرێ ناتوانین باسى گۆڕینى پەروەردە بكەین
5ـ ئەو دەرسانەى كە خوێندكار حەزى لێدەكات وەكو پێش گۆڕینى سیستمى نوێ لەپەراوێزدان، وەكو دەرسەكانى: وەرزش، هونەر، كۆمپیوتەر، ماف، دیموكراسى،ئاین. تەنانەت ئەم دەرسانە ئەوەندە بەراوێزخراون داغڵنین بۆ خوێندن و تاقیكردنەوەى 12ى ئامادەیى.
6ـ حەزوخولیا بۆ وەرگرتن لەدواى تەواوبوونى 12ى ئامادەیى لەبەرچاونەگیراوە سیستمە كۆنەكە چۆن بووە ئێستاش هەر وایە و نمرەى بەرزو نزم رۆڵ لە دیاریكردنى كۆلێژو پەیمانگا دەگێرێ.
7ـ هێشتا پەروەردەوفێركردن نەكراوە بەشتێكى مسۆگەر، واتە فێركردن مسۆگەر نیە چونكە كاتى دەوام كورتە و داهاتووى خوێندكار روون نیەو نازانێت بۆچى دەخوێنێت؟
8ـ گۆڕینى پەروەردەو پەروەردەى هاوچەرخ هەر ئەوە نیە ئاڵاى كوردستان هەڵبكەیت و جوگرافیاو مێژووى كوردستان بخوێنیت، ئەمانە بەس نین بۆ گۆڕین، بەڵكو گرنگترین شت بریتیە لەدانانى رێزو بەهاوقورسایى بۆ كۆى پرۆسەكە.
9ـ ئەڵبەتە سیستمى نوێ و ئەو گۆڕانكاریانەى كە كراوە، تەنها بڕیارەو بڕیاریش گۆڕانكارى دروستناكات، گۆڕین ئەوەیە كە ئیش لەسەر بەهرەو تواناى مناڵ و هەرزەكار بكەین، بەهرەیان بدۆزینەوە نەك نەك بڕیار دەربكرێت كە پۆلەكانى 1و2و3ى بنەڕەتى خوێندكارى تیا نەكەوێت، ئەى ئەو هەنگاوانە كامانەن بۆ ئەوەى ژمارەى قوتابى لە پۆلێكدا كەم بكرێنەوە و فێركردن تیایدا مسۆگەر بكرێت؟ چى كراوە بۆ ئەو مناڵانەى لەدواى دەوام كاسبى دەكەن و بارگاوى دەبن لەگەڵ هەڵسوكەوتى گەورەكاندا، چۆن ئەمە راست دەكرێتەوە؟
10ـ هێشتا وانەكان زۆرتر تیۆرین و نەكراون بە پراكتیكى، بۆیە (تیۆرى) عەزابى رۆحى خوێندكار دەدات و دواتر لەبیرى دەچێتەوە لە سیستمى تیۆریدا دەرخ دروستدەبێت، كە بەبڕواى من دەرخ خراپترین شتەو سەرەتایەكى ترسناكە بۆ گەمژەكردنى مرۆڤ.
11ـ هێشتا پەروەردە رێگە خۆشكەر نیە كە قوتابى ئامادە بكات بۆ زانكۆو پەیمانگا كەلەگەڵ بازاڕو سەردەمى رۆژ بگونجێت، بۆیە دەرچووانى زانكۆ وپەیمانگاكان هەر چاوەڕێى دامەزراندن دەكەن.
12ـ پەروەردە بەدوو شت دەگۆڕدرێت یەكەمیان عەقڵ دووەمیان پارە، بەڵام وەكو كورد دەڵێت ئاو لەسەرچاوەوە لێڵە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە