بنەماڵەى بەرزانى دەمارگیرانەو بەگیانێكى عەشایەرى مامەڵەیان لەگەڵ فكرى سەردەشت عوسمان كردووە

Monday, 10/05/2010, 12:00

1420 بینراوە


ئەگەر تەماشاى شێوازى رفاندن و كوشتنى سەردەشت بكەیت هیچ گومانێكت لا نامێنێتەوە كە ئەو بڕیارە لە لایەن كوڕەكانى مەسعودو خزمەكانى دیكەیەوە دەرچووەو پێش دەچێت خۆیشى سەرى بۆ ئەو كارە لەقاندبێت، كە وا دیارە لاى ئەوان باسى كچى مەسعود چووەتە قاڵبى شەرەفەوەو عەقڵى دواكەوتووى ئەوان ئەو جۆرە شتانە قەبوڵ ناكات، هەروەها تۆقاندنى خەڵكى دیكەیە، كە ئێمە پێمان وایە نووسینەكانى سەردەشت گوزارشت لە ناعەدالەتى كۆمەڵایەتى لەم وڵاتە دەكات، باسى وەزعى خێزانەكەى خۆى دەكات، هەروەها لە نووسینەكانیدا دەردەكەوێت خاوەن بیرێكى فراوان بووە.
ئەوەى من دەمەوێت لە نووسینەكەى سەردەشت زیادى بكەم ئەوەیە، نەك تەنها خێزانەكەى مەسعود بەو شێوەیە دەژین كە سەردەشت باسى كردووە، خەڵكى لەو بابەتە زۆرن، ئەم وڵاتە بووەتە دووبەش، بەشێكى وەك ئێمەو مانان و خێزانەكەى زەردەشت، بەشێكى دیكەشى وەك و بنەماڵەى دەسەڵاتدار لەكوردستاندا هەروەها ئەوانەش كە لەپال دەسەڵاتدان لە ئەندامى مەكتەب سیاسى و سەركردایەتى و وەزیرو پلە تایبەتەكانى دیكەو تەنانەت قایمقام و بەرێوەبەرى ناحیەو بەرپرسى بنكەیەكى پۆلیسیش، ئەو جۆرە كەسانە نەقانون دەیانگرێتەوە نە كەس حیساب و كیتابیان لەگەڵدا دەكات، ئەگەر ئەم وەزعە ئاوا بەردەوام بێت ئەوە هەر رۆژەى دە زەردەشت بكوژن هەزارى دیكە دروست دەبێت و رۆژێك دێت دەسەڵاتدارانى ئەمرۆى كوردستان لەبەردەم دادگادا خۆیان ببیننەوە.
هەروەها ئەوەى دەیەوێت بگاتە دەسەڵات و دەسەڵاتى وڵاتى بەدەست بكەوێت دەبێت تەنها چاوەڕوانى ڕێزى خەڵكى و خۆشەویستى خەڵكى و موچەى باش و ئۆتۆمبێلى دوا مۆدیل نەكات، دەبێت چاوەڕوانى ڕەخنەو تەنانەت تەشهیرو نوكتەو گاڵتەپێكردنیش بكات، ئەگەر خەڵك دەیەوێت كەس ناوى نەهێنێت با بچێت بۆ خۆى دوكاندارى بكات یان هەر كاسبیەكى دیكەو ئەو كاتەش كەس ئەوى بەخەیاڵدا نایەت لەسەرى بنووسێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە