کورد و سەرکردەی ئێکسپایەر

Thursday, 05/03/2009, 12:00

1160 بینراوە


کورد دائیم ھۆی شکستی و نەبوونی دەوڵەت و پارچەپارچەبوونی خاک و ھەموو نەھامەتییەکی تری خستۆتە پاڵ وڵات و خەڵکی بێگانە . تا چەند ساڵێ لەمەوبەریش ھەر ھەمان قەوان لێ ئەدرا و ھەموو ھۆکانی نەگەرانەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر ئەخرایە پاڵ حکومەتی ناوەندی. ئەوە چەند ساڵێکە بە تایبەتی دوای رووخانی رژێمی سەدام خەڵکێ ھەیە سەرانی کورد بە ھۆی نەھامەتی ئەمڕۆی کورد دائەنێ. ئێستا ئەزانێ نەگەڕانەوەی کەرکوک خەتاکەی پارتی و یەکێتیە ، لەبەر بەرژەوەندی حزبی خۆیان و گیرفان پڕکردن ئاگایان لە کەرکوک نیە و ئاوڕێک لە ئاوارەکانی کەرکوک نایەنەوە . سەری (کردە) وەکان سەرکردەکانن. جێگای دڵخۆشیە ھەنگاوێک ھاتوینەتە پێشەوە و لە سەرانی کورد گەیشتوین.

با قسەیەک بۆ خوا بکەین . ئایا ھۆی نەھامەتی ئەمرۆی کورد تەنیا سەرانی کوردە . ئایا خەڵکی کورد ھیچ لۆمەیەکی بەر ناکەوێ . ئایا کورد لە خۆی گەیشتوە و ئەزانی چی ئەوێت .ئەگەر کورد ئەیەوێ سەربەخۆ بێ بۆ دەنگ بۆ پارتی و یەکێتی ئەیا کە ملکەچیان ئەکا . بۆ دەنگ ناکا پارتی و یەکێتی بە داریا ئەیەن بە بەردیا ئەیەن بێ ئاوی ئەکەن بێ کارەبای ئەکەن کەچی ھیچ ناکا . جار جار چەند سەد کەسێ خۆپیشاندانێ ئەکا و چەند داخوازییەک ئەنێرن و ھیچی تر . باقی خەڵکەکە رازی و مورتاحن . ئەم میلەتە ئاوی لێ ببرە و کارەبای لێ ببرە و بە تورکیا و ئێرانی بفرۆشە ھەر رازیە . ئەم میللەتەی ئێمە ھەقە لە پێشا لۆمەی خۆی بکا ئینجا جارێکی کەش ھی خۆی ئینجا لۆمەی یەکێتی (تەفرەقە) و پارتی(عەشیرەت) بکا . ئەم میلەتی کوردە سەرۆک پەرستە و لەوە ئەچێ فێر بوبێ یەکێ یا رێکخراوێ بیبا بەرێوە . قسەی خۆمان بێ ئەگەر تاڵانی (تاڵەبانی) و بازاڕی (بارزانی) ش بڕوا کورد گەرمیانیێ یا کوێستانیێ یا ھەر نەبو تورکمانێ ئەکا بە سەرۆک بۆ ئەوەی بەڕێوەی بەرێ . بە کوردیەکەی لەوە ئەچێ کورد سەرکردەی ئاوای بوێ . ئەم شیعرە ئەکەم بە دیاری بۆتان.


خەڵک و سەرکردە ئێکسپایەرەکان

لەسەر لوتکەی ئەزمرەوە
من ئەبینم سەرکردەیێ
ئەبینم خەڵکی چواردەوری
من نازانم ئەم ئاپۆڕە
بۆ وا ئەکەن
سەرۆک دەست رابوەشێنێ
ئەمان یەکسەر سەر دائەخەن
سەرۆک ھەر دەم بکاتەوە
خەڵکی دەوری گوێ ھەڵ ئەخەن
ھەر کە چاو بز بکاتەوە
خەڵکی دەوری
لە ترسانا چاو دائەخەن
سەرۆک جنێوشیان پێ با
ئەمان ھێشتا دەست ماچ ئەکەن
من تێناگەم
ئا ئەم خەڵکە بۆ وا ئەکەن
ھەتاکو کەی
وەکو کۆیلەکڕنووش ئەبەن؟
ئا ئەم خەڵکە
لەم سەرکردە بێ ناوانە
لەم سەرکردە خەساوانە
چی شک ئەبەن؟
پاش ھەژدەساڵ
چاوەڕێی چیان لێ ئەکەن

-٠٠-
بچیتە بەری ئەو بەریش
لەوێش خەڵکی ھەر وا ئەکەن
لەوێ ناوی
سەرکردەیەکی تر ئەبەن
من نازانم
تا کەی ئەم خەڵکە نازانن
مامە و کاکە
مەسەلەی کورد
بۆ ھەڵدێری حەتمی ئەبەن؟
من تێناگەم
تا کەی ئەم خەڵکە تێناگەن
ئەگەر دەنگ بۆ ئەمانە بەن
ئەمجارەیان
ملکەچیی ھەتا ھەتایی
بۆ ئەم دوانە و سەدانی کەی وەکو ئەمان
ئیمزا ئەکەن !
من تێناگەم
ئا ئەم خەڵکە بۆ وا ئەکەن
بۆچی ئاوا بەبێ مەرج
کڕنوش بۆ مام و کاک ئەبەن؟

-٠-٠-٠-٠-
ھۆ خەڵکینە!
تاکەی خۆتان بێ دەنگ ئەکەن؟
ئەگەر بەدڵ ئەتانەوێ
مناڵتان داھاتوی ھەبێ
گەر نەخۆش بوون خەستەخانە و دکتۆر ھەبێ
یاسا ھەبێ
شەرەف نەروا
ئاوتان ھەبێ
کارەبا بەڵگەنەویست بێ
ھەر وەکو میللەتانی کە
سەربەرز بن
ژیانیشتان مانای ھەبێ
ھەر ھیچ نەبێ
ئاسودە بێ
ئەگەر ئەمانەتان ئەوێ
تکا و رجاتان لێ ئەکەم
ئیتر چیتر کڕنوش مەبەن
لە دەنگدانی داھاتودا
تکا ئەکەم
دەنگ بۆ کاکە و مامە مەدەن
لەبری دەنگدان
ڕەوانەی زبڵدانیان کەن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە