سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


بانگەواز بۆ خۆپیشاندان لە ١٧ شوباتی ئەمساڵ کۆپیکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی پارساڵە

Wednesday, 08/02/2012, 12:00

1508 بینراوە





ماوەیەکە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک چەند پەیجێک بە بۆنەی یادی خۆپیشاندانەکەی پار ساڵەوە، ریکڵام بۆ خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام ئەوەی تیبینیم کردبێت ئە ریکڵامانە لاسایکردنەوە خۆپیشاندانەکەی پارساڵە.کە ئەوەش هەڵەیکی کوشندەیە.
بە بۆچوونی من پێویستە ١٧ شوبات خۆپیشاندانی سەرتا سەری لە کوردستاندا دەست پێبکات و هەموومان بەشداری تێدا بکەین، هەوڵ بدرێت ئەو خۆپیشاندانەی ئەمساڵ کۆپی خۆپیشاندانەکەی پار ساڵ نەبێت و پاڵەوانی درۆینە درووست نەکات و ئەنجومەنێک درووست نەکرێت وەکو ئەوەی پار کە زۆربەی هەرەزۆری سیخوڕی دەسەڵات دەرچوون، دواتر بینیمان چۆن دژ بە خۆپیشاندەران قسەیان دەکرد، وەکو خۆم لە گەڵ ئەو بانگەوازەدانیم کە دەڵێت سێ جێگەمان دیاری کردووە بۆ خۆپیشاندان لە هەرسێ پارێزگاکە، لە بەر ئەوەش لەگەڵیدا نیم، چونکە دیاریکردنی شوێنەکان لە قازانجی دەسەڵاتدایە وپێیان دەگوترێت وەرن ئێمە لێرەوە ئەمانەوێت ئێوە بروخێنین کە ئەوەش هەڵەیەکی کوشندەیە، بۆیە ئەو کەسانە بەیاننامەیان دەرکردووە هەڵیان کردووە.
پێویستە داوا لە خەڵک بکرێت لە هەموو کوچەو کۆڵانێکەوە بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان لە هەموو گەڕەک و شارو شارۆچکەیەکەوە دەست پێ بکات و ئەوانەشی کە زۆر ترسنۆکن و ناوێرن بچنە نێو خۆپیشاندانەکانەوە، داوایان لێبکرێت کە مانبگرن لە کردنەوەی دوکانەکانیان و ئەوانەشی فەرمانبەرن لە ماوەی دەوامی رەسمیدا نەچنە سەر کارەکانیان.
هەروەها داوا لە هێزە چەکدارەکان بکرێت تەقە لە خەڵکی مافخواروی کوردستان نەکەن و نەبنە قەڵخان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی بەرپرسە داوێن پیس و دەست پیس و کەم عەقڵەکانی یەکێتی و پارتی کە بوونەتە مۆتەکە بە سەر نەتەوە و نیشتمانەوە. بە پێچەوانەوە هەرچ کەسێکی چەکدار تەقە لە هاوڵاتیان بکات، دوای روخانی دەسەڵات لێبوردن نایگرێتەوە بە هەموو شێوەیەک و حوکمەکەشی زیندانی هەتا هەتای دەبێت.
هەروەها داوا لە گەنجەکان بکرێت تەنها ئامانجیان ئەوە نەبێت ستەمکارانی یەکێتی و پارتی بروخێنن و ستەمکاری ئیسلامی علمانی و چەپ لە جێگاکانیان دانێن، بەڵکو پێویست دەکات ئامانجیان هینانە دی دستورێک بێت کە مافی هەموو مرۆ؟ەکانی تێدا پارێزراو بێت بە هەموو چین و توێژو بیر و ئایدۆلۆژیایەکەوە.
ئەوەی دەبینین لە شۆرشەکانی ناوچەکەدا گەنجەکان لە بەر ئەوەی سیاسی نین و یان بیری سیاسیان کورتە و ناتوانن خۆیان فۆرمەڵە بکەن، هەربۆیە سەیرەکەی لە دوای هەڵبژاردنەکانی دوای دیتکاتۆر، ئەوان هەمدیس لە پەراوێزدان و ناتوانن رێژەیەکی باشی کورسیەکانی بەدەست بهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن ببنە هێزێکی کاریگەر و جێگە پەنجەیان دیار بێت لە سیاسەتی داهاتووی وڵاتدا، ئەگەر شۆڕشی میسر بە نمونە بهێنینەوە، هەموومان بینیمان ئەو هەموو حەشاماتەی شۆڕشگێرەکانی میسر لە مەیدانی تەحریر دەبینرا گەنجە بوێر و ئازاکانی ئەو وڵاتە بوون بە گشتی، ئەو حیزبانەی کە ئێستا زۆربەی کورسیەکانیان هێناوە لە گەڵ دەسەڵاتی ستەمکاری روخاوەدا لە کۆبوونەوەدا بوون لە کاتی حەشاماتی خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریردا. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی گەنجەکانی میسر نەیان توانی ببنە نوێنەری ئەو هەموو خۆپیشاندەرە گەنجانەی وڵاتەکەیانو و لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕان؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو گەنجانە رێبەرەکانیان ئەزموونی سیاسیان زۆر کەمبوو و تەنها ئامانجیان روخاندنی دیکتاتۆر بوو، ئەوەش هەڵەیەکی کوشندەیە کە گەنجەکان وابیر دەکەنەوە کە دیکتاتۆریەکیان روخاند، ئیتر دوای رووخانی ئەو دیکتاتۆرە، وڵات دەبێت بە شامی شەریف و هەموو شتێک بە دڵی خەڵک دەڕوات بەڕێوە، نەخێر ئەو بیرکردنەوەیە زۆر سەقەتە، چونکە کۆڵدان لە خەبات و تێکۆشان، دەبێتە هۆی شکست هێنانی وڵات بەرەو دیموکراسی راستەقینە، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەزوترین کات دیکتاتۆرێتیکە بەرهەم دبهێنیت، بەڵام ئەمەیان بە بیر و ئایدۆلۆژیایەکی دیکەوە و لە ژێر چەترێکیتردا دەبێتەوە بە ستەمکار. بۆیە پێویستە ئەو گەنجانە لە کوردستان تازە هاتوونەتە نێو بواری سیاسیەوە و یان ئەیانەوێت ببنە کەسێکی سیاسی و خولیاکانی گەنج بهێننە دی دادپەروەری دیموکراسی بچەسپێنن لە رێگای سیاسەتکردنەوە،ئەبێت کۆڵ نەدانیان نەبێت و گوێ بە هیچ فشارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری نەدەن و زۆر ئازایانە بەرەو پیری مرگ بچن و لە مەرگ نەترسن، بەڵکو دەبێت ئەوان وابکەن بەرپرسان لە مەرگ بترسێنرێن کە سەروەت و سامانی گەلیان بەتاڵان بردووە، پێویستە گەنجەکان دوای روخاندنی ستەمکارەکان پاڵی لێ نەدەنەوە و پێیان وابێت تەواو ئێتر تۆی ستەمکاری لە وڵاتدا بنبڕکراوە، بەڵکو دەبێت بەردەوامبن لە خەبات و تێکۆشان و سیاسەتکردن و هاندانی خەڵک بۆ دروستکردنی ناڕەزایەتی مەدەنیانە، ئەگەر وانەکەن ئەوە دڵنیابن ئەمجارە دیکتاتۆر و ستەمکاریکە بەرهەم ئەهێنن لە ژێر ناو و ناونیشنایتر و بیر و ئایدۆلۆژیاتردا.
خەبات و تیکۆشان بۆ گەڕانەوەی کەرامەت بۆ مرۆڤی کورد و هینانە کایەی دیموکراسی راستەقینە و چەسپاندنی دادپەروەری، خەباتێکی زۆر سەختە، چونکە یەکێتی و پارتی کەسایەتی تاکی کوردیان تیک و پێک شکاندووە لە بەرامبەر پارە و پوڵی دزراوی گەلدا، وەکو ڤایرۆس چوونەتە نێو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگاوە و نەخۆشیان خستووە، بۆیە چارەسەرکردنی ئەو هەموو جۆمگەیە پێویستی بە چەندین نەشتەرگەری وەرد هەیە، دەبێت ئەوانەشی نەشتەرگەرێکە ئەنجام دەدەن کەسانی زۆر شارەزابن و بزانن چۆن ئەو ئامێرە نوێیانە نەشتەرگەری پێ ئەنجام دەدرێت بەکار دێنن، ئەگەر عەقڵەکان کۆنبن و مەشقیان پێنەکرابێت بۆ بەکار هێنانی ئەو ئامێرانە، ئەوە دڵنیام ناتوانن ئامێرەکە بەکار بهێنن و بە هەمان شێوە تەقلیدیەکە نەشتەرگەریەکانیان ئەنجام دەدەن،کە ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ دواوە نەک بۆ پێشەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە