یەکێک لەو دیاردە بنەڕەتییانەی کە دیموکراسییەتی خۆرئاوایی لە سیستمی وڵاتانی ئێمە جیادەکاتەوە

Sunday, 28/02/2010, 12:00

1660 بینراوە


یەکێک لەو دیاردە بنەڕەتییانەی کە دیموکراسییەتی خۆرئاوایی لە سیستمی وڵاتانی ئێمە جیادەکاتەوە کە من ناویان دەنێم دیکتاتۆرییەت بە هەڵبژاردن یان دیکتاتۆرییەتی ئینتیخابی مەسەلەی تەزویرە...
لە بیست ساڵی رابوردوودا لە ناوچەی ئێمەدا هیچ هەڵبژاردنێکی پاک رووینەداوە. هیچ هەڵبژاردنێک نەبووە کە دەسەڵاتداران بە پلەی جیا و بە شێوەی جیا تەزویریان نەکردبێت. دیموکراسییەتی کوردیش وەک دیموکراسییەتە کارتۆنییەکانی ناوچەکە لە یەکەم هەڵبژاردنییەوە تا ئەمڕۆ هەڵبژاردنێکی پاکی تێنەپەڕاندوە، ئەوەش لکەیەکی شەرمەزاری گەورەیە بە ناوچاوانی کۆمەڵگایەکەوە کە زیاتر لەهەر کۆمەڵگایەکی دی چارەنوس و مانەوەی بە دیموکراسییەتەوە گرێدراوە. لە راستیدا من واتێدەگەم کە دیموکراسییەت+ تەزویر ناکاتە دیموکراسییەتێکی نەخۆش، بەڵکو دەکاتە دیکتاتۆرییەتێکی نەخۆش. سیستمی سیاسی لە کوردستان وەک سیستمی ئێرانی و سوری، سیستمێکی دیموکراسی نییە کە ناتوانێت بەتەواوەتی دیموکراسی بێت، بەڵکو سیستمێکی دیکتاتۆرییە کە ناتوانێت بە تەواوەتی دیکتاتۆریی بێت. تەزویر یەکێکە لە گەورەترین نیشانەکانی دیکتاتۆرییەتێکی نەخۆش، دیکتاتۆرییەتێک کە دەترسێت دەموچاوی راستەقینەی خۆی دەربخات. تەزویرکردنی هەڵبژاردن، لە جەوهەردا بریتییە لە تەزویرکردنی حەقیقەتی کۆمەڵگا، دیکتاتۆرییەتیش وەک سیستم هەمان شێوە بریتییە لە تەزویرکردنی ئەو حەقیقەتە.
دیکتاتۆر کەسێکە کە هەموو سیستمەکە بەکرێ دەگرێت بۆئەوەی درۆی بۆ بکەن.
هیچ ئادەمیزادێک وەک دیکتاتۆر حەزی لە درۆکردن نییە، تەزویرکردنی هەڵبژاردنیش چڵەپۆپەی ئەو درۆیەیە.
دیکتاتۆر خۆی بە تەنها ناتوانێت حوکمبکات، بەڵکو هەزاران کەسی دی لە خوارەوە ئەو زەمینەیە دەسازێنێنن کە دیکتاتۆر بە هۆیەوە دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی پراکتیکبکات. هەزاران کەس کە نوێنەرایەتی ئەو تاقمە سوودمەندە دەکەن لە سیستم. لەمجۆرە سیستمەدا دیموکراسییەت دەبێتە تەختەی ئەو شانۆییەی کە دەبێت ئەو نمایشەی لەسەر پێشکەشبکرێت کە دیکتاتۆر حەزی لێیەتی، ئیشی زۆربەی دەزگا حیزبی و دەوڵەتییەکان دەبێتە ئیشی دەرهێنانی شانۆگەرییەکە، ئەوەی لە کوردستانی ئەمڕۆدا سەرەنجبدات بەوردی دەبینێت کە دەزگا دەوڵەتی و حیزبییەکان ئیشیان پتر لە ئیشی دەرهێنەرێک دەچێت کە دەبێت نمایشێک بخاتە سەر سەحنە کە لەگەڵ خواستی سەرۆکەکاندا بگونجێت. موفارەقە گەورەکەش لێرەدایە کە ئیشی ئەو دەزگایانە لە بری ئەوەی ئەوە بێت وابکەن سەرۆک لەگەڵ دونیادا رێکبکەوێت و بگۆڕێت، وادەکەن دونیا لەگەڵ روانینی سەرۆکدا رێکبکەوێت و بگۆڕێت. لێرەدا گەر بۆم هەبێت جارێکی دیش ئاماژە بۆ قسەی یەکێک لە کاراکتەرەکانی برێخت دەکەمەوە و دەڵێم ئەوان نایانەوێت وێنەکە لە دیمەنەکە بچێت، بەڵکو دەیانەوێت دیمەنەکە لە وێنەکە بچێت.
تەزویرکردنی هەڵبژاردن هەوڵە بۆئەوەی دیمەنەکە لە وێنەکە بچێت.
ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی دوایی بە ئێمە دەڵێت: هەر کاتێک دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن لەگەڵ خواستی دیکتاتۆرەکاندا یەکی نەگرتەوە، دیکتاتۆرەکان توڕەدەبن، یەکەمین شتیش دەیکەن ئەوەیە کە سەرنوسەری رۆژنامە یان بەرپرسی دەزگای راگەیاندن دەگۆڕن... سەرۆک دوای هەر نوشوستییەک، پێویستی بە نیگارکێشێکی تازەیە کە وێنەی دونیای باشتر بۆ تەزویربکات، درۆی گەورەتری بۆ بکات کە نوشوستی پێشووی لەبیربەرێتەوە. دیکتاتۆر کەسێک نییە کە باوەڕی بە دیموکراسییەت نەبێت، بەڵکو کەسێکە کە باوەڕی بە دەرەنجامەکانی دیموکراسییەت نەبێت.
تەزویرکردنی هەڵبژاردن هەوڵێکی گەورەیە بۆ دەستوەردان لە وێنەی راستەقینەی کۆمەڵگا. لە رێگای تەزویرکردنەوە دیکتاتۆرەکان کۆمەڵێک قازانجدەکەن:-
یەکەم: تەزویرکردن جۆرە تاوانێکی بەربڵاوە کە لە زیاد لە جێگا و ناوەندێکەوە دەکرێت و بە زیاد لە شێوەیەک دەچێت بەڕێوە، لەبەرئەوە سەلماندن و دۆزینەوەی ئاسان نییە... تەزویر ئەو گوناهە دووبارەیەیە کە کەس ناتوانێت بیسەلمێنێت و قەوارە و ژمارە راستەقینەکانی بزانێت. وەک لە ئێران و لای شاهەنشای تەزویرچییەکان ئەحمەدی نەژاد بینیمان... هەموو دەزانین کە ئاغای نەژاد سەرۆکە بە تەزویر، بەڵام دەلیلی تەواوەتی لای هیچ کەس نییە... ئەو دەلیلە تەنیا لە ویژدانی کۆمەڵگای ئێرانی و خەڵکانی ئێراندایە. کۆمەڵگا لە رێگای هەستی دەستەجەمعی خۆیەوە هەست بەو تەزویرە دەکات.
دووەم: تەزویرکردن تاوانێکی زۆر ترسناکە، لە هەموو تاوانەکانی تر گەورەترە، ئەوانەی دەتوانن بەبێ ترس و دوودڵی تەزویربکەن هەر ئەوانەن کە دەتوانن بەبێ ترس و دوودڵی دەست بۆ هەموو حەرامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیکە ببەن. تەزویرکردن ئەوە دەسەلمێنێت کە تا ئێستا هێزی دەزگا حیزبییەکانی دیکتاتۆر لەسەر دەستکاریکردنی وێنەی کۆمەڵگا، چەندە گەورەیە. لای دیکتاتۆر گەر دەزگا حیزبی و حکومییەکان نەیانتوانی وابکەن کۆمەڵگا لە وێنەکەی ناو سەری دیکتاتۆر بچێت، ئیدی لەوە دەکەون دەزگای سوودمەند و ماناداربن. خودی توانای تەزویرکردن نیشانەی نەبوونی دیموکراسییەتە. لە دیموکراسییەتی راستەقینەدا ئەوە نییە هیچ هێزێک نەبێت بیەوێت تەزویربکات، بەڵکو ئەوەیە هیچ هێزێک ناتوانێت تەزویربکات. واتە لەدەرەوەی سیستمی سانسۆر و چاوەدێری دەسەڵاتداران، دەبێت سیستمێکی چاوەدێری باڵاتر هەبێت کە لە ناو سیستمی پێشوو و تەواوی پێکهاتی سیاسیشدا نەتوابێتەوە... ئەوە مەرجی یەکەمی دیموکراسییەتە.
سێهەم: تەزویرکردن ئاماژەیەکی رەمزییە بۆ دەسەڵاتی رەهای دیکتاتۆر، توانای دەستبردن بۆ سندوقی هەڵبژاردن، نیشانەیەکی رەمزییە بۆ توانای دیکتاتۆر و سیستمەکەی لەسەر دەستبردن بۆ هەموو شتێک... بۆ ئازادی، بۆ دەنگی ئینسانەکان، بۆ بیرکردنەوەیان، بۆ ژیان و بژێوییان. واتە خودی تەزویر گەورەترین نیشانەی دیکتاتۆرییەتە کە نابێت بە کەم بگیرێت.
چوارەم: دیکتاتۆر نایەوێت کۆمەڵگا لە خۆی تێبگات، واتە لە وێنە راستەقینەکەی خۆی دڵنیابێت... دیکتاتۆرییەت بریتییە لە شاردنەوەی حقیقەتی سیاسی کۆمەڵگا . بە کورتی تەزویر هەوڵێکی گەورەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا گۆرانکارییە ناوەکی و جەوهەرییەکانی خۆی نەبینێت. دیکتاتۆرەکان دەیانەوێت کۆمەڵگا بخەنە گومانەوە دەربارەی سروشتی ناوەکی خۆی، دەربارەی ئاڕاستە تازەکانی ناوی، دەربارەی ئەو ئەگەرە تازانەی کە لە هەناوی خۆیدا پەروەردەیکردوە، دەربارەی ئاسۆکانی گۆڕان و سروشتەکانی.
پێنجەم: تەزویر تاکە رێگایەکە کە هێزە کۆن و مردووەکان لە رێگایەوە دەتوانن ژیانی خۆیان درێژبکەنەوە، تەزویر ئەو دەمامکە گەورەیەیە کە هێزە مردوەکان دەیکەنە سەریان بۆ ئەوەی زیندوو دەربکەون. تەزویر ژیانێکی دەستکردە، کە بە زۆر درێژکراوەتەوە، ئەوانەشی بەوجۆرە دەژین، مێژوو بە شێوەی ترسناک تۆڵەیان لێدەکاتەوە. تەزویر لەو دەزووە باریکە نەبینراوە دەچێت کە دەست و قاچی بوکەشوشە و قەرەقۆزەکان لەسەر شانۆ دەجوڵێنێت... کۆمەڵگای ئێمەش پڕە لەو هێزانەی کە دەست و قاچی جوڵانیان نەماوە و پێویستیان بە پەتی باریکە بیانجوڵێنێت.
لە دواجاردا رەنگە تەزویرکردنی هەڵبژاردن هۆکارێک بێت بۆئەوەی هێزێکی سیاسی ماوەیەکی زیاتر لە ژیانی سیاسیدا باڵادەست بێت، بەڵام هێزێک بۆئەوەی بژی ناتوانێت تەنیا لە رێگای باڵادەستی بەسەر ژیانی سیاسییەوە بمێنێتەوە، هێزە گرنگ و راستەقینەکان دەبێت لە ژیانی فیکری و رۆحی و ویژدانی کۆمەڵگاشدا ئیلهام بەخش و پڕئایدیا بن. تەزویرکردنی بەردەوامی هەڵبژاردن، وەک لای دەسەڵاتدارانی کوردستان بووە بە نەریت، تەنیا جۆرە ژیانێکیان بۆ دابیندەکات، وەک ژیانی ئەو نەخۆشانەی لە ژووری ژیاندنەوەی ناو خەستەخانەکاندا دەیانبینین، لە رێگای بۆری و پەمپ و ماسکی ئۆکسجین و دڵی پاتری و میزەڵدانی دەستکردەوە... لەدواجاردا دەشێت هێزێک بتوانێت هەڵبژاردنێک تەزویربکات، بەڵام هیچ هێزێک ناتوانێت حەقیقەتی کۆمەڵگا تەزویربکات... هەر حەقیقەتێکی سیاسیش گەر بواری پێ نەدرا لە رێگای سندوقی دەنگدانەوە بێتەقسە، بە دڵنیاییەوە لە رێگای دیکەوە دێتە قسە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە