ئازادی..... چ شەرمەزاریێکە بۆ دەسەڵاتی کوردی دوای٢٠ ساڵی تەمەنی هێشتا نەیتوانیوە ئازادی بۆ گەلەکەی دابین بکات؟.!

Tuesday, 15/03/2011, 12:00

1684 بینراوە



 

ئەم دەقە،دەقی دەستورێکی کەسانی ئازادە بۆ کەسانی ئازاد. ئەم ئازادیە سیاسیانە کە بەدەستمان هێناوە وەکو وڵات هەرگیز نابێت لەدژی ئازادیەکانی تاکە کەسی هاوڵاتیانی کاتالۆنیا بێت، چونکە بەڕاستی ئەو وڵاتە ئازادە کە هەموو تاکێکی بتوانێت بە ئازادی تیایدا بژیت و گوزارشت لە پێناسی جیاجیا بکات،بێ هیچ جۆرە پەیوەندیێکی پلە وپایە یان پاشکۆی لە نێوانیادا.
خوێنەری ئەزیز:
ئەم ووشە جوانانە هەروەکو بینیتان کۆتای ئەو پێشەکیەیە کە لە دەستوری هەرێمی کاتالۆنیای ئیسپانیادا هاتووە، نەک هەرێمی کوردستان .ئەو هەرێمی کوردستانەی کە بە ووتەی دەسەڵاتدارەکانی بڕیارە ببێتە نمونەی دیموکراسی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەرجەم وڵاتانەی ناوچەکەش، پێویستە چاو لە هەرێمی کوردستان بکەن و کۆپی دیموکراسیەکەی هەرێمی کوردستان بۆ خۆیان بەرن و سیستەمی وڵاتەکانیان لەبەر ڕۆشنای ماددە وبڕگە و خاڵەکانی دەستوری هەرێمی کوردستان دابڕێژن.
بەڵێ ئەمە پێشەکی ئەو ڕەشنووسەی دەستوری هەرێمی کوردستان نییە کە لە پەرلەمانی پەنجا بە پەنجا یان باشتر وایە بڵێـن لە دیوەخانی حیزبدا تێپەڕێنرا و دواتر بە ووتەی سەرۆکی هەرێم بڕیار بوو بکرێت بە چقڵی چاوی دوژمنان و بخریتە ڕاپرسییەوە، کەچی هەر زوو بە هەوڵی خەمخۆرانی ناوخۆ و دەرەوە ڕاگیرا و ڕێگە نەدرا ئەم بارگرانیەش بچێتە سەر شانی گەلی ستەم دیدەی کورسستان و نەبوو بە هۆکارێک بۆ چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتی حیزب و بنەماڵە گەندەڵەکان. بەڵێ هەر ئەم ڕەشنوسە کە ساڵەهایە بە ووتەی خۆیان کاری لەسەر دەکەن، ئەوەندە کەم و کورتی هەبوو زوو ڕەتکرایەوە و هەرێمی بە ناو دیموکراسی بەبێ دەستوری هێشتەوە و تا ئەم چرکە ساتەش هەرێمی لانکەی دیموکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ دەستورە.
بەڵێ تاکو ئەمڕۆش کە نزیکەی ٢٠ساڵ بەسەر تەمەنی دەسەڵاتی ئەم هەرێمە پر لەسەرکردەیە، ئەم هەرێمە پڕ لە سیاسییە، ئەم هەرێمە پڕ لە خەمخۆرو نیشتیمان پەروەر و خاوەن شەهیدە، بێ دەستور بەڕێوە دەچێت و یاساش ئەوە یان هەر نییە یان کە هەش بێت کار بە یاسا ناکرێن خۆ ئەگەر بشکرێت ئەوا کار بە یاسای عێڕاقی کۆن دەکرێت!. بەڵام کام عێراق؟ عێراقی سەردەمی دیکتاتۆری! کام دیکتاتۆر ؟ ئەو دیکتاتۆرەی کە ساڵانێک بوو گەلی کوردستان خەباتی دەکرد لە پێناو ڕزگاربون لە دەست یاساکانی و ڕژێمەکەی.ئەرێ سەیر نییە؟
بە ڕاستی نەک هەرسەیرە، بەڵکو کۆمیدیاێکی بێ وێنەیە کە هەرێمێک بانگێشە ئەوە بکات دەبێت دەوڵەتانی ناوچەکە لاسای ئەو بکەنەوە بۆ دیموکراسی، کەچی دوای ٢٠ ساڵی تەمەنی هێشتا خۆی بێ دەستورە و کاریش بە یاسای دەوڵەتێکی دیکتاتۆر دەکات کە چەندین ساڵ بوو لەژێر ئەم یاسایانەدا مرۆڤی کورد دەچەوسایەوە!،ئەمە تەنها لە کۆمیدیا دەچێت و هیچی تر، لەوەش کۆمیدی تر ئەو یاسایانەن کە ناو بەناو بۆ ئارایشت کردنی دەسەڵاتە گەندەڵەکەیان دەریان دەکەن، نمونەی یەکێک لەوانە ئەو یاسایە بوو کە بە ناوی یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانەوە دەرچوو، بەڵام ئەویش وەکو ڕەشنوسە کاڵ و کرچەکە هەرزوو لە لایەن ڕۆشنبیران و گەلەوە ڕەتکرایەوە کەچی لەهەمان کاتدا سەرۆک بە بیانووی زۆرینەوە واژۆی کردوو هیچ بایەخی نەدا بە دەنگی ڕۆشنبیران و دەنگی شەقام ، ئەمە جگە لەوەی کە کەم و کورتی ئەم یاسایە هەر لەسەرەتاوە درکی پێ کرا کە پێچەوانەی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕێنە و ناگونجێت لەگەل دەسەڵاتێکی دیموکراسی،مەگەر تەنها دیموکراسیەکەی هەرێمی کوردستان نەبێت بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم تێیان پەڕاند، بەڵام ئەمڕۆ کەموکورتیەکانی یاساکە جوانتر دەبینرێت و دەبینین بەهەزاران کەس خۆپیشاندان دەکەن و شەو ڕۆژ مەیدانەکان چۆڵ ناکەن و یاساکەی بەناوڕێکخستنی خۆپیشاندانیش بێ نرخ کەوتووە و دەسەڵاتێک نییە پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بکات .
خوێنەری ئەزیز:
هەروەکو دەزانن هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارەکانی،کە ئێستا ناخۆشترین و سەخترین ساتەکانی حکومڕانیان گوزەردەکات لەژێر فشاری دەنگی ڕۆشنبیران و شەقامدا، دوای ٢٠ساڵی تەمەنیان نەیان توانیوە دەستورێک و یاساێک دابڕێژن کە لانی کەمی دیموکراسی و ئازادی بۆ گەلەکەی تیادا فەراهەم بکات و بەڵکو ئاماژەکان بەلای ئەوەدان کە هەرێمی کورستان بەرەو دیکتاتۆری هەنگاو دەنێت لەژێر کۆمەڵێک یاسای جۆراوجۆردا کە بە بیانووی زۆرینەو کەمینە لە پەرلەمان تێیان دەپەڕێنن.! بەڵێ هەرێمی کوردستانی بەگوتەی سەرکردەکانی لانکەی دیموکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دوای ٢٠ساڵی تەمەنی خۆماڵی کەچی تازە بەتازە تاکەکانی داوای ئازادی دەکەن و ڕۆژانە شەقامەکانی وڵات دەزرنگێتەوە لە هاواری گەل کە هاوار دەکەن (ئازادی،ئازادی...)!،بەڵام دەسەڵات بە فیشەک وڵامیان دەداتەوە.
ئەرێ دەبێ چ شەرمەزاریێک بێت بۆ دەسەڵاتێکی خۆماڵی دوای ٢٠ساڵی تەمەنی تازەبەتازە گەلەکەی داوای ئازادی بکات و لەبەرامبەریشدا دەسەڵات بە فیشەک وڵامیان بداتەوە؟!. دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵاتێکی بەناو دیموکراسی مافی خۆپیشاندان بە ڕاوا نەبینێت بۆ گەلەکەی؟! دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵات هەر کە هەست بکات دوو کەس لە هەولێر خەریکی خۆپیشاندانن خێرا وەکو هەڵۆ بنیشتە سەریان و بەرەو زیندانی تاکە کەسی ڕاپێچیان بکات ؟!. دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ ئەو دەسەڵاتەی مافی ڕادەربڕین بە هاوڵاتیان ڕەوا نەبینێت و ئەوەی دەمی کردەوە بۆ داواکاری خزمەتگوزاری و نەهێشتنی گەندەڵی و بێکاری دەمی پڕبکات لە فیشەک؟! دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵاتێکی بە ناودیموکراسی بە گەلەکەی بڵێت ئاژاوەگێر و گێرە شێوێن؟! دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمێکی دیموکراسی سەرکردە بە ناو سیاسیەکانیان هەڕەشەی دەست بڕین لە گەلەکەیان بکەن لە بەرامبەر شکانی شوشەی پەنجەرەکانی بارەگاکەیان؟! دەبێ چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵاتێک کە نەتوانێت تاوانبارانی سوتاندنی دەزگاێکی ڕاگەیاندنی وەکو کەناڵی نالیا کە تەنها ٧٢ کاتژمێر بوو دەستی بە پەخش کردبوو دەستگیربکات و سزایان بدات؟!دەبێت چ شەرمەزارێک بێت بۆ دەسەڵاتێکی دیموکراسی کە پێشەوای ئایینی دەستگیربکات لەسەر ووتاردانێکی یان دەرکردنی پێژنوێژ و ووتاربێژێک لەسەر کارەکەی چونکە ڕاستی ووتوە؟! یان چ شەرمەزارێکە لە ناوپەرلەماندا پەلاماری ئەندام پەرلەمان بدرێت و پەلاماردەرانیش دەستگیر نەکرێن؟! یان چ شەرمەزاریێکە بۆ سەرۆک پەرلەمانێک کە دەرگا لەسەر پەرلەمانتاران دابخات و بەوەشەوە نەوەستێت و هێز بهێنێتە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ پیشاندانی هێز و ترساندنی پەرلەمنتارانی ئۆپۆزسیۆن؟! ئەمانەو چەندین شەرمەزاری تری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەوانە هێنانی تۆپ و دەبابە و هێزی زێرەڤان بۆ سەر بزوتنەوەێکی سیاسی ! خۆش دیموکراسی ... سوتاندنی بارەگا و تاڵان کردن و پەلاماردانی ڕادیۆی دەنگ لە کەلار و سوتاندنی خێوەتەکانی خۆپیشاندەران و بێ ئاگای دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس ئەمانە و چەندین کەم و کورتی تری ئەم دەسەڵاتە تەزویرەی بە ناو دیموکراسی لە سەرو هەمووشیانەوە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس تەنها لەسەر نووسینی بابەتێک کە بە خەیاڵەوە ڕخنەی گرتووە لە دەسەڵاتدارانی کوردستان. ماوەتەوە بپرسین ئەرێ کە ئەمانە شەرمەزاری نەبن ئەبێت چی شەرمەزاری بێت بۆ دەسەڵاتێکی دیموکراسی؟ لام وابێت وڵامەکەی ئاشکرایە.
بەڵێ خوێنەری ئەزیزم
ئەم دەسەڵاتە بە ناو دیموکراسی یەی هەرێمی کوردستان لێوان لێوە لە شەرمەزاری بەرامبەر گەل و خاکەکەی ، دەسەڵات لە گەندەڵیدا نقوم بووەو هیشتاش بەرنامەی نییە بۆ خۆ ڕزگارکردن،دەسەڵات لێوان لێوە لە نادادپەروەری کەچی هێشتاش نازانێت بەرنامە بۆ دادپەروەری دابڕێژێت و یەکسانی بەسەرهەموولاێکدا باڵ بکێشێت، دەسەڵات لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی دیموکراسی لای داوە کەچی هێشتاش ناتوانن ببن بە شۆفێرێکی لێهاتوو بۆ هێنانەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی، دەسەڵات کە بانگێشەی ئازادی دەکات کەچی هەرخۆی ئازادی لەناو دەبات وزمانی ئازاد دەبڕێت و قەڵەمی ئازاد دەشکێنێت و دەستی ئازاد دەبڕێت و دەنگی ئازاد دەخنکێنێت و هەنگاوی ئازاد دەشکێنێت وئاسمانی ئازادی پڕدەکات لە دەنگی گولەو سروشت پڕ دەکات لە بۆنی باڕووت و گوڵ هەڵئەوەرێنێت و درەخەت ئەتەقێنێتەوە و دونیای جوانی منداڵ لە سەرشەقام خەڵتانی خوێن دەکات و خەونەکانیان لەناو ئەبات و زانست پەک دەخات؛ تەنانەت بەوەشەوە ناوەستن و هەموو ووڵات دەفرۆشن و گیرفانی خۆیان پڕ دەکەن لە پارەی و سامانی گشتی و پشت لە گەل و نیشتیمان دەکەن.
بەڵێ ئازادی لای ئەوان ئەمە واتاکەیەتی،بەڵام ئەمڕۆ گەل هۆشیاربۆتەوە و پێناسەی شیاو بۆ ئازادی دەکەن ئەمڕۆلای گەلی کوردستان ئازادی واتا ژیانێکی شەرەف مەندانە،ئازادی واتا ڕخنەگرتن لە سیاسەت و گەندەڵی ونادادپەروەری و دەسەڵات هێنانەوە سەر ڕێڕەوەی ڕاستەقینەی خۆی و خزمەتکردنی گەل بەیەکسانی. ئازادی لای گەل واتا ووتنی ڕاستیەکان و پەنجەبردن بۆ هەموو نادادپەروەریەکان و هەنگاو نان بۆ ئازادی زیاتر و جوانتر کردنی ئاسمانی ئازادی و وەستاندنی دەنگی گولەو جوانتر کردنی سروشتی وڵات و ڕواندنی گوڵ و سەوزکردنی درەخت و ڕەنگاو ڕەنگ کردنی زیاتری دونیای پڕ لە خەونی جوانی منداڵ و پێشخستنی زانست و ئازاد کردنی زیاتری خاکی وڵات و گێڕانەوەی پارەوسامانی گشتی و بەئاگا هێنانەوەی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و دەسەڵاتداران و دەستگیرکردنی تاوانبارانی بکوژ و گەندەڵ و پەلاماردەر و نیشتیمان فرۆش.
بەڵێ ئەزیزم ئەوەی ئەمڕۆجێگەی هەڵوەسە لەسەرکردنە ئەوەیە ، کە گەل جوانتر و باشتر لە دیموکراسی گەیشتوە نەک ئەوانەی خۆیان بە مامۆستای دیموکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن! بەڵێ ئەمڕۆ گەل لە ئاست هۆشیاری پێویستدایەو درک بە ڕابردوو و داهاتووی دەکات و ئاگاداری ئەوەیە کە سەرکردەکان لە ڕابردوودا چیان کردوەو چی بەسەریاندا گوزەری کردووە و چیش لە ئێستادا ڕوودەدات و بە نیازی چیترن لە داهاتوودا بیکەن ،ئەمڕۆ گەل لە سەرانسەری کوردستان ئەزانن سەرکردە درۆینەکان لە ڕابردوودا تەنها سەرقاڵی بەحیزب کردنی کۆمەڵگا بوونەو لەپەنای ئەوەشدا بەردەوام خەریکی کۆکرنەوەی پارەوسامان بوونە کە لەبنچیەنشدا ئەم پارەوسامانە موڵکی گەلەوپێویستە بۆ گەل خەرج بکرێت،ئەمڕۆ گەل ئاگادارە کە ئازادی و دیموکراسی پێویستە لە پراکتیکدا ببینرێت نەک بە ووتن.
بەڵێ هەرێمی کوردستان ٢٠ ساڵە ڕزگار بووە بەڵام هێشتاش ئازاد نییە و دەبێت جیاوازی نێوان ڕزگاری و ئازادی بکرێت و هەوڵ بدرێت بۆ بە دەستهێنانی تەواوی ئازادی یەکان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و پێویستە ئازادی لە دیمۆگۆجیەت رزگار بکرێت و لە مەیدانی کاردا بخرێتە گەڕ و هەموو تاکێکی کوردستانی هەست بە بوونی ئازادی بکات و ڕۆژانەی بە کردار لە ژیانی رۆژانەیدا بەکاری بهێنێت وەک چۆن خۆی حەزی پێ دەکات نەک وەک چۆن دەسەڵاتی حیزب و بنەماڵە دەیەوێت.
ئەوەی لە کۆتایدا پێویستە بووترێت ئەوەیە کە گەل بزانێت ئازادی داواێکی گەورەیە و داواکاری گەورەش قوربانی گەورەی دەوێتهەروەکو نیڵسۆن ماندێلا وتوویەتی:هەنگاونان بۆ ئازادی ئاسان نییە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە