یه‌که‌مین فیشه‌کی به‌رگریکردن

Sunday, 15/08/2010, 12:00

1726 بینراوە


یه‌که‌مین هه‌نگاوی به‌رگریکردن له‌و شوێنه‌دا‌ ده‌ست پێده‌کات،که‌ چه‌وساوه‌ هه‌ست به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی خۆی ده‌کات.
هێشتا زۆر منداڵ بووم کاتێ له‌ یه‌کێک له‌ چیاکانی وڵاته‌که‌م دیمه‌نی تراژیدی ئه‌و باڵنده‌یه‌م بینی که‌ چۆن به‌رگری له‌ هێلانه‌وبێچوه‌کانی ده‌کرد،کاتێ مارێکی چاوبرسی‌ هه‌وڵی ده‌دا ده‌ست به‌سه‌ر لانه‌که‌یدا بگرێت و بێچوه‌کانی بخوات.باڵنده‌که‌ش‌ ته‌نها و ته‌نها ده‌نوکێکه‌ی شک ده‌برد که‌ به‌رگری پێ له‌ لانه‌و بێچوه‌کانی بکات،به‌ڵام ئاماده‌ بوو بجه‌نگێت له‌ پیناو پاراستنی لانه‌و بێچوه‌کانیدا بێ ئه‌وه‌ی بیری له‌ ڕاکردن یان خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بکاته‌وه‌.ئه‌وه‌ی زۆرتر سه‌رنجی ڕاکێشام ئه‌و دیمه‌نه‌‌ بوو که‌ سه‌ره‌تا باڵنده‌که‌ بێده‌نگ بوو له‌ نزیک بوونه‌وه‌ی ماره‌که‌،به‌ڵام تا ماره‌که‌ زیاتر نزیک ده‌بۆوه‌ لێی،ئه‌ویش زیاترهه‌ستی به‌و مه‌ترسیه‌ ده‌کرد که‌ ماره‌که‌ خه‌ریکی زیان گه‌یاندنه‌ به‌ خۆی ولانه‌وبێچوه‌کانی.له‌گه‌ڵ هه‌ر نزیک بوونه‌وه‌ێکی زیاتری ماره‌که‌دا باڵنده‌که‌ش زیاتر وریایی خۆی وه‌رده‌گرت،تا له‌ کۆتایدا ده‌ستی کرد به‌ به‌رگری کردن و‌ به‌ده‌م جریکه‌ جریک و خۆ گیڤ کردنه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌دا به‌ ده‌نوکه‌که‌ی به‌رگری بکات له‌ نیشتیمان و بێچوه‌کانی.ئه‌م دیمه‌نه‌ ئه‌وه‌ی فێر کردم که:‌ له‌و شوێنه‌دا به‌رگری ده‌ست پێده‌کات،که‌ چه‌وساوه‌ هه‌ست به‌ چه‌وسانه‌وه‌ی خۆی ده‌کات.
ئه‌و دیمه‌نه‌ تراژیدیایه‌ که‌ هێشتا زۆریش منداڵ بووم،به‌ڵام هه‌ستێک پاڵی پێوه‌ نام بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری بکه‌م‌ له‌و باڵنده‌یه‌،به‌م جۆره‌ خۆم بینیه‌وه‌ له‌ ڕیزی ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌بێت به‌ هه‌رجۆرێک بێت به‌رگری له‌ چه‌وساوان بکه‌م.له‌وکاته‌دا به‌ ته‌نها به‌ردێکم شک برد بۆئه‌وه‌ی به‌رگری پێ له‌و باڵنده جوانه‌‌ بکه‌م،به‌ڵێ ته‌نها به‌و به‌رده‌‌وه‌ توانیم به‌رگری بکه‌م له‌ باڵنده‌که‌ و هێرشم کرده‌ سه‌ر ماره‌که‌و دوورم خسته‌وه‌ له‌و شوێنه‌.ئێستاش ئه‌وکاته‌م له‌بیره‌ که‌‌ هه‌ستێکی یه‌کجار خۆشم هه‌بوو،کاتێ توانیم ئه‌م کاره‌ بکه‌م،هه‌ر ئه‌‌م ڕووداوه‌ش بوو به‌ هه‌وێنی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ست بکه‌م له‌م دونیایه‌دا دوو جۆر بونه‌وه‌ر هه‌یه‌ ئه‌ویش (ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سه‌ڵات) یان به‌ ووتنێکی تر چه‌وسێنه‌ر و چه‌وساوه. ئه‌مه‌و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی زیاتری کات و گه‌شه‌کردنی زیاتری ژیری بۆم ده‌رکه‌وت که‌ خودی خۆیشم له‌ خانه‌ی چه‌وساواندا ڕیزی ژیانم گرتووه‌.به‌ڵێ‌ بینینم نه‌ک هه‌ر خۆم به‌ڵکوسه‌را‌پای(خاک وزمان و کلتور و مێژوو)ی گه‌ل و ووڵاته‌که‌‌م له‌ ژێر چه‌وسانه‌وه‌دایه‌،به‌ڵام چ چه‌وساندنه‌وه‌ێک؟ چه‌وسانه‌وه‌ێک که‌ هیچ که‌س و لایه‌نێک له‌م سه‌ر زه‌مینه‌ نییه‌ به‌ به‌ردێکیش بێت به‌رگریمان لێ بکات.!چ قه‌ده‌رێکی سه‌یره‌ ئه‌م گه‌له‌ بێ که‌سه‌ به‌ م جۆره‌ ده‌چه‌وسێته‌وه‌؟ ئه‌م پرسیاره‌‌ هه‌موو خه‌یاڵی ئه‌وسامی داگیر کردبوو.به‌ڵام ئه‌مڕۆ که‌ده‌بینم گه‌له‌که‌م هه‌ڵساوه‌ته‌ سه‌ر پێ بۆ ده‌ستخستنی ئازادی و سه‌ربه‌خۆی وڵاته‌که‌ی گه‌شبینم که‌ چه‌وسانه‌وه‌ی گه‌ل له‌ قۆناغه‌کانی کۆتاییدایه‌.
به‌ڵێ هه‌ر له‌و ساوه‌ بۆم ده‌رکه‌وت که‌ خۆم و گه‌له‌که‌م له‌ژێر چه‌وسانه‌وه‌ێکداین وهه‌ر چوار ده‌ورمان ته‌نراوه‌،به‌ تایبه‌تیش ئه‌و کاته‌ی که‌ بینیم باوکم زۆر به‌ ئه‌سپاییه‌وه‌‌ گوێی ئه‌گرێت له‌ ده‌نگی ڕادیۆێک بۆ ئه‌وه‌ی هه‌واڵی پێشمه‌رگه‌ بزانێت.منیش گوێم گرت له‌ ده‌نگی ڕادیۆێک که‌ هه‌واڵی ده‌خوێنده‌وه‌،به‌ڵام چ ڕادیۆێک و چ هه‌واڵێک ئه‌و ڕادیۆیه‌ی که‌ هه‌واڵی چالاکی پێشمه‌رگه‌کانی بڵاو ده‌کرده‌وه‌ و بۆ یه‌که‌مجار لێوه‌ی گوێم له‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ بوو،به‌ڵام نه‌مده‌زانی پێشمه‌رگه‌ چییه‌؟! ئه‌م ووشه‌یه‌ لام زۆر سه‌یر بوو نه‌م بیستبوو،پرسیم له‌ دایکم پێشمه‌رگه‌ چییه‌ ؟ به‌ڵام نه‌ک وڵامی نه‌دامه‌وه‌ به‌ڵکو ئاگاداری کردم ،جارێکی تر بۆت نییه‌ ئه‌م ووشه‌یه‌ له‌ ده‌مت بێته‌ ده‌ره‌وه‌.! ڕادیۆێک که‌ هه‌واڵی ده‌خوێنده‌وه‌،به‌ڵام دوژمن جۆراها فلته‌ری خستبوه‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی په‌خشه‌که‌ی باش بڵاو نه‌بێته‌وه‌.هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ لاێک فێر بوونی خوێندن و نووسینیش به‌لاێکی تر دا ده‌رگاکانی تری بۆ خستمه‌ سه‌ر پشت تا بزانم ئه‌و شتانه‌‌ چین‌ که‌ تاکو ئێستا نه‌مزانیون‌.ئه‌و کاته‌ی که‌ خوێندمه‌وه بۆم ده‌رکه‌وت که‌ من له‌ سه‌ر خاکێک ئه‌ژیم ناوی کوردستانه‌،به‌ڵام کام کوردستان؟ ئه‌و وڵاته‌ی که‌ زیاتر له‌ چوار به‌شه‌ و داگیر کراوه،ئه‌و ووڵاته‌ی که‌ ئاڵا و سه‌روه‌ری نییه،ئه‌و ووڵاته‌ی که‌ هه‌زاران شه‌هیدی داوه‌و هێشتا هیچی به‌ هیچ نه‌کردوه‌!.
زه‌مه‌ن و هات و ده‌رگاکانی ژیانم زیاتر کرده‌وه‌ و په‌یم به‌ هه‌موو نهێنیه‌کانی ژیانی گه‌لێکی چه‌وساوه‌ برد له‌ ڕێگه‌ی په‌رتووکه‌کان.ئه‌و په‌رتوکانه‌ی که‌ فێریان کردم : تۆ چاوت له‌ زێدێکدا به‌‌ ژیان هه‌ڵێناوه‌ که‌ ناوی کورستانه.ئه‌و کوردستانه‌ی له‌ ژێر جۆره‌ها چه‌وسانه‌وه‌دایه‌‌،ژیان هاته‌ پێش وزیاترم زانی ده‌رباره‌ی وڵاته‌که‌م گه‌یشتمه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی که‌ : ئه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ پێی ده‌ڵێین (باکوری عێڕاق یان کوردستانی عێراق ئه‌وه‌‌ باشووری کوردستانه)،ئه‌وه‌یشی پێمان ده‌گووت‌ (کوردستانی ئێران ئه‌وه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌م)ه ،‌ له‌مه‌شه‌وه‌ فێربووم ئه‌گه‌ر وڵاته‌که‌م باشور و ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌بێت ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕۆژئاواو باکوریشی ده‌بێت،به‌ڵام کام ڕۆژئاواو کام باکوور؟ ئه‌و ڕۆژئاوایه‌ی که‌ داگیرکه‌ربه‌ڕه‌وای نابینێت پێناسه‌ێک بدات به‌ کورده‌کان!،کام باکوور ئه‌و باکووره‌ی که‌ زۆرینه‌ی گه‌له‌که‌م له‌وێدا ژیاون و ده‌ژین به‌ڵام چ ژیانێک؟ ژیانێک به‌ وێنه‌ی ئه‌و باڵنده‌ جوانه‌ی که‌ له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ماره‌ چاوبرسیه‌که‌دا بوو.
به‌ڵێ کاتێ مێژووی گه‌له‌که‌مم خوێنده‌وه‌ بینیم گه‌له‌که‌م له‌ باکوور،که‌ ئه‌مڕۆ بۆ ئازادی چیاکانیان گرتووه‌‌ و گیانیان ده‌که‌نه‌ قوربانی،رۆژانێک نه‌ک به‌وێنه‌ی باڵنده‌که‌ به‌رگریان نه‌کردوه‌،به‌ڵکو له‌ ئاستێکدا ده‌سته‌وه‌ستان و داماو بوو بوون که‌ ته‌نانه‌ت خۆیشیان نکوڵیان له‌ کورد بوونی خۆیان ‌کردوه‌ و زۆر به‌ شێوه‌ێکی ئاسایی له‌ ناو بۆته‌ی ئه‌سمیلاسیۆنی تورکدا بینه‌ری ‌توانه‌‌وه‌ی خۆیان بوون. به‌ به‌رچاوی خۆیانه‌وه‌ سه‌یری دیمه‌نه‌ تراژیدیاکانی ئه‌و ڕۆژگاره‌یان ‌کرد بوو که‌ هێدی هێدی وه‌کو گه‌ڵای پایز خۆیان و زمان و کلتورو مێژوه‌که‌یان هه‌ڵئه‌وه‌ری‌ به‌ده‌م زریانی تورکه ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کانه‌وه‌. به‌ڵێ خوێندمه‌وه‌ که‌ باکوری کوردستان وه‌ک گه‌وره‌ترین به‌شی کوردستان له‌ دوای جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی که‌وتۆته‌‌ ژێر ده‌ستی تورکه‌ که‌مالیه‌کان و ڕووبه‌ڕی چه‌ندین شێوازی چه‌ه‌ساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هاتوه‌و‌کاری کردۆته‌‌ سه‌ر سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی ژیانی کورد له‌و به‌شه‌ی کوردستان.چونکه‌ تورکه‌کان به‌ هه‌موو جۆرێک هه‌بوونی وه‌ها نه‌ته‌وه‌ێکیان ڕه‌تده‌کرده‌وه‌ که‌ ناوی کوردبێت و له‌ تورکیا بژین،له‌وساته‌وه‌ وێنه‌ی تورک لام بوو به‌ ماره‌ چاوبرسیه‌که‌و وێنه‌ی کوردیش لام بوو به‌ باڵنده‌که‌.ئه‌و باڵنده‌یه‌ی که‌ به‌ ته‌نها ده‌نوکێک به‌رگری ده‌کرد له‌ نیشتیمانه‌که‌ی.
خوێنه‌ری ئه‌زیزم:لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ په‌نجه‌ ڕابکێشم بۆ سته‌مکاری تورکه‌کان،که‌ له‌ دوای کۆتای جه‌نگی یه‌که‌می جیهان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌که‌یان‌ به‌جۆرێک که‌وتنه‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لی کورد،سته‌مکاری تورکه‌کان ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ له‌ هه‌ڵکشاندا بوو تا گه‌یشته‌‌ ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی(ئاخاوتنیش به‌ زمانی کوردی)قه‌ده‌غه‌ بکه‌ن،پاش ئه‌وه‌ش ده‌ستان کرد به‌‌ گۆڕینی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد و گۆڕینی ناوی گوند و شارو شارۆچکه‌کانی ناوچه‌ کورد نشێنه‌کان و قه‌ده‌غه‌کردنی ته‌نانه‌ت پۆشینی جل و به‌رگی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌گه‌رچی گه‌لی کورد له‌سه‌ره‌تادا که‌وته‌ به‌رگری کردن له‌ پێناو ئازادی،به‌ڵام هه‌وڵه‌کانی هه‌ریه‌که‌ له‌ شۆڕشه‌کانی(شێخ سه‌عیدی پیران له‌ ساڵێ 1925ز و شۆڕشی ئاگری داغ له‌ ساڵی 1927ز وشۆڕشی سه‌ید ڕه‌زای ده‌رسیمی له‌ساڵێ 1938ز)دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون له‌به‌ر چه‌ندین هۆکاری ناوخۆی و ده‌ره‌کی که‌ لێره‌دا جێگه‌ی باسکردنیان نییه.دوای دامرکاندنه‌وه‌ی شۆڕشی سه‌ید ڕه‌زای ده‌رسیمی له‌لایه‌ن تورکه‌کانه‌وه‌ ئیتر باکوری کوردستان چوه‌ قۆناغی چه‌وساندنه‌وه‌ی بێ به‌رگری و‌بووه‌ مایه‌ی گۆڕانی هه‌موو کایه‌کانی ژیانی کورد له‌ ڕووی کۆمه‌ڵاتی و سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و کلتوری و مێژووی و جوگرافی،ده‌وڵه‌تی تورک که‌وته‌ به‌ تورک کردنی زه‌وی و خه‌ڵکی کوردستان له‌ بۆشای نه‌بوونی هیچ به‌رگرێک ده‌وڵه‌تی تورک توانی هه‌موو مه‌رامه‌ سیاسیه‌کانی خۆی له‌ کوردستاندا جێبه‌جی بکات و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو سیاسه‌تی ئه‌سمیلاسیۆنی کوردی ده‌برده‌ پێشه‌وه‌،له‌وانه‌ش:
1- ده‌وڵه‌تی تورک له‌ ڕیگه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده‌وه‌ کاریگه‌ری خۆی دروستکرد بۆ به‌ تورک کردنی کورده‌کان،منداڵه‌کانی کورد به‌ زمانی تورک ده‌بوایه‌ بخوێنن و ئه‌وه‌ش به‌ گوێچکه‌یان ده‌چرپێنرا که‌ تۆ تورکیت و له‌ وڵاتێکدا ده‌ژیت که‌ ناوی تورکیایه‌و مسته‌فا که‌مالیش باوکی گه‌وره‌ی هه‌موومانه‌، ده‌وڵه‌تی تورک له‌ڕێگه‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی به‌ کارهێنانی زمانی کوردی توانی گه‌وره‌ترین زیان به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی کورد بگه‌ێنێت و هه‌موو که‌س ده‌بایه‌ به‌ تورکی بدوێت.بێگومان ئه‌مه‌ش به‌ پێی هاتنی چینی تازه‌ وای لێ هات که‌ زۆرینه‌ی کورده‌کان ته‌نانه‌ت له‌نێوان خۆشیاندا به‌ زمانی تورکی گفتوگۆیان ده‌کرد نه‌ک‌ به‌کوردی!
2- ده‌وڵه‌تی تورک هه‌ڵسا به‌ گۆڕینی ناوی زۆربه‌ی شوێنه‌کانی کوردستان له‌ بچوکترین گونده‌وه‌ تا ده‌گاته‌ گه‌وره‌ترین شار بۆ نمونه‌ شارۆچکه‌ی گه‌ڤه‌ڕی کرده‌ یوکسێکڤا،شاری جۆله‌مێرگی کرده‌ هه‌کاری و ده‌رسیمی ناونا تونج...تاد.
3- ده‌وڵه‌تی تورک له‌ ڕیگه‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی پۆشینی جل و به‌رگی ڕه‌سه‌نی کوردیه‌وه‌ دیسان توانی مۆرکی کورد بوونی خه‌ڵکی کورد بشارێته‌وه‌. به‌ شێوه‌ێکی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراویش کاری کرد له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ بۆ نمونه‌ کاڵاو جلو به‌رگی مۆدێرنی به‌ بڕێکی زۆر و هه‌رزان ده‌خسته‌ بازاره‌کانی کوردستان و هه‌ژاری گه‌لی کوردیش هۆکارێک بوو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کورد ئه‌و جل و به‌رگه‌ هه‌رزانانه‌ بکرێت.به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌و پێناسه‌ی که‌ جل و به‌رگ ده‌یبه‌خشێت به‌ هه‌رگه‌لێک ئه‌ویشی سڕیه‌وه‌.
4- ده‌وڵه‌تی تورک ناوچه‌ کورد نشینه‌کانی له‌ بوونی هه‌لی کار بێ به‌شکرد بوو ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ زۆرینه‌ی گه‌لی کورد له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاری بژیت وله‌م پێناوه‌شدا کورده‌کان بۆ ده‌ستکه‌وتنی کار به‌ ناچاری ڕوویان ده‌کرده‌ ناوچه‌ تورک نشینه‌کان بۆ ده‌ست که‌وتنی هه‌لی کار،ئه‌مه‌ ته‌نها باسکردنه‌ له‌ بارودۆخی کورده‌کان ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌ر له‌سه‌ر زێدی خۆیان مابوونه‌وه‌ باس له‌و کوردانه‌ ناکه‌م که‌ له‌ گه‌رمه‌ی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی ساڵای دواتر ده‌وڵه‌تی تورک ڕایگواست بوون بۆ ناوچه‌ تورک نشینه‌کان له‌ ڕۆژئاوای تورکیا و دابه‌شیکردبوون به‌ سه‌ر ناوچه‌ تورک نشینه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناو تورکسیزمدا بتوێنه‌وه‌.
5- ده‌وڵه‌تی تورک ناونانی منداڵه‌کانیشی به‌ ناوی کوردی قه‌ده‌غه‌کرد و به‌مه‌ش توانی وا پیشان بدات که‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ تورکیادا ده‌ژین یه‌ک ڕه‌گه‌زن.
بێگومان هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌سه‌ریه‌که‌وه‌ به‌‌ جۆرێکی نێگه‌تیڤ کاریگه‌ری خۆیان دانا له‌سه‌ر تاکی کورد له‌ باکوور تا کار گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ تاکی کورد خۆی نکوڵی له‌ کورد بوونی خۆی ده‌کرد هه‌ڤاڵ (جه‌میل بایک) له‌ په‌رتووکی (په‌ که‌ که‌ مێژوێک له‌ ئاگر)دا ئاماژه‌ ده‌کات به‌وه‌و ده‌ڵێت:کاتێ له‌ مه‌کته‌ب تورکیم ده‌خوێند و ده‌هاتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ به‌ کوردی ده‌دوام،باوکم پێی ده‌گووتم،کوڕم به‌ تورکی بدوێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببیته‌ مرۆڤ.! که‌واتا تاکی کورد به‌م جۆره‌ ڕووخابوو که‌ نه‌ک هه‌رنکوڵی له‌‌ کورد بوونی خۆی ده‌کرد،به‌ڵکو نکوڵی له‌ مرۆڤ بوونی خۆی ده‌کرد ئه‌گه‌ر بێتوو تورک نه‌بێت.! هه‌ر له‌ هه‌مان په‌رتووکدا ئاماژه‌ ده‌کات به‌وه‌ی که‌ جارێکیان له‌گه‌ڵ (عبدێلله‌ ئۆجه‌لان)دا له‌ ئه‌نقه‌ره‌وه‌ گه‌رابووینه‌وه‌ گونده‌که‌یان و له‌ ماڵی ئه‌وان بووین.ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر نان خواردن بووین باوکی به‌ عبداڵڵه‌ ئۆجه‌لانی ووت :جاران کۆمۆنیست بوویت،ئێستا بیستوومه‌ بویته‌ کوردپه‌روه‌ر،ڕۆڵه‌ هه‌ر کۆمۆنیست به‌ باشتره‌ مه‌به‌ به‌ کورد په‌روه‌ر) ئه‌مه‌ چ په‌یامێکه‌ که‌ ئه‌م که‌سه‌ داویه‌تی به‌ کوره‌که‌ی؟ ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یامه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت کوڕم کورد بوون کێشیه‌،یان ئه‌وه‌ ده‌ڵێت که‌ دوای کورد بوون مه‌که‌وه‌ و بێ ئه‌نجامه‌.به‌ڵێ به‌م جۆره‌ کورد ده‌ستی له‌ خۆی به‌ردابوو که‌ شتێک نییه‌ به‌ناوی کورد.
هه‌موو ئه‌م چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژگارێکدا پیاده‌ ده‌کران که‌ هیچ ده‌روازه‌ێک بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌فه‌زی ژێر ده‌ستیه‌ی گه‌لی کورد له‌ باکوری کوردستان به‌دی نه‌ده‌کرا. به‌ڵێ کورد بێ به‌رگریکردن له‌ دوای شۆڕشی شێخ ڕه‌زای ده‌رسمییه‌وه‌ له‌ ساڵی 1938ز یه‌وه‌ ده‌چه‌وسایه‌وه‌ و شاهیدی مه‌رگی زمان و کلتور و جوگرافیاو مێژووی خۆیان بوون و ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام بوو تاکو ئه‌و ڕۆژه‌ی پۆله‌ گه‌نجێکی‌ خوێنگه‌رمی ڕۆشنبیر و چاونه‌ترس خۆیان له‌ ژێر ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان و سه‌رۆکایه‌تی (عبدێلله‌ ئۆجه‌لان)دا ڕێخسته‌ کرد له‌ 27/11/1978داو دواتر نه‌خشه‌ سازیان کرد بۆ هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشێک که‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ گه‌شانه‌وه‌دا بێت وتا گه‌یشتن به‌ ئازادی گه‌ل و خاکی کوردستان به‌رده‌وام بێت،ئه‌م ڕێخسته‌ بوون و نه‌خشه‌ سازیه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنێکی زۆر خێرا دابوو،چونکه‌ چه‌وساندنه‌وه‌ش له‌ لوتکه‌دا بوو. تاکو له‌ لوتکه‌ی چه‌ساندنه‌وه‌دا که‌ گه‌ل له‌ خاڵی کۆتای له‌ ناوچوندا بوو له‌و ڕۆژگاره‌ که‌ هه‌موو ده‌روازه‌ێکی ئومێد به‌ ڕووی کوردا داخرابوو چ له‌ باکور و چ له‌ باشوور،چونکه‌ له‌ باشووری کوردستانیش له‌ مێژ نه‌بوو شۆڕشی ئه‌یلول به‌ ڕابه‌رایه‌تی(مسته‌فا بارزانی) به‌ پلانێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌ین چووبوو.له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌و کاته‌دا کورد له‌ تاریکترین و تاڵترین و بێ ئومێدترین کاتی ژیانیدا ژیانی ده‌گوزه‌راند.به‌ڵام له‌و ڕۆژگاره‌دا ئه‌و پۆله‌ گه‌نجه‌ خوێن گه‌رمه‌ له‌خۆ بووردوانه‌ توانیان خۆیان ئاماده‌ بکه‌ن بۆ شۆڕشیکی ئه‌وتۆ که‌ به‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی تورک بڵێن: زه‌مه‌نی بێ ده‌نگی گه‌لی کورد کۆتای هات.به‌ڵێ‌ دوای خۆ ڕێکخستنێکی به‌رنامه‌ بۆ ڕێژراوی ڕۆژانی بێ ئومێدی گه‌لی کورد له‌ باکوور و له‌ هه‌ناوی ئه‌و بێ ئومێدیه‌دا شۆڕشێکی به‌هێز له‌ دایک بوو.ئه‌وه‌بوو له‌ 15/8/1984زدا یه‌که‌م ته‌لسمی چه‌وساندنه‌وه‌ی بێ به‌رگری له‌ لایه‌ن گه‌ریلاێک به‌ناوی (مه‌عسوم قورقماز) ناسراو به‌ {هه‌ڤاڵ عه‌گید} شکێنرا،کاتێ یه‌که‌م فیشه‌کی به‌رگری کردنی به‌رامبه‌ر دوژمن ته‌قاند و ئیتر له‌و چرکه‌ ساته‌وه‌ قۆناغی چه‌وساندنه‌وه‌ی بێ به‌رگری کۆتای هات و قۆناغی به‌رخودان و خاوه‌نداریکرن له‌ خاک و زمان و کلتور ده‌ستی پێکرد.هه‌ر ئه‌م یه‌که‌م فیشه‌که‌ش بوو به‌ بنه‌مای ئه‌وه‌ی که‌ دروشمی (کوردستانی گه‌وره‌،یه‌ک خه‌بات و یه‌ک ووڵات) کوردستان به‌ گشتی بگرێته‌وه‌ و گه‌لی کوردیش له‌و کاته‌‌ به‌دواوه‌ نه‌ک وه‌کو باڵنده‌که،به‌ڵکو وه‌کو هه‌ڵۆ به‌سه‌ر چیاکانی ووڵاتدا بڵاو بووبوونه‌وه‌ وبه‌رگریان ‌کرد له‌ خاک و گه‌ل و زمانیان له‌ژێر دروشمی یان سه‌رکه‌وتن یان سه‌رکه‌وتن خه‌باتیان درێژه‌ پێدا که‌ تاکو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌ و تا گه‌یشتنیش به‌ ئازادی به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی ئاماژه‌ پێدانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌لی کورد پێویسته‌ بێ ئاگا نه‌بێت له‌وه‌ی که‌ چی له‌ ڕابردوودا ڕوویداوه‌ و چیش پێویسته‌ له‌ ئێستا و داهاتوودا بیکات؟ بۆ نمونه‌ ئه‌مڕۆ که‌ سه‌یری پرسی کورد به‌گشتی و پرسی کورد له‌ باکوردا بکه‌یت ئه‌وا ده‌بینیت که‌ ره‌وشی ئه‌مڕۆی پرسه‌که‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ هه‌شتاکان و نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی تورک چه‌ندین ساڵه‌ به‌ جۆره‌ها ناوی وه‌کو(تورکی کێوی و تیرۆریست)کورد ئه‌ناسێنیت به‌ دونیای ده‌ره‌وه‌،به‌ڵام ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌مڕۆی کورد یه‌کجار جیاوازن.ئه‌مڕۆ کورد نه‌ک ڕازی نییه‌ پێی بوترێت تورکی کێوی،به‌ڵکو له‌ ناوشاره‌کانی تورکیادا پێکدا دان و ڕووبه‌ڕو بوونه‌وه‌ دێته‌ ئاراوه‌ له نێوان تورکه‌کان و کورده‌کان وکاتێک تورک ئه‌ڵێت:من تورکم ،کوردیش بێ ترس ئه‌ڵێت:منیش کوردم و ئیتر شتێک نییه‌ پێی بڵێن تورکی کێوی ،کاتێک تورک ئه‌ڵێت:ئه‌تاتورک ،کوردیش بێ ترس ئه‌ڵێت:بژی سه‌رۆک ئاپۆ.
به‌ڵێ ئه‌مڕۆی گه‌لی کورد له‌ باکوور جیاوازه‌،ئه‌مڕۆ نه‌وه‌ێکی کورد هاتۆته‌ مه‌یدانه‌وه‌ که‌ گه‌ره‌کیه‌تی پرسی خۆی به‌ ده‌ستی خۆی چاره‌سه‌ر بکات و له‌ هیچ شتێکیش سڵ ناکاته‌وه‌،له‌م پێناوه‌شدا جۆره‌ها ڕێگه‌ ده‌گرێته‌ به‌ر،وه‌کو ڕێپێوان،خۆپیشاندان،واژۆکۆکردنه‌وه‌ و جۆره‌ها چالاکی مه‌ده‌نی ساز ده‌که‌ن، تا کار ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی چالاکی پارتیزانی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و چیاکان ده‌گرن و هاوار ده‌که‌ن بۆ ئازادی گه‌لی کورد.ئه‌مڕۆ گه‌لی کورد له‌ باکووری کوردستان هۆشیار بۆته‌وه‌،هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ باکوری کوردستان ئه‌مڕۆ له‌ ئاستێکدایه‌ که‌ له‌ منداڵێکی 7ساڵییه‌وه‌ تا پێره‌ژن و پێره‌ مێدێکی 70ساڵی هه‌موویان ده‌‌زانن که‌ زه‌مه‌نی سه‌ردانه‌وه‌ند کۆتای هاتووه‌ و پێویسته‌ خۆیان بکه‌نه‌ قوربانی بۆ ئازادی وڵاته‌که‌یان.بڕوانه ئه‌مڕۆ له‌ ناوخۆی باکوری کوردستاندا،‌ئه‌وکه‌سه‌ هه‌ژاره‌گوندیه‌ی که‌ به‌هۆی خراپی باری ئابووری خۆی چه‌کی دوژمنی کردبووه‌ شان و له‌ژێر ناوی گوند پارێزاندا ده‌وڵه‌تی تورک له‌ دژی کورد به‌ کاری ده‌هێنان،ئه‌مڕۆ چه‌کی دائه‌نێت و به‌ ئاشکرا ڕایده‌گه‌ێنێت که‌ شه‌ڕی(په‌ که‌ که) ناکات.به‌ڵێ ئه‌مڕۆ گه‌لی کورد سه‌رۆک شاره‌وانی خۆی به‌ ده‌ستی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی شاره‌که‌ی خۆی بکات.هه‌ر ئه‌و سه‌رۆک شاره‌وانیه‌ش له‌ ناو کۆڕی خه‌ڵک ووتار ده‌دات بۆ ڕای گشتی و داوا ده‌کات له‌ پاڵ ئاڵای تورکیادا ئاڵای کوردستان هه‌ڵبکرێت وشان به‌ شانی په‌رله‌مانی تورکیا په‌رله‌مانی کوردستانیش هه‌بێت.یان ئه‌مڕۆ گه‌لی کورد نوێنه‌ری خۆی ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی تورکیا ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌ مافه‌کانی بکات و به‌ تورک بڵێت ئێمه‌یش کوردین،به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ڕووی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی کوردان،پێویسته‌ هه‌موو گه‌لی کورد وسه‌رکرده‌ سیاسه‌کانی له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان له‌گه‌ڵ بوونی هه‌موو جیاوازیه‌ فکریه‌کانیان هه‌موویان سیاسه‌تی هاوبه‌ش په‌یڕه‌وبکه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر دوژمنه‌کانیان و ڕێژه‌ی هۆشیاریشیان به‌رده‌وام له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی خێرادا بێت و درک به‌ هه‌موو پلانێکی دوژمنان بکه‌ن.به‌ڵێ ‌پێویسته‌ ئه‌وه‌ی تا دوێنێ له‌ باشووری کوردستان به‌ فیتی تورک هێرشی ده‌کرده‌ سه‌ر په‌ که‌ که‌و به‌ تیرۆرست ناوی ده‌برد،ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م ڕای گشتیدا ئازایانه‌ بڵێت: نه‌ (په‌ که‌ که)‌ تیرۆرسته‌و‌ نه‌ ئاماده‌یشین جارێکی تر شه‌ڕ له‌ دژی په‌ که‌ که‌ بکه‌ین.
خوێنه‌ری به‌ڕێز:هه‌موومان ده‌زانین ئه‌مڕۆ تورکیا له‌به‌رده‌م پرسێکی تازه‌ی کوردایه‌ به‌تایبه‌تی دوای ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ لایه‌ن په‌ که‌ که‌ ‌وه‌.له‌ به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌مڕۆتورکیا بیر له‌ ساڵانی هه‌شتاکان و نه‌وه‌ده‌کان نه‌کاته‌وه‌ و له‌ ڕابردوودا نه‌ژیت،به‌ڵکو له‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌یدا بژیت و بزانێت که‌ سبه‌ی بارودۆخی خراپ تر ده‌بێت له‌ ئه‌مڕۆی،ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد نه‌کات.بێگومان چاره‌سه‌ریش ته‌نها به‌ ووتوێژکردنه‌ له‌گه‌ڵ په‌ که‌ که‌ و خودی عبدالله‌ ئۆجه‌لان نه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ حکومه‌تی دادوگه‌شه‌ پێدان خۆی لێ گێل کردووه‌ و باس له‌ چاره‌سه‌ری پرسی کورد ده‌کات به‌ تاک لایه‌نی! ئه‌مه‌ ته‌نانه‌ت گه‌مه‌ێکی منداڵانه‌یه‌ وله‌ قوتووی هیچ عه‌تارێکا نایدۆزیته‌وه‌ پرسی نێوان دوو گه‌لی چه‌وساوه‌ و چه‌وسێنه‌ر به‌ ته‌نها لای چه‌وسێنه‌ر چاره‌سه‌ر بکرێت!. ئه‌م گه‌مه‌ سیاسیه‌ی سه‌رانی تورک ده‌مباته‌وه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی منداڵیم که‌ باڵنده‌و ماره‌که‌م تیادا بینی.چونکه‌ گه‌مه‌ی سه‌رانی توک ته‌نها له‌ گه‌مه‌ێکی منداڵانه‌ ده‌چێت و وا هه‌ست ده‌که‌ن کورد هه‌ر ئه‌و کورده‌ی دوێنیه‌!،نازانێت که‌ کورد کوردی ئه‌مڕۆیه‌ و خۆیان تورکی دوێنێن وهێشتاش پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو هه‌نگاو ده‌نانێن و خه‌ون به‌ ئیمڕاتۆریه‌تی عوسمانیه‌وه‌ ده‌بینن هه‌روه‌کو ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ ووتی ئێمه‌ عوسمانیه‌که‌نی ئه‌مڕۆین.!
ئه‌مه‌ نه‌ک هه‌ر گه‌مه‌ێکه‌ به‌ ڵکو خۆ فریو دانێکیشه‌ که‌ حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆغان به‌ڕیوه‌ی ده‌بات.پرسی کورد نه‌ک هه‌ر له‌ باکور به‌ڵکو له‌ ده‌ره‌وه‌ی باکوریش قورسای خۆی وه‌رگرتووه‌،پێوێسته‌ ده‌وڵه‌تی تورک بڕوانێته‌ پرسی کورد له‌ باشوور. ئه‌وه‌ی که‌ تا دوێنێ به‌ باکوری عێڕاق ناوی ده‌بردن،ئه‌مڕۆخاوه‌نی حکومه‌تێکن وجیهان چاوی له‌سه‌ریانه‌و به‌ پێی ده‌ستوری عێڕاقی تازه‌ کورد مافی ده‌سه‌ڵاتی فیداڕالی له‌ هه‌رێمه‌که‌ی خۆیدا هه‌یه‌ له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا،سبه‌ینێش جاوه‌ڕوانی هه‌لومه‌رجێکی له‌باره‌ بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی خۆی به‌ هاوشێوه‌ی کۆسۆڤۆ، ئه‌مه‌ له‌ بواری ده‌ره‌کی.له‌ بواری ناوه‌خۆش ده‌وڵه‌تی تورکیا پێویسته‌ له‌و ڕاسته‌ تێبگات که‌ (په‌ که‌ که‌ تیرۆرست بێت یان نا،ئۆجه‌لان سه‌رۆکی تیرۆرستان بێت یان نا)،له‌ لایه‌ن گه‌له‌که‌یانه‌وه‌ پشتگیری ده‌کرێن و گه‌له‌که‌یان به‌ نوێنه‌ری خۆیانیان ده‌زانن.به‌ڵێ پێویسته‌ ئه‌ردۆغان ئه‌و ده‌نگانه‌ ببیستێت که له‌ ناو شاره‌کانی باکوری کوردستان‌ هاوار ده‌که‌ن و ده‌ڵێن:)په‌‌ که‌ که‌ گه‌له، گه‌‌لیش لێره‌یه)‌. ده‌وڵه‌ت تورک پێویسته‌ بزانێت ئه‌مڕۆ گه‌لی کورد ئه‌و گه‌له‌یه‌ که‌ چه‌ندان که‌سی گه‌یشتۆته‌ په‌رله‌مانی ووڵاتانی ئه‌وروپی و بگره‌ ناو په‌رله‌مانی یه‌کێتی ئه‌وروپاش،که‌ هه‌ریه‌کێک له‌و که‌سانه‌ ده‌نگی کورد ئه‌گه‌ێنه‌ ناو هۆڵه‌کانی په‌رله‌مانی ئه‌ووڵاتانه‌و چاو گوێچکه‌ی بێ ئاگاکان ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ بیستن و بینینی ره‌وشی کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان.
به‌ڵێ پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی تورک ئه‌وڕاستیه‌ بزانێت که‌ یه‌که‌م فیشه‌ک به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و ناوه‌ستێت ،ئه‌و فیشه‌که‌ی که‌ توانی ناسنامه‌ی کورد زیندوو بکاته‌وه‌ و توانی بڵێت ئێمه‌ کوردین،هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو به‌ هه‌وێنی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ ملیۆنان کورد بێنه‌ سه‌ر شه‌قام بۆ داواکردنی ئازادی و یه‌کسانی و چاوه‌ڕوانن دوا فیشه‌ک بته‌قێنرێت،به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورک ده‌ستی ئاشتی درێژ ناکات و به‌ سیاسه‌تی کات به‌ڕێکردن هه‌وڵ ده‌دات پرسه‌که‌ له‌ ڕێڕه‌وی خۆی لابدات و به‌ لێدوانی وه‌کو:ئێمه‌ ئیسلامین و برایه‌تی کورد و تورک له‌سه‌ر بنه‌مای موسڵمانێتی پێویسته‌ به‌رده‌وام بێت،ده‌یه‌وێت گه‌لی کورد بێ هۆش بکات.به‌ڵام پێویسته‌ هه‌موو سه‌رانی تورک و هه‌موو گه‌لی کورد له‌ وه‌ تێبگه‌ن که‌ کێشه‌ی گه‌لی کورد کێشه‌ی ئایینی نییه‌ کێشه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و ده‌بێت دانبنرێت به‌ ڕاستی نه‌ته‌وه‌ بوونی گه‌لی کورد له‌ باکووری کوردستان و به‌شه‌کانی تر.به‌ڵێ ئه‌مه‌ تاکه‌ چاره‌سه‌ری پرسه‌که‌یه‌ نه‌ک بانگێشه‌ کردن و فریو دان و کات به‌ڕێکردن.که‌ ئه‌مه‌یان نه‌ک سوود به‌ تورکیا ناگه‌ێنێت به‌ڵکو گه‌وره‌ترین زیان ده‌گه‌ێنیت به‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ بوونه‌ ئه‌ندامی له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا،که‌ئه‌مه‌ خه‌ونی له‌ مێژینه‌ی هه‌موو ده‌وڵه‌تی توركه‌‌.
هه‌موو لاێک ئه‌وه‌ ده‌زانێت که‌ ئه‌مڕۆ پرسی کورد له‌ کۆشکه‌کانی ئه‌نقه‌ڕه‌ له‌ بابه‌ته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانه‌،به‌ڵام کاره‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌ ئاستی پێویستدا نین.هه‌نگاوه‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌ ئاستی به‌ره‌و پێش چوونی دۆزی گه‌لی کورد و ڕوداوه‌کانی ناوچه‌که‌دا نین.بۆ نمونه‌ هه‌نگاوه‌کانی چاره‌سه‌ری له‌ ئاستی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ی گه‌لی کوردا نییه‌ که‌ چ له‌ ناوخۆ و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ ده‌ستیان هێناوه‌.تورکیا چه‌ند هه‌نگاوێک له‌ دواوه‌ی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌دا ده‌ژیت که‌ ئه‌مڕۆ کورد له‌ باشوور به‌ده‌ستیان هێناوه که‌ بێ شک به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان پاڵنه‌ر و دنه‌ ده‌ری کورده‌کانی باکوره‌‌.هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ست پێشخه‌ریه‌کانی په‌ که‌ که‌ بۆ ئاشتی هه‌نگاو ‌نانێت ،مه‌به‌ستیشی ئه‌وه‌یه‌ که‌ پرسه‌که‌ به‌ره‌و ئاقارێکی تر به‌رێت به‌ هه‌ندێک شتی بچوکی وه‌کو کردنه‌وه‌ی ته‌له‌فیزیۆنی کوردی و قسه‌ کردن به‌ زمانی کوردی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوه‌کانی ناوچه‌ کوردیه‌کان بۆ ناوه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی خۆیان و ڕێگه‌دان به‌ ووتاری ئایینی به‌ زمانی کوردی.به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ ناوه‌رۆکی پرسه‌که‌ نه‌بووه‌و نییه‌،به‌ڵکو ئه‌مه‌ دڵۆپێک ئاوه‌ له‌ ده‌ریاێک و پێویسته‌ تورکیا بزانێت ئه‌مڕۆ بارودۆخه‌که‌ گۆڕاوه‌،ئه‌مڕۆبارودۆخی په‌ که‌ که‌ وه‌کو ساڵانی 1999-1984نییه‌‌،‌ تاوه‌کو به‌ ناونانی تیرۆریزم بتوانێت پرسه‌که‌ بکات به‌ پرسی له‌ ناو بردنی تیرۆرسته‌کان وله‌ به‌رده‌م ڕای گشتی په‌رده‌ پۆشی پرسه‌که‌ بکات،من دڵنیام که‌ به‌م کاره‌یان ناتوانن ئیراده‌ی گه‌لی کورد شکست پێ بهێنن له‌ داواکانیان بۆ سه‌ربه‌خۆی و ئازادی وڵاته‌که‌یان.لێره‌دا ده‌مه‌وێت بڵێم:پێویسته‌ نه‌ک به‌ ته‌نها تورکه‌کان به‌ڵکوو پێویسته‌ هه‌موو عه‌ره‌بێک و فارسێک ئه‌و ڕاستیه‌ باش بزانن که‌ تاکو یه‌ک تاکه‌ کورد مابێت بیری سه‌ربه‌خۆی کوردستانیان له‌ دڵ ده‌رناچێت،ئه‌وه‌تا به‌ چاوی خۆیان ده‌بینن که‌ چۆن سه‌رۆکی شاره‌وانی دیاربه‌کر داوای هه‌ڵکردنی ئالای کوردستان ده‌کات و داوا ده‌کات پێویسته‌ په‌رله‌مانی کوردستان هه‌بێت و له‌ پاڵ ئاڵای تورکیادا ئاڵای کوردستانیش بشه‌کێته‌وه‌ که‌ مافێکی ڕه‌وای خه‌ڵکی کوردستانه‌،به‌ڵام ده‌بینین له‌ جیاتی هه‌نگاونانی ته‌ندروست بۆ ئه‌م ووته‌یه‌ی به‌ڕێز(عوسمان بایده‌میر)ئه‌وه‌تا ده‌وڵه‌تی تورک له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆوه‌ بانگێشتی دادگای ده‌کات!. پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی تورک له‌و ڕاستیه‌ تێبه‌گه‌ن که‌ ئه‌مه‌ نه‌ک خه‌ونی به‌ڕێز بایده‌میره‌ به‌ڵکو خه‌ونی هه‌موو کوردێکه.ئاخۆ‌ ده‌وڵه‌تی تورک ده‌توانێت هه‌موو گه‌لی کورد بانگێشی ده‌دگا بکات؟
ئه‌م پرسیاره‌ بۆ سه‌رانی تورک جێ ده‌هێڵم.
به‌ڵێ پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی تورک ئه‌وه‌ بزانیت پرسی کورد پرسی دابین کردنی کارو باشتر کردنی بژێوی خه‌ڵکی کوردستان نییه‌‌،پرسی ناونانی منداڵی کورد نییه‌،پرسی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوی شوێنه‌کان نیه‌،پرسی که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنی کوردی نییه‌،پرسی ووتاری ئایینی نییه‌ به‌زمانی کوردی، به‌ڵکو پرسی کورد ئه‌مڕۆ بووه‌ به‌ پرسی شوناسی گه‌لێک ،بووه‌ به‌ پرسێکی سیاسی گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌که‌ و ته‌نانه‌ت پرسه‌که‌ جوغزێکی نێوده‌وڵه‌تیشی وه‌رگرتووه‌ و پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی تورک هه‌نگاوی خێراو ته‌ندروست بنێت بۆ چاره‌سه‌ری نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌رابردوودا کردوویه‌تی دوباره‌ی بکاته‌وه‌. وه‌کو ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یکات به‌ناوه‌ی دروست کردنی هێزی تایبه‌ت بۆ پاراستنی سنوره‌کان!،ئه‌مه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی قسه‌کانی ڕابردووی حکومه‌تی دادو گه‌شه‌ پێدانه‌ و ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌خاته‌ ڕوو که‌ هێشتاش ده‌وڵه‌تی تورک له‌ ڕابردوودا ده‌ژیت و هه‌نگاوی جدی نانێت بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له‌ باکور،بێگومان ئه‌مه‌ش دۆخه‌که‌ ئاڵۆزتر ده‌کات.له‌م باره‌یه‌وه‌ محمد علی بیراند ڕۆژنامه‌نوسی تورک ئه‌ڵێت:(ئه‌گه‌ر له‌ ساڵی 1999ز وه‌ واتا له‌ کاتی ده‌ستگیر کردنی ئاپۆ و ڕاگه‌یاندنی ئاگر به‌سته‌وه‌ هه‌ندێک شت بکرایه‌ له‌وانه‌ بوو ڕهو‌شکه‌ وه‌کو ئه‌مڕۆ نه‌بوایه‌.ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ به‌رده‌وام گوێڕایه‌ڵی هۆشداری ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی بووه‌،له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ هیچ کرانه‌وه‌ێکیان نه‌‌هێنایه‌ ئاراوه‌ و له‌ ئاکامدا گه‌یشتینه‌ ئه‌مڕۆژه‌). هه‌موو ئه‌و بره‌ کارانه‌ش که‌ حکومه‌ته‌که‌ی دادوگه‌شه‌پێدانی هه‌نگاوی بۆ ناون جگه‌ له‌وه‌ی که‌‌ بچوکترین کارێکن‌ کردوونی له‌ بێچاره‌یی خۆیدا نه‌ک له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی خه‌می چاره‌سه‌رکردنی پرسی کوردیه‌تی،به‌ڵکو ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا له‌ ژێر گوشاری گه‌لی کورد و یه‌که‌م فیشه‌کی هه‌ڤاڵ عه‌گیدو شۆڕشه‌که‌یه‌تی و هیچ پێویست ناکات که‌سانێک وا بیر بکه‌نه‌وه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت به‌ ئاره‌زووی خۆی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ناوه‌.
نه‌خێر ئه‌مڕۆ چ سه‌رکۆمار له‌ کۆشکی چانکایا و چ ئه‌ردۆغان له‌ حکومه‌ت و چ باڵی سه‌ربازی که‌ ئه‌مه‌یان چه‌ندین ساڵه‌ کاری کوشتن و وێران کردنی کوردستانه‌ و زیانی هه‌م به‌ خۆی و هه‌میش به‌ هه‌ردوو کۆمه‌ڵگای کوردی و تورکی گه‌یاندوه‌و هیچ شتێکیش به‌ ده‌ست نه‌خستووه‌،پێویسته‌ باش له‌و ڕاستیه‌ بگه‌ن که‌ گه‌لی کورد بوونی خۆی سه‌لماندوه‌ و نکوڵی لێ ناکرێت و هه‌ر هه‌نگاوێکی تری جگه‌ له‌ ڕازیکردنی کورد ‌ ئاڵۆزکردنی زیاتری پرسه‌که‌یه‌ و پێویسته‌ کات له‌ده‌ست خۆیان نه‌ده‌ن و ئه‌مڕۆ چاره‌سه‌ی پرسه‌که‌ بکه‌ن باشتره‌ نه‌ک سبه‌ی،چونکه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ گه‌وره‌ترین ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م خه‌ونی له‌ مێژینه‌یان،خه‌ونی بوونه‌ ئه‌ندام له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا.له‌ کۆتایدا ده‌مه‌وێت بپرسم له‌ سه‌رانی تورک دروستکردنی هێزی تایبه‌ت به‌ بیانووی پاراستنی سنوره‌کا، کرانه‌وه‌ی دیموکراسیه‌ به‌ڕووی کورده‌کاندا یان....؟
[email protected]
به‌ریتانیا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە