تسۆنامی یان سونامی !!

Monday, 28/01/2013, 12:00

5485 بینراوە


زۆرجار گوێ بیست یان خوێنەری ئەم وشە دەبین تسۆنامی یان سونامی؟ دەبێت کامیان ڕاست بێت کە لە زۆربەی کەناڵە کوردییەکانەوە بە تسۆنامی ناودەبرێت زۆر جار کەسانی وا هەبووە باسی چۆنیەتی دروست بونی(tsunami) کردووە، بەڵام لەشێوەی دەربڕینی وشەکەدا هەڵە بووە من لێرەدا نامەوێت باسی چۆنیەتی دروستبوونی ئەو کارەساتە سروشتییە بکەم بەڵکو دەمەوێت باسی ڕیشەی وشەکە بکەم وشەی نێو چ زمانێکە؟ چۆن دەر دەبڕێت؟  وشەکە لە چییەوە هاتووە؟
هەڵبەت ئەوەش زیاتر وایکرد دەستم دایە نووسینی ئەم بابەتە ئەوە بوو کە لە هەندێک ماڵپەری ڕۆژنامەکان ئەوە بڵاوبوویەوە، کە کەشناسی هەرێم وتویەتی: بارانەکەی سبەینێ واتا : 28 -جەنیوەری مەترسی هەیە بەڵام تسۆنامی ڕوونادات!
پێشینان وتوویانە : هەموو خڕێ مازو نییە. منیش دەڵێم : هەموو ئاوێکی لێڵیش سونامی نییە.
بەڕاستی جێی پێکەنیە ئەم هەواڵە کوردستان و سونامی؟ لەوانەیە کەشناسی کوردستان تاکوو ئێستا جیاوازی نێوان (tsunami) وە (flood) نەزانێت چییە . هەروەک چۆن زۆربەی ڕاگەیاندنەکان تاکوو ئێستاش دەڵێن و دەنوسن تسۆنامی .
هەروەک هەمیشە کاری من ڕەخنەگرتن بووە بەتایبەت لە ڕاگەیاندنەکان لە ڕووی هەڵەی زمانەوانی، وەرگێڕان ، شێوازی دەربڕینی وشەی بێگانە بەتایبەتی ناوی کەس کە ناکرێت بگۆڕدرێت لێرەشدا ئەم وشەی (tsunami)  یە شیدەکەمەوە. لای زۆربەمان ئەوە ڕوونە کە ئەم وشەیە لە بنەڕەتدا وشەیەکی نێو زمانی جاپدا نییە / یابانییە
ئەم وشەیە لە ٢ وشە پێک هاتووە ئەوانیش tsu)) لەگەڵ (nami)یە (tsu) واتا : بەندەر و (nami) واتا: شەپۆل بۆیە دەکرێت ئیمە گەر ناوێکی کوردی بۆ دابتاشین پێم وابێت شەپۆلەکانی بەندەر گونجاو بێت. شێوازی دەربڕینیشی بەم شێوەیە: سونامی نەک تسۆنامی یان تسونامی خۆ گەر واش بوایە دەبوایە هەر ئێمەی کورد سونامی - مان بەکاربهێنایە چونکە ئاسان تر دێت لەسەر زاروو وە گونجاو تریشە لە (تسو- نامی) هەروەک چۆن بە سەدان وشەی بێگانە لەنێو زمانی کوردیدا هەیە و گونجێندراوە واتا :
کتومت وەک خاوەنە ڕەسەنەکەی نایڵیین لە دەربڕین دا.
دەمەوێت ئەوەش بڵێم (tsu) کە وەک باسم کرد بەواتایی بەندەر دێت ئەم وشەیە بەتەنها خۆی، لە دەربڕینی زمانی جاپانی دا/ یابانیدا دەکرێت کەمیک (تی)یەکە بخوێنرێتەوە بەڵام کە بوویە tsunami تەنها بە سونامی دەخوێنرێتەوە.
و زۆرکەس پێیان وایە ئەم وشەیە کە یابانییە و لە زمانی یابانیش دا بە تسۆنامی دەخوێنرێتەوە بۆیە دەبێت هەروەک خۆی بخوێنرێتەوە. وەک وتم: وا نییە سونامییە نەک تسۆنامی و ئەو کەسانەشی کە پێیان وایە کە هەردەبێت وشە وەک سەرچاوە وەرگیراوە ڕەسەنەکەی خۆی بوترێتەوە گونجاندنی تیاناکرێت ئەی من دەپرسم بۆچی (bus) کە بە پیتی b دەست پێدەکات لە زمانی کوردیدا بوتە پاس و (television) تێڵەڤیشن بووەتە تەلەفزیۆن ؟
ماوەتەوە بڵێم ئەو کەسەی کە وشەی سونامی بە تسۆنامی یان تسونامی ناودەبات وەک کەسێکی ئینگلیزی نەزان دەکەوێتە بەرچاو کە کاتێک وشەی (knife)ی پیشان بدەیت بە کنایف دەیخوێنێتەوە کە خۆی بە نایف دەخوێنرێتەوە .
تێبینی : گەر هەر خوێنەرێکیش بڕوای بەشیکارییەکەی من نەبوو ئەوا با گوێ لەم هەواڵە بگرێت کە کەناڵێکی جاپانییە کە بێژەری کەناڵەکە و هاوڵاتیانی جاپان بە سونامی دەریدەبڕن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە