بۆ گشت ڕێکخراوەکانی لاوان

Friday, 17/01/2014, 12:00

1848 بینراوە



سەرەڕای زۆرو زەحمەتیەکی بێوێنەو ئاستەنگیەکانی هەندێک لایەن لەبەرامبەر سێهەمین کۆنفرانسی لاوانی گەنجانی هەرچواربەشی کوردستان، سەرئەنجام لایەنە بەشداربوەکان هەموو پێکەوە توانیمان ئەو بەربەستانە بشکێنین و لە ژێر چەترێکی نەتەوەییدا لاوانی هەموو بەشەکانی کوردستان لە ڕێگای خاڵی سنوری دەستکردی نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستان (سێمالکا) لە ڕۆژی ٢٦ی ئاداری ساڵی ڕابردوو بچینە ناو خاکی پیرۆزی ڕۆژئاوای کوردستان و لە شاری ڕێمێلانی ڕۆژئاوای کوردستان و لە جەرگەی شۆڕش و بەرخۆدانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بە بەشداری(٦٠) ڕێکخراوی بەشداربوی لاوانی هەموو بەشەکانی کوردستان (سێهەمین کۆنفرانسی لاوانی هەرچواربەشی کوردستان) بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کارەکانی بەسەرکەوتوی بەڕێوە بردوو تیایدا چەندین ڕاسپاردە و خاڵی گرنگ لە ئەنجامنامەیەکدا بۆ ڕایگشتی خرایە ڕوو.

لە ناو ئەنجامنامە و ڕاسپاردەکانی سێهەمین کۆنفرانسی لاوان ڕاگەیەنرا کە وا کۆنفرانسی داهاتوو واتا (چوارەمین کۆنفرانسی لاوانی هەرچواربەشی کوردستان) بەسەرپەرەشتی لاوانی "ڕۆژهەڵات" بەڕێوە بچێت، هاوکات ئەگەر هەلومەرجی ڕۆژهەڵات لەوکاتەدا گونجاو بوو ئەوا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات ئەگەر زروفی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکو خۆی مایەوە ئەوا لە شاری ڕانیەی باشوری کوردستان چوارەمین کۆنفرانسی لاوانی هەرچواربەشی کوردستان بەسەرپەرەشتی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە بچێت.

لە ئێستاشدا بۆ نزیکبونەوەی ساڵی نوێی کوردی و کاتی سازدانی چوارەمین کونفرانسی لاوانی هەرچواربەشی کوردستان زیاتر لە (دوو) مانگ مان لە بەردەست نەماوە بۆ پێکهێنانی کۆمێتەیەکی ئامادەکاری لەلایەن ڕێکخراوەکانی لاوانی هەرچواربەشی کوردستان بۆ ئامادەکاریەکانی چوارەمین کۆنفرانسی لاوان. بەڵام لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم جێگای داخە لە دوای بەڕێوەچونی سێهەمین کۆنفرانسی لاوان و کۆتای هێنان بە کاری سێ ڕۆژەی ئەو کۆنفرانسە لە ڕێمێلانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشێکی زۆری لایەنە بەشداربوەکانی ئەو کۆنفرانسە ڕۆشتنەوە ماڵەکانی خۆیان و دەنگیان نەما.

بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ڕاشەکاوانە لایەنە بەشداربوەکانی سێهەمین کۆنفرانسی لاوانی هەرچواربەشی کوردستان ڕەخنە بکەین و پێیان بڵێین هەموومان پێکەوە بەرپرسیارین لە خاوەنداریەتی کردنی ئەنجامنامەو ڕاسپاردەکانی سێهەمین کۆنفرانسی لاوانی هەرچواربەشی کوردستان بۆیە دەبێت هەموو بەشداربوەکانی سێهەمین کۆنفرانسی لاوانی کورد دوور لە بیری تەسکی حزبایەتی، لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی بەکردار نەک بە گوتار دەست لەنێو دەستی یەک بخەین و بە پشتیوانی ئیرادەی گەلەکەمان لە هەرچواربەشی کوردستان بەزووترین کات کاربکەین بۆ ئامادەکاری و گفتوگۆکردن لەبارەی سازدانی چوارەمین کۆنفرانسی لاوانی هەرچواربەشی کوردستان.

لێرەدا بەندە، وەکو ڕۆژنامەنوسێکی گەنجی بەشداربوی سێهەمین کونفرانسی لاوانی کورد لەناخی ڕۆحێکی نەتەوەیمدا بانگەهێشتی هەموو ئەو لایەنە بەشدارنەبوانەی سێهەمین کۆنفرانسی لاوانی کورد دەکەم دوور لە بیروباوەڕی ئایدۆلۆژیای حزبی دەستپێشخەری بکەن لە بەشداری کردنیان لە چوارەمین کۆنفرانسی لاوانی هەرچواربەشی کوردستان هاوکات داواش دەکەم بە ڕۆحێکی نەتەوەیی و لە ژێر چەترێکی ئیرادەی نەتەوەیی بوندا داوا بکەن کە وا لە گەڵ سەرجەم ڕێکخراوەکانی لاوانی هەموو بەشەکانی کوردستان لە سەر مێزی دیالۆگ هەموو بیروڕاکان پێکەوە ئاڵوگۆڕ بکەن و لە ژێر چەترێکی یەکگوتاری و نەتەوەییدا چوارەمین کۆنفرانسی لاوانی هەرچواربەشی کورد ساز بدرێت.

بەهمەن ژاوەرۆیی/ ١٧. ١. ٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە