كۆنگرەی پارتی كۆنگرەی دۆڕان و گۆڕان و شكست دەبێت!؟

Wednesday, 29/09/2010, 12:00

1276 بینراوە




پارتێكی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای ماوەی 11 ساڵ بەمنیازە كۆنگرەی سێزدەیەمینی خۆی ببەستێت، پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پارتەی هەمیشە داكۆكی لە یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی خۆیی دەكردەوە و هەمیشە بە چاوێكی زۆر نزمەوە ڕوانیویەتە دووبەرەكیو كوتلە و كوتلەكاری، ئەو پارتە هەمیشە بە شانازییەوە دەیگوت كە تۆۆیی دووبەرەكی و كوتلە بازی لە ناو پارتیدا جێگای نابێتەوە، ئەوە ئێستا زۆر بە ڕوونی سەرە داوەكانی كوتلەبازانی ناو پارتی بەدەر دەكەون و شەڕێكی زۆر سەخت بەرۆكی پارتی و پارتیەكانی گرتووە و شپرزەییەكی زۆر مەترسیدار بە گوتەی خۆیان لە ناو ڕێكخستنەكانیان ڕەنگی داوەتەوە. جەوهەر نامق سالم كە سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشووی پارتی بوو و كەسی باوەر پێكراوی ناو پارتی و بارزانی بوو هەوێنی ئەو كوتلەبازیە بووە و چەندانی تر وەكو جەوهەر نامق گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە لە ناو ڕیزەكانی پارتیدا یەكتری قەبوڵ كردن شتێكی مەحاڵە و هەر كەس لە ئاست خۆی حكومەتێكە.
كۆنفرانسەكانی لق و ناوچەكان كە دەست نیشان كردنی ئەندامانی كۆنگرەیە بۆ ناو سێزدەیەمین كۆنگرەی پارتی، ململانێ و شەڕی دەسەڵاتە. لە ناوچەكانی بادینان كە پارتی خۆی بە موڵكی ئەو ناوچەیە داناوە ، ئەوەی پرێنسیپی پارتایەتیان بێت ڕەچاو ناكرێت, لە ناوچەكانی گەرمیان بە هەمان شێوە سەركردە سۆرانیەكانیان دەستیان لە یەخەی یەكترە و لە زۆر ناوچەی انتخابیش بە چەك و گوللە و ئار بی جی كەوتوونەتە گیانی یەكتری. لە ناو سەركردایەتی پارتی سەركردەكانیان بەربوونەتە گیانی خۆیان، عەر مەسئولێكیان بە سەدان هەزار دۆلار دەدەنە بە كرێ گیراوەكانیان بۆ بردنەوەیان لەو شەڕەدا. شاری كەركوك كە بە گوتەی خۆیان مستەفا بارزانی بە دڵی كوردستانی ناو بردووەو لقی 3 پارتی لەو شارەیە و بنكەی تەزویر و تەزویرچیەكانی پارتیە لەم شارەدا.
كەركوك و كەركوكیەكانیان كردۆتە قوربانی مەرامە گڵاوەكانی خۆیان و یاری بە چارەنووسی كادرانیان و لایەنگرانی خۆیان دەكەن. كۆنگرەی پارتی ئەم جارە كۆنگرەی یەكلای كردنەوەو داڕمانی پارتی دەبێت. بە گوتەی هەندێك لە سەركردەكانیان ئەم كۆنگرەیە كۆنگرەی گۆڕانە لە ناو پارتیدا، من لێرەدا دەپرسم باشە گۆڕان وەك بزووتنەوە چی لە ئێوە كەمتر بووە كە پێش ئێوەش دەستی بە گۆڕان كردووە لە ناو كۆمەڵگادا بۆچی بۆ ئێوە ڕەوایە و بۆ ئەوان ناڕەوایە. ئەم كۆنگرەیە یەكلایكردنەوەی كوتلەكانە و بە ئاشكرا كردنیان چارتێكی جارێكی تر بەرەوە هەڵدێر دەبنەوە،لە لایەكی تر باس لە ئینشاقێكی زۆر گەورە دەكرێت لە ناو كۆنگرە كە ئەویش محمود محمد كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیە و بە محمودە سوور ناسراوە كار بۆ ئەم بابەتە دەكات لە گەڵ چەندین كەسایەتی تری ناو پارتی كە ئەویش بە تەوجیهات و ڕاسپاردەكانی جەوهەر نامق دەجوڵێنەوە. وا دیارە چەندین دانیشتن و كۆبوونەوەی نهێنی لە سەر ئەمە بە ئەنجام گەیندراوە لە ناو هەرێمو لە دەرەوەی هەرێم لە وڵاتانی ئەوروپی. لە ناو پارتیدا چەندین بەرە هەیە بەرەی سەرۆكی هەرێم ، بەرەی نێچیرڤان، بەرەی مەسرور بارزانی كە ئەمەش لە ناو ڕێكخستنەكانیان زۆر بە ئاشكرایی ڕوون بۆتەوە.جگە لەمەش وەك باسمان كرد لە ناو كۆنگرەی پارتیدا موفاجەئات ڕوو دەدات و كوتلەكان بە زەقی بە دیار دەكەون، كەركوكیەكان لە ناو پارتیدا بوونەتە دەستكەلای مەحمودە سوور و ئەویش تەراتێنیان پێ دەكات و هەموو ئەندامانی پارتی لە كەركوك بەربوونەتە گیانی یەكتری، بۆ ئەم مەبەستەشچەندین سەیارە و تەماحێكی زۆر و گەورەتری داوەتە دەست كەلاكانی خۆی لە لقی 3 ی پارتی.ٍ جگە لەمەش كار لە سەر هەولێرو گەرمیانیش بە هەمان شێوە كردووە، لێرەدا باجدانەكە خەڵكە هەژارو فەقیرەكەیە كە دەبێت بیدات. محمودە سوور دەستی لە ناوچەكەی خۆی هەڵگرتووە و ناتوانێت كار لە سەر ئەوە بكات چونكە خۆشەویست نیە لە ناو خەڵكانی خۆی و بەس وەعد و وعوود بووە بۆ ئەو ناوچەیە و هیچی تر، لێرەدا دەیەوێت شەڕی خۆی بگۆازێتەوە بۆ هەولێرو كەركوك و بەرۆكی ئەوانی پێ بگرێت.
خەڵكی سلێمانی محمودە سوور بە هەوێنی ناوچەگەرای و دووبەرەكی دەزانن و بە هیچ جۆرێك بایەخی بەكادرانی لقی 4 پارتی نەداوە ئەوانەی بە ئەسڵ خەڵكی سلێمانین. بە لەچەند مانگێك پێش ئێستا پارتی گۆرانكاری كرد لە ناو لق و مەكتەبە ناوەندیەكانیان، كە ئەوەی محمودە سوور ویستی هاتە دی و زۆربەی لقەكان و مەكتەبە ناوەندیەكان لە ژێر ڕكێفی سوورەیە، هەر بۆیەش پشت ئەستوورە و كار دەكات لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و بنەماڵەی بارزانی وە كار دەكات لە سەر لێدانی ئەو كەسانەی لە لایەن مسعود بارزانی و نێچیرڤانەوە پشتگیری دەكرێن. لێرەدا پێویستە بوترێت كە پارتی تووشی دۆڕان و گۆڕان و شكست دەبێتەوە و چەندین پارچەی جوداجودای لێ دەبێتەوەو سەرۆكی كۆتلەكان ئاشكرا دەبن و بە هەمووشیان فاتیحە بۆ گیانی پارتی دەخونن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە