‌وێنەی هێمن لە دەسخەتێکیدا

Wednesday, 15/05/2024, 20:26

1321 بینراوە


هێمن، کوردێک بوو کە زمانی کوردی تێدا بەرجەستە ببوو، بەهرەیەکی خودادایی مەزن و گەشاوەی شیعر و پەخشانی کوردییە و لەگەڵ ئەو قەڵەمە شەرافەتمەندانەی کورد لە ترۆپکی ئەدەبیاتی کوردیدا، وەک کورد ژیان، خەباتیان کرد و بەجێیان هێشتین. یاد و و سەربووردەی ژیانە پڕ لە هەڵەمووت، غوربەت و تێکۆشانەکەیان بوونە چرا و زۆر دڵانیان ڕۆشن کردووە.
من نامەوێ لەسەر ژیانی سیاسی، حیزبایەتی، هەڵوێستەکانی ئەو بەرانبەر بە سەرکردەیەتی حیزبی کوردی و (بەرەگرتنی سەرکردەیەتی حیزبی کوردی) ش بەرانبەر بەو مرۆڤە کوردە جوانە، باس بکەم، دەفتەری ژیانی ئەو پەڕەکانی بێگەردن و تژین لە گوڵە هەڵبەستی گەشاوە، کە ژیانیان کردە گوڵستانێک و جوانیی وشەی کوردیشیان بەرزکردەوە بۆ کەشکەڵانی کلتوورێکی فەرامۆشکراو. ئەو هەمیشە لەگەڵ زمانی کوردی، پەیڤی کوردی، ئازاری کوردی، جوانیی کوردیی و بەرخۆدانی نەتەوەکەی ژیا و هەر بەدەم نووسینەوەی ئەو جوانییانە و ئەو ئازارانەوە سەری نایەوە. ئەگەر بڵێم ڕۆیشتنی فیزیکی ئەو کاریگەر نەبووە، ڕاستم لەگەڵ ئێوە نەگووتووە، بوونی فیزیکی هەموو مرۆڤێک، بەتایبەت ئەو مرۆڤانەی کە هی هەموومانن، بۆشاییەکی تایبەت بەخۆیان لە دوای خۆیان جێی دێڵن. کەسانی دی دێن، لەو ناچن، ناتوانن بچن، هەموو مرۆڤێک بوونێکی تایبەت بەخۆی هەیە، لەیەک چوون لە نێوانماندا هەیە، بەڵام کۆپی یەکتر نین و هەر بەو لێک نەچوونەشەوە جوانین و گەشەی پێی دەکەین.
ئەوەی لە خوارەوە دەشیبینی و دەیخوێنییەوە، دەسخەتی هەڵبەستێکی ڕەنگینی یەکێک لە شاعیرە ناودار و خۆشناوەکانی جیهانی ئەدەبیات و کلتووری کوردییە، کە لەوێدا وشەی کوردی دەستی وشەی کوردی دەگرێ و بەشێک لە وێنە شیعرییەکانی بەرهەمدێنن. دەستخەت، واتە نووسین بەدەستی کەسەکە، وەک کێشانی تابلۆیەکە بەدەستی هونەرکارێک*، خوێنەر و بینەر دەتوانن هەستەکانی نووسەر و وێنەکێش لەو بەرهەمەدا ببینن، جگە لەو لێکدانەوە دەروونیانەی کە ئەمڕۆ بۆ دەستخەت و وێنەی کێشراو دەکرێت، سەبارەت بە نووسین، بەتایبەت شیعر، مرۆڤ دەکارێ لە دەستخەتی شاعیردا، وێنەیەکی شیعریی لە زەینیدا بەرهەمبێنێ و مانایەکیش بۆ وشەگەلەکە کە وێنە شیعرییەکەیان بەرجەستەکردووە، لە زەینیدا بنەخشێنێ. لە نووسیندا، مەبەستم زیاتر شیعرە، نووسەر کەرەستەی زۆری لەبەر دەستدا نییە بۆ بەرجەستەکردنی هەستەکانی جگە لە: خەیاڵ، بیرۆکە(لێرەدا مەبەست مۆتیڤە)، وشە و قەڵەمێک نەبێت، کە ئەمە بە بەراورد لەگەڵ ئامڕازەکانی وێنەکێشدا، زۆر کەمن، لەوێدا وێنەکێش، جگە لە خەیاڵ، بیرۆکە، بووم (ماددەی وێنە لەسەر کێشان، کە دەشێ پارچەخامێکی سپی، تەختە، دار، ئاسن، شووشە، ...هتد)، فڵچە، قەڵەم، ڕەنگ، ئاو، نەوت، ڕەنگی جیاوازی: پاستیل، زەیتی، ڕەنگی ئاویی، خەڵوز، بێت. کە بەروارد دەکەین دەبینین کەرەستەکانی شاعیر و نووسەران فرە کەمترن، کەواتە گەشانەوەی شیعرێکی شاعیرێک زۆر سەخت ترە لەوەی کە تابلۆی وێنەکێشێک بگەشێتەوە. بۆ نموونە ڕووناکی لە گەشانەوەی شیعرێکدا کاریگەرییەکەی نزیکەی سفرە، بەڵام بەپێی ئەو ماددەییەی وێنەکەی لەسەر دەکێشرێ، ڕووناکی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە کاتێک کەسێک سەیری تابلۆیەک دەکات. 
جا گەشانەوەی شیعرەکانی (هێمن) ئاماژەن بۆ ئەو پاشخانە فراوان و قووڵەی کە هێمن هەیبووە سەبارەت بە زمانی دایکی خۆی کە زمانی نەتەوەی کوردە و حاڵی نەتەوەکەی کە ستەمیی جیهانی دابەشیکردووە بەسەر چوار نەتەوە و چوار کلتوور، چوار ئابووری و ڕووبەڕووی چوار لەشکری دڕ و چواربیرکردنەوەی بەجێماو لە شارستانەتی مرۆڤایەتی کردۆتەوە، ئەگەر وا نین، چۆن زمانەکەی قەدەغە دەکەن و بە فڕۆکەی F16 دایکی کورد ە منداڵە بەرمەکانەکەی شەهید دەکەن؟!.
هەر چۆن لە دەنگە ئەفسووناوییەکەی ( زیرەک ) ی نەتەوەدا، کوێستانی خاڵخاڵ، ژنانی گوێ بەگوار، هۆهۆی خاڵەی جووتیار،
لەنجەی بێریانی بنار، شەوانی زستان و کلووبەفری هاتوو بەرەو خوار...... یەکسەر گوێی بیسەری کوردان قوڵاغ دەکەن و کەم کورد هەیە کە گوێی لە زیرەک بێت لەگەڵیدا لەبەر خۆیەوە نەرمە نەرمێ نەکات، هەرواش لەگەڵ خوێندنەوەی بە (دڵ) ی شیعرێکی هێمندا، کەم کورد هەیە وێنە شیعرییەکە بە وشە لە زەینیدا بەرجەستە نەبێت. هۆی ئەمە ئەوەیە کە زیرەک و هێمن دوو کورد بوون، دوو ڕۆحی سەرکەشی کوردیی و پڕپڕ بوون لە کوردەواری، وەک زنەیەک و کانیاوێک و چەمێک و ڕووبارێک، لە وشەی کوردی دروست ببوون. 
ئەم کوردستانەی ئێمە، کانگای ژیان و ژیانەوە و سەرچاوەیەکی نەدۆزراوەی زۆر نهێنی لە بیرکراوە، کە باری نالەباری داگیرکردن و خرمەخرمی سمی ئەسپی لەشکری پاشا و ئیمپراتۆرەکانی دنیای کۆن و زنجیری تانکەکاکنی دنیای شارستانەتی نوێ، بواریان نەدا، کە کیژی و کوڕی لاوی کوردی دڵ پڕ لە ژیان، بە دەشت و چیا و سارای نیشتمانەکەیاندا بڵاوببنەوە و نەدۆزراوەکانی ئەم کوێستان و كێفسان و سارا و دۆڵانە وەدۆزن، بە قووڵایی کلتوورەکەیدا ڕۆچن و بەسەدان تیۆری نوێ بخەنە سەر گەنجینەی شارستانەتی مرۆڤایەتی**. 
لێخوڕانی شەمەندەفەرە شڕەکەی حوکومەتی هەرێمیش، نە ئەوکەسانە بوون کە لە نیشتمانی خۆیان ببن بە خێو، نەئەو ئاوەزەیان بە گرنگی دۆزینەوە و کەشفی نەدۆزراوەکانی کورد، شکا. ئەم لێخوڕانە، کە لە مێژبوو دەبوو گەل لێی خوڕی بان!!!، بۆنی نەوت کاسی کردن، ژنی سلیکۆنی کوێری کردن و سەوزیی دۆلاریش نەختە شەرەفەکەی مرۆ بوونیشی بردن!!! ماهییەتیان کاتێک دەرکەوت کە لە شاخ هاتنە خوارەوە و لەو دیویی سنوورەکانی داگیرکەرەوە کە دەمێک بوو لە خزمەتیدابوون، مۆڵەتیان پێدرا بەمەرجی مانەوەیان وەک کۆیلەی دەربار، بگەڕێنەوە بۆ درێژەدان بە خزمەتی داگیرکەران، بۆیە ئێمە لە ماوەی سی و چوار ساڵدا، نە دەفتەرێکمان بینی لە ناوی گوڵ و دار و بەرهەمە خۆڕسکەکانی نیشتمانەکەمان، نە فیلمێکمان بینی کە باس لە سەرچاوەی زنە و کانی و ڕووباری نیشتمانەکەمان بکات، نە لیستەیەکمان بینی کە  ناوی چیا و کێف و ماه و زەردی کوردستانمان بۆ تۆمار بکات. بە بێ دوو دڵی، ژمارەی لاوە بێکارەکانی کوردستانی مەزن چەندن، ئەگەر لێکی بدەین بە سەد ئەوەندە، هێشتا بەشی ئەوە ناکەن کە کوردستانمان بۆ پێناسە بکەن و کەشفی نەدۆزراوەکانی کلتووری وڵاتی کوردەواریمان بۆ بکەن، ئێمە چیمان دەربارەی خۆمان زانییوە و چی دەربارەی نیشتمانی خۆمان دەزانین؟! هیچ وشەیەک لە قامووسدا نادۆزمەوە، جگە لە خیانەت بەنەتەوەکە، تا ڕووبەڕووی لێخوڕانی ئەم شەمەندەفەرە شڕەی هەرێمی بکەمەوە!.
ئەم دەسخەتەی (هێمن) م لە لاپەرەی ( مامۆستا www.mamosta.nu) دا دۆزییەوە، بەشی نامەکانی بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا (مەسعوود محەمەد) ، بەدڵ ویستم لە ئەرشیفی کوردستانی و گرنگی کوردستانپۆستدا، بە شازییەکی کوردستانییەوە، تۆماری بکەمەوە. 
بۆچی هێمن، ئەم تابلۆ رەنگینە شیعرییەی بۆ بیرمەندی مەزن ناردووە، بە دەسخەتی خۆی؟!
شیعرەکەی هێمن دەتوانم بڵێم، وەک (دە) وێنەی شیعرییە، کە وێنەی دەهەمییان، مەبەستی نووسینی ئەم شیعرەمان بۆ ئاشکرا دەکات. هێمن بە وشە چەندین تابلۆمان بۆ دەکێشێ کە بریتین لە سەدان ناو بۆ وەسفی سروشتی نیشتمانی کورد و ئەو بزووتنە پڕ لە ژیانەی لەم نیشتمانەدا هەیە.
هێمن ئەم نامەیە بۆ (حاجی قادری کۆیی) دەنووسێت و باسی خەزانی نیشتمانی کورد دەگێڕێتەوە و باسی بەرخوردان و تێکۆشانی لاوی کوردی بۆ دەکات و حاڵی کورد و حاڵی دوژمن بە حاجی ڕادەگەێنێ. شیعرەکە لە هۆنینەوەیەکی نازدار و کێشانی وێنەی شیعریی نایابدا، قامووسێکی فراوانی دەنگ و مانای پەیڤی ئەم زمانە زیندووەیە، کە هێمن یەکێک لە پارێزەران، گەشەپێدەر، شارەزایانی نووسین و بەکارهێنانی ئەم زمانە بوو.
کێش لە بیرمەندی مەزنی کورد، شایانتر بووبێت، کە قەڵەمی لە شیعرەکانی حاجی گێڕا و بیری کوردیی ڕێکخراوەیی لە حاجییەوە بەستەوە بە قۆناغە جیاوازەکانی تێکۆشانی نەتەوەکەوە بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی. مامۆستا مەسعوود لە سێ بەرگی نایابدا، پوختەی بیروڕای خۆی سەبارەت بە کوردبوون و هەڵوێستی کوردستانی حاجی قادر و دەرسەکانی تێکۆشانی نەتەوەکە و فەلسەفەیەکی کوردی لە زنجیرە کتێبی حاجی قادر بەرگی یەکەم١٩٧٢، بەرگی دووەم ١٩٧٤ و بەرگی سێیەم ١٩٧٦ دا کە هەر سێ بەرگەکە لە بڵاوکراوەکانی کۆڕی زانیاری کورد لە بەغدا بوون، کردۆتە سەکۆی لێکۆڵینەوەیەکی کوردەواری، کۆمەڵایەتی، ڕامیاری، مێژوویی، ئابووری، جوگرافیایی و بیروڕای زانستی گەوهەرین و پێشکەش بە نەتەوەکەی کردووە.
هەر بۆیەش هێمنی کورد کە ئەم نامەشیعرییەی بۆ حاجی قادر نووسیووە، دەنێرێت بۆ ئەو بیرمەندە مەزنەی کە حاجی قادر ناس و زیندووکەرەوەی بیروڕاکانی حاجی و تیۆریسێنی بیری شارستانەتی کوردەواریی و فەیلەسوفی سەردەمی چەرخی ئاسمان گەڕ بوو کە دەیویست نەتەوەکەی لە غوربەتی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵەییەوە بگوێزیتەوە بۆ ناو شارستانەتی بێڕەحمی سەدەی نوێ و یەخەی هەڵسوڕێنەرانی کاروباری نەتەوەکەش بگرێ و پێیان بڵێ: بە خودای خاڵە بەهەڵەدا چووی و ڕێگاکەت هەو نییە.
....... 

سەرنج /

*وشەی " هونەرکار" بە واتای " فنان" ڕاستترە و نیشانەپێکاوترە لە " هونەرمەند" چوونکە ئەمیان نەک هەر بۆ " فن" بگرە بۆهەموو مەهارەتێک دەست دەدات. کتێبی پرس و وەڵامی " پەرژینی بێدەنگی"، مەسعوود محەمەد سوێد ١٩٩٦.
** مامۆستا مەسعوود محەمەد، لە دەفتەری دووەی حاجی قادری کۆییدا دەڵێت: " دەوێرم مەرجێک بکەم بایی ئەوەی ئەگەر بیدۆڕێنم ئیفلاس بکەم، لەسەر هێندی کەوا هەرچی تا ئێستا لە بارەی کورد و کوردستان وکوردێتی و ئەدەب و کەلەپوور و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و مێژوو هەموو سەرو بەرێکی کوردەوە نووسراوە لە سەرەتایەکی کورت و تەنک پتر نییە، لە ژێریەوە ڕاستییە هەرە  گەورەکان و ڕاگەیاندنە هەرە دروستەکان ماونەوە بۆ لێکۆڵینەوەی سەر لە نوێی دوور و قووڵ".      
پێشنیازم بۆ نزیکەی هەموو ئەو کەسانەی لە کەناڵەکانی تێ ڤێ، ڕادیۆ، ڕۆژنامەکان، پەخشخانە و بوارە کلتوورییەکان، مامۆستاکانی زانکۆ و دەزگاکانی فەرمی و نا فەرمیدا لە باشوور کار دەکەن، ماوەیەک تەرخان بکەن بۆ خوێندنەوەی نووسراوەکانی " هێمن" و بیرمەندی مەزنی کورد مامۆستا " مەسعوود محەمەد"، تا ئاستی زانیار و زانیاریی، زمانی دایکیی خۆیان زیاتر و فراوانتر و کوردانەتر بکەن. چوونکە زۆرینەی ئەو کەسایەتییانەی کە باسم کردن، کۆڵەوارن لە دەربڕینی ڕستەیەکی دروستدا بە زمانی دایکیان، دەزانم کە هۆی بنچینەیی لێخوڕانی شەمەندەفەرە شڕەکەی هەرێمن، بەڵام مرۆڤی ئازادی کورد، کە زۆرینەتان، مرۆڤگەلی شەرافەتمەند و کوردستانپەروەرن، دەبێت خۆتان لە خۆتان خاوەن دەرکەون و هاوبەشی دروستکردنەوە، ڕاستکردنەوە و پاراستنی کلتووری خۆتان بن، چوونکە بەڕاستی زۆر جاران لە هەواڵیکی بچووکدا کە لە باشوور بڵاودەبێتەوە: نازانیت پۆلیسکە تاوانبارەکەی گرت، یا تاوانبارەکە پۆلیسەکەی گرتووە!! ئەوە وەک نموونەیەکی بچووک.

کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:

https://www.kurdistanpost.nu/pdf/Hemin_Destkewti_Xebat.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە