تیۆره‌كانی پیلان: دوا په‌ناگه‌ی دیكتاتۆره‌كان

Saturday, 09/04/2011, 12:00

2956 بینراوە


له‌ ئینگلیزیه‌وه‌: شوان بورهان له‌كی
زه‌ینلعابدینی تونسی كردی، حوسنی موباره‌ك هه‌وڵێكی دا. عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵحی یه‌مه‌ن تاقیكرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تێبگات كار ده‌كات یان نا. موعه‌مه‌ر قه‌زافی یه‌كسه‌ر ده‌ستی پێكرد. پادشاكانی كه‌نداو به‌ خێرایی له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی تێگه‌شتن. هه‌فته‌ی رابردو له‌ وتارێكی چاوه‌ڕوانكراودا كه‌ له‌ كۆتایدا هیچ شتێكی مانا داری به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دا، سه‌رۆكی سوریا به‌شار ئه‌سه‌د بو به‌ دوا كه‌س له‌ زنجیره‌ی سه‌ركرده‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ به‌كارهێنانی هه‌مان هۆكاری كاریگه‌ر: تیۆره‌كانی پیلان.

وه‌ك چۆن ئه‌م رژێمانه‌ په‌نایان بۆ ریفۆرم بردوه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌كی زۆردا، ئۆتۆكراته‌ عه‌ره‌بیه‌كان ناچار كراون به‌ ده‌ستكردن به‌ گفتوگۆ نائومێدانه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ نیگه‌رانی هاونشتیمانیه‌كانیان. له‌ ترسی ئه‌و شۆڕشه‌ ره‌سه‌نانه‌ی كه‌ ده‌وریانی داوه‌، ئه‌م پیاوه‌ به‌هێزانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ وێناكردنی خۆپیشانده‌ره‌ ئاشتیخوازه‌كان به‌هه‌ر شتێك كه‌ بیانه‌وێ. بن عه‌لی گه‌نجانی شه‌قامه‌كانی تونسی به‌ گروپی ده‌مامكدار وه‌سف كرد كه‌ خه‌ریكی كاری تیرۆرستین. عومه‌ر سولێمان پیاوی ده‌سته‌ڕاستی و جێگری حوسنی موباره‌ك رایگه‌یاند كه‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌ پشتی یاخی بونی خه‌ڵك هه‌یه‌. ته‌له‌فزیۆنی وڵاتی میسر كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵكی میسری به‌ پیلانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و ئسرائیل وه‌سف ده‌كرد سه‌رباری ئه‌و راستییه‌ی كه‌ ئه‌و دو وڵاته‌ تا دوا رۆژ پشتوانێكی باشی رژێمه‌كه‌ی موباره‌ك بون. سه‌ركرده‌ به‌حرێنیه‌كان لۆمه‌ی خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن به‌وه‌ی كه‌ ئه‌جێندایه‌كی ئێرانیه‌. قه‌زافی ئه‌كید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ شۆڕشگێڕه‌ لیبیه‌كان هیچ نین جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێكی توشبو به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی رژێمه‌كانی باكوری ئه‌فه‌ریقا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێشه‌نگ نین له‌ هه‌وڵدان بۆ تۆمه‌تباركردنی شۆڕشگێڕه‌كان به‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی. زۆر كۆن نیه‌ كه‌ رژێمه‌ دیكتاتۆریه‌كانی ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا له‌ كاتی باهۆزی شۆڕشه‌كاندا كه‌ ئۆكرانیا و جۆرجیا و قیرغستانی گرته‌وه‌ به‌زویی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی وه‌كو فلادمیر پوتین و هوجینتۆ پێیان وابو كه‌ كاری رێكخراوه‌ نا حكومیه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ یارمه‌تیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ راست بو كه‌ له‌م وڵاتانه‌دا چه‌ند رێكخراوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی كاریان ده‌كرد. به‌ڵام هه‌رگیز جێی باوه‌ڕ نه‌بو كه‌ ئه‌و رێكخراوانه‌ به‌ ئیمكانیه‌تێكی كه‌مه‌وه‌ كه‌ بۆ یارمه‌تی دانی خه‌ڵك هاتون كار بۆ روخانی ئه‌و رژێمه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بكه‌ن. جارێكی تر ئه‌م بابه‌ته‌م له‌گه‌ڵ سه‌رجا پۆپڤیك ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ له‌ ساڵی 2000 پێشڕه‌وی شۆڕشی گه‌نجانی كرد بۆ روخانی رژێمی سلۆبۆدان میلۆسیڤیچ له‌ سربیا باس كرد. پۆپڤیك پێكه‌نی و وتی "به‌ڵێ تیۆره‌كانی پیلانی دیكتاتۆره‌كان، له‌ دوای بیست ساڵ هێشتا نه‌گۆڕاوه‌، ئه‌و زمانه‌ی كه‌ خۆپیشانده‌ر و شۆڕشگێره‌كان وێنا ئه‌كات به‌ تیرۆرست، توش بو به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر، به‌كرێگیراوی ده‌ره‌وه‌، خائن ".

پۆپڤیك چه‌ندین ناوی تری ژمارد له‌وانه‌ی كه‌ ده‌درێنه‌پاڵ شۆڕشگێڕان له‌لایه‌ن رژێمه‌كان، هه‌روه‌ها وتی "چاڤێز حه‌زده‌كات پێیان بڵێت گه‌نجی فریوده‌ر. ئه‌م تۆمه‌تانه‌ به‌بێ بیركردنه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراون".

پێویسته‌ ئاماژه‌ی بۆ بكرێت، كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ هه‌ندێك لایه‌نی بیانی هه‌یه‌ بۆ كاركردن له‌ شه‌قامی عه‌ره‌بیدا، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ بیانیانه‌ له‌سه‌ر موچه‌ی ئه‌و رژێمه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ خۆیان ئه‌ژین. قه‌زافی پشتی به‌ستوه‌ به‌ كرێگیراوانی ده‌ره‌وه‌ له‌ چاد و سودان و چه‌ند شوێنێكی تر. هه‌روه‌ها له‌ به‌حره‌ین حكومه‌ت بڕێكی زۆر پاره‌ پێشكه‌ش به‌ سه‌ربازانی پاكستانی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی سعودیه‌ ده‌كات بۆ مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا.

ئه‌م به‌هاری عه‌ره‌بیه‌ داهاتوی ناوچه‌كه‌ی نوسیوه‌ته‌وه‌ به‌ رێگایه‌كی باوه‌ڕپێنه‌كراو.ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ته‌نها ترس و گه‌وره‌یی دیكتاتۆریه‌تیان زانیوه‌ بۆ یه‌كه‌م جار چانسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستیان هه‌بێت له‌ داهاتوی وڵاته‌كه‌یان. زۆر زوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌سفی ئه‌م شۆڕشانه‌ بكه‌ین به‌ زۆر باش، به‌ڵام ئه‌مانه‌ ته‌نها چانسێكن بۆ شكاندنی ئه‌و ریتمی سه‌ركوتكردنه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ پێی راهاتون. له‌ نێو ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ به‌ربڵاوانه‌دا، ده‌رخستنی روی راستی شێوازی مامه‌ڵه‌ی ئه‌و رژێمه‌ دیكتاتۆرانه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی بێ هیوا و بێ مه‌غزا سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت.. سبه‌ی وه‌رگیراوه‌.

سه‌رچاوه‌: واشنتۆن پۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە