مێژووی گەلێک

Saturday, 31/10/2009, 12:00

2523 بینراوە


گفتوگۆی گەنجێکی باشوری کوردستان لەکاتی دادگاییکردنی لەگەڵ خانمە دادوەرەکەیدا

ئەی خانمە چاوشینەکەی ئەم کیشوەرە کشووماتە
بێ ئاگاتر لەماسیەکی ئەم دەریا بێ شەپۆلانە
ئەی قژ زەردی با نەدیوتر
لە ئەکا کیایی جەنگەڵێکی ئەم ‌‌ووڵاتە
تۆ کە لە زمانی ئەندێشەو لەفرمێسکی قەتیسماوو
له هەنگاوی بەجێماوم سەردەرناکەی ،
لێم مەپرسە بۆچی هاتووی؟ لێم بەپرسە ،
تۆ کەی هاتی و بەچی هاتی و بەچەند هاتی
من نەهاتم وەدەریان نام!! ؟
کاتێ هاتم مرۆڤایەتی ،
لە بۆرسەکانی ئەوروپا نرخی دۆلارو دیناریان هەڵدەسەنگاند
من چۆن هاتم؟
بەتەنکەلۆژیایی ڕەوکردن ،
ئەو ڕەوانەی کەکۆمپیوتەری خەواڵوی ووڵاتەکەت سەریان گێژە لەژمارەیان،
با ئەزمەڕو پشدەرو بیتوێن و بەمۆ و هەورامان بۆت بژمێرن !
بەچی هاتم؟ بەڕێگایی هات و نەهاتا ،
بەئاسمان بەناو دەریاو توولەڕێگای مەرگەساتا ،
****************************************************************
بەچەند هاتم؟ بەبەهای خوێن ، بەهای خاک بەهای عیشق ،
کە ڕاویان نام خوێن بەچاوما دائەچۆری ،
خاکم دۆڕاند ،عیشقم دۆڕاند،
چاوەڕەشەکانی گوڵێ و پێکی جێماوی قەشقۆڵی قەسیدەیەکی مەولەوی و
دەنگی زوڵاڵی دیلان وئەرخەوانێکی سەیوان و
پیاسەی ئێوارانی شارم بەجێ هێشتوون ،****************************************************************
ئەی چاوشینی گەردن سپی وەکو بەفری کوێستانەکەم ،
لێم مەپرسە بۆچی هاتووم !
برۆ لەکاوە بپرسە شەهید زوحاکی شەهید کرد ،
تانیشتمان ئاوەڵابوو ،
بۆ شەڕی ڕۆم و حەجەم
تاجی شەرەف کرایە سەری نۆشیروان و
جارێکی تر سەلاحەدین سورەتی ئەنفال دەپارێزی و
کۆری عۆجەش ، بەفەرموودەی باوە سەعد پرچی کچی عەبابەیلێ ڕادەکێشێ
بۆ ناو ڕەشماڵی بیلال و ئەباعوبەیدەی بیابان ،
سمۆکی شکاک خوێنی مارشیمعۆن دەڕێژێ ،
ئاهو ناڵە و نەفرەتەی کچە ئاشوری دەکرێتە نێوچەوان وسەردامێنی
هەشت هەزار ئەنفالی بارزان ،
****************************************************************
ئەوا دیسان پۆستاڵەکەی ئەتاتورکەو
بەشاخی بلێ و بارزانا تەرمی بارزانی دەشێلێ
ڕوخسارە توڕەکەی ڕیشە ‌دەسوتێنن
ها‌وڕێیانی حەمەڕەشی گەرمیانم
سوپایی پاسدارانی ئیمامیان
دەبردە سەر شاری حاجی و خانەوادەی قاسملووەکان !
لەبناری هەورامانی شەهید ئازادیش
کوندە پەپۆو ڕیش پانەکان جاڕی چۆڵەوانیان دەدا
جارێکی تر کتێبەکەی عبدولخالق لەخاچ دەدەن ،
لەشارەکەی هۆلاکۆ بەزێنی دێرینم ،
هەرخۆیان بوون وەکو شەترەنج
هەموو ڕۆژێ کش مەلیکیان لەیەک دەکرد !؟
لێم مەپرسە بۆچی هاتووم ، ئەی خانمە چاوکاڵەکەم لێم مەپرسە ،
تۆ نەگۆری بەکۆمەڵ و نەژێرزەمین
نەهەڵواسینی کارەباو ئینفرادیت نەبینیوە
نەنینۆکیان هەڵکێشاوی نەئوتوو لەسەرپشتت ساردبۆتەوە
نەزریکەی ژنە پێشمەرگەی ژان گرتووی ناو زیندان و
نەهاواری تاسێندراوی کیژۆڵەیەکی دەساڵی ئەتک کراوت بینیووە
نەئەندێشەی پارتیزانەکانی گەرمیان و
نەنەڕەی گەریلاکانی قەندیل وشاخ پارێزانی خواکورک و
نەشەڕەکانی دۆڵی بالیسان و
نەداستانەکانی هەکاری و ڕزگاری و
کیمیاویەکەی سێوسێنان وعاشوراکەی هەڵەبجە و
تراژیدیایی قەڵای مەرگی نوگرەسەلمان ،
نەئەو لاوانەی لەئامێزی داکیان دەردەهێندران
دوای چەند ڕۆژێ...
لەشەقام و لەبەردەرگاوگۆرەپانە گشتیەکاندا
لەبەر چاوی خوشک وبرا دایک وباوکەجگەر سوتاو
یەک بەیەک گوللەباران دەکران!!
نەگوند سوتانت بینیووە !
نە لەشوێنی لەدایک بوونت هەڵکەندراوی ،
نەکۆمەڵگایی زۆرەملێ و نەنوکی پۆستاڵی سووری فاشایەکان ،
تۆ چیت دیوە تابپرسی؟!
ئەی خانمەچاوکاڵەکە تۆ چیت دیوە؟
تۆیەکی بەناز پەروەردەی هەست ناسک
بەرگەی ئاهێکم ناگری بانەسوتێ ی
لێم مەپرسە بۆچی هاتووم ؟ لێم مەپرسە
****************************************************************
ئەوڕۆژانە کە جامی ڕق لێواو لێوبوون
ئەو ساتانەی دایکی شەهید نەڕە شێربوو
ئەو چەکانەی کوڕی شەهید
بەوری تۆڵەی ناوشاران و
پڵنگی چاوسوری توڕەش
پێشمەرگەی لەدوای ئەنفالی داخ لەدڵ بوو
ڕاپەرین بوو ڕاپەڕین بوو
****************************************************************

گڵپەی شارو گڕکانی شاخ دۆزەخێک بوون
دێوەزمەی چنگ سووری بەعسی تیاسوتێنران
هەرلاکی جەلادی ئەنفال چی بوو
بەشەقام و کۆڵانەکانی شاردا ڕائەکێشران
ئەوڕۆژانە فرمێسکی شادی دەڕژا
ئەوڕۆژانە جەژنە پیرۆزەو شادی دەکرا
ئەورۆژانە هێرش بەرەو بابەگوڕگوڕ کرا
لەشەنگاروجەبەل حەمرین، لەجەلەولاو لەخانەقین
ئەڵاوەیسی بۆئەم جەژنەمان دەوترا ،
لەئیسکان وئیمام قاسم وقەڵادا
بۆیەکەم جار لەمێژوومان نەوتی کەرکوک بۆمنداڵە سەرما بردەڵەکان دادەگیرسا
لەم ڕۆژەدا، لەم ساتەدا، لەوچرکەدا
مرۆڤپەروەرانی ئەوروپا لەسەر مێزی دانوساندن
بەبڕیارێکی بەپەلەی نێونەتەوە یەکگرتووەکان
هەرئەوڕۆژە بڕیاردرا ،
لەپێناو سامان و نەوتی ڕەشی کەرکوکم
ڕاپەڕین و شۆڕشی گەل سەرکوت کرا !!
هەمان ڕۆژبوو ڕێگەدرا
سەربازوتانک و فڕۆکەیی ڕژێم
دابارینە، سەرپێشمەرگەکانی کوردی دەشتی لەیلان
ئەم جارەیان کوردستانم گۆمی خوێنە ،
جەنگاوەران شکستیان خوارد
کۆڕەو کرا!!!

ڕەوبەرەوكوێ ؟ ڕەوبەرەوشاخ ،
ڕەو بەرەوکێڵگەی میم و ومەرگ کۆرەوکرا
هەردایک بوو کۆرپەی ساوایی بەجێ دەهێشت
هەرخوشک بوو تەرمی برایی بەجێ دەهێشت
لاوی خوێن گرتووی حەپەساو،
دایک و باوکە پەککه وتووەکەیی بەجێ دەهێشت
ئەم جارەیان،
چوارملیۆن ماڵ ژینی شاریان بەجێ دەهێشت ،
ئەوەی سەرماو ڕێگایی چەندڕۆژە نەیکردبوو وا پێ ی کردین ،
ئەم جارەیان دڵسۆزانی ئەوروپامان
وەکو تیمساح هۆن هۆن فرمێسکیان بۆ دەرشتین،
لەناو بەفرو قوڕو لیتەیی شاخەکاندا
وەک توولە سەگ ووردە نانیان بۆ دەڕشتین ،
مەهزەلە بوون ئەوڕۆژانە مەهزەلەبوون !
ئەوڕۆژانەی تاڵاوی مەرگیان پێ چەشتین،
ئەی ئازیزم بڕوابکە مەهزەلەبوون ئەوڕۆژانە
تۆچیت دیووە چیت بیستووە نازدارەکەم
لێم مەپرسە بۆچی هاتووم ،
کێ هێندەی من نیشتمانی خۆشوویستوە ، بەڵام چیبکەم
ووڵاتەکەم بۆتە لامبۆرگی سیخوڕی ووڵاتەکان
دەچووم بۆسواڵی لەتەنانێک بۆئاوارەکانی کەرکوک
بۆ منداڵە هەتیوەکانی دوایی ئەنفال
ئابڕوی پێشمەرگەمان دۆڕاند.
****************************************************************
لەووڵاتی کانگای زێڕدا
بەهەزاران ڕەش و ڕووت و برسی گەلم بەرەو مەرگە سات دەبنەوە
واملیۆن هاوڵاتی کوردی کوردستانم
لەناو ووڵات ئاوارەن ولەسه رماندا ڕەق دەبنەوە
لەدەشت دۆڵەکانی کوردستانم
خێزان و منداڵەکانی ووڵاتی نەوت
لەتەنانێک بۆمنداڵان وەدەست دێنن و دەهێننەوە ،
لەشێخەڵایی هەولێرمدا پیرو منداڵ
ڕۆژ تا ئێوارە بۆ لوقمێ نان شەو دێنەوە ،
کێ هێندەی من کوردستانی خۆش وویستوە ؟
بۆیە منیش بەناچاری دایکی و خوشک و براکانم
لەگەڵ باوکی سەر سپی و پڕهەنسکم
بەجێ هێشتن ؟
کۆڕی شەوانی هاوڕێکان و
گەڵایی زەردی پایزو ماچی هانگوینی ئەوم جێ هێشت ،
دەشی سەوزو گردو دۆڵ و چەم وکانی شاخەکانی کوردستانم بەجێ هێشتوون
کێ هێندەی من نیشتمانی خۆش ویستووە،
ئەخانمە چاوکاڵەکە باوەڕبکە ،
من عاشقی کچە خوێن ساردەکانتان نیم
شەیدایی سێکس و مەلەوانی کەنار دەریاکانتان نیم
سەرهڵگرتووی پارەو پوڵی بانکەکانتان نیم
منی ماندووی دوورە ووڵات و کەشتیەکی تێک شکاوی دوای شەڕم ،
واهاتووم لەبەندەرێکی ئەم جیهانە وەیشوومەیە
کەپارچەیەک زەوی شک نابەم لێ ی دانیشم لەنگەر بگرم ،
****************************************************************
هەرئەوەندە ئارام دەگرم تاشەپۆلی شەڕو خوێنی ووڵاتەکەم ئارام دەگرێ
بڕوابکە هەرئەوکاتە پاسەپۆرتی شەرمەزاری لەبەر پێتان دەسوتێنم
دەستتان دەگووشم سەری ڕیز بۆ میوانداریتان دائەنوێنم
دەڕۆمەوە بۆنیشتمان دارو بەردو دێهاتەکان دەلێسمەوە ،
کۆڕی جارانی هاوڕێیان گەرم دەکەم و دەچمەوە جێ ژووانێ
گوڵێ لەئامێز دەگرم ولێوی ووشکم دەخەمە سەرلێوی
هەناسەی گەرمی هەڵ دەمژم
دیدەنێکی ئەو ناگۆڕمەوە بەهەموو شاجوانەکانی هەندەران
جارێکی دیکەش دەڕۆمەوە ئەوشوێنانەی لێوەی گەشەم کرد
لەکۆڵانە قوڕاویەکانی شارمدا گۆرانیەکانی منداڵی دەڵێمەوە
بڕوا بکە دەڕۆمەوە بەڵام ئێستا گەلێ ماندووم

ئەی خانمە چاوشینەکەی ئەم کیشوەرە کشووماتە
بێ ئاگاتر لەماسیەکی ئەم دەریا بێشەپۆلانە
ئەی قژ زەردی با نەدیوتر
لە ئەکا کیایی جەنگەڵێکی ئەم ‌‌ووڵاتە
تۆ کە لە زمانی ئەندێشەو لەفرمێسکی قەتیسماوو
له هەنگاوی بەجێماوم سەردەرناکەی ،
لێم مەپرسە بۆچی هاتووی؟ لێم بەپرسە ،

هەنگاو مامە / لەندەن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە