جەنگی کەرامەت

Friday, 31/12/2010, 12:00

1969 بینراوە


هیچ مەخلوقێک لەسەر گۆی زەوی هێندەی تاکی کورد بەهۆی جەنگەوە ناسۆری نەچێشتووە ، گەر ووردتر بەناخی دەستپێکی شەڕ و دەرەنجامەکانیدا شۆڕببینەوە سانا نییە لاوێک تەمەنی وەرزی بەهار و خۆشاوی ژیان وەلاوە بنێت و بە سەختیەکانی خەباتی شاخ ڕازی بێت ، گەر دایکی کورد تەمەنای ئازادی نەبووبێت مەحاڵە جگەری خۆی بەدەستی خۆی توێ توێ بکات وهەر خۆشی بەرەو شاخ بەڕێی بکات ، بە دیوەکەی تریشدا لە شاردا سەدان مامۆستاو دکتۆرو ئەندازیار شان بەشانی جووتیار و کرێکارو خێرلەخۆنەدیوەکان لە زیندانەکانی بەعسدا بەخۆڕاگری و بەرخۆدانیان پەیامێکیان بە نەوەی پاش خۆیان ووت : سەرشۆڕمەکەن .
سەرشۆڕمەکەن: ووتارێکی ئازادیی سوور ڕەنگی چەسپاوە بەو مادەیەی ناوی خوێنە ، میلەتێکیش خوێنی کردبێتە پەرچەمی مانەوەی خۆی مەحاڵە دەستبەرداری بێت هەر وەک چۆن دەستبەرداریشی نەبووە.
سەرشۆڕمەکەن : بانگەوازی درێژە پێدانی جەنگی ئازادی کەسێتی کوردە ، کەسانێک ئامادەبوون برسی بن بەڵام تەسلیم بە ئیرادەی داگیرکەر نەبوون ، کێشەش نیە داگیرکەر کۆن بێت یان نوێ .
سەرشۆڕمەکەن: پڕۆژەی ستراتیژی جەنگی کەسێتی کوردە بەرەو بنیاتنانی باشوری گەورەی کوردستان بە پێچەوانەی ختووکەدانی هەستی دەروونی ئامادەبوانی کۆنگرەی حیزبە قەدیمەکان .
سەرشۆڕمەکەن : جەنگی ئازادی کەسێتی کوردە ، هەر پاشقوول گرتنێک بۆ بەرژوەندی سیاسی دیوەخان بە دروشمی مافی چارەی خۆنوسین پێش ئەوەی خەڵک بخەپێنێت ، لایەنی دووەمی ڕێکەوتنە ستراتیژیەکە دەستەمۆ دەکات و باشترە بە ئاگا بێنەوە.
سەرشۆڕمەکەن: جەنگی کەرامەتی کەسێتی کوردە ، کێ دەیەویت بۆ ئازادی بجەنگێت با دەنگ بە ئازادی بدات .
مارشاڵ (ساکس) دەڵێت (بۆ جەنگ سێ شت پێویستە : یەکەم پارە ، دووەم پارە . سێهەم پارە).
هەڵگرانی ووتاری ململانێی جەنگی ئازادی کۆمەڵگاش سێ دروشمیان هەڵکردووە : یەکەم ئازادی ، دووم ئازادی، سێهەم ئازادی.

کۆتایی ساڵی ٢٠١٠
هۆڵەندا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە