بەخشندەیی لە تواناى دەسەڵاتى كوردیدا نییە، نە رەمەزان و نە شەعبان!!

Tuesday, 31/08/2010, 12:00

1336 بینراوە


دەمێكەو لە دواى راپەڕین و براكوژییەوە ئەوە ئاشكرابووە، تەنانەت بۆ مرۆڤە سادەكانیش، كە دەسەڵاتى ئێمە وەكو دوژمن لە میللەت و خەڵك و خواى كوردستانەكەى خۆى دەڕوانێ، تەنیا ئەوانە بە هاووڵاتى و دۆست و ئازیزى خۆى ئەزانێت كە كەسوكارو خزم و حزبییەكانى خۆیانن. ئەوانە نەبێت كە خزمەتكارو نهێنیپارێزو مەسینەهەڵگرى ئەم بەرپرسانەن.. ئیدى كێ هەیە لە خێرو بێرو سامان و داهاتى وڵاتە هەناسەساردەكەشى سوودمەند بێت. ئەمانەش كە لەم توێژەن كەمینەن و چەند هەزار كەسێكن لە هەردوو دەڤەرە سەوزو زەردەكەدا، ئەوەى دەمێنێتەوە ملیۆنانن و زۆرینەن، كە زۆرینەى ئەمانەش لە ژێر هێڵى هەژارییەوە ژیانى مەمرەو مەمژى دەگوزەرێنن.
رێژەى هەژارى لە كوردستاندا زۆر بەرزە، رێژەى بێكارو دانەمەزراویش زۆر بەرزە، رێژەى كرێچى و كرێنشینیش زۆر بەرزە، رێژەى پیرو كەنەفت و بێكەس و بێنەواش هەر بەرزە، رێژەى منداڵى ئیشكەرو بێكەس و هەتیویش بەرزە، رێژەى قەیرەو بێوەژن و مێینەى بێنەواو ترساوو تۆقیوویش كەم نین و بەرزە، رێژەى لاوان و گەنجانى بێئومێد و تووڕەو بێنەواو ئالوودە بە مەى و جگەرەو ماددە هۆشبەرەكان و مەلهاو قومارخانە زۆرەكانى كوردستانى ئازاد هەر بەرزە، رێژەى سواڵكەرو گەدایانى كورد هەر بەرزە.
بەڵام دەسەڵاتى ئێمە خەمخۆر نییەو بێباكانە، لەوبەر سەنگەرى گەل و میللەتەكەى خۆیەوە دەژى، ئەو لەنێو بورجى عاجییەوە لە میللەتە بێبەش و پەراوێزخراوەكەى خۆى دەڕوانێ، شوێنەكەى زۆر بەرزەو تەریك و دابڕاوە لە خەڵكى رەشوڕووت و چاویشى ئەوان نابینێ و نایەوێ گوێى لە سكاڵاشیان بێت، كاتێك دێنە سەر شەقام هاوار دەكەن: كوانێ كارەبا و كوانێ ئاو، كوا سووتەمەنى، كوا دامەزراندن و كوانێ ماف و هەق و دادوەرى و رەوایەتى.. دەستبەجێ بە فیشەك وەڵامیان ئەدەنەوە، چونكە دەسەڵاتى كوردى سوێندى خواردووە گوێ لە میللەتەكەى خۆى نەگرێت ئەگینا تەوژم و فشارى خوێنى بەرز دەبێتەوە.
بەڵام لێرەدا ئەوەى جێى داخە ئەوەیە كە دەسەڵات بە چاوى خۆى ئەو هەموو هەژارو بەشمەینەت و هەناسەساردە دەبینێ و موویەك لە لەشى بەرز نابێتەوەو مێش میوانى نییە، پرۆژەیەكى كشتوكاڵى یان پیشەسازى ناباتە شارو شارۆچكەكان تا ئەو هەموو بێكارو كرێچی و دانەمەزراو و كوڕە شەهیدو ئەنفالكراو و گوند وێرانكراو و نەدارو كەمدەرامەتانە بەكار بخات..
بوودجەیەكى زەبەلاح دێتە دەستى ئەم دوو حزبە زەبەلاحەوە تەنیا بۆ خۆیانە و ئەو قەراخە كولێرانەى بۆ ئەمو ئەوى فڕێدەدات، ئەو زەوییە خوارو خێچانەى وڵات كە ئەمان خۆیان كردۆتە خاوەنى، وای پیشان دەدەن كەوا زۆر بەخشندەن و خواناسن و ئەوە لەڕێى خواوەیە كە خێریان پێ ئەكەن..
من وەكو كۆمەڵناسێك لەو حاڵەت و دیاردەیە راماوم كە ناوبەناو هونەرمەندان یان یوئێن، لە دەرەوەى سنوورى هەرێمەكەمانەوە دێن و مرۆڤدۆستى و بەخشندەیى دەبەخشنەوە بەسەر میللەت و خەڵكى هەژارى كوردستاندا، كەچى لە ناوەوە ئەو هەموو سەركردەو بەرپرس و ملیاردێرو دەوڵەمەندانەمان هەن و لە دەستى رژدو رەزیلیان ناوەشێتەوە، تاقە یەك دەبە ئاو لەم كەمئاوى و تینوێتییەى مناڵ و پیرى كوردستاندا بەسەر مرۆڤى كوردا ببەخشنەوە..
من خەڵكێكى هەژارو كەمدەرامەت هەیە ئەیناسم چووەتە لاى ملیاردێرێك لە شارى سلێمانى بۆ ئەوەى تەنیا سەد دۆلارى پێببەخشێت، پێیووتوە من هەمە بتدەمێ، بەڵام بۆیە ئەو مەبلەغەت نادەمێ، چونكە لە تۆوە هەموو خەڵك فێر ئەبن و ئیتر من ئیشوكارم ئەبێت پارە بەخشینەوە بێت بەسەر ئەم هەموو فەقیرە هەژارەدا.
ئەوە نموونەى سەدان و بگرە هەزارانە لەو دەوڵەمەندانەى لە دواى راپەڕین و رزگاركردنى عێراق لە لایەن ئەمەریكاوە بوونە پارەدار و بە ماوەیەكى كەم و ناشەرعییانە، سامانێكى زۆریان كۆكردۆتەوە، كە زۆرینەیان لە دەسەڵاتەوە نزیكن، خزمى بەرپرسن و بەشدارى پرۆژە زۆرەكانن كە لە دارایى و داهاتى گشتییەوە سەرچاوەیان گرتووەو رۆژانە تەندەرى پرۆژە خەیاڵى و هایلایڤەكان لێدەدەن و قازانجیان سەرى مایەى خواردووەو سەدان و هەزاران دەفتەرە دۆلار بۆ خۆیان و بەرپرسەكانیان لف لێدەدەن و نۆشیدەكەن.
ئەوەى سەرنجڕاكێشە ئەوەیە كە زۆرینەى ئەم سەركردەو بەرپرسە پارەدارو ملیاردێرو زەنگینە كوردانە مرۆڤدۆست و بەخشندە نین، ئاستى رۆشنبیرى و زانستیان نزمە، خەڵكى عەشوائى و بازاڕین.. تێرێكى غەریزەوین، بە دواى تێركردنى شەهوانییەت و دامركاندنەوەى ئارەزووە زۆرەكانییانەوەن. تازە بە تازە كیژۆڵەى حەڤدەو هەژدەساڵان دێنن و وەكو سكرتێرو دەستگیران و دۆست و ژنى دووەم و سێیەم و..... دەیەمى خۆیان، رایاندەگرن و لەشێوەى كالیگۆلاو هاڕونە رەشید، خەریكى تێركردن و لێستنەوەى ئەوانن و دامركاندنەوەى شەهوانییەتى خۆیانن.
بێگومان هەر ئەمانەن كە رێگەیان بۆ كردنەوەى مەلهاو باڕو مەیخانە زۆرەكان و هۆتێل و قومارخانە نهێنى و ئاشكراكان خۆشكردووە لە كوردستاندا بە گشتى، ئەمانەن كە هەرگیز ئاگایان لاى هەژارو پیرو نەخۆش و منداڵ نییە.. رەفتارى ئەم بۆرە پیاوانەیە كە پارەپەرستى و بازرگانیكردن بە كەلوپەلى ئێكسپایەرو كوالیتى زۆر خراپەوەیان ئافەریدەكردو كەشوهەوایەكیان دروستكردووە كە برا ئاگاى لە برا نەماوە، ئەمانەن كە دەستیان لەنێو دەستى ملیاردێرە توركى و عەرەبى و ئیسرائیلى و ئەمەریكیدایە..
ئەمانەن كە بوونەتە پاڵپشت و سێبەرو وەكو كۆمپرادۆرو ئیستیعمار دەستیان خستۆتە ناو دارایى و سامانى گشتییەوەو بە رۆژى رووناك بۆ خۆیانى خڕ دەكەنەوە.. ئەمانەن كە لە سەرووى یاساوەن و هیچ هێزێك نییە بتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ سامان و داهاتى ئەمانەدا بكات.. زۆربەى موڵكەكانى وڵات بە ناوى ئەم بەرپرسانەوەن یان بەناوى خزمو كەسوكارى ئەمانەوەن.. ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە دەوڵەمەندن كە هیچ بانكێكى وڵاتان نایانگرێت، لە زۆربەى وڵاتە سەرمایەدارەكانى جیهاندا پشكیان هەیەو بازرگانى دەكەن و مانگانە بە ملیار دۆلار پەیدا دەكەن، بەڵام هەرگیز لەدەستیان نایەت جەژنانە بە مامۆستاو مووچەخۆرە هەژارەكانى نیشتمانەكەى خۆیان ببەخشن.. چونكە كەسایەتى ئەمانە پێكهاتەیەكە، دوورە لە بەخشندەییەوە، مرۆڤى بەخشندە لەشێوەى گاندى و ماندێلاو تەنانەت شێخ زایدە، نەجیبزادەو خواناس و مرۆڤدۆست و ویژدانپاك و دەرووندروستە، نەك پیاوكوژو شەڕانگێزو چاوچنۆك و مالۆس و شەهوانى و هەرزەكارو ناكەسبەچەو ندى و بدى..
عەرەب وتوویەتى: ((فاقد الشى لا یعگى)).. ئەوەى شتێكى نەبێ نایبەخشێ.
* كۆمەڵناس.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە