تونس رۆشنایی کۆتایی تونێلی دیکتاتۆری

Monday, 17/01/2011, 12:00

1331 بینراوە


ڕاپەڕینی کریکاران و لاوان و خەڵکی زەحمەتکێش وئازادیخوزای تونس و دەرکردنی بن علی دیکتاتۆر ڕۆشناییەکی گەورەی لەدڵی سەدان ملیۆن ئینسان لە باکوری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵکردوە. ڕۆشناییەک کە هەموو کریکاران و خەڵکی چەوساوەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتە دیکتاتۆریەکان کۆتایی تونێلی ئەم دەورانە دیکتاتۆریانەی تێدا دەبینن و وێنەی ڕاکردنی بن علی لە چارەی حسنی مبارک و قەزافی و زۆرێک لەسەرۆک و سەرانی دەوڵەتە دیکتاتۆریەکانی تری وەک جەزائر و ئەردەن و ووڵاتانی تری تێدا دەبیننەوە. تەنانەت لە شوێنێکی وەک کوردستانیش کە ئەمڕۆ جەماوەر لەدەسەڵاتی دیکتاتۆری و مافیایی و میلیشیایی حزبە سەرمایەدارەکان بێزاربوبێ و لەناڕەزایەتی دەربڕیندا بێ نمونەی تونس ئیلهامی پێدەبەخشێ. هەربۆیە سەرکەوتنی ئەم ڕاپەرینەی تونس دەرگایەکی گەورە بەڕوی خەباتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورە لەبەشێکی دنیای ئەمڕۆدا دەکاتەوە.بەپیچەوانەشەوە شکستی ئەم ڕاپەڕینە لە کۆتایی هێنان بەم ڕژێمە دیکتاتۆریەی بن علی کاریگەری زیانباری لەسەر خەباتی ملیۆنەها ئینسانی کریکار و ئازادیخواز دەبێ. ئەمە وادەکات هەموو دڵمان لەگەڵ ئەم ڕاپەرینەدابێ و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی بکەین بۆسەرکەوتن .
گێڕانەوەی باوەڕ بوون بەهێزی جەماوەر بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتە سەقامگیرە دیکتاتۆریەکان وەک کارێکی کردەنی هەر ئەمڕۆ هەموو دنیای سەرسام کردوە. لەدوای دوو دەیە لە پڕوپاگەندەی بوژوازی جیهانی دژی شۆڕشی کریکاری و ئازادیخوازی هەڵاتنی یەکێک لە دیکتاتۆرەکانی ئەم نیزامە بەم شێوەیەی بن علی لە تونس سەرانی ئەم چینەی لە هەموو شوێنێک شۆک کردوە. ترس لە پەیامێک کە کریکاران و خەڵکی هەژار بە سیستەمی برسی کردن و سەرکوتی سەرمایەداری دەدەنەوە. ئەگەر کریکارێ ، کارمەندێ و خویندکارێک لە تونس لەسەر بێکاری و برسیەتی بتوانێت دیکتاتۆرێک لە تونس ڕاوبنێ ئەبێت کریکاری فەرنسی و بەریتانی و ئەوروپی و لاوان و خوینداکارانی ووڵاتانی تر چی بەسەر حکومەتە ڕاستڕەوە بورژوازیەکانی ئەم ووڵاتانە بێنن کە دەستیان کردوە بە بیکارکردن و نانبڕین و سەپاندنی باج و گرانی قورس بەسەر خەڵکدا. پەیامی یاخی بوونی برسی وبیکارەکان و ئازادیخوزاەکانی تونس ئومێدێک بۆ هاوچارەنوسەکانیانە لە دنیا و پەیامی ڕاکردنی دیکتاتۆری تونسیش شڵەژانێکە بۆ هاوچینەکانیان لە جیهان. سەیری خۆپیشاندانەکانی خەڵک جەزائیر و ئەردەن و میسر و پشتیوانی کریکاران و ئازادیخوازانی لوبنان و فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتالیا و ئیسپانیا بکەیت و لەولاشەوە سەیری سەرقاڵی حکومەت وسەفارەتەکانی فەرەنسا و ئەمریکا و سعودیە و لیبیا و حکومەتەکانی تر بکەیت بۆت دەردەکەوێت ئەم دوو بەرە چینایەتیە چۆن هەر کامەیان بەرژەوەندی وچارەنوسی خۆی لە ڕوداوەکانی تونس و ئاکامەکانیدا دەبینێتەوە.
چینی دەسەڵاتدار لە تونسدا تا ئیستا تەنها بن علی کردۆتە قوربانی تاکو هەموو دەسەڵاتی حزبی و میلیشیا ودەوڵەتی و سوپا و پۆلیس وو دەستور و کۆنترۆلی مالی و ئابوری لەدەست ڕاپەڕینی کریکاران و جەماوەر ڕزگار بکا. دەزگای میلیشیایی حزبی حاکم کەوتۆتە نانەوەی ترس لەڕێگای چونەسەر دوکان و ماڵان و دزی و تاڵانی تاکو بیانوی "منع التجول" بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیودا بسەپێنن و کۆتایی بە کاری شۆڕشگێڕانەی خەڵک بۆ سەر دەسەڵات بهێنن. لەم ڕێگەیەوە سەرانی ڕژێمی پێشووسیناریۆی سازدانەوەی دەسەڵاتیانن لەڕێگای زیادکردنی چەند حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە چینی دەسەڵاتدار و بەڵێن دان بە هەڵبژاردنی ئازاد لە 6 مانگی داهاتوودا. ئەم سیناریۆیە پشتیوانی BBCو CNNو کۆشکی سپی و کۆشکی ئەلیزیە و تەرابلس و قاهیرە و ریازی لەپشتە و بە هەموویان دەیانەوێت شکستێک بە ڕاپەڕینی خەڵکی تونس بهێنن کە ڕاپەڕین و خەباتی هەموو شوێنێکی تری پێ بەرتەسک بکەنەوە و ئەم تەجروبەیەش بەسەرکەوتنی دیموکراسی بەسەر دیکتاتۆریدا لەقەڵەم بدەن. بن علی دۆستی دیموکراسی سارکۆزی و هیلاری کلنتۆن دوێنێ، ئەمڕۆ بوەتە دیکتاتۆرێکی ڕاکردوو کە نایانەوێت بیگرنەخۆ.
هێشتا ئەم سیناریۆیەی تاقمی دەسەڵاتداری تونس سەری نەگرتوە و هەموو لەچاوەڕوانی جەماوەری ڕاپەڕیودان کە بەچ شیعارێکەوە دێتەوە مەیدان. ئەوەی لە بەیاننامەی چەند بەشێکی "یەکێتی گشتی کریکاران" و "حزبی کریکارانی کۆمۆنیست"*دا دەبینرێ لابردنی سەرجەم تاقمی دەسەڵاتداری ئیستا و پیکهینانی حکومەتی کاتی و هەلبژاردن دوای 6 مانگ و پیکهینانی لیژنە وشورایە لەخوارەوە. بەشێکیش لە ئۆپۆزسیۆن کە لەکاتی دەسەلاتی بن عەلیشدا ڕێگەپیدراوبوون کەتەونەتە گفتوگۆو چەند وەزارەتێکیان پیدراوە جگە لە ناوخۆیی ودەرەوە کە لەدەسەڵات حزبی دەسەڵاتداردایە. نازانین ڕەوتی ڕوداوەکان و مەزاجی جەماوەری ڕاپەڕیو بەلای کام بەش لە ئۆپۆزسیۆندا دەچێ، بەشی چەپ و ڕادیکالەکەی کە خوازیاری لابردنی سەرجەم دەسەڵاتدارانی ئیستا و دەزگای حزب و ملیشیاکەیەتی کە تیکەڵ بەدەزگای پۆلیسە و لەسەرانی سوپادان. یاخود بەشی ڕاست و دیموکراتەکەی کە سازدانەوەی هەمان دەسەڵاتی سیاسی و دەستوری پێشوە بەبێ بنەماڵەی بن علی. ئەوەی خاڵی جەوهەریە دەسەڵاتی ئیستایە لە تونس کە چۆن شکڵی پێدەدرێتەوە نەک ئەوەی لە 6 مانگی داهاتوودا چ هەڵبژاردنێک دەکرێت. دەسەڵاتی ئیستا هەلبژاردنی داهاتوو دیاری دەکا نەک بەپیچەوانەوە. ئەگەر حزبی حاکم بە هاوکاری ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی بتوانێت درێژەدانی ڕاپەڕین لەدەستوری خەڵکدا نەهێڵێت و بەدیار چاوەڕوانی حکومەتی " فۆاد المبزع " و دەستوری ئیستا و هەلبژاردنی داهاتوە بهێڵێتەوە ئەم تەجروبەیە ناتوانێ گۆڕانێ لە ژیانی سیاسی و باری ئابوری کریکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا بەدی بێنێ و تەنیا دەسەڵاتی بنەماڵەی گۆڕیوە بە دەسەڵاتی چەند حزبێک کە هەمان سیاسەت و دەسەڵاتی بنەماڵەی پێشوو درێژەپێدەدەن بەبێ بن علی. ئەمە ئەوپەڕی ئەو دیموکراسیەتە بورژوازیەیە کە لە دوای ڕۆشتنی دیکتاتۆرەکان وەک لەشیلی و هایتی و شوینەکانی تر بینیومانە. سیاسەتی بیکاری و برسیەتی و هەژاری و سەرکوتی سیاسی و بەرتەسکردنەوەی ئازادی خۆپیشاندان و ئازادیە سیاسیەکان و ڕێگرتن لە حزب و یەکیتیە کریکاریەکان بەپێی هەمان دەستوری ئیستای تونس درێژەی دەبێ. ئەو ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیەی تا دوێنێ خۆی دژ بە سەرکوتکاری بنەماڵە بوو ئیستا کاری بە ڕاپەڕین و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵک نەماوە و ئاشتبونەوەی گشتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دوێنێ دەکا و بەشە دەسەڵاتی خۆی وەردەگرێ و لەنانی سیاسەتی برسی کردن و بەرتەسکردنەوەی ئازادیەکانی دەسەڵاتی تازە دەخوات. ئەمە خەتەرێکە کە جەماوەری ڕاپەڕیو و ناڕازی لە تونس و لە ووڵاتانی عەرەبی و لە کوردستانیش دەبێ لەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنەدا بیناسێتەوە و نەکەوێتە دوای شیعارە پوچەکانی گۆڕانی دەسەلات و هەلبژاردنی ئازادی داهاتووی. سەرکەوتنی جەماوەری ڕاپەڕیو لە تونس لە هێنانەوە سەرجادەی ڕاپەڕینەکەیاندایە تاکو ئەم دەسەڵاتەی ئیستا میراتگری دیکتاتۆرە لاببرێ و ئەوکات هێز بەقازانجی پیکهێنانی حکومەتێکی کاتی نوێ دەبێ کە نوینەرانی خەڵکی کریکار و زەحمەتکێشی ڕاپەڕیو و یەکێتیە کریکاری و جەماوەریەکان و حزبە چەپ و ڕادیکالەکان بکات و ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بکاتە دەستور و یاسا وبەرنامەکاری دەولەتی تونس. ئەم کارە بە داوا لە تاقمی دەسەڵاتداری ئیستا و چاوەڕوانی بەرەی نیشتمانی لە ئۆپۆزسیۆنێک ناکرێ کە چوەتە باوەشی حزبی حاکمەوە و وەزارەتی لەگەڵدا بەش دەکات ،ئەم کارە بە هێنەوە مەیدانی ئەو هێزە دەکرێت کە بن علی ڕاونا و ئەم تاقمە دەسەڵاتدارەی ناچار بەپاشەکشەکرد. شوراکان و یەکیتیە کریکاریەکان و پیکهینانی بەرەی ڕاپەرین بۆ ڕاماڵینی یەکجاری ئەم دەسەڵاتە و دامەزراندنی حکومەتی کاتی لە نوینەری شورا و یەکیتیە کریکاریەکان و ریکخراوە پیشەیی و جەماوەریەکان و حزبە چەپ و رادیکالەکان و نوینەرانی خەڵًکی ڕاپەڕیو دەتوانێ ئەو ڕۆشنایەی کۆتایی تونێلی دیکتاتۆری بێت کە نەک تەنها بەرچاوی هاوڵاتیانی تونس بەڵکو بەرچاوی هەمووان ڕۆشن بکاتەوە.
‏17‏/01‏/2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە