گرینگی یەکییەتی نەتەوەیی

Thursday, 07/07/2011, 12:00

1367 بینراوە


بێگومان گەلی کورد یەکێک لە هەرە چەوساوەترین گەلانی دونیایە و ئێستاش ڕۆژانە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بە هۆڤانەترین شێوە دەچەوسێنرێتەوە. دەوڵەتانی سەردەستی کوردستان لە هیچ میتۆدێکی نامرۆڤانە درێخیان نەکردووە بۆ چەوساندنەوەی گەلێ کورد و تاڵان کردنی سامانی کوردستان. هەرچەند گەلی کورد بەردەوام خۆڕاگری کردووە و هیچ کات ملکەچی داگیرکەران نەبووە بەڵام لە هەمان کاتدا گه‌لی کورد نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی خۆی بگا و لەو مافانه‌ی کە گەلانی ناوچەکە هەیانە ئەویش بێ بەش نەبێ و بەو شێوازەی کە بۆخۆی دەیهەوەێ بتوانێ بە ناسنامە و کولتوری خۆیه‌وه‌ بژی.
دیارە هۆکاری ئەوەی کە کورد سەرنەکەوتووە زۆرن، بەڵام یه‌کێک له‌ سەرەکیترین هۆکاره‌کان نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی کورده‌. یەکنەگرتوویی کورد زەربەی گەورەی لە کورد داوە و گەورەترین قازانجیشی بۆ داگیرکەرانی کوردستان هەبووە. ئێستاش داگیرکەران دەزانن کە بە کورد نەبێ شەڕی کوردیان پێ ناکرێ و هەر بەوپێیەش بەردەوام لە هەوڵی پرش و بڵاو‌کردنی کوردان دان. دیارە دوژمن یان نەیار، هەر وەک بە نێوەکەیڕا دیارە، دوژمن و نەیاری تۆیە و ئەگەر ئەو هەوڵانەش بدا، شتێکی سەیر و نامۆ نییە، بەڵام ئەوە جێگای پرسیارە کە بۆچی و هەتا کەنگێ کورد ئەو خاڵە لاوازەی خۆی نابینێ و یەک ناگرێ؟
هەروەک دەزانین ڕاپەڕینی گەلانی ناوچەکە لە ئافریقای باکوورەوە تا دەگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوین، سیستێمی دیکتاتۆری وەلەرزە هێناوە و بانگەوازی دێمۆکڕاسی و ئازادی گەلانی ناوچەکەی پێیە. دیارە گەلانی ناوچەکە هەمووی بە بەشی خۆی ئازار و چەوسانەوەی زۆری بینیوە، بۆیە هاتونه‌تە سەر شەقامەکان و باوەڕبەخۆ داوای مافەکانی خۆیان دەکه‌ن و لەو پێناوەدا ئامادە بوون قوربانی زۆر گەورەش بده‌ن. شک لەوەدا نییە کە گەلی سوریە، میسر، تونس، یەمەن و هتد... ئازار و زەحمەتیان کێشاوە، بەڵام من لەو باوەڕەدام کە هیچ یەک لەو گەلانە بە ئەندازەی گەلی کورد ئازار و چەوسانەوە و بێ بەشییان نەکێشاوە. ئەی بۆچی ئەوڕۆ دەبینین کە گەلانی ناوچەکە ئاوا تێکڕایی و بە لێشاو هاتوونەتە سەر شەقامەکان و داوای ئازادی دەکەن بەڵام گەڵی ئێمە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاوا بێ دەنگ و لەماڵاندان؟
من لەو بڕوایەدام که یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان هەڵوێستی هەڵەی بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
لایەنەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان هه‌ڵگڕی هێندێک چه‌مکی تایبه‌ت، که بە کورتی دەتوانین بەو شێوەیە باسی بکەین:
بەشێک ئەوانەن کە چاوەڕوانی هێرشی ئامریکا بۆ سەر ئێرانن که بێت و کۆماری ئیسلامییان بۆ بڕووخێنێ و حکومەتێکی دێمۆکڕاتیک دابمەزرێنێ و مافە ڕەواکانی گەلی کوردیش دابین بکات. لێرەدا پێویستە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە ئامریکا تا ئێستا لە کوێ توانیویەتی ئاسایش و ئەمنیەت بەدی بێنێ و ئاشتی سەقامگیر بکات؟ ئایا ئەو حکومەتەی که بە ساڵیانی دور و درێژ له لایەن زۆربەی هەرە زۆری گەلانی دونیاوە بە ئەمپەریالیستی جیهان واتە داگیرکەری گەورە ناسڕاوە، دەتوانێ لە ماوەیەکی کورتدا ئەوەندە گۆڕانکاری بەسەردا بێت که ببێت به پەیام هێنەری ئاشتی و ڕزگاریدەری گەلان؟ ئەویش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین؟! ، ئەوە ڕاستییەکی بەڵگەنەویستە و هەموومان دەزانین کە ئامریکا تەنیا بەدوای بەرژەوەندی خۆیەتی و ئەو پڕۆژەیەش کە هێندێک لایەنی کوردی چاوەڕوانی دەکەن تەنیا دڵخۆشکەرێکە؛ هەموو دەزانین ئاکامەکانی ئەم پڕۆژەیە لە ئەفغانستان و ئێراق چی بوون و دەبینین که ئێستا دوای چەندین ساڵ تەنانەت ئەمنیەتی گیانیش لەو وڵاتانەدا بوونی نییە.

بەشێکی تر ئەوانەن که بە تەمای ئاوا کردنی ئێرانێکی دێمۆکڕاتیکن لە ڕێگای یەکگرتن لەگەڵ سەلتەنەت تەلەبەکان یان باشتر بڵەین به خۆ هەڵاوەسین بە وانەوە. سیستێمی پاشایەتی هەمان سیستێمە که بە درێژایی سەدان سال گەورەترین زوڵمەکانی لە گەلی کورد کردووە. هیچ کوردێکی بەشەڕەف ناتوانێ لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد لەبیر بکا ، ئایا پاشماوەکانی سیستێمی پاشایەتی کە ئەوڕۆکە بانگەشەی دێمۆکڕاسی دەکەن تا ئێستا ئامادە بوون جارێک ڕەخنەی خۆیان بکه‌ن و له‌گه‌ڵ رابردووی خۆیان که‌ گه‌لانی ئێران به‌ گشتی ئازار و چه‌وسانه‌وه‌یه‌کی زۆری به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ بینیوه‌، ڕووبەڕوو ببنه‌وه‌؟ نەک تەنیا قەت ڕەخنەیان نەکردووە بەڵکوو زۆریش شانازی بە ڕابردووەکەیان دەکەن، که واتە ئەو بیرۆکەیەی کە سەردەمی لەسێدارەدانی قازی محەمەد هەیانبوو ئێستاش هەر هەیانە و بەسەر خۆیاندا ناچنەوە، کەوایە بۆ چی هێندێک لایەنی کوردی دەبێ ئەم هەڵوێستەی ئەوان بەرامبەر بە گەلی کورد نەبینێ و بەردەوام لە هەوڵی خۆشیرین کردندا بێت؟

لایەنێکی تر ئەوانەن کە چاویان لە گۆڕانخوازەکان (ئیسلاح‌تەلەبەکان) و بزوتنەوەی سەوزە کە ڕێگای چارەسەری کێشەی کوردیان بۆ بکەنەوە. بزوتنەوەیەک کە لەسەرەتای ئاوا بوونییەوە تەنانەت بۆ یه‌ک جاریش ئامادە نەبووە باسی نەتەوەی کورد یاخود نەتەوەکانی تری ئێران بکات. بزوتنەوەیەک کە لەودواییەدا واتە لە کاتی هەرە لاوازی خویدا، لە کۆبوونەوەی تایبەت بە نەتەوەکانی ئێران که لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ساز کرابوو، دەڵێ " کورد و ێژری و بەلووچ و عەرەب و تورکمەن لە ئێران میوانی ئێمەن، ئەگەر ڕازی نین و حەزیان لێ نییه دەتوانن ئێران بەجێ بهێڵن و بڕۆن! " ؛ پێویستە لێرەدا ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین که ئەگەر ئەوانە بێنە سەر دەسەڵات و هێز بە دەستەوە بگرن ئایا مافی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد دابین دەکەن؟ ئایا بزوتنەوەیەک کە دروشمی هەرە گەورە و بەرچاوی "گەڕاندنەوەی ئێران بۆ سەردەمی زێڕینی ئیمام خومەینی " و دروشمی لایه‌نە نه‌ژادپه‌رسته‌کانی تورکیه که‌ به‌ گه‌لی کورد ده‌ڵێن"یان حه‌زی لێبکه‌، یان به‌جێی بهێڵه‌" دوباره‌ ده‌کاته‌وه‌ ‌دەتوانێ ببێتە ڕزگاریدەری گەلی کورد؟ ده‌یانهه‌وێ بمانگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ئەو سەردەمە زێڕینەی کە تێیدا خومەینی فەرمانی جیهادی دژ بە کوردان دەرکرد!

جیا لە هەمووی ئەوانە شتێکی کە جێگای داخە ئەوەیە که گەلی کورد کە بە درێژایی مێژوو لە خەبات و تێکوشان بۆ ئازادیدا پێشەنگ بووە، ئێستاکە بۆ چی دەبێت خۆی بکات به پاشکۆ، ئەویش پاشکۆی ئەوانەی که ڕابردوویەکی زۆر ڕەشیان بەتایبەت لەمەر گەلی کوردەوە هەیە؟
هەڵبەت هەموومان دەزانین که ئازادی و دێمۆکڕاسی لە ئێراندا بە یەکگرتوویی دێمۆکڕاتیکی هەموو گەلانی ئێران بەدی دێت، لە یەکگرتوویی دێمۆکڕاتیکیشدا پێشکۆ بوون و پاشکۆ بوون، باڵادەستی و ژێردەستی بوونی نییە. بەڵام ئەوەی که ئێستا دەبینرێ چاولەدەست بوون و پاشکۆ بوونی لایەنە کوردییەکانه که بەرهەمی خۆبچووک زانینیانە لە بەرامبەر لایەنە ئێرانییەکاندا. ئەم خۆبچوک بینینەش تەنانەت بۆتە هۆکاری نکۆڵی کردن لە خۆیان و وەکوو مەرجی سەرەکیش بۆ بەشدار بوونیان لەو کۆڕ و کۆبوونەوانەدا لە لایەن لایەنی ئێرانیەوە لەبەرچاو دەگیردرێ!
وه‌کوو دوا گووته‌ مرۆڤ ده‌توانێ بڵێ که‌ گه‌لی کورد هیچ شتێکی له‌و گه‌لانه‌ی که‌ ماف و ئازادیه‌کانی خۆیان به‌ ده‌ست هێناوه‌ که‌متر نییه‌. کاتێ مرۆڤ ئاوڕێک له‌و گه‌لانه‌ ده‌داته‌وه‌ ده‌بینێ که‌ له‌ ئاکامی خۆ به‌ڕێکخستنکردن، نرخ و به‌ها دان بۆ ئازادی و له‌ هه‌مووی گرینگتر پێکهێنانی یه‌کییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان، توانیان به‌ ئامانجه‌کانی خۆیان بگه‌ن. به‌ درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م که‌ زۆربه‌ی گه‌لانی جیهانی کیانی سه‌ربه‌خۆی خۆیان دامه‌زراند، گه‌لی کوردیش هێنده‌ و بگره‌ له‌‌ زۆربه‌ی ئه‌و گه‌لانه‌ش زیاتر قوربانی بۆ به‌ ده‌ستهێنانی ئازادی و ما‌فه‌کانی خۆی داوه‌. هیچ کاتێک رۆڵه‌کانی گه‌لی کورد له‌ گۆڕه‌پانی تێکۆشان دانه‌بڕاون و پاشگه‌ز نه‌بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مخابن له‌ به‌ر نه‌بوونی یه‌کییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و که‌لێن له‌ نێو رێکخراوه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی گه‌لی کورددا، کاروانی تێکۆشانی گه‌لی کورد هێشتا به‌ سه‌رمه‌نزڵگا نه‌گه‌یشتووه‌ و هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامه‌.
ئیدی کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ پارت و ڕێکخراوه‌کانی کوردستان له‌ جێگای به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی ڕۆژانه‌، له‌ خه‌می داڕشتنی ستراتێژییه‌کی هاوبه‌شی کوردستانی دا بن. به‌ ته‌نیا نرخه‌ پیرۆزه‌کانی مێژووی سه‌دەی ڕابردووی تێکۆشانی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو پارت و ڕێکخراوه‌کانی کورد له‌ ده‌وری ئه‌و نرخانه‌ کۆ ببنه‌وه‌ و به‌ پته‌و کردنی هه‌ستی یه‌کییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هیوایه‌کی نوێ له‌ گۆڕه‌پانی تێکۆشان دا ، به‌ تایبه‌ت له‌ نێوخۆی وڵاته‌وە درووست بکه‌ن‌ و به‌و شێوەیه‌ له‌ دۆخی پاسیڤ و چاوله‌ده‌ست بوونی ئێستا ده‌رکه‌ون و ڕۆژه‌ڤی تێکۆشانی خۆیان ده‌ستنیشان بکه‌ن و له‌ جێگای ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگاچاره‌ی کێشه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ بگه‌ڕێن، به‌ هه‌ڵوێستێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ئه‌م چه‌ند‌ ساڵه‌ی دواییدا، ڕێگا بۆ قه‌ڵه‌مبازێکی نوێ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا خۆش بکه‌ن. بێگومان به‌ر له‌ هه‌ر شتێک، هه‌نگاوهه‌ڵهێنان و ویستی پێکهێنانی به‌ره‌، یان ستراتێژییه‌کی یه‌کییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دێمۆکڕاتیک دێت. 
2011-07-06



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە