هاشمی‌: تاڵه‌بانی‌ پێی وتم ده‌مه‌وێ‌ ببمه‌ سه‌رۆك كۆمار تا بچمه‌ نێو مێژووه‌وه‌

Friday, 01/02/2013, 12:00

2276 بینراوە


ڕێگەم بدەن چەند سەرنجێک بدەم لەسەر ئەم ووتەیەی "تاریق هاشمی" کە کەسێکە لە نادیاردا لە سەر تیرۆر لە ووڵاتی عێراق دادگایکراوە و سزای لە داردانی بۆ بڕاوەتەوە. واتە هاشمی دەبێت بمرێت و جارێکی تر نەیەتەوە ناو کایەکانی سیاسەت، ئەو جێگریی: جەلال تاڵەبانی" بوو بەر لەوەی لە ڕێگەی مەسعود بارزانییه‌وە بەڕێ بکرێت بۆ تورکیا و ئه‌و یاسایەی مەسعود هەموو جارێک بەسەروەری دەزانێت قوتاری کرد.
بۆچی یەکێتی نیشتمانی و شاعیر، نووسەرە دەربارەکان، گۆرانی بێژه‌ گرینۆکه‌کان که‌ گۆرانیان به‌سه‌ر تاله‌بانییدا هه‌ڵده‌دا، هه‌روه‌ها، نزاکاران و خوێنبەخشەکان و خاوەن مەڕە قوربانییه‌کان کە بۆ سەرۆکیان دەبەخشێوە، بۆچی وەڵامی' تاریق هاشم' نادەنەوە؟ بڵێن بوەستە کوانێ و لە کوێدا فەخامەتی تاڵەبانی لە جەنابت پاڕاوەتەوە ، کە خۆت کاندید نەکەی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق؟

من بۆ خۆم گومانم نییە کە "تاڵەبانی " لە خودی ئەم شۆڤێنییە پاڕاوەتەوە، چونکە تاڵەبانی هەموو شتێک لەپێناوی گەیشتن بە پۆستی سەرۆک کۆمار کردووە. با زیاتر ووربینەوە، بزانین " تاڵەبانی" چی لە یەکێتی نیشتمانی کرد؟ بۆ ئەو حیزبەی کەخاوەنی مێژوویەک بوو لە قوربانیی و بەره‌نگاریی، دەریایەک قوربانی دا، کەچی تەسلیمی بنەماڵەی بارزانی کرد و مەسعودیش هەموو ئەو سەروەرییەی لە نادیاردا بۆ خۆهەڵکێشان بە داگیرکەرە ئەمەریکییه‌کان دەفرۆشتەوە. سەیری کتێبی "ساڵەکەم لەعێراق" بکەن لەلاپەڕەی ٨٤دا مەسعود باسی شەڕێک دەکات کە چەندین تانکی ڕژێمی بەعسی تێدا شکێنراوە و واخۆی دەر دەخات کە مەسعود خۆی ئار بی جییه‌کانی تەقاندوە و ناوێتی بە تانکەکانەوە، هەر ئەوە مابوو وەک مامە ڕیشە باسی داستانەکانی خۆیمان بۆ بگێڕێتەوە. هەمووشمان دەزانین ئەو شەڕە یەکێتییه‌کان کردویانه‌ و هێشتا شەڕکەرەکان لەژیاندا بەردەوامن. تاڵەبانی کەسایەتییەکی هێندە فێڵبازە قەپاندنی کەسێکی وەک "تاریق هاشمی" هەر هیچ نییە بۆ ئەو چونکە لە دەیان ئاوی ی داوە و قولەپێی تەڕ نەبووە، بیرمە کاتێک "مەلابەختیار " لە یاخسەمەر ڕایکرد کە بچێتەوە بۆ لای بەعسییه‌کان، کە ئێستا باسی بەشێوەیەک دەکات گوایە ئەو پلانی وای نەبووە ، بەڵکو وویستوێتی لە سلێمانی خۆی بشارێتەوە کە لە بەختۆخە لەشەدەڵە گیرایەوە، تاڵەبانی " وەستاعەبدول"ی بەردا و چووە لای مەلابەختیار لێی پرسی تۆ "حیکمەتی جگەرچی" کەی لەدایک بووی ووتی مامەگیان ساڵی ١٩٥٧ ووتی حیکمەت تۆ دەتەوێ فێڵ لە من بکەیت من لە٥٧دا ئینشیقاقم لەناو حیزبی شیوعیدا کردوە.
لەهەمان کتێبدا، کە ئاماژەم پێدا لە لاپەڕەی ٢٩٦ /٢٩٧ دا پۆل بریمەر ئاماژە بەخاڵێک دەدات و ڕوو لە تاڵەبانی دەکات، پێی دەڵێت: "بەڕێز تاڵەبانی تۆ دۆستێکی کۆنی ئەمەریکایت و زۆر کەس هەن لەواشتۆن بە تۆ سەرسامن " ئیتر تاڵەبانی به‌م پێهه‌ڵدانه‌ گەشکە دەیگرێت.
ئەمەریکییه‌کان بەهەموو جۆرێک تاله‌بانی بەکاری دەهێنن، بۆیە کورد لە ڕێگەی ئەم کەسایەتییانەوە هیچی لەعێراق نەچنێوە، تاڵەبانی لەخەمی مێژوودایە، مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ک نا، به‌ڵکو مێژوو بۆ خۆی، بەڵام کاتێک بڕیار دەدەن سەدام لەدار بدەن دێتەوە سلێمانیی، ئه‌وه‌نده‌ به‌ وه‌فا ده‌بێت، نایه‌وێت ئه‌و کاره‌ساته‌ ببینێت . تاڵەبانی :
دوای ئەو هەموو ساڵە کە بەحساب سیاسەتی کردووە تەنها لەخەوی ئەوەدابوە بە پلەیەکی بەرز بگات، ئیتر لای ئەو گەیشتن بەو پلەیە چوونە ناو خانەی مێژووەوه‌، به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بووه‌! بەڵام مێژوو خۆی چییە؟

ئا لێرەوە دەمانەوێت ئاماژە بۆ خودی مێژوو بکەین، گەر چاوێکی خێرا بخشێنین بە مێژوودا دەبینین سەدان و هەزاران کەسایەتی چوونەتە خانەی مێژۆوە، بەڵام چۆن؟ هێتلەر توانی بچێتە ناو دڵی ٧٠ملیۆن ئەڵمانییه‌وە لەکاتێکدا ، کاتێک ووتی
"یەکەمین شەڕی جیدی مێژوو لەنێوان، بەهاڕەگەزییه‌کان لەووڵاتی یۆناندا ڕوویدا، شەڕێک کە بەقازنجی خەڵکی باکوری ئەوروپا تەواو بوو، لەم مێژووە بەدواوە مرۆڤ لە ڕوانگەی ڕووناکی و خودی ژیانەوە سەیری ژیان دەکات". (خەباتی من)

کاتێک هێتلەر ووتافی دەدا و پەیمانی بەخەڵکی ئەڵمانیا دا کە دنیایەکی باشتریان بۆ فەراهەم بکات ، ئەوان بەگفتەکانی هێتلەر سەرخۆش بوون و لەگەڵ خەونەکانی کەسێک شەیدای چونە ناو مێژووە ئێخە گیر ببوون . تا مێژوو لێی نەبورد و بۆ زبڵدانی خۆی نارد، سەدام لە هەموو دەرکەوتنێکیدا هێندەی باسی خۆی دەکرد هیچی دیکه‌ی نەدەبینی. بیرمە جارێکیان چووە شاری بابل و لەبەردەم دیوارێکی خشتی سوردا وەستاو بە کابرای ئەندازیاری دەووت دەبێ لەم دیوارە خشتەدا ناوی من بنووسی خشتێک دروست بکەیت ناوی منی لەسەر بێت، ئەی چەند سەد ساڵێکی تر خەڵک چۆن بزانن" سەدام حسێن" هاتۆتە ئێرە و سەری لە باپیرە گەورەی "حامورابی" داوە؟
سەدام بەوەوە نەوەستا ڕیشەی خۆشی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سەر"محەمەد مستەفا"ی پێغەمبەری ئیسلام، بەڵام نەیتوانی بچێتە ناو خانەی مێژوویەکی جوانەوە، به‌ڵکو لەکونێکدا گیرا.
تاڵەبانی جارێ لە ژیاندایە، چونکه‌ مێژوویه‌کی ناشرین و پڕ له‌ خیانه‌تکارانه‌ی هه‌یه‌، ئه‌وه‌تا له‌ ئیستاوه‌ هەر ڕۆژەی چرنوقێک لە مێژووی دەگرن.
کاتێک لە شۆڕشی کوبا دەڕوانین "ڤیدڵ کاسترۆ" لەسەرەتاوە بۆ نوسینەوەی مێژوو، مێژوو بەچرکەش بەرۆکی بەر نەدەدا، کەچی مانەوەی لە حوکمدا ئەو پیاوەی لەهەموو جوانییه‌کان ڕووت کردەوە. ئەم سەر زەمینە هەزاران نمونەی جوان و ناشرینی ناو مێژووی هەیە، بەڵام نەمانزانی تاڵەبانی کام له‌م مێژووانه‌ی دەوێت؟ مێژووی جوان، وەک سێبەری خۆی وایە و هەرگیز پێیناگات، مێژووی ناشرینیش ئەوە دەمێکە لەگەڵیدا ڕێدەکات. جارێ لەژیاندایە ئەوەتانێ هاوڕێکانی هەر ڕۆژە درۆیەکی بەدەمەوە دەکەن، ڕۆژێ دەڵێن بە سێ زمان قسە دەکات، ڕۆژێک دێن دەڵێن لە مەترسییه‌کان ڕزگاری بووە، ڕۆژێک دەڵێن دەتوانێ 100 مەتر بەبێ گۆچان بڕوات . هەر لە باسی مێژوودا کەسمان ناتوانین، یان چاکتر بڵێم مرۆڤایەتی ناتوانێ ڕێزی بۆ "نیلسۆن ماندێلا" نەبێت. ئەو پیاوە جوانە کە داوای لێکرا چوار ساڵی تر لە ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێتەوە، مانێلا ووتی:"من لە ژیانی خەباتدا کاری شیاوم کردوە، نامەوێت بۆ مانەوەم لە حوکمدا ئەو جوانیانە له‌ ده‌ست بده‌م" کەچی تاریق هاشمی بۆ هەڵبژاردنی خولی دووهەمی تاڵەبانی دەڵێت: تاڵەبانی پێی ووتم جارێ ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارەت بەمەوە، بەڵام کە بیرەوەرییه‌کەم نووسییه‌وە ئەوە بەچەند لاپەڕەیەک وەڵامی ئەو پرسیارەت دەدەمەوە. کەی بیرەوەرییه‌کەت دەنووسیتەوە؟ ئەوەش هەر لەخەونی وشتر دەچێت. تاڵەبانی بەداخەوە نەچووە خانەی مێژوویەکی جوانەوە، ئەوەتانێ ئەو عێراقەی ئەو بەڕێزە کوردی کردە قوربان بە دێڕێکیش باسی ناکات، خەریکە بەر لە کۆچکردنی لەناو حیزبەکەی خۆشی کە سکرتێریانە کاڵ دەبێتەوە، کاڵبوونەوەی تاڵەبانی لەوە دەستی پێکردووە، کە لەم ماوەیەدا "شێرکۆ بێکەس" خەریک بوو ئەو نامیلکە شیعریەی لە مێژە بۆی نووسیوە بەچاپی بگەیەنێت
واجارێ هەر دەستنووسە، دەشڵێن چاپکراوە، بەڵام بڵاوی ناکەنەوە، کەچی هەر ناتوانێ زەفەر بەمێژووش بگەیەنێت.
گەرچی "تاریق هاشمی" لەم کاتەدا ئەم قسەیەی بە مەبەست کردووە، بەڵام ڕاستییەکی سەیر لە هەناوی ئەم شۆڤێنیەوە دەر دەچیت، کە ڕامان دەگرێت لەبەر دەم پرسیارێکدا، پێمان دەڵێ پەندەکانی باوباپیرانمان هەمووی حیکمەتە بۆچی فەرامۆشی دەکەن " چەند ساڵ بکه‌ی بێگانە پەرستی ، ئاخر هەر دەهێنین نشوستی" من لەجیاتی تاڵەبانی تەریق بوومەوە هەستم بەوە کرد و لەخۆم پرسی داخۆ ئەم بەڕێزە لەجیاتی ئەو هەموو خۆ ماندووکردنە لوتێکی درێژی هەبوایە وەک ئەو پیاوەی تورکیا باشتر نەبوو، خۆ ئەویش بەبۆنەی لوتێوە دەچێتە خانەی مێژووە و کەسیش لەپاش مردنی قسەی لەسەر ناکات .

لوتێک ململانێی چوونە ناو مێژووەوە دەکات


سەرچاوەکان:
ڕۆژنامەی ئاوێنە
دەروونناسی جەماوەری فاشیزم
ساڵەکەم لەعێراق


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە