بازرگانەكانى پشتەوەى گرێبەستەكانى نەوت كێن؟ (داهاتى هەموو كورد لە جانتاى کۆیله‌یه‌کی بنه‌ماڵه‌دایه‌)

Thursday, 19/11/2009, 12:00

993 بینراوە


لە تاو بۆنى گەندەڵى كوردستان بۆرسەى ئۆسلۆ هاوارى لێ هەستا
ڕۆژى 19ى9 میدیاكانى ووڵاتى نەرویج لە زمانى بۆرسەى ئۆسلۆوە ئەوەیان بڵاوكردەوە كە نزیكەى ساڵێك پێش ئێستا كۆمپانیاى (DNO)نەرویجى بە نهێنى بەشێك لە پشكەكانى خۆى فرۆشتووە بە كۆمپانیاى(جینێڵ ئینێرجى)توركى و ئەم كارەش لە ڕێگەى ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتیەكانى حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە جێبەجێكراوە ,بۆرسەى ئۆسلۆ ئەو سەوداو مامەڵەیەى كۆمپانیاى DNOبە فەزیحە ناوبردو ڕایگەیان كە ئەوەى كۆمپانیاى (DNO) كردویەتى كارێكى نایاساییە ولەبەرامبەر ئەو سەرپێچیەدا بۆرسەى ئۆسلۆ بە بڕى زیاتر لە 368 هەزار دۆلار كۆمپانیاى DNO غەرام كرد, میدیاى ئەهلیش لە كوردستاندا توانى تیشك بخاتە سەر ئەم مەسەلەیە, بابەتى سەرەكى ڕۆژنامە سەربەخۆكان بوو,بۆ زیاتر قسەكردن لەسەر ئەم مەسەلەیە پێویستە هەركەس لەلاى خۆیەوە تیشك بخاتە سەرى و چەند لایەنێكى شاراوەى ئەم مامەڵەكردنە بە داهات و سامانى خەڵكى كوردستانەوە.
داهاتى هەموو كورد لە جانتاى  کۆیله‌یه‌کی بنه‌ماڵه‌دایه‌
كابینەى پێنجەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان پێك هاتبوو لە 42 وەزارەت (وەزارەتى سامانە سروشتیەكانى یەكێك بوو لەو 42 وەزارەتە) كە ئاشتى هەورامى كەسى باوەڕپێكراو نزیكى نێچیر بەرزانى سەر پەرشتى دەكرد,ئەم وەزارەتە ئەگەر چى لەماوەى چوار ساڵى كاركردنیدا لە بوارى نەوت و سامانە سروشتیەكانى حكومەتى هەرێم گرێبەتى لەگەڵ زیاتر لە 30 كۆمپانیاكردووە كە لە 16 ووڵاتى جیاجیاوە هاتوونەتە هەرێم بۆ كار كردن لە بوارى دۆزینەوەى بیرە نەوت و هەڵكەندنى و دەرهێنانى نەوت لە هەریمى كوردستاندا,ئەوەى تا ئێستا دیارە لەم وەزارەتە ئەوەیە كە وەزارەتیك هەبووە و وەزیرێكى هەبووە بەناوى ئاشتى هەورامى و وەزیرەكەشى جانتایەكى هەبووە لەوەزیاتر هیچ شتێكیتر لەم وەزارەتە دیار نییە. ئەگەرچى لە كابینەى پێنجەمدا 35 وەزارەت بە وەزارەتى فیعلى دادەنرا و شەش وەزارەتیش هەبوون بەناوى (وەزارەتى هەرێم)كە هەموویان لە بینایەكدا كۆكرابوونەوە و خاوەنى بیناو فەرمانبەر و مومتەلەكاتى وەزارەت بوون بەڵام وەزارەتى نەوت ئەگەرچى لە لیستى وەزارەتە فیعلیەكاندا حسابى بۆ كراوە بەڵام نە بینا نە موتەلەكات نە فەرمانبەر نە تۆمارگاو نە لەهەرشتێكیترى كە پێوستبن بۆ وەزارەتێك نەیبووە,ئەمەش ئەو گومانەیە كەلەلاى زۆركەس دروست بووە كە ئایا ئەبێت گرێبەستە نەوتیەكان لە چ كون و قوشبنێكى ئەم ووڵاتەدا و بە ئاگادارى كێ ئەنجام درابێتن.
ئاشتى هەورامى فرۆشیارە یان كڕیارە یان دەڵاڵە
هەندێك لە میدیاكانى نەرویج ئەوەیان بڵاو كردووەتەوە كە ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتیەكانى هەرێم كڕیار بووە پشكەكانى لە كۆمپانیاى DNO كڕیوە و لەو مامەڵەیەدا بڕى زیاتر لە 17.5ملیۆن دۆلار قازانجى كردووە,بەڵام حكومەتى هەرێم لە ڕوونكردنەوەكیدا ئەوەى ڕاگەیاند كە حكومەتى هەرێم و وەزیرى سامانە سروشتیەكانى هەرێم نەكڕیارن و نەفرۆشیار بەڵكو تەنها كارئاسانیان كردووە لەنێوان ئەو دوو كۆمپانیایەدا.بەپێى هەردوو بارەكەدا ئاشتى هەورامى سەرپێچى یاساى كردووە پێویستە لێپرسینەوەى لەگەڵدا بكرێت جارێك ئەگەر زانیارى میدیاكانى نەرویج راست بن لەیەككاتدا ئاشتى هەورامى بەرپرس و كڕیارو فرۆشیاربێت ئەوا پەێى یاساى ئەوەى ئاشتى هەورامى كردوویەتى تاوانە و پێوستە لێپرسینەوە لەگەڵدا بكرێت,وە ئەگەر ڕوونكردنەوەكەى حكومەتى هەرێم ڕاست بێت و ئاشتى هەورامى دەڵاڵى كردبێت ئەوا بەپێى یاسا وەزیرى سامانە سورشیتەكانى حكومەتى هەرێم پێوسیت دەكات لێپرسینەوەى لەگەڵدا بكرێت چونكە دەبێت ڕونبكرێتەوە چ شتێك وا دەكات وەزیرى سامانە سروشتیەكانى حكومەتى هەرێم خۆى بهاوێتە ناو ئەو تەنگەشەوە؟ئایا كۆمپانیاى جینێڵ ئینێرجى توركى ئەوە دەهێنێت وەزیرێكى حكومەتى هەرێم سەرپێچى یاسایی بۆ بكەیت؟ئایا ئەو كۆمپانیا توركییە سەهمەكانى هى كێن؟ئایا بەرپرسانى كورد بەتایبەتى بنەماڵەى بەرزانى هیچ سەهمێكیان لەو كۆمپانیا توركیەدا نییە؟ئەمانە ئەو پرسیارانە كە گومان دەكرێت كە كە ئاشتى هەورامى هەروا بەئاسانى نەچووتە ناو ئەو سەوداو مامەڵە گوماناوى و نهێنیەوە.
پەلەكردن لە ناردنە دەرەوەى نەوتى هەرێم بۆ بەرژەوەندى كێ بوو؟
لە ڕۆژى یەكى حوزەیرانى ئەمساڵ لە ئاهەنگێكدا و بەئامادەبوونى تاڵەبانى و بەرزانى وەك دوو بەرپرسى پلەى یەكى هەرێم و عێراق بەفەرمى ناردنە دەرەوە نەوتى كوردستان لە هەردوو كێڵگەى نەوتى تاوكى زاخۆ و خۆرمەڵەى مەخمور لە ڕێگەى بۆریە نەوتەكانى كەركوك-جیهانى توركییەوە ڕەوانەى دەرەوە كرا,بەپێى ئەو زانیاریانەى دەست كەوتوون پەلەكردن لەناردنە دەرەوەى نەوتى هەرێمى كوردستان زیاتر بۆ بەرژەوەندى خودى ئاشتى هەورامى بوە هەروەها كۆمپانیاى جینێڵ ئینێرجى توركى و كۆمپانیاى DNO نەرویجیش بێبەش نەبوون لەو بەرژەوەندیە,چونكە بە ڕاگەیاندنى هەوڵى ناردنە دەرەوەى نەوتى كوردستان نرخى پشكەكانى كۆمپانیاى DNO نەرویجى بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینى هەروەها نزیكەى5% پشكەكانىDNOبە نهێنى و بەبێ ئاگادارى بۆرسەى ئۆسلۆ فرۆشراوە ئاشتى هەورامى ئەویش پاش بەرزبوونەوەى نرخ پشكەكانى خۆى دەفرۆشێت بە كۆمپانیای جینێڵ ئینێرجى توركى و لەم كڕین و فرۆشیەدا زیاتر لە 17.5ملیۆن دۆلار قازانج دەكات.
هەموان قازانج دەكەن !ئەبێت كێ لەم سەوداو مامەڵیە زەرەر بكات؟بەبڕواى چاودێرانى ئابوورى و سودمەندەكانى ئەم مامەڵەیە هەموو كڕیارو فرۆشیارەكانن نەك هەرێمى كوردستان,ئەو پەلەكردنەش لەناردنە دەرەوەى نەوتى كوردستان بۆ بەرژەوەندى ئەو بەرپرسانەى هەرێم بووە كە پشكیان لە كۆمپانیاكاندا هەیە نەوەك بۆ بەرژەوەنى خەلكى كوردستان چونەكە چاودێرانى سیاسى و ئابووى پێیان وابووە كە پێویست ناكات ئێمەى كورد لەم كاتەدا نەوتى یەدەكى هەرێمى كوردستان بفرۆشین و پارەكەى بدەینەوە بەناوەند
مەسعود بەرزانى لەگرێبەستە نەوتیەكاندا ئاگادارە و شەریكە بەشە
لەماوەى 4ساڵى ڕابردوودا لەسەر مەسەلەى گرێبەستە نەوتیەكانى حكومەتى هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانى تایبەت بە دۆزینە و دەرهێنانى نەوت لەكوردستان ناكۆكى لە نێوان وەزارەتى نەوتى عێراق و حكومەتى هەرێمى كوردستاندا هەبووە زۆر جار گرژى و ئاڵۆزى و لێدوانى توند و ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویدا وە لە نێوانیاندا هەتا گەشتە ئەو ڕادەیەى كە بەرپرسانى كورد لە ڕێگەى لیستى هاوپەیمانى كوردستانەوە كاریان بۆ ئەوە دەكرد كە حسێن شەهرسانى بانگ بكەنە پەرلەمانى عێراق و لێپرسینەوەى لەگەڵدا بكەن,بەڵام لەبەرامبەر ئەو هەوڵەو وەك وریاكردنەوەیەكى بەرپرسانى كورد حسێن شەهرستانى وەزیرى نەوتى عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤارى بزنس ویكى ئەمەریكى سەبارەت بە گرێبەستە نەوتیەكانى حكومەتى هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان وتوویەتى لە گرێبەستە نەوتیەكانى حكومەتى هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكاندا مەسعود بەرزانى و هەندێك لە بەرپرسانى كورد شەریكن,شەهرستانى هەر لەسەرەتاوە ئەو گرێبەستە نەوتیان بە نایاساى دادەنێت و زۆر بەتوندیش دژایەتى كاركردنى كۆمپانیا نەوتیەكانە لەكوردستان بەرپرسانى كورد دژایەتى كردنى شەهیرستانى بۆ مەسەلەى سیاسى دەگرێڕنە و پێیان وایە كە دژایەتى كردنى ناوەند و وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ گرێبەستە نەوتیكان و مەسەلەیەكى سیاسیە نەك مەسەلەیەكى یاسایی بەڵام حسین شەهرسانى لەوەڵامى ئەو تۆمەتانەى بەرپرسانى كوردا هەمیشە ئەوە دەڵێتە ئەگەر گرێبەستەكان یاساین بۆ بەشەفافیەت ئەنجام نەردراو تا ئێستا هیچ كەسێك لەكوردستان ئاگادارى وردەكارى ئەو گرێبەستە نەوتیانە نین و تەنانەت خودى پەرلەمانى كوردستانیش نازانن ئەو گرێبەستانە چۆن ئەنجام دراون.
پەرلەمانتارێكى خولى دووەم:گرێبەستە نەوتیەكان گەندەڵى زۆر زۆرى تێدایە
لەماوەى چوار ساڵى كاركردنى پەرلەمانى كوردستاندا ڕێگە نەدرا بەهیچ شێوەیەك گرێبەستە نەوتیەكان بخرێنە بەر باس و لێكۆڵینە و هەروەها پەرلەمان ئاگادارنەبووە لەوەى كێ ئەو گرێبەستە نەوتیانەى ئیمزا كردووە و چۆن كراوە, ئەندامێكى لیژنەى پیشەسازى و وزە لە خولى دووەمى پەرلەماندا ئەوەى بۆ ئاشكرا كردین و لەوبارەیەوە گووتى ئێمە دەمانزانى كە گرێبەستە نەوتیەكان دزى و گەندەڵیەكى زۆرى تیدا كراوە و لە پێناوى بەرژەوەنى چەند بەرپرسێكى گەورەى كورد زۆر كارى نایاساى لە گرێبەستە نەوتیەكاندا ئەنجام دراوە بەڵام لەلایەن حیزبەوە پێمان ڕاگەیەنرابوو كە بەهیچ شێوەیەك نابێت دەست بۆ وەها مەسەلەیەك بەرین و بیخەنە بەرباس و لێكۆڵینەوە .
نێچیر بەرزانى دەبێتە خاوەنى هەموو نەوتى كوردستان
بە پێى ئەو زانیاریانەى تا ئێستا دزەى كردووتە ناو ڕاگەیاندنەكان وەزارەتى سامانە سورشتیەكانى لەلاى پارتى دەمێنێـتە وخودى نێچیر بەرزانیش دەكرێتە كەسى یەكەمى سەرپەرشتى كردنى دۆسیەى نەوت لە هەرێمى كوردستان,بەم پێیەش سامان و نەوتى هەرێمى كوردستان هەموو دەكەوێتە ژێر دەستى خودى نێچیر بەرزانى و چونكە لەماوەى ڕابردوودا ئاشتى هەورامى كەسى نزیك متمانە پێكراوى نێچیر بەرزانى بووە هەردوولاشیان ئاگادارى ووردەكارى تەواوى گرێبەستە نەوتیەكانى حكومەتى هەرێمن لەگەڵ كۆمپانیاكان.
لەبارەى گرێبەستە نەوتیەكانەوە مالیكى ئامادە نەبوو لەگەڵ نێچیر بەرزانیدا كۆبێتەوە
پێش هەڵبژاردنەكان بڕیار وابوو وەفدێكى هەرێمى كوردستان بەسەرۆكایەتى نێچیر بەرزانى بچێتە بەغداد بۆ تاوتوێكردنى مەسەلە هەڵواسراوەكانى نێوان هەرێم و بەغداد گرنگترینیان مەسەلەى نەوت و گرێبەستە نەوتیەكانى هەرێم بوو لەگەڵ كۆمپانیاكان بەڵام نورى مالیكى بەبیانوى ئەوەى ئەو لەگەڵ حكومەتى تازە هەڵبژێراودا كۆدەبێتەوە ئامادە نەبوو پێشوازى لەو وەفدە بكات كە نێچیر بەرزانى سەرۆكایەتى دەكات,دواى هەڵبژاردنەكان كە لیستى كوردستانى زۆرینەى دەنگى بەدەست هێنا جارێكیتر هەوڵى ئەوەدرا نێچیربەرزانى بەسەرۆكایەتى وەفدێك بڕواتە بەغداد بۆ یەلكلایكردنەوەى كێشەكانى نێوان هەرێم و بەغداد بەڵام ئەمجارەشیان نورى مالیكى ئامادە نەبوو پێشوازى لەو وەفدە بكات,پەرلەمانتارێكى لیستى هاوپەیمانى ئەوەى پێراگەیاندین كە مالیكى هیچ مەیلێكى نییە لەگەڵ بەرپرسانى پارتیدا كۆبێتەوە لەسەر هیچ مەسەلەیەك وهەر ئەو پەرلەمانتارە پێى رشاگەیاندین كە ملنەدانى مالیكى بۆ كۆبوونەوەكان لە بەرژەوەنى كورد تەواو بوون چونكە نێچیربەرزانى ئامادەبوو تەنازول لەسەر چەند مەسەلەیەك بكات لەبەرامبەر ئەوەى مالیكى و حكومەتى عێراقى دان بنێن بە گرێبەستە نەوتیەكانى حكومەتى هەرێم كە لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كردوویەتى
بنەماڵەى بەرزانى و تاڵەبانى شەریكن و پشكیان لەگەڵ كۆمپانیاكاندا هەیە
بە پیی ئەو زانیاریانەى لە میدیاكانە و بڵاو دەكرێنەوە هیچ كۆمپانیایەكى تایبەت بە نەوت ڕێگەى پێنادرێت لەكوردستان كار بكات ئەگەر شەریكایەتى بەرپرسانى بنەماڵەى تاڵەبانى و بەرزانى قبوڵ نەكات,بەپێى ڕاپۆرتێكى ڕۆیتەرز زۆربەى كۆمپانیاكان سكاڵاى ئەوە دەكەن كە بەرپرسانى كورد ناچاریان دەكەن كە شەریك بن لەگەڵیاندا ئەگینا ڕێگەى كاركردنیان پێنادەن یان كار ئاسانیان بۆناكەن و گرفتیان بۆ دروست دەكەن.پەیى ئەو زانیاریانەى تا ئێستا لەبەر دەستدان هەموو ئەو كۆمپانیانەى كە لە سنورى هەولێر و دهۆك كاردەكەن بنەماڵەى بەرزانى شەریكن لەگەڵیاندا,ئەو كۆمپانیانەشى كە لەسنورى ئیدارەى سلێمانى كار دەكەن هەریەكە لە بنەماڵەى تاڵەبانى و كۆسرەت ڕەسوڵ و دكتۆر بەرهەم شەریكن لەگەڵیاندا

كۆمپانیاى DNO ى نەرویجى ناوبانگێكى خراپى هەیە
كۆمپانیاى DNO لەساڵى 2004 هاتووەتە كوردستان و لەگەڵ ئیدارەى هەولێردا گرێبەستى دۆزینەوە و دەرهێنانى نەوتى كردووە لە ناوچەى تاوكى زاخۆ,هاتنى كۆمپانیایەك بۆ ئیش كردن لەكاروبارى نەوت و لەسەردەمێكى تاڕادەیەك ئاڵۆزو ئایندە نادیاردا واى كرد كە بەرپرسانى حكومەتى بەغداد بەدواى ئەم مامەڵەو سەودایەدا بچن بۆیە هەرزوو بۆیان ڕوون بوویەوە كە كۆمپانیاى DNO و ئەو كۆمپانیایانەى هاتوونەتەكوردستان هیچكامیان ناوبانگى باشیان نییە و كۆمپانیاى زۆر بێتوانان بەڵام ئەوەى هەیانە پارەیەكى زۆرە, ئەوەى تائێستا ڕوونە كۆمپانیاى DNO چەندین شەریكى هەیە یەكێك لە شەریكەكانى بەرپرسانى حكومەتى هەرێمن بەتایبەتى بنەماڵەى بەرزانى شەریكێكیترى كۆمپانیاى DNO بازرگانیەكى یەمەنییە بەناوى شەهیر عبدولحەق كە بەپێى چەند هەواڵێك ئەم كەسە و كوڕەكەى تاونبارن بە كوشتنى كچێكى بەریتانى و لە ووڵاتى بەریتانیا قاچاخە,ئەم بازرگانە ئێستا داواى قەرەبوو لە كۆمپانیاى DNO دەكات چونكە ئەمیش شەریكى كۆمپانیاى DNO یە بەهۆى غەرامەكردن و ڕاگرتنى كارەكانىكۆمپانیاى DNO و دابەزینى نرخى پشكەكانى لە بۆرسەى ئۆسلۆ زیانێكى زۆرى پێگەشتووە

نێچیر بەرزانى بەرپرسارێتى خۆى لە گرێبەستە نەوتیەكان ڕاگەیاند
لەماوە ڕابردوودا میدیاى ئەهلى لەكوردستان زۆر بە چڕى تیشكیان خستبووە سەر نهێنى گرێبەستە نەوتیەكان هەتا ئەو ڕادەیەى ئەگەرێكى زۆر لەئارادایە لەڕێگەى لیستى گۆڕان لەپەربلەمان و بەهاوكارى میدیاى ئەهلى شەقامى كوردى بهێننە دەنگ و خەڵكى كوردستان هان بدەن بۆ بەدوادا چوون و بەدەنگهاتن لەیسەر ئەو مەسەلەیە,لەیەكەم كاردانەوەیدا نێچیر بەرزانى ئەوەى ڕاگەیاند كە" ئەو وەك سەرۆك وەزیران ئاگادارى گرێبەستە نەوتیەكانە و هەركەموكورتیەكى تێدا بێت ئەو لێىبەرپرسیارە و ئەوەشى ڕاگەیاند كە با پەرلەمانى كوردستان لیژنەیەك دروست بكەن بۆ لێكۆڵینەوە لەو مەسەلەیە"بەبڕواى چاودێرانى سیاسى كاتێك لێپرسراوێكى پلەبەرزى كوردستان بەرپرسیارى مەسەلەیەك دەخاتە ئەستۆى خۆى ماناى كێشانى هیڵى سورە بۆ قسەكردن لەسەر ئەو مەسەلەیە ,بەرپرسیاریەتى گرتنە ئەستۆى نێچیر بەرزانى لەو مەسەلەیە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە دەیەوێت پەیامێك بداتە گشت لایەك بەتایبەتى لیستى گۆڕان و میدیاى ئەهلى لە كوردستان تا تێنابگەیەنێت كە لێپرسینەوە لەدۆسیەى نەوت واتە لێپرسینەوە لەمن,ئەمەش زیاتر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەمەى وەك هەڕەشەكردنێك ڕاگەیاندووە نەك خۆبەبەرپرسیار زانین و ئامادەبوون بۆ لێپرسینەوە
گرێبەستە نەوتیەكان لە نێوان بێخەمى خەڵكى كوردستان و پەرۆشى بۆرسەى ئۆسلۆى نەرویجیدا
كۆمپانیاى DNO كۆمپانیایەكى نەرویجیەو لەبوارى دۆزینەوە و هەڵكەندن و دەرهێنانى نەوت كار دەكات كۆمپانیایەكى ئەهلیەو كار لەبازاڕى ئازاددا دەكات بەڵام لەبەر ئەوەى سەر بەووڵاتى نەرویج خراوتە ژێر كۆت و بەندى یاساكانى ووڵاتى نەرویجەوە تایبەت بە نەوت بۆرسەى ئۆسلۆش یەكێكە لەو دەزگایانەى ووڵاتى نەرویج كە تایبەتمەندە بە مەسەلەى نەوت لە جیهاندا,بەپێى یاساى نەرویجى پێویستە هەموو كۆمپانیاكانى ئەو وڵاتە داهات و خەرجى و كارى كڕین و فرۆشتن و قازانج و زیان كە دەیكەن بە ئاگادارى بۆرسەى ئۆسلۆبێت و نابێت هیچ مەسەلەیەك بشاردرێتەوە و بە نهێنى ئەنجام بدرێت,چونكە هەموو قازانجێكى ئەو كۆمپانیانە ماناى بەدەست كەوتنى داهاتە بۆ ووڵاتەكەى ئەویش لە ڕێگەى پێدانى باج بە ووڵاتەكەى خۆیان,بۆرسەى ئۆسلۆ بێدەنگ نابێت و سزاى كۆمپانیاى DNO دەدات بەبڕى زیاتر لە 386هەزار دۆلار لەبەرامبەر فرۆشتنى %5 پشكەكانى كۆمپانیایەكى ووڵاتەكەى كە لەدوورى هەزاران میللەوە خەریكى كارو سەرمایەگوزاری خۆیەتى,بەڵام خەڵكى كوردستان بێدەنگن و زۆر بەكەمتەرخمى لێى دانیشتوون لەبرامبەر فرۆشتنى داهاتى ژێرزەوى وولاتەكەیان و بڕیاردان بە فرۆشتنى داهاتى ئایندەى نەوەكانى داهاتووش,لەكۆتایدا دەكرێت بپریسن ئایا فەزیحەكەى كۆمپانیاى DNO ى نەرویجى و وەزیرى سامانە سورشتیەكانى هەرێم دەبیتە سەرەتایەك بۆ بەخەبەرهاتنەوەى خەڵكى كوردستان لە ئاست بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانەكانى ئیستاو ئایندەى نەوەكانیان؟
هەڵەبجەى شەهید
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە