قسەی تاڵ بە هەنگوینیش ناخورێ !

Sunday, 01/12/2013, 12:00

1562 بینراوە




ئەوەندەی تەمەنم ئیزنبدا دەتوانم بڵێم : ئاخرین جار کە شای ئێرانم دیت بە جلکو بەرگی نیزامی پلەی هەرە بەرزی نیزامی لە مێدیاکاندا، چاویلکەیەکی زەلامی ڕەشی لە چاودابوو وێنەی فێرعەونێک دەئاخفی و فەرمودەی لە قوارەی خۆی زلتر بەڕەڵڵا دەفەرمو ! گوتی : من شای ئێران لە تەمەنی سەت ساڵ بۆ سەرێ خۆم خانە نشین دەکەم و کوڕەکەم دەبێتە جێنشینی من ؟ !
بەشێک لەو سناریویانەی کە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەتاشرێن لە رێگای سازمانی / ئۆپێکە / ئەو سازمانەی کە رێژەی سیاسەتی نەفتی وڵاتانی جیهانی سێیەم دادەڕێژێ بە واتایە زۆر بە ڕاشکاوی و مۆدڕنیتە دەڵێ : نەفتی خۆمان هی خۆمانەو نەفتی ئێوەش هەر هی خۆمانە !؟ شایەک کە سەهلە بۆ خۆیو بابیشی گزیرو نۆکەری زلهێزەکان بوو لە قەبارەی خۆی مەزنتە وڕێنە بکا ، مرۆو خۆرێکی وەکی خومەینی بۆ قوت دەکەنەوە و لە پاشان دیمان چییان بەسەر هێنا جگە لەوەش چییان بەسەر خەڵکی ئێران و کورد لەو بەشە لە وڵات هێنا لە هۆلێیە .
لەو نێوەدائەوەی کە جێگای گومانە بۆ مرۆوی وشیار ئەوەیە کە لەساڵی ١٩٧٨ ز شایان لەئێران لەتەختایی کایەی شەترەنج لابردوپاشان بە کۆم کۆم حیزب ورێکخراوە لە رۆژهەڵاتی وڵات وەکی قارچک سەریان دەرێنا ، وایاندەزانی لەبەرچاوی ڕەشی کورد ئەو کارەیان کردووە یانژی حیزبەکان بونە هۆی رووخانی دەسەڵاتی پادشایی ! لە هەموان گرینگتر خومەینی بێ تانکو تۆپ کۆتایی بە نیزامی ٢٥٠٠ ساڵەی شایەتی لە وڵاتێکی جێئۆ پۆلیتیکی وێنەی ئێران دەست پێکردبوو ؟ شەڕ بۆ جوغڕافیایەکی ئاوا هەستیار وستڕاتژیک و لاواز بونی رێڕەوی کومونیزموداڕشتنەوەی بەشێکی هەرە مەزن لە ناوچەیەکی کە بەو زوانە گرینگی سیاسی و ئابوری ئەو ناوچەیە کەمڕەنگ نابێتەوە بوو بە هۆی ئاڵوگۆڕەکان .
قزڵباش وڵاتی تەختە کرد ، حیزبەکان وەک ئەو بزنەیان لێ هات کە هەرکات بزنێک لە جۆگەلەیەک باز دەدا ئەوانی دیکەش یەکە یەکە و بەپەلە بە دوایدا باز دەدەن بە بێ ئیوەی بزانن لەو بەری جۆگەلەکە چۆن کارەساتێک دەقەومێ ؟(مەبەستم بێ حورمەتی نییە ولە مەتەڵێشدا جوابە جەنگی نییە) . سێ دەیەی زێدەترە لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی وڵات تاوڵ و ڕەشما ڵیان هەڵداوە وبە دانەی تۆپی زەمان لەرەیان نایە ، تەسبیحێکیان بەدەستەوە گرتووە رێژەو ژمارە بۆ خۆیان دادەنێن و دەفەرمون : حیزبی یەکو دووین یانی سەرەکین جار ناجاریش کەسی دی لەجیاتی خەڵکو ئەوان بڕیار دەداو دوو زەنەیان بۆلێدەدا !
ع،،،،،،زادە بەرپرسی یەکێک لە کۆمەڵەکان (لەخودای بەزیاد بن زۆرن) لە وتو وێژی یەکێک لە سایتەکاندا دەفەرموێ : ئێستەش دوو حیزبی سەرەکی دێمکڕات و کۆمەڵەن !! پژاکیش نابێ لەبیر بچێ حیزبی سێیەمە ، ئەوان ئاپۆچین (ج : هەڵبەت مەبەستی تایبەتی هەیە لەو قسانە) . ئەوانە یا کوردیان پێ گەوجە یابۆخۆیان گەوجن ، بەڵام کورد گەوج نییە ونەتەوەیەکی قارەمان فیداکارە و نیشانی داوە کە چۆن ساڵەهایە پێی لەسەر داخوازیەکانی هەڵناگرێ وئاواتی ئەو رۆژەیە کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان رۆڵەکانیان بێتە دی .
داستانی ئەو قسە زلانە کە بە بێ هۆ رێژەو دەرەجەی سەر شانیان و پێگەی سیاسیان بۆ خۆیان دیاری دەکەن و لە عالەمی هەپەرووتدادەژین دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قسە جوانەی کە لە ئەدەبی فۆلکلۆری زمانی شیرینی کوردەواریدا تۆمار کراوە کە دەڵێ : دار خورمای مێ ئەگەر بۆنی دار خورمای نێری بەسەردا نەیە دەمرێ ئەگەر ، دار خورمای نێر قات بوو هەر دەمێنێ بەڵام ریشەی لە کوێی دادە کوتێ چۆن دەژی؟ بە ناچار وبە کاوە خۆ هێدی هێدی لەناو دەچێ و دەمرێ .

جەعفەر کەریمی / ٣٠/ ١١/ ٢٠١٣


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە