شاردنەوەی حەقیقەتی تیراژ لە (ئاوێنەو هاوڵاتی و لڤین) دا

Wednesday, 28/09/2011, 12:00

1656 بینراوە






ئەگەر لێگەڕێین درۆمان لەگەڵ بکەن، ئەوا درۆتان لەگەڵ دەکەین!
میدیای کوردی، ئەگەر دروست بێت پۆلێنی بکەین بۆ حزبی و ناحزبی، یان ئەهلی و حزبی، یان حزبی و سەربەخۆ، لەئێستای دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستاندا لەقەیرانی کەمفرۆشی و پاشاگەردانی بڵاوکردنەوەدایە، بەجۆرێک ئەگەر خوێنەرێکی کورد بیەوێ حەقیقەتی ئەم وڵاتە بزانێ بەخوێندنەوەی چەندین ڕۆژنامەو گۆڤار ناتوانێ بگاتە ئەوەی چی لەم وڵاتەدا دەگوزەرێ، ڕۆژنامە حزبییەکان پێی دەڵێن ئەم وڵاتە ساتێکی کەمی ماوە بگاتە بە دوبەی و ستۆکۆڵم، ئەوەشی خاوەنی ئەم فەزڵەیە سەرۆک و حزبی سکرتێرە! لەپەنای ئەمەدا ئەگەر تەماشای ڕۆژنامەیەکی ئەهلی یان ناحزبی بکەیت پێت دەڵێ ئەم دەسەڵاتە لەلێواری مەرگدایەو کۆتایی بەتەمەنی سیاسی هاتووە، ئەمەی باسم کرد مەسەلەیەکی ترەو باسێکی تر هەڵدەگرێ لەوبوارەدا، لەسەر میدیای حزبی کەمۆدێلێکی بەسەرچووەو لەدونیادا زۆر کەم بونی ماوە لێرەدا هیچ ناڵێم، ئەوەشی کەسێبەرو دابەستە وەسف دەکرێ لەبواری ڕۆژنامەگەری کوردیدا گۆڤاریان هەیە هێندەی پارەی فڕێدانەکەی لێ دەفرۆشرێ!! بۆیە جێی ئەم باسە نیە.
تەنها هێندەش بۆ میدیای ناحزبی و ئەهلی و سەربەخۆ و ئازاد دەڵێم :
ئەم جۆرە لەمیدیا بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەلایەن دەسەڵاتی حزبی و حکومییەوە هەیە لەسەریان بۆ پێنەدانی زانیاری وایکردووە توشی قەیرانی بڵاوکردنەوەی زانیاری وردو دروست ببن، ئەوەشی دەستی ئەم میدیایە دەکەوێ زۆرکات بەهۆی ناکۆکی نێوخۆی حزبەکانەوە چنگی دەکەوێ، کەئامانج لێی شکاندنی نەیارەکانی یەکترەو میدیای ئەهلی دەبێتە ڕوبەرێک بۆ ئەو ململانێیە، ڕونتربڵێم ئەم میدیایە لەزۆر مەسەلەدا بەکاردەهێنرێ لەلایەن کەسانێکی سەربەدەسەڵات بێت یان ئۆپۆزسیۆن بەپێدانی زانیاری لەسەر کەسان و لایەنێک کەئەسڵ لەپێدانی زانیاریەکەدا لێدانی بەرامبەرە نەک بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی.
جگە لەوە ئەم میدیایە بەناوی ئەهلی بون و سەربەخۆ بونەوە دەکەوێتە هەڵەی کوشندە، بەنمونە کەسێکی حزبی لایەنێک کە کاری ڕۆژنامەنوسی دەکات دێت لەڕوپەڕی ئەم میدیا ئەهلیەدا وەک ڕۆژنامەنوسێکی ئەهلی یان ئەندامی ستافی ئەو ڕۆژنامەو گۆڤارە ڕاپۆرت دەکات لەسەر لایەنێکی سیاسی کەحزبەکەی ئەو ڕۆژنامەنوسە گرفتی لەگەڵ ئەو حزبەدا هەیە کەئەم ڕۆژنامەنوسە کاری لەسەر کردون! جگە لەمانە میدیای ئەهلی و ناحزبی و سەربەخۆ لەئێستەدا بۆتە بڵاوکراوەی بیروڕا، هێندەی لاپەڕەکانی بەبیروڕا پڕ دەکرێتەوە هێندە بەمەعلومەو بەدواداچوون پڕ ناکرێتەوە، ئەو دۆسیەو باسانەی کەدەوروژێنرێن بەدوواداچوون بۆیان لەئاستێکی لاوازدایە، جگە لەوەی زۆرکات لەدۆسیە کۆمەڵایەتیەکاندا ئەو ڕۆژنامەو گۆڤارانە بەئاقارێکی مەترسیدار کاردەکەن کەشوێنەواری نێگەتیڤ جێدێڵێت.
گرفتێکی تری ئەم میدیایە کارکردنە لەسەر وروژاندن، زۆرکات وروژاندنەکان دەگەڕێتەوە بۆ کارکردن لەڕابردوودا، ئامانجیش لێی پڕفرۆشییە نەک ڕۆشنکردنەوەی لایەنە تاریکەکانی ئەو مێژووە، هۆکاری ئەمەش مەلەسەی مادییە، بەتایبەت لەوکاتەدا کەفرۆشی ئەم ڕۆژنامەو گۆڤارانە دادەبەزن هەموو بیرکردنەوەو پلانێک بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە ئیشکردنەوەیە لەسەر وروژاندن تاکو کەمی فرۆش ڕابگرێ یان فرۆش زیاد بکات.
بەئایدۆلۆجی کردنی ڕۆژنامەگەریی، یەکێکی ترە لەگرفتە گەورەکانی بەردەم گەشەنەکردنی ئەم جۆرە میدیایە، وەک چۆن ئەم جۆرە لەمیدیا کاراکتەرەکانی ناوی وەک سیاسی مامەڵە دەکەن و کارەکەیان کە ڕۆژنامەنوسییە کردویانە بەئۆپۆزسیۆن بوون، لەکاتێکدا وەزیفەی میدیا نیە ببێت بەئۆپۆزسیۆن، هێندەی وەزیفەیەتی ڕای گشتی دروست بکات، سەرنوسەرو خاوەن ئیمتیازی ئەم جۆرە لەمیدیا وەک سەرۆکی حزبەکان یان مەکتەب سیاسی حزبەکان مامەڵە دەکەن، سەرنوسەر هەیە10 ساڵە شوێنەکەی بۆ ڕۆژنامەنوسێکی تر چۆڵنەکردوەو بەڵام شوێنی بەچەندین ڕۆژنامەنوسی گەنج چۆڵکردووە، جگە لەوە پێی وایە هەر ئەو ڕۆژنامەنوسی ئەهلییەو ئیتر ئەو بوارە کەسی تری تێدا دروست نابێ! لێرەوە دەگەین بەوەی لەنێوخۆی ئەم جۆرە میدیایەدا ناتەباییەکی زۆر هەیە، بەجۆرێک کەدڵخۆش دەبن بەدابەزینی ئاست و تیراژی یەکتر!
ئەم جۆرە لەمیدیا نەخۆشییەکی تری هەیە ئەویش ئەوەیە کەنابێت کەس قسەی لەسەر بکات و هەرکەس ڕەخنەی لێ بگرێ ئەوا مەترسیدارەو دەستی بۆ بڤە بردووە لەکاتێکدا ئەو ڕێ بەخۆی دەدات قسە لەسەر هەمووان بکات.
لەئێستادا ئەوەی دیارەو خاوەنی تەمەنێکە لەکارکردنی بواری ڕۆژنامەگەری ئەهلی و ناحزبی ڕۆژنامەی هاوڵاتی و گۆڤاری لڤین و ڕۆژنامەی ئاوێنەیە، ئەم باسەم تەنها قسەکردنە لەسەر ناڕاستگۆیی ئەم میدیایە لەگەڵ خوێنەردا بەدیارینەکردنی تیراژە حەقیقیەکەی، ئەوەشی نوسیویەتی گوایە تیراژی حەقیقی ئەوە ڕاست نیە، میدیایەک کەداوای ئاشکراکردنی هەموو ژمارەو زانیاریەکان وەک خۆی بکات، بەڵام بۆخۆی لەتیراژەکەیدا ڕاست لەگەڵ خوێنەرەکانیدا ناکات جێی ڕەخنەی توندەو ناکرێ لێگەڕێین بەسەرماندا تێپەڕێت.
بۆیە قسەش لەسەر ئەم میدیایە دەکەم و باس لەو شتەی تر ناکەم کەناو نراوە میدیا شایەنی باس نیە چونکە هەر لەسەرەتاوە ئەو جۆرە لەڕۆژنامەگەری لەسەر چاوبەست و ناڕاستیی بڵاودەبنەوە، قسەش لەسەر ئەوانە ناکەم کەهەمووان دەزانن بەتیراژی حەقیقی 25 هەزاریی بەبەلاش لەداهاتی میلەت بڵاودەکرێنەوە، چونکە ئەوە شایەنی ڕەخنە نیە!
لەئێستادا ئاوێنە کە لەلاپەڕەی یەکدا ژمارەی تیراژی نوسیوە بە (5500) دانە دیاریکردووە، ئەم تیراژە لەماوەی ساڵێکدا لە (8000) هەشت هەزارەوە گەیشتووە بە(5500) کەلەئێستەدا تیراژی ئاوێنە نوسراوە (5500) بەڵام ئەم تیراژە حەقیقی نیەو لەئێستادا تیراژی ئاوێنە (4300) دانەیە!
گۆڤاری لڤین کەلەپاش تیراژی (25) هەزارەوە کەئەوکات یەک ژمارەی لەمانگێکدا دەردەچوو بەڵام پاش ئەوەی بوو بەمانگی سێ جار، لەئێستەدا تیراژی چاپکراوی (9000 بۆ 10000) دانەیە، بەڵام فرۆشی حەقیقی ئەو گۆڤارە لە ئێستادا هاتووە بۆ (7000) حەوت هەزاردانە.
ڕۆژنامەی هاوڵاتیش کەلەسەرەوەی لاپەڕەی یەکەمی نوسیویەتی (10000) دەهەزار تیراژ ڕاستی تێدا نیەو لەئێستدا ئەوەی چاپی دەکەن نزیکەی (6000) شەش هەزار دانەیەو ئاستی حەقیقی فرۆشی نزیکەی (3500) سێ هەزارو پێنج سەد دانەیە.
پێویستە میدیای ناحزبی و ئەهلی لەمەسەلەی تیراژدا ڕاستگۆتر بێت لەگەڵ خوێنەرەکانی تاکو مۆراڵی پیشەیی ئەهلی بوونی خۆی نەخاتە ژێر پرسیار.
پێویستە میدیای ئەهلی ئەوەش بزانێ کە ڕۆژنامەی ڕۆژنامە داخرا، تیراژی (3000) سێ هەزار دانە بوو بەڵام (1500) دانەی دەفرۆشرا بۆیە داخرا.
ئەگەر تەماشای ژمارەی فرۆشی ڕۆژنامەی ئاوێنە بکەین کەناگات بە (4000) دانە بەڵکو فرۆشی ئاوێنە (3800) دانەیە لەنێو میلەتێکدا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ئەگەر (6) شەش ملیۆن بێت و (1500000) ملیۆنێک و پێنج سەد هەزاری خوێندەوارو خوێندکار بێت و چەندین زانکۆو حزب و ڕێکخراوو ناوەندی ڕۆشنبیری هەبێت، خاوەنی (4) پارێزگا بێت، ئایا فرۆشتنی (3800) دانە لەڕۆژنامەیەک کەبەپێی وتەی خۆیان لەهەمووان پڕۆفیشناڵانەتر کاردەکەن دەبێت دەبێت چی ژمارەیەک دروست بکات؟ ئەگەر ژمارەی خوێندەواری کوردستان بە (4) ملیۆن کەس دیاری بکرێ ئەوا 0،00095% ی هاوڵاتی ڕۆژنامە دەکڕێ!! واتە لە (1055) هەزارو پەنجاو پێنج هاوڵاتی خوێندەواردا یەک خوێندەوار ڕۆژنامەی ئاوێنە دەکڕێ!
خۆ ئەگەر خوێندەواری کوردستان بە (3) ملیۆن دیاری بکرێ ئەوا 0،0012666 ی هاوڵاتی ڕۆژنامە دەکڕێ واتە لە (800) هەشت سەد خوێندەواردا یەک خوێندەوار ڕۆژنامەی ئاوێنە دەکڕێ!!
ئەمە کارەساتەو زۆریش تێیدا بەشدارو بەرپرسە!
لەکۆتاییدا:
ئەم بیرخستەوەش بۆ ئەوە نیە کەس سودی خراپ لەم باسە ببینێ، بەڵکو بۆ ئەوەیە میدیای ئەهلی بەخۆیدا بچێتەوە لەزۆربواردا! هیوادارم ئەم سێ ڕۆژنامەو گۆڤارە نەکەونە باسی ئەوەی ڕۆڵی زۆریان هەبووەو خزمەتیان کردووە بۆ ڕەخنەیان لێدەگیرێ! ئەمە ئەو قسەیە کەدەسەڵات بەوان دەڵێ بۆیە ناکرێ بەبیانوی خزمەتی زۆرەوە حەقیقەتی خۆیان لەخەوێنەرەکانیان بشارنەوە، شتی زۆر لەوە وردتریش هەیە لەم بوارەدا باس بکرێ بەڵام هێندە کافییە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە