دەسەڵاتى كوردى لە په‌یامه‌کان تێناگات !

Monday, 13/02/2012, 12:00

1688 بینراوە






*- لە هەر شوێنێك قسەى حەق دەسەڵاتى پەست و بێزاركرد ئەوە لەو شوێنەدا گەندەڵى و ناعەدالەتى بەرپایە.
*- ئەستەمە ئاریشەیەك مرۆڤ بەڕەواى نەزانێ و لێى تێبگات.


*- لەهەر كارێكدا ئەگەر ڕەچاوى ئەخراق نەكرا ئەوە ناداد پەروەرى دێنێتە كایەوە.
خۆپیشاندانەكانى 17ى شوباتى پارساڵ سەرەتاى خۆپیشاندان و نارەزایى نەبو دژ بە دەسەڵاتى كوردى، بەڵكو ساتى لێ ڕژانى جامى جەماوەربو ، چونكە جامى جەماوەر دەمێك بو پڕبو بو دەسەڵاتیش بەهەندى نەدەگرت، وەك لە ساڵانى ڕابردودا لە هەمو شار و شارۆچكەكانى كوردستاندا شایەتى دەیان مانگرتن و خۆپیشاندان و نارەزایى جەماوەرى هەمو چین و توێژەكانى كۆمەڵگە دژ بە گەندەڵى و نادادى و كەمتەر خەمى و خوێنساردى بەرپرسانى ئیدارى و سەركردایەتى سیاسى بوین، لەو پێناوەدا تەنانەت شەهید و دەیان برینداریش هەبون.
كێشەو گرفتى دەسەڵات و سەركردایەتى سیاسى كوردى ئەوەیە بەهیچ شێوەیەك لە پەیام و مەسەج و نارەزایى و كێشە و گرفت و قەیرانەكانى خەڵكى تێ ناگات! باواز لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانى پێش 17ى شوبات بهێننین، با بپرسین ئایا دەسەڵات و سەركردایەتى سیاسى كوردى لە پەیامى خۆپیشاندەرانى 17ى شوبات و ڕۆژانى دوایى گەیشت؟ ئایا زانى خواستى جەماوە چیە؟ ئایا وەك بەڵێنى چارەسەرى داوا و خواستەكانى پێدان، بەجدى كارى كرد بەئاراستەى چارەسەرى قەیرانەكان؟ ئایا خویندنەوە و تێگەیشتن و كاردانەوەى دەسەڵات بۆ ڕوداوەكان خوێندنەوەیەكى دروست بو؟ یان خوێندنەوە و تفسیرى جیاى بۆ هەمو داوا و ڕودا و قەیرانەكانكرد! دیارە هەر ڕوداواێك ئەگەر خوێندنەوەى هەڵەى بۆ بكرێت ئەوا كاردانەوەكەشى لە تێگەشتنەكەى باشتر نابێت!
تۆ سەیرى تێگەشتنى دەسەڵات بكە لە كێشەكەى بادیناندا كە خەڵكێكى زۆر هەڵیان كوتایە سەر شوێنى فرۆشتنى مەی و یانە و مەساجەكان، لێرەدا باس لە هۆكارەكان ناكەین، بەڵام باس لە كاردانەوە و چۆنیەتى چارەسەرى ئەو ئاڵۆزى و نارەزاییانەى خەڵكى دەكەین لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئیدارى ئەو ناوچەیەوە، ئایا خۆێندنەوە و تێگەشتن و كاردانەوەى دەسەڵات لە ناوچەیە دروست بو؟ وەڵامەكەى جێ دەهێڵین بۆ خوێنەر و دەسەڵاتدارانى ئەو ناوچەیە، ئەگە دەسەڵات پاش بیست ساڵ لە فەرمان ڕەوایى ئاوا چارەسەرى قەیرانەكان بكات ئیتر پێویست ناكات بەدوایى كارامەیى و لێهاتوى دەسەڵاتدا بگەرێین، چونكە كاردانەوەكان شاهێدن بۆ مێژو.
ئەى ئەو هەموو مانگرتن و خۆپیشاندانانەى كە رۆژانە لە هەمو شار و شارۆچكەكانى هەرێمى كوردستاندا لە لایەن هەمو چین و توێژەكانى كۆمەڵگەوە دەى بینین، ئایا یەكە ئیداریەكان و حكومەت و پەرلەمان بەجدى لە هەوڵى چارەسەر كردنى ئەو كێشە و قەیرانانەدان كە ڕۆژانە لە ڕگەیاندنەكاندا دەیانبینین؟ دەسەڵاتى كوردى هەرگیز نەى ویستوە گوێ لەو ئاوازاە بگرێت و لێیان تێبگات كە بە گوێى ئەو نامۆن.
لەماوەى ئەم بیست ساڵەى دەسەڵاتى كوردیدا هەر ئاوازیك بەدڵ و گوێ و میزاجى دەسەڵات نەبوبێت ئەوا هەردەم ئەو ڕستەیەیان لە سەر زمان بوە كە (دەستى دەرەكى لە پشتە) .
ئەگەر سەیرێكى دیمانە و لێدوانى بەرپرسان و هەواڵ و ڕاگەیاندنەكانى سەر بە دەسەڵات بكەیت، كەئەمرۆ كەلەسەرەتاى پێكهێنانى كابینەى حەوتەمى حكومەتداین، دەگەیتە ئەو راستیەى كە دەسەڵاتى كوردى هەرگیز نایەوێت لە توڕەیى و ناڕەزایى و بێزارى خەڵكى تێبگات.
بەكوردیەكەى گوێى دەسەڵاتى كوردى تواناى بیستنى ئەو جۆرە ئاواز و تۆن و نۆتانەى نیە، چونكە بە گوێى ئەوان نامۆن! ئەگەر بۆ بیستن ئاوابێت ئیتر داواى چارەسەرى چى؟!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە