منم كوردستان

Monday, 23/12/2013, 12:00

1360 بینراوە





وێنەى خانوەكەى كاوەى جوانەمەرگ زۆر كارى لێمكرد , تەنها بینینى ئەو وێنەیە بەسە تا پوچى ناخى ئەو كەسانە دەرخات كە بەرگەى ئازادى ووشە ناگرن, كە نازانن ووشە بە ووشە وەڵامدەدرێتەوە نەك بە فیشەك!!
وێنەى ماڵێكى سادە وەك سادەیى ڕوحى خۆى,وێنەیەك پێمان دەڵێ مرۆڤ بەبوونى كۆشك و كاڵاى گرانبەها نابێتە خاوەن بەهاى بەرز لە ژیان دا بەڵكو بە سادەیى ڕوح و بە كۆیلەنەبوون, بە پاراستنى كەرامەت و مرۆڤبوونى,بە ژیانكردن بەڕوحێكى ئازادو ئازاوە دەبێتە خاوەن بەهاى بەرز,كە ئەمانە هیچى لەو مرۆڤە پوچانەدا بوونى نەبوو كەدەستیان چووە خوێنى كاوە,خوێنى مرۆڤێكى ئازدیخوازو خاوەن قەڵەمێكى ئازا كە تەنها هیواو خەونى ئەوە بوو ناشیرینیەكان نەمێنێت دەسەڵاتى یاساو دادگەرى باڵادەست بێ,خەونى ئەوە بوو نیشتمان بۆ هەموان بێ نەك تەنها بۆ كۆمەڵێك كەس! لەم پێناوەشدا گیانى بەخشى ڕوحت شاد , تۆ بویتە مەشخەڵێك بۆ ئازادى, شەمشەمە كوێرەكانى ئازادیش ڕووڕەش.
ئەم شعرەم پێشكەشە بەڕوحى كاوە و هەموو ئازادیخوازانى نیشتمان:
(منم كوردستان)
ئاگر سەرچاوەى بونمە
چیا بەرزى باڵامە
بروسكە داستانى توڕەیمە
كۆڵنەدان ,نەشكان مێژووى هەزار ساڵمە
هەموو دارێك قەڵەم و هەموو پارچە بەردێك
پەڕەى چیرۆكى رۆژگارە سەختەكانمە
منم كوردستان
نیشتمانى سپى وەك بەفر
ڕەنگین وەك بەهار
فراوان وەك ئاسمان
منم كوردستان
هەڵۆ چاونەترسەكانى لوتكەى بەرزم
بەبوونى ئێوەیە سەربەرزم
ئێوە هێما ئێوە مەشخەڵ
ئێوە ئەستێرەى شەوى تاریى من
ئەو هەڵۆیانەى لەعشقى ئازادیدا ئامادەى جەنگن
ئەوان بۆ هەمیشە لە باوەش دەگرم
هەموو بەهارێ لە پانتایى دەشتەكان دا
لە چیاو دۆڵەكان دا
لە نزیك گوندەكاندا
لەدەوروبەرى شارەكاندا
هەر كاتێ گوڵە سورە دەبینن
ئەوە وێنەى ڕوحى گەشیانە
من بە دیارى بۆ ئێوەى دەنێرم
منم كوردستان
.......
دلێر قەرەداغى


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە