قسەیەكى جیددى لەسەر هێرشەكانى خانو سێ براكەى؟

Thursday, 06/01/2011, 12:00

899 بینراوە


خوێندنەوەیەكى كورت بۆ هێرشى (چوار كەس) لە ئیسلامییەكان بۆ سەر (برا) ڕاستەقینەكانیان
ئەمەوێ بێ پێشەكىو جیاواز لە هەموو ئەو بابەتانەى لەم چوارچێوەیەدا نوسراون قسەیەكى جیددى لەسەر شەڕى براكان بكەم.
ڕەنگە سەرنجی خوێنەرو بینەریش لەسەر ئەوە بێت پاش شەڕى براكوژى نێوان یەكێتىو پارتى كەى هێرشى براكان سەرهەڵداوەتەوە؟، قسە واقیعییەكە ئەمەیە:
لە پاش 2001 ەوە و لەگەڵ ڕاگەیاندنى (كۆمەڵى ئیسلامى كوردستان) ئیتر هێرشە جۆراوجۆرەكانى براكان دەستیپێكردووە، لەگەڵ تێپەڕبوونى زەمەنیش ئەو هێرشانە لەنێوان ڕەخنەو جوێندا ماوەتەوەو نەماندیوە بنبڕ بكرێت یان بوەستێدرێت، حەزمئەكرد بە تێرتر لەو 10 ساڵە قسە بكەین و لە سرووشتى براكان، كە خۆیان بە دایكو چەترى ڕابوونى ئیسلامى دەزانن بڕوانینو قسەى تەواوترى لەسەر بكەین، بەڵام ئەوە مێژووەوەو نە دەكرێ لەم بابەتەدا بە سەرپێیى لێى بدوێننو نە دەشكرێ هەموو ڕەقەمەكان بژمێرین، چونكە هەر بە ڕاستى دەترسم براكان ئیتر سنوورەكان بشكێننو وەك هەمیشە دۆو دۆشاوى تێكەڵمان بەسەردا بڕژێنن.
بە كورتى لەسەر دوایین هێرشى براكان ئەوەستم كە هەفتەیەك پێش ئێستا دەستیانپێكردەوە. هێرشەكە نەخشەیەكى وردى بۆ كێشراو (خان) بە ئاسانى وردەكارى هێرشەكەى تاوتوێ كرد، ئەو پێى وابوو برایەتى ئیتر نابێ سنوورى هەبێت ...، ڕێك وەك تەوقیتكرابوو لە كاتى خۆیدا نەخشەكە خرایە كار.
ئاسانییەكەى نەخشەكە لەودابوو كە نە پێویستى بە شمشێر هەبوو، نە (خانو براكانى) ئەوەندە ئەسپیان پێویست بوو تا هێرشەكەیانى پێ دەستپێبكەن، هێرشەكەى ئەمجارە بە پەیوەندییەكى تەلەفۆنى دەستیپێكردو بە كیبۆردى كۆمپیوتەرەكان خاڵەكانى هێرش دانرانو لە مەیدانى وێبسایتەكاندا جێبەجێكرا.
(خان) بە یەكەم نەعرەتەى خۆى هاتە مەیدانو دواتریش سێ براى یەكەم دابەزینو دەستەى بەرامبەریان دایە بەر نەعرەتەى تەشهیرو ڕووشاندن.
(باوكو دایكى خان) لە دوورەوە وەك هەمیشە تەنیا لە سەركێشییەكانى (خانو برا بچووكەكان) دەیانڕوانىو تەنانەت نەیانتوانى لەسەر پێستەى مانگایەكو بە پشتى ئەسپێكدا نامەیەك بۆ (خان) بنێرنو لەم هێرشە دڕندانەیە پاشگەزى بكەنەوە.
هێرشەكە پێنج ڕۆژ زۆر بە خەستى جێبەجێكراو ئەوەى سنوورى برایەتى نێوان هەردوو دەستەكەبوو لە لایەن (خانو سێ براكە) ەوە شكێنراو هەموو پیرۆزییەكان لە بۆگەنى گەوزێنرا.
دەستەى بەرامبەر وەك دانرابوو دوو ڕۆژى یەكەم تەنانەت نەبینرا شمشێریش لە كەلان دەربكەن، دواى ئەو دوو رۆژەش داوایان لە برا گەورەكانى (خان) كرد، براكەیان لەم هێرشە ئاگادار بكەنەوەوچەند برایەكى بچوكترینى (خان) یش هێرشە هەمیشەییەكى (خانو سێ براكەى) یان بە ناڕەوا وەسفكردو داواى هەڵوێستیان لە دایكو باوكو برا گەورەكانى (خان) كردو هەموو نەهامەتییەكانى ڕابردووى بنەماڵەى (خان) یان خستە ئەستۆى جەنابى (خان).
برا بچووكەكان داوایانكرد (خان) دەستهەڵگرێ لە هێرش بۆ سەر دەستەى بەرامبەر چونكە ئەوان لەبەر خاترى برا گەورەكانیانو چەند دڵسۆزێكى بنەماڵەى خان بێدەنگییان هەڵبژاردووە ئەگینا زۆر بە ئاسانى دەتوانن لە دادگاى وڵات (جەنابى خان) بدەنە بەر داواو بە دڵنیاییشەوە سەرنگون دەكرێ.
دەستەى بەرامبەریش لە پێنجەم ڕۆژدا نامەیەكیان خستە مەیدانەكەوەو دایكو باوكو براگەورەكانى خان یان لەوە دڵنیا كردەوە كە ئەزانن ئەوان ئاگادارو لایەنگرى ئەم هێرشانەى (جەنابى خان) نینو وریاییشیاندا لەوەى ئیتر خەریكە پەتى ئارامگرى ئەپچڕێتو بە دڵنیاییەوە ئەمە ئەبێ كۆتا هێرشى گەمژانەى خان بێت، بەو هیوایەى خان ئیتر وس بێتو سێ براكەشى سكووت هەڵبژێرن ئەگینا زۆر شتیتر هەیە ئەبێ بوترێ و حەتمەن خان لەم سەودایەدا زەرەرى زۆر زۆر گەورە دەكا، ئەو زەرەرەش لە كاتێكى نزیكدا دەر ئەكەوێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە