١٧ ی شوبات

Sunday, 17/02/2013, 12:00

3925 بینراوە









بەرزانی لە ڕۆمایە و خەڵات دەکڕێ
وەستا عەلی بە تەنیایە و
ڕێژوانی لەگەڵ نییە!
دەڵێن سالم
هۆنراوەیەکی نەمری نوێی بۆ نیشتمان پێیە!
حەڤدە ڕۆژە کاروانێک لە ڕێگەیە و،
کەس نازانێ لە کوێ ئارام دەگرێ!
شێرزاد هێشتا دانیشتووە،
سورکێو کتێبەکانی سوور نەبووە!
لە چەمچەماڵ منداڵێکی نۆ ساڵانە،
سەرگەرمی یاری نوێی خۆپیشاندانە!
بیلال هێشتا لە ماڵە و
ڕدێنی سپی باوکی دادەهێنێ !
هەردی لە سەردەمە و،
جارێ ڕێگەی ژوانی نەگرتوە!
کاک ئەحمەدی شێخ بێ ئۆقرەیە،
لەبەر دەمی مزگەتی گەورە
میوانێکی ئومێد بەخشی لێیە!
پیرەمێردەکەش
کە شەهید دەکرێ،
هێشتا لە بن دیوار دانیشتووە و چاو بۆ کوڕەکەی دەگێڕێ!
...

١٧ی شوبات ئەو خاڵی وەرچەرخانەیە کە گەڕانەوەی بۆ نییە. لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکاندا ڕایەک هەبوو کە ئەو خۆپیشاندانانە گۆڕان لە دەسەڵاتدا ناکات بەڵام کە وەک ٦٨ ی فەڕەنسا دەبێت و دواتر چاکسازی دێنێتە ئاراوە.
دیارە چاکسازی وشەی من نییە!

گەر ئەوە ڕووی بدایە دەریدەخست ئەو نووسەرانەی کە شەیتانێتی و ماهیەتی دەسەڵاتدارانی کوردستانیان دەخستەڕو چەند هەڵەبوون، بەڵام لە پەراوێزی ئەو دوو سالەدا کە تێپەڕیوە دەرکەوتوە سەرانی پارتی و یەکێتی نەک گوێیان لەخەڵکی نەگرتووە بەڵکو بە هەموو جۆرێک هەوڵیان داوە و هەوڵدەدەن تەواو بە پێچەوانەی خواست و داواکاریەکانی خەڵکەوە هەڵسوکەوت بکەن، ئەویش دیارە بۆ ئەوەی دوا تروسکەی هیوای خەڵکی بکوژێننەوە و وا نیشان بدەن کە خەڵکی هیچیان پێ ناکرێت و بێدەنگ بن باشترە.

ئەو جۆرە پیادەکردنە لە بێئیرادەکردنی خەڵکی لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە دەریدەخات کە ئەو نووسەرانەی دەیان گوت پارتی و یەکێتی ڕوخساریان لە شەیتان دەچێت نەک هەر ڕاستیان دەگوت بەڵکو کەمیشیان وتووه‌!

١٧ ی شوبات گەورەیە و لە بیربردنەوەی مەحاڵە، ئەویش بە دوو باردا:
یەکەم: ئه‌گەر داواکاریەکان جێبەجێ نەکرێن ئەوا زەمینەی ڕابوونەکان نەک لەبارچوون بەڵکو تۆکمەتربوون.
دووەم:  گەر داواکاریەکانیش بە زیادیشەوە جێبەجێکران ئەوا ئەو رۆژە بووە فشاری خستۆتە سەر ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانە!

ئەوەی گرنگە باسیش بکرێت گەورەیی و ماندونەناسی و چاونەترسی خێزان و ماڵباتی شەهیدەکانە.
...

١٧ ی شوبات تەواو نەبووە و هەر بەردەوامە!

ئەم ئێوارەیە کاتژمێر دوو،
ڕێژوان بە خۆی و مۆبایلەکەیەوە دەگاتەوە سالم و
نایابترین وێنەی خۆی دەگرێتەوە!
لەسەر شەقامە قیرەکە لە جێی گولەکەی سەری،
جوانترین گوڵ دەڕوێتەوە!
دواتریش زمناکۆ دێت و،
لەگەل ڕێژوان دەبێتەوە بە چەپکێ!
مامەڕێشە وەستاوە
لە پێشوازی دوو پارتیزانی لاوا
چاو لە ڕێیە!
شێرزاد و سورکێو دەگەن و
بە هیمەتی کەرتی جەباری سەر لە نوێ چالاکیەکی تر ئەنجام دەدەنەوە!
لە چەمچەماڵ گەرمیانی نۆ ساڵە
دەبێتەوە بە جوانترین گوڵی ئەو بەهارە!
بیلال ئیتر بۆ ماڵەوە نایەتەوە،
تا ڕدێنی باوکی بۆ جارێکی تر بهۆنێتەوە!
پیرەمێردەکەش دووبارە لە حەسرەتی منداڵانی سەر جادە،
سنگی دەکاتەوە قەڵغان و
پێش هەردی دەبێتەوە بە گوڵ!

...

تراژیدیای ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات لەوەدایە کە گەنجەکان لە هەمان کاتدا جەرگ و جگەرگۆشەی کەسانێکن و بە ناحەق خوێنیان دەریژرێ، کەچی لە لایەکی ترەوە خاوەن جەرگێکیش عەوداڵی گەڕانە بە دووی کوڕەکەی خۆیدا بۆی هەیە ئەو رۆژە لە بۆسەدا بووبێت بۆ گەنجەکانی تر کە جەرگی خەڵکانی ترن!

...

١٧ ی شوبات ڕۆژی دڵانی ئێمەیە،
ئەو گوڵانەی بە دیاری دێن
کۆڕاڵی جێفیشەکی جەستەی لاوانی شەهید و
بریندارن!
...
هەردیش بەرە و سەرا بەڕێوەیە،
هەواڵی پێیە کە ئیسماعیلی بێژەر دووبارە لەوێیە!
...

تاڵەبانی ئەمجارە بە بێ گۆچان و
بەرزانیش بە خەڵاتی تەزویرەوە دووبارە دێتەوە!

١٧ ی شوبات ڤالەنتاینی ئێمەیە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە