ســـــــــەرۆکــــــــــ

Monday, 06/05/2013, 12:00

1464 بینراوە






سەرۆک ئەبێ کلکە بێڵی دەستی کشتیاربێ.
ڕەشماڵی قەرەجێکی پەنابردەی نیشتیمانـبێ.

سەرۆک ئەبێ تۆپی یـــــــــــاری بــــــێ،
خۆی بخاتە بەر پێی منداڵی بـێـنەوا.
سەرۆک ئەبێ شەق شەقەبێ،
بچێتە خەونی منداڵی ساوا.

سەرۆک ئەبێ گەسکی دەستی کەناس بێ ،
تا کەس نەوێرێت شار پیس بکاتەوە .
سەرۆک ئەبێ پشکۆی ئاگری نیشتیمان بێ ،
دەستی نەناس بسوتێنێ،دەستی خۆیی گەرمکاتەوە.

سەرۆک ئەبێ دەسترۆکی دەستی ژنان بێ ،
تا لە شایی ژیان بوێرن سەرچۆپی بگرن .
سەرۆک ئەبێ تەزبیحی دەستی گەنجان بێ،
تا خەونەکان بەدەستی خۆیان ببژێرن .

سەرۆک ئەبێ قۆندەرەی پێ پەتییەک بێ ،
کە نیشتیمانەکەی لێ پەتی کراوە.
سەرۆک ئەبێ تاجی سەری عاشقێک بێ،
کە خاک و خۆڵی لا پیرۆزکراوە .

سەرۆک ئەبێ گەردو تۆزبێ،
بنیشێتە سەر هەمو پەنجەرەیەک .
سەرۆک ئەبێ وەکو باران بێ ،
بڕژێتە سەر هەمو گوڵخونچەیەک .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە