ئەمجارە گۆڕان بەشویداین

Wednesday, 26/09/2012, 12:00

1496 بینراوە



لاى من باوەڕهێنان بە دروست بوونى بزوتنەوەى گۆڕان و دەركەوتنى دەنگى جیاواز و سەرهەڵدانى ئۆپۆزسیۆن ئەستەم بوو،بەتایبەت بۆ ئۆپۆزیسۆنێك كە تادوارادە بۆخۆى هەڵگرى دەیان ڤایرۆسى گەندەڵى وشەڕو ماڵوێرانى و ناهەقى زۆردارى بوبێت،كەسێكیش رابەرایەتى بكات كە بۆخۆى لە سەرەتاوە تا دوا ویستگەى ژیانى هاوكار وپاڵ پشتى گەندەڵ و زاڵم بێت، من لەزۆر نوسیندا ئاماژەم پێداوە كە گۆڕان وسەركردایەتیەكەى ناتوانن هیچ ئیزافەیەك بخەنە سەر رەوتى سیاسى و تەكانێك بەرەو پێشى بەرن و خۆیان لەو قەیران و بێ سەروبەریە قوتار بكەن،لەبەر ئەوەى تەواوى سەركردەكانى بە سەرۆكەكەیانەوە لەمنداڵدانى یەكێتى لەدایكبوون و بەدرێژایى چارەكە سەدەیەكیش هاوبیر و هاو را و هاو خەبات یان بوون، ئێستاش بەهەموو پۆخەڵەوات و پیسیەكیانەوە دەخوازن وەچەرخان و گۆڕانكارى سازبكەن، نامەوێت بچمە تول و تەفاسیلى گۆِان سەركردە و چى وچیە كانیان،رەنكێت زۆربەتان لەمن باشتر ئاگاداربن و پەیتان بەزۆر شتى شاراوە بردبێت كەمن لێى بێ ئاگام. ئەوەى كەمەبەستمە باسیبكەم مەهزەلەو گاڵتە جارى گۆڕانەو سوكایەتیكردنیەتى بە ناوى ئۆپۆزسیۆن و فریودان و لەخشتەبردنى میللەتە بەو ناوەوە. دروست بونیشى هەر لەهەول دەقیقەوە تەنها بۆخاترى دەستكەوتى مادى و بەرژەوەندى تایبەت بوو هیچى دیكە،گەر بیرتان بێت لەسەر وبەندى روداوەكانى 17ى شوبات و هەڵسانى میللەت لەدژى پارتى فەرمانڕەوا جەماوەر تا دوارادە خۆى ساز وتەیار كردبوو بۆ هەموو ئەگەرێك ،ئەگەر بهاتایە و رابەرێكى بوێر و ئازا و چاونەترسى لەپشت بوایە لەماوەى چەند كاتژمێرێكدا حكومەتە كارتۆنیەكەى سلێمانى و ئەوەى هەولێریش هەرەسى دەهێنا. هەموو گوێ قوڵاغ بوین ئێستا نا ئێستا سەرانى ئۆپۆزسیۆن گلۆپێ سەوز دادەگیرسێنن و جاڕى راپەڕینێكى سەرتاسەرى نوێ دەدەن، بەڵام پیێان ئەستەم بوو ،چونكە دەیانزانى هەر ئەگەرێكى وا بێتە پێشەوە ئەوا ئەوان بۆخویان زەرەر مەندى یەكەم دەبن، چونكە ئەوانیش عومرێكى دور ودرێژ پاڵپشت و پەناى زاڵمان بوون، لەهەموو تاوان و ناهەقیەكدا برا بەشیان بوون، لەبەر ئەوە چارەنوسى خۆیان بەستبوبە چارەنووسى ئەوانەوە، لەگەرمەى ئەو روداوانەدا خەڵك هەمووى چاوەڕێى موعجیزە و موفاجەئەى لە نەوشیروان دەكرد، بەڵى كردى ئەوەبوو بینیتان وەفدێكى یەكێتى سەردانى گردەكەى كرد و دلێرى سەید مەجیدیشى یان لەگەڵدا بوو،كەئەوە بۆخۆى دەیان تەفسیر ولێكدانەوە هەڵدەگرێت،چونكە دلێرى سەید مەجید كەسێكە دور ونزیك نەئێستا نەرابردوو وەكو وەجهێكى سیاسى نەناسراوە ودەرنەكەوتوە و هیچیش لەسیاسەت شارەزا نیە،تەنها هەر خەریكى كومپانیاى نۆكان وسەفتەكردن و حسابكردنى پارەكانى یەكێتیە، لەزۆر شوێن بە گیرفانى یەكێتى ناودەبرێت،چوونى ئەو لەگەڵ وەفدەكەدا سەرەتایەك و لایەكى پەردەى ئۆپۆزسیۆن و گۆڕانى خستە روو،لەوەش زیاتر ژمارەیەكى زۆر ئەندامانى پەرلەمان كە خۆیان بە نوێنەرى چینى هەژارو بەش مەینەت دەزانى و بەدەنگى ئەوان چونە سەركورسى، بەر لەهەموو شت دواى بەرژەوەندى خۆیان كەوتن ئەوەبوو هەندێك لەبەر خاترى خانەنشینى و ئیمیتازاتى باش بێ لەوەى خولى خۆى تەوابكات خانەنشین بوو،هەندێكیان هاتوهاواریان دەگەیشتە كەشەكلانى فەلەك و دەیاگوت ئەو پارەو بودجەیە (مافى گەلە) كەچى بۆخۆیان لەژێرەوە چەندەها گۆڵیان لەمیللەت كرد، هەر بەوەش نەوەستان كۆمەڵێكیان داواى تاپۆكردنى شوقە و پێدانى زەوى و چى وچیان دەكرد، ئەمانە هەڵبژێردراو نمونەى نەیار ودەنگى ناڕازى بوون، لەولاشەوە سەركردەكەیان هەراج خانەیەكى سیاسى كردوە ولەنێوان پارتى و یەكێتى كەوتە پەت پەتێن چەندین سەفقە و رێكەوتن خرایە بەردەستى هەر لەوەى نێیچیر و ئەدهەم بارزانى تا ئەوەى ئاشتى هەورامى و كۆمارى ئیسلامى، بەڵام هیچ كامیان بەخواستى ئەوان نەبوون،من پێم سەیرە ئەوان هەمیشە میللەت و جەماوەریان وەك كارتێكى گوشار لەدژى سوڵتە بەكار دەهێنا،كەچى بۆ هیچ پرس و رێكەوتن وكارێكى سیاسى گوێیان لە یەك كەس نەگرت رەئى شەقام و جەماوەریان هەمیشە بن پێ دەخست،تەنانەت زۆرێك لە كەسانى سەركردەو سیاسى لاىخۆشیان بۆ ئەوپرسانە پەراوێز دەخست، لەدواین ویستگەى گۆڕاندا بایان دایەوە بۆ باوەشى یەكێتى و كەوتنە ژێر رەحمەتى گۆچانەكەى تاڵەبانى، رێكەوتن و پێكهاتنیان سازكرد، هەرچیەك بێت پیرۆزە و بەخۆشى بێت گرنگ ئەوەیە شەرو كوشتار وخوێنى لێ نەكەوێتەوە ،بەڵام جێگاى خۆیەتى كۆمەڵێك پرسیار و تێبینمان لەسەرى هەبێت،بزوتنەوەى گۆڕان بۆ خۆشكردنى ئاگرەكە وە نانەوەى پشێوى میللەتى كردبووە سوتەمەنى و ئەوانى وەك داش و قەڵغان و ژمارە بەكاردەهێنا،هاوكات بۆ ئەوەى پشت وپەنایەكى مەحكەم و تۆكمەى هەبێت نەوشیروانێكى تادوارادە چەپ و ماركسى لەگەڵ عەلى باپیرێكى سەلەفى و جیهادى لەپێناوى بەرژەوەندى هاوبەشدا بون بەیەك ، ئەى ئێستا دواى پێكهاتنەكە روڵ وكاریگەرى ئەوان چى دەبێت؟ لە پێكهاتنەدا ئەوان چى دەچڕن؟ بۆ ئەو پێكهاتن و لێك نزیكبونەوەیە تا چەند گوێتان لە دیدو بۆچونى ئەوان گرتوە؟ تاچەند لەزەرەرو زیان و نوشوستەكانیان قەرەوبویان دەكەنەوە ؟ تا چەند داواى سزدانى تاوانكارانى روداوەكانى 17ى شوبات كراوە؟ لەبەردەركى سەراو شوێنەكانى دیكە وێنەى شەهیدانى ئومێد و بیلال و سەردەشت وئەوانتان كردبوو بەرسیمبول خەڵكتان هان دەدا كە داواى دەستگیركردن وسزادانى بكوژانیان بكرێت و قەرەبووى كەسو كاریان بكرێتەوە،ئەى لە دانیشتنە كەتااندا چەندێك ئەوانتان لەبیر بوو؟؟بەهۆى هاشو هۆش قسەى بریقەدارى سەر مینبەرەكان هەزاران كەس بوونە هەوادارتان و لەكارو وەزیفە دوورحرانەوە فەسڵكران، كە تاكو ئێستاس بەسەدان كەس هەیە باجى ئەو كارە دەدات، ئەرێ بە یەكێتیتان وت چارەسەرى بەپەلەى ئەونان بڕاوانە بكات، وبیانگێرنەوە سەر كار و وەزیفەیان؟؟ نەخێر،لەخۆشى هاتنەوەى تاڵەبانى بەسەلامەتى و سازكردنى دیدارتان ناوى خۆشتان لەبیر كرد،هێندە بەپەلە بوون نەتان هێشت ئەو پیرە نەخۆش و پەكەوتەى جەستەو بیرە پشویەك بدات و شەبەقى گەیشتنە سەرى ، هەرچى شتێك كەپێشتر بەڵینتان بەمیللەت دابوو،خەڵك لەپێناویدا خۆى بەختكرد بوو بە سەراب و شیرى چۆلەكە. ئەو پێكهاتن و دانیشتنەش شتێكى تازە و موفاجەئە نەبوو هەموو ئاگادارین كە یەكێتى تەواو تەواو پیاوى ئێرانە ولەدێر زەمانەو خۆى خزاندۆتە ئامێزى وبێ پرسى ئەو ناتوانێت هیچ هەنگاوێك بنێت، بوونى تاڵەبانى بەسەروك كۆمار و نوێكردنەوەى پۆستەكەى بە پێى ئیعاز وداواكارى ئەو بوو،دەنا هەموو دەزانن كە ئەوپیاوە هیچى بەبەرەوە نەماوە لەهەمووشت چۆتەوە،بەڵام لەبەر خاترى پاراستنى بەرژەوەندیەكانى ئێران و گوێرایەڵى بۆیان لەو باشتریان شك نەدەبرد.سەردانى نەوشیروانیش بۆ ئێران و چاوپێكەوتنى لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو،چونكە ئەویش هاوشێوەى تاڵەبانى ساڵانێكى زۆر خزمەتى ئێران وسوپاى پاسدارانى كردوە، بۆئەوەش پێان باشە كە لەپاش نەمانى تاڵەبانى لەگەڵ ئەودا پەیوەندى بگرن،ئەو بكەنە جێگرەوەى تاڵەبانى، هەروەها داواشیان لە تاڵەبانی كردوە كە لەئێستاوە كار بۆ ئەوەبكات نێوانى لەگەڵ نەوشیرواندا خۆش بكاتەوە و لەئایندەیەكى نزیكدا یەكێتى بەمۆرو موشەماو هەموشتێكی یەوە بداتەوە دەست نەوشیروان، ئەگەریش وانەكات وبەخواستى ئایەتولڵاكان نەجوڵێتەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەپوكێتەوە هەرچى خێرو بێرو نازو نیعمەتێكە لەدەستیان دەڕوات. بەوەش هێرۆ وبنەماڵەكەى لەهەموو كەس زەرەرمەندتر دەبن،تاڵەبانى لەدڵەو زۆر زۆرى پێناخۆشە و تەواو پێى تێك چووە،بەڵام چاریش نیەو واقیعێكەو هاتۆتە پێش و بۆخۆى واى نەدەخواست پلان و بیركردنەوەى وانەبوو،بەڵام ئیدى مەسەلەیەكى چارەنوس سازەو ئایندەى بنەماڵەكەشى پێوە بەندە هەردەبێت رەزامەندبێت. هاتنى نەوشیروان بەپەلە پروزێ و هەناسە سوارى بۆلاى تاڵەبانى، ئەو نەوشیروانەى كە هەمیشە وبەردەوام جەختی دەكردەوە كە لەنێوان ئەو تاڵەبانیدا تەنانەت هەواڵ پرسینیش نەماوە و قەت پێى خۆش نیە سەردانى كەسانى هاوشێوەى تاڵەبانى بكات، بەڵام پەلە كردن و تەنگەتاوى ترسى ئەوەى هەبوو كە تا زووە دەرفەت ماوە تاڵەبانى وەفاتى نەكردوە وەسیەت بكات لەبەرچاوى ئەندامانى مەكتەبى سیاسیەكەى كە خزمانى ئێران پێشنیازیان كردوە نەوشیروان ببێتە جێگرەوەى تاڵەبانى و بكرێتە سكرتێرى یەكێتى نیشتیمانى. كۆسرەت و بەرهەم ساڵحیش با بۆخۆیان هەر لەشوێنى خۆیان بخولێنەوە بەشكوم خوابكات ئەمجارە بازى بەخیتان باش بیهێنێت بەسەریانەوە بنیشێتەوە.ئۆپۆزسیۆن و كۆمەڵ و یەكگرتوو ش لەگەڵ خەڵكانى قوربانى دەر و ئازار چەشتوو با بۆخۆیان هەر زەقەى چاویان بێت وئەمجارەش وەكو هەموو جارەكانى دیكە گورگان خواردو بون و كرانە قوربانى خەون وخولیاى سى ساڵەى نەوشیروان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە