دروستكردنی دیكتاتۆر لە قوتابخانەكانەوە

Friday, 13/01/2012, 12:00

1273 بینراوە






قوتابخانە پەیامی ئەوەمان پێدەدات كە شوێنێكە بۆ بەرهەمهێنانی دیكتاتۆر نەك تاكی تەندروست.
هەنگاونان بۆ بونیادنانی نەوەیەكی تەندروست، سەرچاوەكەی لە قوتابخانەوە دەبێ دەست پێ بكرێ، چونكە پەروەردە رۆڵی كاریگەر دەبینێ لە دروستكردنی تاكی سەركەوتوو بۆ كۆمەڵگە. ئەگەربێت و بمانەوێت كۆمەڵگەیەكمان هەبێت تاكەكانی بەو ئاراستەیە بەرین كە چاوەڕوانی ئەویان لێ بكەین دواڕۆژ رۆڵی سەركەوتوو كاریگەریان هەبێت لە بونیادنای كۆمەڵگەیەكی تەندروست كە هاوكار و هاندەر بن لە بەرەوپێشچوونی ئەو كۆمەڵگەیەی كە تێیدا دەژی، ئەوا دەبێ فێری بنەماكانی دیموكراتی و چۆنیەتی هەڵسوكەوتكردنی تاك لەگەڵ تاك و تاك لەگەڵ كۆمەڵەگە بكەین. ئەگەر هاتوو ئەوەمان نەكرد بە بنەما بۆ پەروەردەكردنی منداڵەكانمان هەر لەسەرەتای چوونیان بۆ ناو پرۆسەی پەروەردە، ئەوا دەبێ چاوەڕێی ئەویان لێ بكەین كە بەرهەمەكەمان (copy paste)ی ئەوانەن كە خۆیان نغرۆ بووینە لە گەندەڵی و دیكتاتۆری و نەگونجان لەگەڵ تاك و لێكتێنەگەیشتن لە نێوانیان.
پەروەردەكردنی منداڵ لە قوتابخانە بە شێوازی توندوتیژ و دوور لە بەهاكانی مرۆڤ و پەروەردەو فێركردن، موژدەی چیمان پێ دەبەخشێ! منداڵێك مامۆستاكەی وەك دێوەزمەیەك بەرامبەر بوەستێ و هەڕەشە لە پرسیاركردن و راو بۆچوونی بكات، دەبێ ئەم بەرهەمەمان چی لێ دەربچێ، نموونەی هەموو ئەوانەی سەروە لە قوتابخانەیەكی سەر بە پەروەردەی دەشتی هەولێر زیندوون، لە هەمووی ترسناكتر لە كاتی ئەزموونەكانی نیوەی ساڵ بەرامبەر بە قوتابی، كام قوتابی. ئەوەی بۆ یەكەم جارە كە ئەزموونی سەر كاغەز تاقی دەكاتەوە، واتە پۆلی چوارەمی بنەڕەتی. ئەوەی لە زاری مامۆستاكانی ئەو قوتابخانەیە گوێم لێ بوو لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەكەوە ڕێنمایی بە مامۆستاكانی داوە كە نابێ بە هیچ جۆرێك وەڵامی هیچ قوتابەك بدرێتەوە ئەگەر هاتوو تەنیا پرسیارێكیشی هەبێت، نەك ئەوە مامۆستا بۆی نییە ئەگەر قوتابیەكە كە تەنیا تاكە وەرقەیەكی لەبەر دەستە ئەگەر هاتوو وەڵامی هیچ پرسیارێكیشی نەدابێتەوە بۆی نەبێت بە قوتابیەكە بڵێ بۆ وەڵامت نەداوەتەوە، لەكاتێكدا ئەم قوتابیە بە ئەزموونێكی نوێ تێدەپەڕێت كە یەكەم جاریەتی، پێویستە لە لایەن مامۆستاكانەوە رابهێنرێن بۆ ئەوەی ساڵانی دابێ فێری ئەم جۆرە ئەزموونەو تاقیكردنەوەیە بن. ئەوەی پێویستیشە بكرێ بە تایبەت لە كاتی ئەزموونەكان رەخساندنی كەشێكی ئارامە بۆ قوتابی نەك قیژە و قیڕاندن و هاوار كردن بەسەر قوتابیەك كە پرسیارێكی هەبێ. ئایا هەڵسوكەوتێكی لەم جۆرە كاردانەوەكەی چی دەبێ لەلایەن قوتابیەوە؟ ئایا ئەمە فێركردنی توندوتیژی نییە؟ ئایا گوێ لێ رانەگرتن منداڵ فێری ئەوە ناكات كە نەتوانێ رای هەبێت و مافی پرسیاركردنی هەبێت؟ كەواتە چی لێ بەرهەم دێت..
یەكێك لە باوكی قوتابیەكان ویستبووی سەرپەرشتیاری یەكەمی پەروەردەیی پەروەردەی ناوبراو لەم حاڵەتە ئاگادار بكاتەوە، نەك گوێی بۆ ڕانەگرتبوو، بەڵكو بە دركاندنی یەك وشەی (گلەیی)، پێی وتبوو دەتوانی بێیتە پەروەردە گلەییەكانت بكەی و تەلەفونەكەی بەسەر داخستبۆوە. سەیرە ئەمە وەڵامی سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی بێ كە ئامادە نەبێ گوێ لە باوكی قوتابیەك بگرێ، بێگومان بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك و مامۆستاكانی لەو باشتر نابن!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە