ئایا مەسعود و نێچیر لەسەر یەکگرتووی ئیسلامی پەلکێشکرانە ئەمریکا؟!

Friday, 16/12/2011, 12:00

1613 بینراوە


نووسەری ئینگلیزیی ئەلدۆس هکسلی دەڵێت: "درۆیەکی ورژێنەر لە توانایدا هەیە ڕاستیەکی بێزارکەر دابپۆشێت" بۆ ئەوەی وەکوو هەمیشە چیتر نەبینە جێگای گاڵتە پێکردن لە کایە سیاسییەکانی، مەلایی و جەلالی و ئیسلامی و حزبە کارتۆنیەکان و حزبە بە کارتۆنکراوەکان. بۆ ئەوەی چیتر لە خشتە نەبردرێین. وەرن با ڕاستەو خۆ لە هۆکارە دروستکراوەکەی، ڕووداوەکەی بادینانی نێوان بنەماڵەی بارزانی و یەکگرتووی ئیسلامی، دەستپێبکەین و بپرسین:
 ئایا مەیخانەو مەساجخانەکە هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە بوون؟ گەر بێت و هەروا بەردەوامبین، بەو بیرکردنەوە سیاسیە، ساکارو ساوێلکانەو پەرچەکردارانەمان، کە تائێستا لێکدانەوەو شرۆڤەکردنمان پێکردوە، ئەوا نەوەک هەر ناگەین بە هیچ ڕاستیەک و لە هەقیقەتی وونبووشمان دوور تر دەکەوینەوە، بەڵکو ئەم ڕووداوەی ئێستاش وەک ژمارەیەک، تێپەڕ دەبێت و دەچێتە سەر ژمارەی ئەو ڕووداوە تراژیدیانەی کە بە سەرماندا هاتوون و تێپەڕیون.
جا بۆ ئەوەی لە ئاستی تێگەیشتنی ڕووداوەکە بین و هەقیقەتەکەش بدۆزینەوە، دەبێت بچینە ناو ژوورە تاریکەکانی پشت پەردە، وە بە ئاستی هەمان ئەقڵ و بیرکەدنەوەی هێزە، داڕێژەرەکان و جێبەجێکەرانی سیناریۆکە، بیربکەینەوەو ئەقڵمان بکەینەوە. بەڵکو دەبێت مەودای ئەقڵ و بیرکردنەوەمان، بەرینە ئاستێکی زۆر بەرزترو فراوانتریش، ئەگینا هەرگیز تێناگەین لەوەی کە چ باسەو چ دەگوزەرێت.
ئەو ڕووداوەی بادینان، کە بنەماڵەی بارزانی و یەکگرتووی ئیسلامی، پاڵەوانی هاوبەشن تیایا، تەنهاو تەنها نمایشکردنی سیناریۆیەکە ، لە ئەڵقەی درمای ململانێی نێوان تەوەری دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی ناوچکە، بە سەرکردایەتی ئێران کە پێکهاتووە لە:" ئێران، سوریا، حزبوڵلای لوبنانی، حەماسی فەلەستینی، مالکی، مەلایی و جەلالی" لە لایەک، وە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، لە لایەکەی تر.
بەڵام بەداخەوە بێ"زاکیرە" بوونی ئێمەی کورد، وایلێکردووین کە هەردەم تێگەیشتنمان لە مێژوو بەلامانەوە، جگە لە تێپەڕبوونی کات، شتێکی تر نەبێت. هیچ کاتێکیش لە هەرچی ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویانداوە، بەوانەی کە ئێستاکەش لە ئارادانە، تەنانەت ئەو ڕووداوانەی کە لە ئایندەشدا ڕوودەدات، لە هیچ کامیان نەگەین، وە زۆر بە زووییش لە بیریان بکەین. بێزاکیرە بوونمان وایلێکردووین، هەمیشە لە هەقیقەت و ڕاستیەکان دووربکەوینەوەو لە خۆمانیان زیاتر وونبکەین.
زانای ئەستێرە ناس و فیزیایی و فەیلەسوفی ئیتالی گالیلۆ گالیلی دەڵێت:" لە دوای دۆزینەوەی هەر هەقیقەتێک، تێگەیشتن لێی ئاسانە، بەڵام (فکرەکە) بیرەکە، لە دۆزینەوەکەیدایە" بۆ ئێمەش دۆزینەوەی هەقیقەت و تێگەیشتنی زەرورەتێکی هەنووکەیی و پێویستە، بۆ فێربوونمان لە چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە مێژوو.

ئەلدۆس هکسلی لە وتەیەکی تریدا دەرباەرەی مێژوو دەڵێت:"گرنگترین وانەی مێژوو کە دەتوانیت سوودی لێوەربگریت ئەوەیە، کە ئادەمیزادەکان زۆر سوود وەرناگرن لە وانەکانی مێژوو"
لێرەشدا دەبێت چاونەترسانەو ڕاشکاوانە دان بەو ڕاستیەشدا بنێین، کە ئێمەی کورد، لە مێژوودا " پشکی شێرمان" بردوە بۆ سوود وەرنەگرتن لە مێژوو!!
دەبا بە پرسیارکردنەوە، تروسکە چاوێکی خێرا بخشێنین بە مێژووداو سەیرکەین. بۆچی هەموو کاتێک، کە بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیەکانی هەر زلهێزو لایەنێکی دونیا، کە کەوتبێتە ناوچەکە، کوردستان بووە بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێ و بەرژەوەندیانە، کە هەموو جارێکیش لە سەر کەوڵ و خوێنمان، بە قازانجی ئەوان و بە زیانیش، بۆ ئێمەی کورد تەواو بووە؟
نموونە: هەر لە سەرەتای یەکەم داگیرکردنی کوردستان لە لایەن لەشکری عەرەبی ئیسلام، پاشان شەڕی نێوان هەردوو ئیمپراتۆریەتە ئیسلامیەکەی، سەفەوی وعوسمانیەکان، تا دەگاتە هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی لەم ناوچەیەدا.
چما هەر کورد تیایا خاک داگیرکرواوو زیان وێکەوتوو بووە؟ تەنانەت بەرداکەشی شەڕی ساردیش، کوردی لە هەموو نەتەوەکانی تری دوینادا، زیاتر هاڕیوە و زۆرترین زیانیشی لێداوە!
 دوای ئەمانەش مێژووی مەلایی و جەلالیەکان دێت، کە بە هەمان شێوە پرۆسەی زەرەرمەند بوونی کورد، بەردەوامیەتی بووە و برەویشی پێدراوە. ئێمەش نەهاتووین بەدوای هەقیقەتدا بگەڕێین و لە خۆشمان بپرسین: بۆچی مێژوومان هەروا بە هەڵەو بەو سەقەتیە دەڕواتە پێش؟ بۆچی ناتوانین ببینە خاوەنی سەربەخۆیی خۆمان و بڕیارە سیاسیەکان و چارەنووسسازەکانمان؟
لە بەرچی ئەو شۆڕشەی بە سەرکردایەتی جەلالی و مەلاییەکان، نەیتوانیوە ئەو مێژووە ڕاستبکاتەوە؟ بۆ ئەو شۆڕشە نەیتوانیوە پێگەی کورد، وەک لایەنێک، نەوەک وەکوو ئەوەی کە ئێستا کورد ئامرازە، لە هاوکێشە سیاسیەکانی دونیاو بەتایبەتش، لە ناوچەکە، ستراتیژیانە جێگیر بکات؟!
ئایا هۆکارەکەی دڕندەیی و زۆرداری داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان بووە؟ یان وابەستە بوون و لێنەهاتوویی و هیچ لەبار نەبوونی، مەلایی و جەلالیەکان بووە، لە ڕێبەرایەتیکردنی شۆڕشەکەدا؟
 با بێین بە دیوەکەی تریشدا بپرسین: ئایا مەلایی و جەلالیەکان، ئەوەی بە ناوی شۆڕشکردن کردویانە، بە مانا (زانستیەکەی) شۆڕش بووە؟ یان یاخیبوونێکی چەکدارانەی ڕووت بووە؟ شۆڕشی کام نەتەوە، بەم شێوەیە بەرپاکراوە، کە حزبەکانی سەرکردەی شۆڕشەکە، لە میانەی شۆڕشکردنیاندا، لە سەر دوو هێڵی یەکساندا وە لە یەککاتیشدا، بۆ سەرکەوتن و ڕزگاریان، شەڕیان دژ بە داگیرکەرەکانیان و شەڕی ناوخۆیی دژ بە یەکتریان کردبێت؟!
هەر لە هەمانکاتیشدا ڕیزەکانی نەتەوەکەیان لێکترازاندبێت، بەرە ناوخۆییەکەشیان لە جیاتی یەکگرتن، لە بار یەکهەڵوەشاندبێت؟! باشە گەر ئەوەی، ئەوانە کردوویانە شۆڕش بوو، بۆچی بە درێژایی مێژووی شۆڕشەکە، مەلایی و جەلالیەکان و ئیسلامی و تەواوی حزبەکانی تر، لە هەر هەموو سەرکەوتن و ئاشبەتاڵی و دۆرانێکدا، بوونەتە خاوەن دەستکەوت و دەستەڵات وهەر سەرکەوتووش بووینە، ئێمەی میللەتی کوردیش هەر دۆڕاوو ژیرکەوتوو؟!
بۆ تاوەکوو ئێستا لە هەموو ئەو سیناریۆیە سیاسیانەی کە لە کوردستان ڕوویانداوە، ئێمەی خەڵکانی بەش مەینەتی کورد، ڕۆڵمان تیایاندا هەر ئەکتەرە کوژراوو قوربانیەکە بووەو ئەوانیش پاڵەوانی سەرکەوتوو؟!
لە بەر چاومانە کە چۆن لەم ٢١ ساڵەی ڕابردوودا، بە چ شێوەیەک لە ژێر سایەی دەستەڵاتی مەلایی و جەلالی و ئیسلامیەکان و حزبەکانی دیکەدا. کوردستان بوو بە مۆڵگەو گۆڕەپانێکی ململانێ و تەڕاتێنی بە ئاشکرای، دەزگا جاسوسیەکانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان. بە شێوەیەک لە ناو تەواوی کۆمەڵگاو بوارەکانی، وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ڕۆشنبیری و فکری...تد. ڕەگیان داکوتاوەو شۆڕبونەتەوە و، بوون بە مەترسیەکی گەورەش بۆ سەر ئایندەی گەل و خاکمان. ئەو دۆخەی ئێستای کوردستان، لە بوونی ئەم هەموو دەزگا جاسوسیە نێودەوڵەتیانە، لە دۆخی ساڵانی "حەفتایەکانی" لوبنان دەکات، پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوەخۆی... کە تا ئێستاش لوبنان، وەک دەوڵەتێکی ئاسایی نەکەوتۆتەوە سەرپێی خۆی.
ئەوەش لەبیرنەکەین کە تێکدانی کوردستان، لە سایەی ئەم دەستەڵاتەدا زۆر ئاسانترەو خەرجیشی ناوێت! لەبەر ئەوەی هەموو حزبەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان، بە تەواوەتی کەوتوونەتە بازنەو کۆنتڕۆڵی، دەزگا جاسوسیکان. بەتایبەتیش دەزگا جاسوسیەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان. مێژووەکەی خۆشیان بۆ ئەم ڕاستیە بە هێزترین بەڵگەیە. بۆ نموونە: پڕۆسە ناکاو کوژیەکانی ماوەی ٢١ ساڵی ڕابردوو کە ئەنجامدران، چ دژ بە خەڵکانی سیاسی و حزبی و ڕۆشنبیرو ئەکادیمیەکان، لە مامۆستاو دکتۆرو پارێرەزەرو هونەرمەندان....تد. وە چ ئەوەی کە دژ بە خەڵکانی بیانی ئەنجامدران، بەتایبەتیش ڕۆژنامەنووسەکان.
دووەم گەرمکردن و تاودانەوەی کورەی، شەڕی کورد کوژی نێوانی حزبەکان، کە مەلایی و جەلالیەکان هەردەم تیایا سەرچۆپیەکە،هیخۆیان بووە. بە یارمەتی ڕاستەوخۆی سوپای داگیرکەران و دەزگا جاسوسیەکانیان، کە هێنانی سوپای پاسداران و ٣١ی ئابی خیانەتکارانەو پاشانیش هێنانی سوپای تورکیای لێکەوتەوە. کە تا ئێستاش تورکیا، مۆڵگە سەربازیەکانی، بە شێوەیەکی ستراتیژیانەی درێژخایەن لە ناوچەکانی بادینان لێیداکوتاوە.
ئەمڕۆکەش ڕۆژ بە ڕۆژ، کە شۆڕشی گەلانی سوریا دژ بە دەستەڵاتی دیکتاتۆرە وەحشیگەریەکەی بەشار ئەسەد، فراوانتر دەبێت، وە پشتێنی ئەمبارگۆی، ئابووری و سیاسی نێودەوڵەتیشی لێ تووندتر دەکرێت.
ئێران وەکوو ئەژدیهای هاری لێهاتووە، بۆ بەریگریکردن لە مانەوەی بەشار ئەسەد. مەسەلەی سوریا بۆ ئێران هەروەک مەسەلەی(دڵی شاراوەی دێوەکەی) چیرۆک و فیلمە فەنتازیاکانی لێهاتووە، کە دێوە دڕندەکە، جەستەکەی زۆر بەهێزە، نە بە ژەهرو فێڵ، نە شمشێر، نە تیرو خەنجەر هیچ شتێک کاری تێناکات و نا مرێت، تاوەکوو ڕاستەوخۆ دڵی نەپێکێنرێت. دێوەکەش دڵەکەی لە قەفەزەی سنگیدا نیە و لە شوێنکی نەهێنیدا و لەناو سەندوقێکدا شاردویەتیەوە، کە ڕێگای گەیشتن پێی دەیان کەندو کوسپ و هەڵدێری مەرگ هێنەری تیایە. تاکە ڕێگای کوشتن و لەناو بردنیشی تەنها، دۆزینەوەی ژڵە شاراوەکەیەتی.
ئەمڕۆکەش، کە گەلانی شۆڕشگێری سوریاو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، گەیشتوونەتە شوێنی سەندوقی دڵی دێوەکەو خەریکی کردنەوەی سەندوقە یەک لەناو یەکانن بۆ دەرهێنانی دڵی دێوەکە. ئێران تەنگەتاو بووەو بۆ بەرگریش لە بەشار، هەر هەموو قورسایی، دراوی و ئابووری و سیاسی خۆشی خستۆتە گەڕ. لە لایەکەی تریشەوە، هەر هەموو حزب و لایەن و گروپە چەکدارە وابەستەو گرێدراوەکانی سەربەخۆی خستۆتە گەڕ بۆ بەرگری لە بەشار ئەسەدی دیکتاتۆر. ئەوەتا بە ئاشکراو بە نەهێنی ئێران شەرو گێچەڵ بە دارو بەردی دونیا دەفرۆشێت، خوا خوایەتی بچوکترین بیانۆی بکەوێتە دەست و شەڕێکی پێدروستبکات، چونکە تەنها و تەنها، ڕوودانی شەڕێک لە ناوچەکەدا سوریا ڕزگار دەکات.
هەرچەندە شەڕیش موغامەرەیەکی زۆر گەورەو ترسناکە، سنوورو ئاکامەکانیشی لە تەنینەوەو فراوانبوونیدا، لە تێوەگلانی تەواوی ناوچەکەو دەرەوەی سنووری ناوچەکەش، نادیارە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیران و سوریا، دەست لە بەکارهێنانی، کارتی شەڕنانەوە هەڵناگرن، وەک دوایین شانسی بێئومێدیان. جا بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زیاتر ڕوون و ئاشکرا، بگەینە هەقیقەتی ڕووداوەکەی بادینان، پیویستە پەیوەندی نێوان بنەماڵەی بارززانی و ئێران وەبیرە خۆمان بێنینەوە. ئاشکرایە، کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلول و خاتیمەکەی بە ئاشبەتاڵە مەزنەکە، مەلا مستەفا بارزانی پەیوەندی بنەماڵەکەی بە شێوەیەکی ستراتیژیانەی ئەبەدی لەگەڵ ئێران گرێیدا بوو. کە تا ئەمڕۆکەش ئەو پەیوەندیەیان بە ئێران هەر زیندووەو لە هەڵکشاندایە و سنوری خۆشیان نە بەزاندووە.
نەوشێروان مستەفاش شاهیدی ئەم ڕاستیەیەو، هەر لەسەر زاری ئیتلاعاتی ئێران، لە یاداشتەکانی خۆیدا باسیکردوەو نووسیویتیەوە. من لە بابەتێکی پێشوومدا باسم لە مەسەلەی داواکاری ڕادەستکردنەوەی حکومەت بە بنەماڵەی بارزانی کردبوو. لێرەشدا دووبارە دەڵێمەوە: کە داواکاری بنەماڵە لە وەرگرتنەوەی حکومەت، زیاتر جێبەجێکردنی داواکاری ئێران بوو، بۆ ڕێکخستنەوەو ئامادەکاری ئەرک و ڕۆڵی هێزەکانی ناو تەوەرەکە. دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە تاکە دەوڵەت و ڕژێم، بنەمالەی بارزانی ناتوانن لە قسەو فەرمانەکانیان دەربچن، دەوڵەت و ڕژێمی ئێرانە. دیسان هەمان پرسیار دەکەینەوە: ئایا هۆکاری کێشەکەی بادینان، مەیخانەو مەساجخانەکە بوو؟
 بەر لە باسکردنی هەرشتێکی تر وتەیەکی زۆر بە پێزی گالیۆ گالیلی هەیە کە دەڵێت:" کاتێک کە کۆئەندامەکانی هەستمان نایپێکن، لۆژیک دەبێت خۆی تێهەڵقورتێنێت" لە سیاسەتدا لە تەواوی دونیاش هەروا بووە، چ بە لۆژیکی ئەقڵ و فکرو بیرکردنەوە،چ بە لۆژیکی هەموو زانستە، ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕوشنبیری و سیاسی وتەنات خودی زانستیش، بگرە بە زانستی لۆژیکی لۆژیکیش. هەر حزبێک کە حکومەت پێکدێنێت، یان حکومەتی ڕادەستدەکرێت، ئەو حزبە بەر لە هەموو شتێک دەبیت هەڵمەتێکی"پەیوەندیە گشتیەکان" دەستپێبکات بۆ دەمەزەردکردنەوەی پەیوەندیەکانی، هەروەها بە هێزکردنەوەی ئەو پەیوەندیانەی کەلاواز بووینە.
دووەم دەبێت هەوڵبدات، بەر لە پێکهێنانی حکومەت ئەگەر کێشەی هەبێت لەگەل هەر لایەنێکی حزبی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی، چارەسەریانبکات، ئەگەر پێشی بنەبڕنەکران، بەلایەنی کەمەوە سنووری گرژی و ناکۆکیەکانی تەسکبکاتەوە و هەڵبدات کەمترین کێشەی سیاسی هەبێت، لە ناو کۆمەڵگادا، بۆئەوەی بتوانێت حکومەتێکی جێگیر لە ڕووی سیاسیەوە پێکبهێنێت. ئەمە بۆ بنەماڵەی بارزانیش هەروایە. لێرەدا بە لۆژیکێکی پەتی دەپرسین: بۆچی بنەماڵەی بارزانی لەو کاتەی ئێستایان، کە لە تووکی سەریان زیاتر، کێشەی ناوخۆیی و ناحەزو دوژمنیان هەیە، لە کاتێکدا ڕەوشی سیاسی و حزبی و کۆمەڵایەتیەکەیان ڕوو بەرەو ژێرە، لەسەرو بەندی پێکهێنانی حکومەتدا، دێن شەڕ بە یەکگرتووی ئیسلامی دەفرۆشن، لە ژێر ناوی بەرگری لە مەیخانەو مەساجخانە؟
باشە ئەگەر یەکگرتووی ئیسلامی بڕیاری سووتاندنی مەیخانەو مەساجخانەکانیداوە، بۆ لە بادینان دەستیانپێکرد؟ بۆ لە هەولێرێڕا دەستیانپێنەکرد؟ خۆ ئێستا هەولێر لە سایەی دەستەڵاتی بنەماڵەی بارزانیدا، ئەقڵەکەی، دەیان هەنگاو کەوتۆتە دوای ئەقڵی"تۆرابۆرا" وە لە تەواوی ئەفغانستانیش بەقەد هەولێر مزگەوتی تیا نیە!! ئەگەر هەولێر نەبوو ئەی بۆ لە سلێمانی دەستیانپێنەکرد؟ خۆ هەموو کاتێک بەمانای پۆزەتیڤی ووشە سلێمانی لە هەر هەموو ڕوێکەوە، پێشەنگی پارێزگاکانی ترە، کە ئەمە لە ڕوانگەی ئیسلامیەکان، بەڕەڵلایی و ئیلحادە، خۆ بەمانای ووشە سلێمانی"پاریسی" کوردستانە، بۆ لە وێڕا دەستیانپێنەکرد؟! باشە بۆ عەلی باپیرو بزوتنەوەی ئیسلامی، نەهاتن بەپیر ئەم جیهادەی یەکگرتوو؟ تۆ بڵێی عەلی باپیرو بزوتنەوەی ئیسلامی، لە ژێرەوڕا بوونەتە علمانی، بۆیە چرتەیاننەکرد؟!
مەسەلەکە نە مەیخانەیە و نە مەساجخانەش، بەڵکو سیناریۆو فەرمانێکی ئێران بوو، کە بنەماڵەی بارزانی جێبە جێیانکرد. بۆچی لە بادینان؟
یەک: لێکنزیکی ئێران لە سوریا، لە ناوچەی بادینانڕا، هەروەها بنەماڵەش، زیاتر لەوێ بە هێزن.
 دووەم: لە بادینان زۆر هێزی سیاسی و چەکداری تر هەن لە دەورو بەری سنوورەکەی.
سێ: بادینان سنووری بە سنووری"ناتۆ" وەیە، وە مۆڵگە سەربازیەکان و بەرژەوەندی تورکیای تیایە، بێجگە لە سەربازو کاربەدستەکانی ئەمریکاو ئەوڕوپیەکان. ئەو سیناریۆیە، هەم ئاگادارکردنەوەو هەم دەستوەشانێکی ئێرانیش بوو، لە بەرەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، لەوەی کە بە تەواوی، نەک هەر لە بەغدا، بەڵکو لە کوردستانیش جڵەوی پڕۆسەی سیاسی لە دەستی خۆیدایە و هەر کاتێکیش بیەوێت جووڵەکردن بە هێزەکان دەکات، بە ئارەزووی خۆی. ئەی بۆچی یەکگرتوو هێندە تووکنەرمە تا ئێستا بنەماڵەی بارزانی ئاوڕشێنیش نەکردووە؟
 ئەمە بریاری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەتی، لەوەی کە نابێت بە هیچ شێوەیەک، بوار بدەن گرژیەکان گڕبگرێت لە گەڵ ئێراندا، چونکە ئێران وای دەوێت، بۆ ڕزگارکردنی خۆیی و سوریا. گەر ئەوەی بادینانیش بتەقیبایەوە، ئاکامەکەی بەم شیوەیە دەبوو: ئێران و سوریا بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی، ئەو گروپانەی کە بەناوی جۆراو جۆری ئیسلامی، ئامادەیانکردبوو، لەم نێوانەڕا هێرشیان دەکردە سەر سەربازو کاربەدەستە تورکی و ئەمریکی و تەواوی هاوپەیمانەکانی، دەیان تەقینەوەیان بە ناوی بەرگریکردن لە قورئان و ئیسلام دژیان ئەنجامدەدا، وە سەربازو کار بەدەستی زۆریشیان لێ دەڕفاندن و دەیانکردن بە بارمتە، بۆ مساوەمە پێکردن. کە ئەمەش بە شکستی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی تەواو دەبوو.
 ئەمریکاش باش لەوە گەیشتووە، بۆیە لێنەگەران یەکگرتوو، نەوەک هەر پەرچەکرداری نەبێت، بەڵکو دەبێت ئاشتیش بیتەوە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا. مەسعودو نێچیریش بۆ ئەوە پەلکێشی ئەمریکا کراون و پێیان وتوون: لە نێوانی ئەوەی کە لەگەڵ ئێران و سوریادا، بدۆڕێن و نەمێنن، یان مانەوەتان لە سایەی ئێمەدا، یەکێکیان هەڵبژرێن، وە لەوەش بترازێت هیچ ڕێگایەکی ترتان نیە. ئەمە هەقیقەتە شاراوەکەیە.
دوا پرسیار ئایا ئەمریکیەکان بە نەوشێران مستەفاو بزوتنەوەی گۆڕانیشیان ڕاگەیاندووە کە لەم ماوە هەستیارەدا، لە کوردستان نەیقڵیشێننەوە، نەبادە ئێران بیقۆزیتەوە...؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە