بۆ به‌رچاوی به‌رپرسان له‌ هه‌ولێر..

Wednesday, 08/12/2010, 12:00

980 بینراوە


بۆ بەڕێزان: سەرۆكى هەرێمى كوردستان
سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان
سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان
وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار
پارێزگارى هەولێر
بەڕێزان.. لاى هەموان ئاشكرایە كە شارى هەولێر لەم چەند ساڵەى دواى ژمارەیەكى یەكجار زۆر بینایەى زۆر گەورەى لێ دروستكراوە، بە داخەوە هیچ یەكێك لەم بینایانە هى حكومەت نین بەڵكو هى كەسانێكن كە بە هۆى بوونى دەسەڵاتەوە زەوییەكانیان لە خەڵكى هەولێر داگیر كردووە و بچوكترین خزمەتى شارى هەولێرى پێنەكراوە، بەڵكو زیانەكانى زۆر زیاترە لە قازانجەكەى. بە هەزاران دۆنم بە ناوى (مساتەحە) دراوە بە پیاوانى دەسەڵات ئەوانیش یان كردویانە بە شوقە و بە نرخێكى زۆر گران داویانەتەوە بە خەڵك، یان كردویانە بە سوپەرماركێت یان كردویانە بە چێشتخانە یان ئۆتێلى زۆر گەورە یان مۆڵ. وا خەریكە خەڵكەكەى شارى هەولێر بە تەواوى دەخنكێ بە تایبەتى لە هاوین واقیعێكى زۆر تاڵ بەڕێ دەكرێت. بۆیە پێوستە بیر لەوە بكرێتەوە چەند پاركێكى گەورە لە ناو شارى هەولێر دروست بكرێت، ئەگەر چى لە نێو ئەم شارەدا جێگە نەماوە هەمووى هەر دراوە بە لێپرسراوان، تەنیا شوێنێك لە ناو هەولێر مابێ ئەو چەند دۆنمە زەوییەیە كە پێشتر تاكو (31) ى ئابى (1996) مەكتەبى سیاسى (ى.ن.ك) بووە كە دەكەوێتە سەر رێگەى (عەینكاوە-هەولێر)، بەڵام پارتى دیموكراتى كوردستان ئێستا تەختى كردوەو قسە هەیە هەر پارتى دیموكراتى دەیەوێ بیكاتە بیناى زۆر گەورە تا باشتر خەڵك بخنكێنێ.
ئێمە بەناوى خەڵكى شارى هەولێر داوا لە هەموو لایەكتان دەكەین ئەم شوێنە بكرێتە پاركێك بۆ ئەوەى رووبەرى سەوزایى لە شارى هەولێر زیاتر ببێت، ئەمە جگە لەوەى مافێكى خەڵكى گەڕەكەكانى (كورانى عەینكاوە و بەختیارى و تەیراوە و نووسەران و حاكماوە و شۆڕش و سەلاحەددین و ئارى) یە كە لە نزیكیان پاركێك هەبێت، تا خەڵكى ئەم گەڕەكانە بتوانن ساتێك بە ئارامى ژیان بگوزەرێنن.
ئەگەر ئەم شوێنە بكرێتە هەر شتێ جگە لە پارك .. بۆ خەڵك بە راستى زوڵمێكى یەكجار گەورەیە لە ئایندەى شارى هەولێر بە گشتى و ئایندەى ئەم گەڕەكانە دەكرێ، هێندەى تر خەڵك دەخنكێنن، تكا دەكەین مەیدەن بە چەند مشەخۆرێك، بیدەنەوە بە خەڵك و خزمەتى خەڵكى پێ بكەن.
چاوەڕوانین لە هەموو لایەكتان بە زووترین كات وەڵامى خەڵكى شارى هەولێر بدەنەوە و چیتر زوڵم لەم شارە مەكەن..هەر هەوا مابوو ئەویشمان لێ داگیر مەكەن. ئەگەر كار وا بڕوات ژیان لە هەولێر نامێنێ سەرتاپاى دەبێتە جادەو سەیارەو بینایەى دەسەڵاتداران. ئەو شارەى بۆ خزمەتى مشەخۆرە دەسەڵاتدارەكان ئەو چەند كارگەیەى كە لە سەردەمى بەعسى هەبوو كەچى درایە ئەم دزانە، لەوانە كارگەى نەسیجى هەولێرو كارگەى جگەرەو كارگەى مەڕمەڕو كارگەى قیڕ و كارگەى مافور و كارگەى ئالیكى ماسى و كارگەى ئەلبان و چەندان شوێنى تریش.
تكایە ئەم زوڵمە راگرن، واز لە خەڵكى هەولێر بهێنن با بە خەڵكە دڵسۆزەكەى خۆى خزمەتى خۆى بكات.

كۆمەڵێك لە چالاكوانانى بوارى ژینگەپارێزى لە هەولێر
محمد علی، رسول أحمد، ئازاد محمد، ئارى علی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە