ئاگاداربە-هێڵی سورە!

Saturday, 10/05/2014, 12:00

1985 بینراوە


دانیشتوانی سەرزەمینی ڕۆژهەڵاتی ناوین تا دەگات بە وڵاتە دواکەوتوەکانی دیکەی ئەم سەرزەمینە، دەسەڵاتداران هەردەم لەبەردەم دانیشتوانەکانیاندا، چەندین هێڵی سوریان کێشاوە تا ئەوەی ئەو دانیشتوانە(ناڵێم هاوڵاتی،چونکە گەر مانای هاوڵاتی بوون هەبوایە، ئەوکات، هێڵە سوورەکانیش بونیان نەدەما) نەوێرن پرسیار بکەن؛ئاخۆ مانەوەی هێڵە سورەکان لە قازانج و بەرژەوەندی کێدایە؟ مانەوەی ئەم ڕەگە کۆنەپەرستیە لەنێو زهنیەتی دەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتدا، کارێکی وای ئەنجام داوە، کە کۆتا بونی ژیانیان و دەسەڵاتەکانیان هەمیشە لە ڕێگای لەناوچونی شێوە کوشتنەوە بە کۆتا بگات، چونکە ئەو دەسەڵاتانە، گەر دینی بن یان نەتەوەیی، لەنێو دانیشتوانی سەررزەمینی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، تا ئەم ساتەشی لەگەڵدا بێت، پەیڕەوییان لە فەرهەنگی دیکتاتۆریی کردوە. ئەو فەرهەنگەی کە کۆمەڵگا گۆش دەکات بە بنەماکانی ترس و تۆقاندن. فەرهەنگێکی ئاواش بەهەموو مانایەک دوورە لە کەلتور و فەرهەنگی شێوازی دیموکراسیانە. مانەوەی ئەو فەرهەنگە دژە ئازادیەشە، کارێکی وای کردوە، کە زۆرترین دواکەوتووی و هەژاری لەنێو کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بوونی هەبێت، ئەگەر نا، ئەوا ئاستی مێشک تێری بەتوانایی و داهێنانی خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی- هیچی کەمتر نیە، لە خەڵکانێک کە لە ڕۆژئاوادا دەژین و هەمیشە داهێنانە زانستیەکان بووە بەبەشێک لە خاوەنداری بۆ ئەوان.
دەسەڵاتداران لەنێو خۆتێر کردنی خۆیاندا سەرقاڵن و باکێکیان بە دانیشتوانەکەیان نیە، لە کام ئاستدا ژیان دەگوزەرێنن، لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا، پێم وابێت، هێشتا ژیان کردن لە قۆناغێکدایە هەر لە سەدە تاریکەکانی نێو ئەوروپای ڕۆژئاوا دەچێت. یەکێک لەو کاریگەریە ترسناکانە کە هەمیشە لەلایەن وەکیلەکانی خوداوە لەسەر زەمین هێڵی سور دەکێشن، مانەوەی ئاینە لەنێو زهنیەتی دانیشتواندا. خودی ئەو هێڵە سورەی دین، کە نابێت کەس ڕەخنەی بکات و گشت دەبێت پەیرەویی لێ بکەن، ئەو چونیەکیەیە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بوونی هەبوو، کۆمەڵانی خەڵکی ئەوروپا بەگشتی پێوەیی دەیاناڵاندوو، لە پێناو ڕزگاربونیشیان لە دەست ئەوکۆت و بەندانەی ئاینی مەسیحی، ملیۆنان مرۆڤی ئازادیخواز، بوون بە قوربانی دەستی پیاوانی ئاینبی و دەسەڵاتە دەرەبەگەکانی ئەو سەردەمە. لەنێو کایەی ئاینی و دەسەڵاتی سیستەمی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیشدا، کارکردن بەو پێوەرانەی سەدەکانی ناوەڕاست زۆر بەتودنی پارێزگارییان لێ دەکریت و هێڵە سورەکان کە بۆنی بڤە دەدات، بەردەوام لە تۆخ بونەوەدان.
هەرێمی باشوری کوردستان، جێگایەک نیە بەدەر لەو خاوەنداری لێکردنە کە پارێزەرانی هێڵی سور تێیدا حاکمن لە وڵاتانی چواردەور، لەو هەرێمە بەناو ئازادەشدا، هێڵە سورەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە تا دێت تۆخ تر دەکرێنەوە، هەم لەڕووی پاراستنی بنەماکانی ئاینی ئیسلام و هەم ئاستی پیاوانی پلە یەک و دەستەوتاقمەکانیان لە خوار پلە یەکەکانەوە. پاراستنی ئەو هێڵە سورانە و بە بڤەکردنیان، بێجگە لە تۆخ کردنەوەی سەردەمی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان هیچیتر ناگەیەنێت. من لە کاتی منداڵیمەوە تا ئیستا تەمەنم لە ٤٦ ساڵی نزیک دەبێتەوە، هەر یەک ڕیتم دەبینم لەنێو کەلتور و فەرهەنگی باوی کۆمەڵگادا، ئەویش، ئاگادار بە ڕەخنە لە دەسەڵات و سەرۆک نەگریت، چونکە هێڵی سورن و دواتر سزاکەی قورسە، یانی سزای مەرگی بەدواوەیە. ئەم کۆیلایەتی بوونەی کۆمەڵگا، پەیوەستە، بەو کۆیلایەتی بوونەی کە پێشتر لەسەری ڕاهێنراوە، ئەویش ڕەخنە نەکردنی خودی ئاینە. لەژێر ئاوا پەروەردەکردنێکدا، بیگومان، دەتوانرێت زۆرینەی کۆمەڵگا بخرێتە ژێر سانسۆری، تێنەپەڕاندنی هێڵە سورەکانەوە، یانی قسەنەکردن لەسەر هەیمەنەتی دەسەڵاتداران و بنەماڵەکانیان، نەک وەک ئەوەی دەست بخیتە نێو کاری کەسییانەوە، بەپێچەوانەوە، ڕەخنەکردنی ئەدای دەسەڵاتدارێتییان و مانەوەیان لە سەر کورسی دەسەڵات بۆ هەتایە، تەنانەت قسەکردن لەسەر ئەو کارانەش هەر هێڵی سورە.
لەماوەی ٢٣ سال حاکمدارێتی سەرانی دەسەڵات لەهەرێمی باشوری کوردستاندا، هێندەی خاڵی نێگەتیفیان لەنێو زهنیەتی کۆمەڵگادا ڕواند، بەیەک خاڵیش، کاریان نەکرد لەسەر زیندوو کردنەوەی تاکی کۆمەڵگا تا هەست بەبوونی فیزیکی و کۆمەڵایەتی خۆی بکات. ئەم دەسەڵاتدارانە، هەمیشە کاریان لەسەر بچوک کردنەوە و لاواز کردنی تاک کردوە لەنێو سیاسەتی خۆیاندا، ئەویش تەنها لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە قێزەونەکانی خۆیان. سۆران و عەبدولستار تاهیر و سەردەشت و کاوە گەرمیانی، وەک ڕۆژنامەنووسی بوێر، کاتێک هێڵە سورەکانیان تێپەڕاند، بەنرخی گیانی خۆیان تەواو بوو! ئاخۆ دەبێت، ئاستی پەروەردەیی ئەو دەسەڵاتە خۆماڵیە لە کام نێوەندی دیموکراسی بووندا جێگەی ببێتەوە؟ ئاخۆ بۆ دەبێت کەس نەزانێت سەرۆک و ماڵو منداڵەکانی چۆن دەژین و ژیان بەسەر دەبەن؟ ئاخۆ بۆ دەبێت سەرۆکی عێراق، زیاد لە ساڵێک لە نەخۆشخانەدا بێت و کەس نەوێرێت بڵێ، ئەرێ سەرۆکمان چی بەسەر هات؟ ئاخۆ پەروەردەیەکی ئاوا، پەیوەندی هەیە بەبنەماکانی دیموکراسی بوونەوە؟ ئایا جیاوازی یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات لە چیدایە، کە یەکەمیان، هەروەک دوەمیان، دێت ڕاستیەکان لە کۆمەڵگا دەشارێتەوە و دەڵێت ئەمڕ یان سبەی سەرۆک بە تەندروستیەکی باشەوە دەگەڕێتەوە نێو کۆمەڵگا؟ ئاخۆ بۆ دەبێت پارتێك خۆی بە ئەندام بزانێت لە پارتە بەناو سۆسیال ئەنتەرناسیۆنالدا، بەڵام جورئەتی ئەوەی نەبێت بڵێت، مام ئیتیر وەک هەرمرۆڤێکی تر، کاری خۆی بەجێ گەیاند،وەتەمەنی تا ئەم خاڵە بڕی کرد و جێگای پێزانینی هەموو کەسانی پارتەکەمانە و لە دوای ئەو ئێمەی جێگرەوەکانی دەتوانین باشتر لەویش کارەکانمان درێژە پێبدەین، لە پیناو پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکانی کۆمەڵگادا؟ ئاخۆ دان پێدانانێکی ئاوا جوامێرانەترە یان بەهەڕەشە کردن و دانانی مام جەلال لەسەر هێڵی سور، کە کەس بۆی نیە ڕەخنەیەکی ئاراستە بکات؟
لە سایتی ئەلیکترۆنی لیڤیندا، نووسراوێکی وام بینی، کە ڕۆژنامەی سەر بەپارتی، بابەتێکی لەسەر تەندروستی مام جەلال نووسیوە و دیارە ڕەخنەی ئاراستە کردوە کە ئەو مێشکی توانای کارکدنی نەماوە، وە چاوێکیشی لەدەست داوە. ئەم بابەتە بۆ دەبێت ببێت بەخاڵێکی وروژێنەر لەلایەن بەرپرسانی یەکێتیەوە. ئاخۆ مام جەلال توانای گەڕانەوەی ماوە بۆ نێو کاری سیاسەت کردن؟ گەر توانای نەماوە ئیتر چ پیویستیەکی بەشاردنەوە هەیە؟ ئاخۆ گەر یەکێتی نیشتمانی بە نەمانی مام جەلال کۆتایی پێ بێت، باشتر نیە هەر لە ئێستاوە ئیعلانی تێک شکانی خۆیان بکەن؟ یان ئەو خۆسوور کردنەوەی یەکێتی بەرانبەر ئەو بابەتەی لای ڕۆژنامەی پارتی نووسراوە، ئاستی ناهاوڕێیەتی لە نێون ئەو پارتانەدا نیشان دەدات، کە کارکردنی پێکەوەییان، هێندەی ناچاری بوە، هێندە، بە خواستی خۆیان نەبوە. ئەگەر نا، ئەوە مانای دەرخستنی ڕاستیەکانە، کە پارتە بنەماڵەیی و دەرەبەگیە بۆرژوازیەکان، لە هەرێمی باشوری کوردستاندا، هەمیشە لە تەڵە نانەوەن بۆ ئەوەی فرسەتێک دەست بکەوێت و ئەوی بەرانبەری بخەنە نێو تەڵەکەوە. بەڕای من، ئەم خاڵەی ئەخیر، زیاتر برەوی هەیە لە نێو کایەی پەروەردەیی کۆی پارتەکان لە هەرێمی باشوری کوردستاندا، بە تایبەتیش هەردوو پارتی پلەیەک.
ئاخۆ گەر ئەوان ڕاست دەکەن و لە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستاندان، بۆچی نایەن، کوشتنی مرۆڤە ئازادیخوازەکان بکەنە هێڵی سور؟ ئاخۆ پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی باشوری کوردستان، گەر لە خزمەت نەتەوەی کوردان(وەک ئەوەی خۆیان ئیدیعای بۆ دەکەن) کێ دەستی گرتوون لەوەی کە ئەو فەرهەنگە داڕزیوانە لە نێو کۆمەڵگادا وەدەر خەن و لە جێیدا، کۆمەڵگا بەرەو پەروەردەی خۆ بەڕێوەبەری دیموکراتیانە ئاراستە بکەن؟ ئاخۆ گەر ئەوان، لە خزمەت بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستاندان، ئەوە بۆچی دەبێت دەسەڵاتدارانی کۆماری ملهوڕانی ئێرانی و تورکی ، بێن و دابەش کردنی پۆستەکان دیاری بکەن لە نێوانتاندا؟ ئاخۆ ئێوەی سەرانی کوردی، دەتوانن، بچوکترین کاریگەری دابنێن لە نێو دەسەڵاتی ئەواندا؟ ئاخۆ گەر ئێوەش کاربەڕێکەری پلانەکانی دەسەڵاتدارانی چواردەور نەبن، ئیسلامی سیاسی و بەرەی شۆڤێنی، سەرهەڵدەدەن لەنێو هەرێمدا؟ بۆیە دەکرێت بڵێین ئاستی پەروەردەیی ئێوەی دەسەڵاتدار، هەمان ئەو ئاستەیە کە دیکتاتۆرەکانی پێش خۆتان کاریان لەسەر کردوە. دیکتاتۆرەکان، هەمیشە، بە مانەوەی هێڵە سورەکان، درێژە بەتەمەنی خۆیان دەدەن. بە ئاگا هاتنەوەی کۆمەڵگا، لە ناسینی توانا و ئیرادەی خۆی، خۆ ڕێکخستنی لە پارتی شۆڕشگێڕانەی خۆیدا، دەتوانێت کۆی هێڵە سورەکان تێک بشکێنێت، ئەو هێڵانەی تەنها خزمەت بە مانەوەی کۆیلە بوون دەبەخشن. ئازادی بۆ کۆمەڵگا، ئەو بنەما مەزنەیە، کە چیتر، ترس ناڕوێت لە نێویدا و هێڵی سوریش بۆ هاتایە لە نێو دەچێت.

تاهیر حاجی حەسەن
١٠/٥/٢٠١٤

ئەم لینکەی خوارەوە، بابەتەکەی سایتی لیڤینە؛
http://www.lvinpress.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=3550&Jor=1



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە