کێ بە فوو دیویە نەرم کرێ ئاسن

Saturday, 05/04/2014, 12:00

1645 بینراوە


کێ بە فوو دیویە نەرم کرێ ئاسن
کوتک وسندان و کورە دەیناسن

پاش تەواو بونی شەڕی سارد لە نێوان ئیمپریالیزم کومونیزم دیاردەی ئیسلامی سیاسی و بەکار هێنانی ئایینی ئیسلام لە نێوان زلهێزەکاندا بە تایبەت ئامریکا وبە شێوەیەکی دی ئورووپیەکان، روخساری خۆی نیشاندا. شەڕی گەرم وێنەی تۆپەڵە ئاورێک خرایە سەر خاکی گەلانی بن دەست وهەژار. پێکهێنانی دەسەڵاتی سەرکوت لە ناو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دەستی مافیاومۆنۆپۆلەکانی دۆلار ژیانی رۆژانەی ئەو خەڵکانەی وەێنەی تەندوورێکی نێڵدراوە وچوار قوڕنەی نیشتمانی جیهانی سێهەمی داگرتووە.
هەتا ئێستەش کەم هەبووە لەو ساڵانەی دواییدا کە بۆتە سە رۆککۆماری ئامریکا بۆ دیدارێک نەچووبێتە سەردانی دەسەڵاتدارانی ناوەندی عەڕەبستان. لەو سەردانانەدا قەت لەو مفتە خۆرانەیان نەپرسیوە کە بۆ بە / شمشیر/ سزای تاوانباران دەدەن؟ بۆ دەستی خەڵکی ئاتاج دەپەڕێنن؟ لە وڵات ئەفغانستان لەسەر دەمی تاڵبانی دەستکردی خۆتان هەتا ئەلقاعیدە دروست نەببو. گوێ خۆتان دەئاخنی و بێ دەنگی و هەڵبژاردبوو! بۆ پێتان وایە عە ڕەبستان بۆ ئێوە بەهەشتەو ئەفغانستان وتورکیەش بۆ خەڵکی ئەو خاکە دەبێ وەکی جەهەننەم تێدا بژین!؟ لە داهاتووشدا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زەردەخەندە تان بۆ بکا نەتەوە بن دەستەکانی ئەوێش بە با دەدەن!
ئەوەندی کە داگیرکار کۆمەڵگای کوردی هەڵخڵەتاندووە دوو هیندەش حیزب وسەرکردەو گرووپی جۆراوجۆری بە ڕواڵەت سیاسی.درۆی دوژمن بۆ بەرژەوەندی خۆی کراوە، درۆی سەرکردەی حیزبیش بۆ بەرژەوەندی خۆی وقازانجی دووژمن کراوە. مەشاندنی شەڕی چەکداری بۆ وەرگرتنی مافی کورد بنێشتە خۆشەی سەر زاران بووە. کە بونەتە دەسەڵات گوتویانە : سەردەمی شەڕی چەکداری بەسەر چووە! لەوەش بترازێ دەسەڵاتێکی لاوازە چاو لەدەستی بیانی.
دوای هەڵوەشاندنی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی هاتنی تاتارەکان ومەغۆلەکان بۆ بژیوەی ژیان بۆ ناوچەی مێزۆپۆتامیا. نزیکەی هەزار ساڵ لەوەی پێش وڵاتانی ئورووپی هەناسەیەکی گەرمیان هەڵکێشا.ساڵی ١٩٢٤سەرەتایەکی نوێی بوو بۆمێژووی پەیوەندی دەسەڵاتی کەماڵ ئاتاتورک و ئورووپیەکان .هەم ئیسڵامی سیاسییان بۆ لاواز دەەبوو هەم بەرواڵەت سیستمێکی / سکولار / پێگەی سیاسی وئابوری بۆ ئوروپیەکان دادەمەزراند! بەشێک لە تاتارەکان چونە ئۆکڕاین لە وێ مانەوە. بەشی هەرەزۆر وڵاتی تورکیایان پێک هێنا. (شەڕی شیعەی سەفەوی وسوننەی عوسمانی بوو بە هۆی ئەوەی بەشێکی مەزنی خاکی کورد بدرێ بە تورکیای سەردەم)
سەدەی بیست ئاڵوگۆڕی گەورە چێ بون لە جوغڕافیای سیاسی وجێئۆپۆلیتیکی لە زۆر شوێنی ئەم جیهانە. زۆر وڵات گەیشتنە ئامانج زۆر نەتەوە رزگاریان بوو.کە چی خاکی کوردوستان خەڵکی کورد بۆ ئەوەی کە بە زمانی خۆی پەروەردەببینێ دەبێ لەسەر چیاکاندا پەیامی خۆی بە گوێچکەی دونیا بگەیەنێ. ئەو سەدەیە چەند شۆڕش چێ بون؟ چۆن تێکشکاون ؟ بۆ سەر نەکەوتون؟ لە پشتی پەردە زلهێزەکان بە کام شێوە سناریوی شکان و نەهامەتی کوردیان نوسیوە ؟ هەتا رادەیەک ئاشکرایە.لە باکوری وڵات سەرهەڵدانێکی سەردەمیانە دروست بووە.کە بە گوتنی شەهید / مووسا عەنتەر / لە ژێر خاڵی سیفردا گەیشتوینە ئەوسەردەمە. یەکێک لە پەیامەکانی کە بە دروستکردنی لیستەی ترۆر لە لایان ئامریکاو ئورووپا دەدرێتە کورد ئەوەیەکە: ئەگەر قەراربێ لە رێگەی کوردەوە زەرەر بگاتە دۆستانی ئێمەو ئاسایشی نەتەوەییمان بە هیچ جۆرێک ئیزن نادەیەن بگەنە ئامانج.
بۆ خۆیان چەکی مەزن وبچوکیان بە پێی فیلانە کە گەیشتنە کورد، کوردێکە دەستەمۆو دیلیان دەوێ! لە ١٥ ساڵی رابوردوودا کە رێبەر ئاپۆلە زیندان دایە رێگە نەما تاقی نەکەنەوەبۆ گەیشتن بە ئاشتی، هەموو فێڵ و گزەیەک پووچەڵ کراوە. سالێکە شەڕ لە لایان کوردەوە وەستێندراو وبە میلیونان دۆڵار قازانج بە تووریسمی تورکیە گەیەندراوە. بەڵام سەرەڕای ئەوانەش لە هەڵبژاردنەکانی چەند رۆژی دواییدا لەبەر چاوی قۆڕە دێمۆکڕاسی ئامریکاو ئورووپی دەنگەکان دەدەزن. دوای تەواو بونی هەڵبژاردن سەرۆوەزیری تورک لە قسەکانیدا گوتی: رێگای ئاشتی لە گەڵ کوردەکان درێژە پێ دەدەین! گوتنێکی کوردی هەیە دەڵێ: درۆزن دووژمنی خودایە! ئەردۆغان چەندە راست دەکا چۆن موسلمانێکە من تێناگەم.
چارە چییە؟
کورد نە ئەندامی ناتۆیە نە سیستمێکی وێنەی ناتۆی هەیە. ئامریکا ووڵاتانی ئورووپیش هەر کام بە شێوەیەک دژایەتی دەکەن! ئەگەر کورد دڵی بەو دەسەڵاتەی کە لە باشور بۆیان دامەزراندوین خۆشە تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە. راستە کورد لە باکور لە لایەنی ئابوریەوە لە چاو ئەوانی دی بە هێزترە ولەسەر هێزی نەتەوەکەی خۆی حیسێب دەکاو نەبۆتە ئەندامی وڵاتانی / جی،،٨ / . کە کاریگەری لەسەر ئابوری دونیادا هەبێ. بەڵام ئەوەی کە روون وئاشکرایە نەتورکیە نەئێران ئەسوریەو نە دەسەڵاتی ناوەندی بەغدای دوای سەددام لە چارەسەر کێشەی کورد ناگەڕێن. لە کاتی گونجاودا هەلیان بۆ بڕەخسێ تۆڵەمان لێدەکەنەوە.
گوتم هەتا چەند ساڵ لەوەی پێش حیزبی کوردی پاڵی وەشەڕی چەکداری دابوو کە ئەویشی بۆ نەدەگەیشتە ئامانج. بەڵام پاش سەرهەڵدانی کورد لە باکور شەڕی پاراستن بوو بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بەرانبەر بە دوژمن. هەزاران ئایین، سەدان پەڕتوکی پیرۆزی ئەو ئایینانە، یاسای نێونەتەوەیی، یاساگەلی دوای شەڕی ٢و١ جیهانی لە ماددەو خاڵێکیدا نەگوتراوە، بۆ پاراستنی نەتەوەیەکی ٤٠ میلیونی هیچ حەڕەکەتێکی کوردی مافی ئییە دەست بداتە ئامرازی خۆ پاراستن. ئێمە هەتا ساڵانێکی دوورو درێژ هەر چاومان لە بیانی بووە کە داگیرکارمان بۆ لە ناو ببا. (ئەو کارە کاتی خۆی لەئێران کرا شایان بۆ لابردین دیتمان حیزبەکانی رۆژهەڵات چییان بەسەر هاتووە. لەباشوریش هەمان کاریان بۆ قازانجی خۆیان کرد دیتمان ئەو دوو دەسەڵاتە وڵاتیان بەرەو کوێ بردوە.) من لەسەر ئەو باوەڕەم هەر تاکێکی کورد لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانەدا دەژی وبەهەر شێوەیەک کەلەدەستی دێ پێوستە یارمەتی ئەو شۆڕشە مەزنە بدا تا سەرکەوێ. رێی رزگاری کورد بە هۆی هەڵکەوتەی خاک لە باکورەوە دەست پێ دەکا.
بۆ راستی ودروستی قسەکەم ئاماژە بە ئاخافتنێکی کۆنە ژنڕالێکی تورک دەکەم لە چەند ساڵ لەوە پێش کە گوتی: با لە گەڵ ئەو پ،ک،ک ، یە بسازێین لە کوێ دیارە دوای ئەوانە ئێمە تووشی پ،ک،ک یەک نابین کە حازر نابێ بە هیچ شێوەیەک وتوووێژمان لەگەڵ بکا. ئەگەر کوردێک ئەو قسەیە بکا لەرووی دەمارگرژییەوە لیی دەڕوانین. بەڵام ئەگەر ژنڕاڵێکی تورک لەسەر شاشەی ،تی،،وی،، دا بڵێ: قەت بیرمان نەدەکردەوە منداڵە دەستو پل ڕەشەکانی بچوکی شاری ئامەد بگەنە سەردەمێک کە بچنە چیاکان وپەروەردەببینن، وپاشان لە سەرمای ساردو سۆڵی سەر چیاکاندا لە شەڕی / زاپ / دا ئاوا بمانبەزێنن!!
هەڵبژاردنی ئەوجارەی باکورو تورکیە تەواو بوو. سیاسەتی فێڵو تەڵەکەی تورک هەر بەردەوامەو بەتەمای ئەوە نەبین هەنگاوێکی بچووکیش هەڵگرن.رێچارپتەوکردنی ریزی مرۆوی کوردە بەرپرسیارەتی تاکی کورد کە لە هەرجێەک دەژی.
دوو دێڕی سەرووی ئەو بابەتە پڕە نەهێنی مێژوویی بۆ کورد.نەتەوەکەمان قەت شەڕخواز نەبووە وخاکی کەسیشی داگیر نەکردووە بەو مانایەش نییە تەنیا رێیەک هەبێ بۆ بەرەنگار بوونوە لە گەل دووژمن.
سرنجی خۆم: قسەی خۆمان بێ ئەو دوو دێڕە سەرەوە پڕ بە پێستی ئەو دەسەڵاتەی کە ئەوڕۆ دەستی بەسەر ژیانی خەڵکی باشوردا گرتووە و بە شێوەیەک کێبەرکێیانە بە ئەوەی گوێ لە مستی بیانی بن.

جەعفەر کەریمی
٥/٤/٢٠١٤





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە