ئەزمونى ئۆپۆزسیون ،رۆیشتن بە رێگەى هەڵەدا !

Wednesday, 12/12/2012, 12:00

1370 بینراوە






دەستپێكى كارى ئۆپۆزسیون :
لەدواى یەكەمین هەڵبژاردنى پەرلەمانیى كوردستان لەساڵى(1992) وبردنەوەى هەردوو حیزبە دەسترۆیشتووەكەى ئەوكاتە (یەكێتى و پارتى) و دۆڕاندنى سەرجەم پێكهاتە سیاسیەكانى تر ،هەرئەوكاتە تۆوى بەرهەڵستكارى لە كێڵگەى سیاسى كوردستاندا سەرى هەرڵدا.
بەهێزترین پێكهاتەى ناڕازى لیستى ئیسلامى بووكەرێژەى(%5) ى دەنگى بەدەستهێنا و نەیتوانى بچێتە پەرلەمانەوە ،پاشان حیزبەكانى تر .هەرلەوكاتەدا دەنگى نارازى كۆمۆنیست و شیوعیەكان بەرزبۆوە و حیزبەنەتەوەیىیە بچوكەكانیش بوونە دەنگى ناڕەزایى . لەدواى بەرپابوونى شەرى ناوخۆى ساڵى(1994) نەخشەى سیاسى كوردستان گۆراوبارودۆخى توندوتیژى هاتە ئاراوەوپێگەى حیزبەكان لەرزەیان تێكەوت .
لەونێوەندەدا دوو هێزى ناڕازى نوێ سەریان هەڵدا ،یەكەمیان رۆشنبیر و ئەدیبانى كوردبوون ،لەرێگەى بەرهەمەهزرى و ئەدەبیەكانەوە بەرهەڵستى لایەنەشەڕخوازەكانین دەكرد وبەنووسین ناڕەزاییان دەردەبڕى ،ئەوهەوڵەش سەرەتا بەگۆڤارى (ئازادى) وپاشان گۆڤارى (رەهەند) و دواتر درێژەى كێشا بۆ رۆژنامەكانى (هاوڵاتى و ئاوێنە) و گۆڤارى (لڤین) .
ئەم رەوتە فكرییە لەناو ویژدانى خەڵك و بیرى ئازادوكراوەوە ،وەك هێزێكى مەدەنى نارازى بەرژەوەندى نەویست سەرى هەڵدا،كاریگەرى خۆیان لەهۆشیاركردنەوە و دروستكردنى رایگشتی خەڵكى كوردستانداهەبووتاكو ئێستاش بەردەوامە .
دووەمیان حیزبە ئیسلامیەكان بوون ،كەوەك رەوتێكى تازە لەناوكۆمەڵگەى كوردیدا دەركەوتن و كارى سیاسى ورێكخراوەییان دەكرد ولەسەرجەم هەڵبژاردنەكاندا ركەبەرى دووحیزبە دەسەڵاتدارەكەبوون و ململانێى سیاسیان دەكردن و تاكو ئێستاش بەردەوامن.
لێرەداهەڵسەنگاندنى قۆناغى (1995-2008) بەجێدەهێڵم وراستەوخۆ دەچمەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى(25 \7\ 2009
) بۆیەكەمجار و بەشێوەیەكى فەرمى سێ هێزى كوردستانى ،بوونە ئۆپۆزسیونى پەرلەمانى وبوون بەخاوەنى (36) كورسى و لەحوكومەتى هەرێمدا بەشداریان نەكرد . ئەمانە بیانەوێت ونەیانەوێت دەبێت تاكو تەواو كردنى خولەكە بە هێزى بەرهەڵستكار بمێننەوەو تەنها رایەڵەیان لەگەڵ دەسەڵاتدا دەبێت هۆڵى پەرلەمان بێت ، نەوەك شتى تر چونكە توشى لاوازیى و هەڵەیان دەكات وەك تووشى كردن .
سەرەتایەكى باشى ئۆپۆزسیون :
ئەم سێ هێزە بۆ یەكەمجار ئۆپۆزسیونێكى راستەقینەیان پیشاندا و سەرنجى راى گشتیان بۆلاى خۆیان راكیشا و جۆرێك هیوایان لاى خەڵكى كوردستان دروستكرد .دەتوانین خاڵە بەهێزەكانیان بەم شێوەیە دیارى بكەین :
1-ئەنجامدانى ململانێیەكى گەرم لەناو هۆڵى پەرلەمان و دەنگ هەڵبڕین لەسەر ماف و داواكاریەكانى خەڵك .
2-خستنە روى حەوت داواكاریەكەى گۆران و پشتگیرى ناراستەوخۆى دووهێزەكەى تر ى لێى .
3-پشتگیرى خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانى 17 ى شوبات و ئاراستەكردن و ووزە پێبەخشینى .
4-بەگەرخستنى مەكینەى راگەیاندنیان ،بۆ رەخنەگرتنى جدى لە گەندەڵى و كەموكورتیەكانى دەسەڵات .
5-پێشكەش كردنى پۆژەیەكى ریفۆرم بەدەسەڵات ،لەرێگەى چەند پاكێجێكەوە دەستیان خستبووە سەر كێشە جەوهەریەكانى سیاسەت و بەڕێوەبردن و گوزەرانى كوردستان .
لە بەرامبەردا دەسەڵات كەوتە دژایەتى كردنیان ،لە رێگەى فشارى پۆلیسى و بەكارهێنانى توندوتیژى و كارتى ماددى و گەمەى دبلۆماسیەوە ، سەرەنجام توانى ئۆپۆزسیونەكە لاواز بكات و بیانخاتە ناو كۆمەڵێك قەیراننەوە .

هەڵەكانى ئۆپۆزسیون :
1-نەبوون بە یەك فراكسیونى یەكگرتوو لەناو پەرلەماندا ،تاوەكو بە شێوەیەكە بە هێز دەربكەون .
2-دروستكردنى پەیوەندى لە گەڵ دەسەڵاتدا لەدەرەوەى پەرلەمان و كۆبوونەوەى تاك لایانە و تەقلیدى لەگەڵ یەكێتى و پارتى .
3-دابەشبوونیان بەسەر دوو بەرەى گوماناوى ،لەلایەك سێ كوچكەى (ئێران یەكێتى گۆران) و لەلایەكى ترەوە سێكوچكەى (توركیا پارتى ئیسلامى) .
4-ئەنجامدانى شەرى راگەیاندن لە دژى یەكتر و راپۆرتنووسین بۆ هەڵماڵینى لاوازیەكانى یەكتر ،كە سەرانى حیزبەكانیان پێى هەڵدەستان .
5-دابەزینیان بە یەك لیست لە گەڵ دەسەڵات .بۆ هەڵبژاردنەكانى ناوچە جێناكۆكەكان بەپاساوى یەك هەڵوێستى كورد ، ئەم رازیبوونەیان بەبێمەرج و بەو پەلە پروسكێیە ، خەڵاتێكى گەورەبوو لەسەر سینیەكى زێڕین بە دەسەڵات كەدوورنیە ئەنجامى ئاراستەكردنى نهێنى (بەرەهەرێمایەتیەكان) بووبێت .
ئەنجامى هەڵسەنگاندن :
لە كۆتایدا دەتوانین بگین بەو ئەنجامەى ،ئەگەر ئەم هێزانە درێژە بەو شێوازە سیاسەتە نامۆیە بدەن ،دووچارى مەترسى وئاریشەیەك دەبنەوە كەحاشاهەڵنەگرە . لەڕووى جەماوەرییەوە ئاستیان دادەبەزێت و لە هەڵبژاردنە چاوەروانكراوەكراوەكاندا باجەكەى دەدەن ،ئەوكاتەش گراندەوێت لە سەریان .

yahoo.com @rebwarali70










نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە