مەلا بەختیار لە زیندانەکەی یاخسەمەردا(بەشی چوارهەم)

Thursday, 12/01/2012, 12:00

2836 بینراوە


گەرچی سوپاکەی بەعس لە داستانەکەی شاخی کەوتوو و پیری شەوکێڵ بە مستی پۆڵاینی پێشمەرگە گەورەترین شکستی مۆراڵی خوارد ، بەڵام لەڕووی تەسککردنەوەی ڕووبەڕی جوگرافییەوە جەولە و بنکەو مقەرەکانی هێزی پێشمەرگەی لە شارباژێری تەخت سنوردارکرد .
بۆ شکست پێهێنانی پلانەکەی سوپای بەعس کەرتی ٣ و کەرتی ٤ ی تیپی ٣١ی سلێمانی لە گوندی قەیوانی گەورە جێگیرکران ، من لەکەرتی ٣ بووم کە فەرماندەی کەرتەکەمان کاک شەهابە سوور بوو، مقەڕەکەمان خانوویەکی چۆڵ بوو کە پێشتر شێخەکانی گووندی قەیوان مەڕوماڵاتیان تێدا دەحەواندەوە ، مقەڕی کەرتی ٤ یش کە شەهید حەمەومینی خەجێ فەرماندەی بوو لە مزگەوتەکەی قەیوان بنەیان خستبوو .
لە نیوە شەوێکی درەنگی مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٨٥ بە پەلە بە دەم خەوەوە تەواوی پێشمەرگەکانی کەرتی ٣ و کەرتی ٤ بەرەو گوندی قەیوانی بچووک مەسافەیان پێ وەرگرتین بێ ئەوەی بزانین بۆ کوێمان دەبەن و بە کوێماندا دەدەن ، ئەم کێشکردنە کوێرانەیەی هێزی پێشمەرگە یەکێکە لە گەورەترین خەلەلی ئەو جەنگاوەرەی ناوی پێشمەرگە بوو لە شوڕشی نوێدا ، گەرچی لە دەستووری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستاندا پێشمەرگە وەک کائینێکی خاوەن ئایدۆلۆجیای بڕیاردەر لە شۆڕشی نوێدا جیاکردبوەوە لە پارتە خێڵەکیە کلاسیکیەکەی پارتی کە بارزانی ڕابەرایەتی کردبوو ، بەڵام لە واقیعدا بێجگە لە ڕووکەشێکی مکیاژکراوو بە هزری مارکسیزیم _ لینینیزم ،ئەوەی کەمترین زانیاریی لەسەر ڕەوشی ململانێی ناوخۆی سیاسی یەکێتی و کۆمەڵە هەبوو پێشمەرگەبوو.
شەوی پێشتر هەردوو پێشمەرگە (شەهید سورکێو و کاک جەمال چاو شین ناسراو بە جەمال هۆنەرێنەیی) لە ماڵی کاک عەبدولڕەحیمی پیاوە ناسراوە بەڕێزەکەی گوندی قەیوانی گەورە لە لایەن مەفرەزەیەکی تیپی ٤٧ ی پیرەمەگروونەوە کە دلێری شێخ ڕەزا سەرپەرشتی دەکرد چەک دەکرێن بە بیانووی پەیوەندیان بە ئاڵای شۆڕشەوە.
پاش شەهیدبوونی نەمر عەلی چوارتایی کاک حەمە عەلی بەرزنجی وەک جێگری تیپ دەست بەکاربوو ، زۆری نەبرد شەهیدی نەمر جەلالی حەمەی محە بووە سەرتیپ ، جا لێرەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئەوە، هەردوو کەرتی ٣ و ٤ چووینە گووندی قەیوانی بچووک ، گوندی قەیوانی بچووک مزگەوتی نەبوو ، لە دەرەوەی گوندەکە کادرەکەمان لە کۆبونەوەیەکدا پێی ووتین کە مەلا بەختیار بە ناوی (ئاڵای شۆڕشەوە) جودا بۆتەوە و دەخوازێت شۆرشەکەمان بکاتە قوربانی پڕۆلیتاریای عەرەب لە عێراقدا، لەدرێژەی قسەکانیدا کادرەکە ووتی : سەرتیپەکەمان کە ناوی جەلالی حەمەی محەیە(ئەمە ڕستەی کادرەکەیە وەک خۆی ، چونکە کاک جەلال لای من پیاوێکی تێکۆشەری سەربڵندە) بە بیانووی ئەنجامدانی چالاكی لەشاری سلێمانی هەموو چەکە قورسەکانی وەک (بیکەیس و ئاڕپیچی) لە کەرتەکانی سنووری شارباژێڕی تەخت سەندوە و بەرەو ئێران هەڵهاتووە.
ئەو کاتەی کادرەکە باسی ئاڵای شۆڕشی بۆ ئێمە دەرکرد نەمر جەلالی حەمەی محە گەیشتبووە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە شارباژێڕی تەخت هەندێک پێشمەرگەی لایەنگری ئاڵای شۆڕش فریا نەکەووتبوون لەگەڵ کاک جەلالی حەمەی محەدا بە ڕێکەون ، بە ناچاری ڕوویان لە گوندەکانی چەمی گەڵاڵ کردبوو ، کەرتی ٥ ی تیپی ٣١ کە لە شارباژێڕ مابوونەوە دوایان دەکەون ، پێشمەرگەیەکی مێردمنداڵ بەناوی (هەڵۆی سوور) کە کاریگەر بوو بوو بە کەسێتی مەلا بەختیار و نەدەیزانی کوردستانبوونی کۆمەڵە چیەو و نە عێراقیبوونەکەشی ، بەرەو کولانەیەکی مریشک مل دەنێت بۆ خۆ شاردنەوە ، کەچی فەرماندەی کەرتەکە ئاڕپیچیەک دەخاتە سەرشانی وبە تەقاندنی گولەیەک جەستەی پێشمەرگە بچکۆلانەکە لە کولانەکدا دەکاتە قوربانی ڕێبازی جیاوازی ئازادی هزرو بۆچونی کاک مەلا بەختیار لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا.

ڕزگار ساڵح
١٢-١-٢٠١٢
هۆلەندا - ئەنیشخەدە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە