ئایا پێویست دەکات هه‌موو ساڵێک یادی ١٧ی شوبات بکەینەوە؟

Saturday, 16/02/2013, 12:00

1561 بینراوە


تاکەی ئێمه‌ خۆمان هەڵدەواسین بەدەزویەکی باریکی قرچۆکی بێئومێدەوە، له‌ کاتێکدا ئێمه‌ خاوه‌نی بزووتنه‌وه‌یه‌ک و رێکخراوێکی کوردیی وا نیین، که‌ هه‌موو متمانه‌ی خۆمانی پێ بده‌ین. ١٧ی شوبات لەژێر کاریگەری ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی ووڵاتانی عەرەبییدا بوو، کە بە"بەهاری عەرەبی" ناوده‌برا، بۆیە ئێمە ناتوانین پێی بڵێین ڕاپەڕین، با فێڵ له‌ خۆمان نه‌که‌ین، خۆپیشاندانیش نەبوو، تەنها بەتاڵکردنەوەی ڕق و توڕە بوو، ئەو خەڵکە پێیان وابوو ئەوەی لە ووڵاتە عەرەبییه‌کاندا ڕووده‌دات، دەکرێ هەمان کۆپی بۆ باشووری ووڵاتیش بگوێزرێته‌وه‌ و بتوانرێت ئاڵ و گۆڕی سیاسیی بەسەر ئەو دەسەڵاتەدا بهێنێت کە لەلای ئێمە حاکمن.

ئێمە دەبێت خوێندەوەمان بۆ ئەو لایەنە سیاسیی، بزوتنەوە و حیزبانە هەبێت کە لە دەرەوەی دەسەڵات دەستیان خستە ناو ئەم چالاکییە جەماوەرییە. بۆیە له‌ بری راپه‌ڕین و خۆپیشاندان، دەتوانین ناوی بنێین (چالاکی جەماوەریی)، که‌ به‌ حه‌ق چالاکییه‌کی جه‌ماوه‌یی بوو، چونکە هیچ بنەمایەکی ڕاپەڕین یاخود خۆپیشاندان و شۆڕشی تێدا نەبوو، هەمووی کۆپێکردنێک بوو، کە لە مەیدانەکانی قاهیرە و جێگەکانی تر گوێبیستی ببووین، تەنانەت بەردەرکی سەراشیان ناو نا "مەیدانی ئازادیی" وەک مەیدانی ئازادیی قاهیره‌. بەلای منەوە ئەوانەی کە بەشدار بوون لەو چالاکییەدا زۆریان کەسانی گەنج و بێ ئەزمون بوون، مەبەستمان لە بێ ئەزموونی ئەوەیە زیادترینیان ئەو گەنجانەبوون کە لەپێش ڕاپەڕینی ساڵێ ١٩٩١وە لە شاخ نەبوون و پێشمەرگایەتیان نەکردبوو، تێکەڵاوییان له‌گه‌ڵ هیچ جۆرە ڕێخستن و چالاکییه‌کی سیاسیی نەبوو، بەعسیان نەدیبوو، به‌ پراکتیک له‌ بۆنه‌یه‌کی وا فرت و فێڵدا ئۆپۆزیسیۆنیان تاقی نه‌کردبوویه‌وه‌، نه‌یان ده‌زانی پارتیی و یه‌کێتیی و چه‌ته‌کانی شاخ هێنده‌ دڕنده‌ و نامرۆڤدۆستن. بەعس به‌و هه‌موو مێژووه‌ ناشرینه‌یه‌وه‌ که‌ دژی گه‌لی ژێرده‌سته‌ به‌کاری هێنا، وه‌کو ئه‌م چه‌تانه‌ی نه‌ده‌کرد، به‌عس بۆ خۆی قوتابخەنەیەکی تایبەت بوو دژی بەرگریی، به‌ڵام ریزی بۆ هه‌موو کۆبوونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری هه‌بوو، چه‌ندین جار ئێمه‌ خۆپیشاندانمان کردووه‌، ئه‌وان ده‌هاتن، ته‌قه‌یان به‌سه‌رماندا ده‌کرد، دوایی ده‌یانگرتین و ئازاریان ده‌دایت، چه‌ته‌کانی شاخ و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کورد، له‌ بری ته‌قه‌کردن به‌ ئاسماندا، ئاوڕشێنی ناو خه‌ڵکه‌که‌یان ده‌کرد. دەسەڵاتی کوردی خراپتر له‌ به‌عس له‌و ئه‌زمونه‌ی به‌عس خۆی تێپه‌ڕاند، چونکە ئابورییه‌کی بەهێزی نەوتی هه‌یه‌، وه‌ک سەدام حسێن، ئیستا ئه‌مان له‌و دیکتاتۆرانه‌ ده‌چن، که‌ ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌هایان به‌خۆیان داوه‌ و تەنها ڕوویان لە ئاسمانه‌ و خوار خۆیان نابینن. سه‌دام عێراقی کردبوو بە زیندانێکی گەورە، دەسەڵاتی کوردیش بەهەمان شێوە نیشتمانی ئێمەیان کردۆتە زیندانێک کە ئیتر سەرەتای دروستبوونی دیکتاتۆرەکان خۆیان نمایش دەکەن.

گەنجەکان کەسانێک بوون پاک و خاوێن، لە هەموو فرت و فێڵێکی دەسەڵات باش نەگەیشتبوون، مەبەست لە فرت و فێڵی دەسەڵات ئەوەیە نەیان دەزانی کەسانێک یان بزوتنەوەیەکی تر دێن دەست دەخەنە ناو کارەکانیانەوە و بەئاقاری شکستیاندا دەبەن .
من لە زووەوە گومانم لەسەر ئەوە هەبوو، کە ئۆپۆزیسیۆن تەواوکەریی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو ئەو جێگەیەی داگیرکردوە کە ئۆپۆسیزیۆن ده‌بێت تێیدا دروست بێت، بۆ نمونە گۆڕان یەکێکە لەو بزوتنەوانەی کە لە سەرەتاوە خۆی وا پیشاندا گوایه‌ ئەمان ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەن، کەچی پێچەوانەکەی ڕاست دەرچوو، ئه‌گەر ئێمه‌ بگەڕێینەوە بۆ یەکەمین ڕۆژی ١٧ی شوبات ڕاستەوخۆ قسەکەی نەوشیروان بەگوێماندا دەزرنگێتەوە کاتێک ووتی "ئەوانە کەسانی گێرەشێوێنن"، ئەوە یەکەمین گوللەبوو، کە نرا بە توڕەیی خەڵکەوە. بۆیە بزووتنەوەی گۆران وەک ڕیفۆرمخواز و چاکسازیی، خۆیان نمایش کرد، تا ئێساتاش درێژەی هەیە، ئەوان هەر دەهۆڵ لێدەدەن و دەسەڵاتیش کەڕە و گوێی بیستنی نییە.

لە کوردستان هیچ بزوتنەوەیەکی ڕیفۆرمخوازیی ناتوانێت ئۆپۆسیسیۆن بێت، خەڵکە سادەکە جیاوازی لە نێوان چاکسازیی و ئۆپۆزیسیۆندا ناکەن.

کاتێک دەسەڵاتێک ئەو هەموو خیانەتە تۆمار دەکات، هاوڵاتیی خۆی به‌و شیوه‌یه‌ به‌ربه‌رییه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌کات، سەربازی بۆ ده‌هێنێته‌ سه‌ر، دەکوژێت و دەبڕێ و تۆقین بڵاودەکاتەوە، ئیتر تەنها چارەسەرێک ئەوەیە، تۆ ڕادیکاڵانە دروشمی ڕوخاندنی ئەو دەسەڵاتە هەڵگریت، نەک چاکسازیی و ڕیفۆرم بخوازیت، کە بەگوێشت ناکەن و ویستیشیان نییە هیچ هەنگاوێک بۆ ئەو مەبەستە بنێن، بۆیە کەسمان ناتوانین لەگەڵ دزێکدا کاربکەین و بڵێین تکایە واز لە دزێتی بێنە، لەگەڵ خائینێکدا کار بکەیت و پێی بڵێیت تکایە واز لەخیانەت بهێنە.



بەکەسێکی ناپاک بڵێین واز لە ناپاکی بهێنە، یان ناتوانین بە بکوژێک بڵێین واز لەکوشتنی خەڵک بهێنە و ئیتر بەسە مەکوژە. لەڕاستیدا ئەمە لە هیچ یاسا و ڕێسایەکی "کۆمەڵایەتی و فەلسەفی و ئەخلاقیدا " جێگەی نابێتەوە و نەشبووە، ئەمەی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە دەیکات و دەیڵێت نەبووە و ناکرێت بە تاوانبار و دزان بڵێیت وەرە ئیتر وازبێنە و خۆتان چاک بکەن. بۆیە ئەو کەسەی تاوانی کرد دەبێت باجی تاوانەکەی بدات.

دەسەڵات لەباشوردا 22 ساڵە تاوان دەکات، دەبێت تاک بەتاکی حوکم بدرێت، ئەگەر کاتی خۆی ئەو خۆفرۆش و فایلدار و خائینانەمان بەدادگای گەل بگەیاندایە، ئه‌م رۆژه‌مان ئاوا به‌ ڕه‌شی نه‌ده‌بینی!.
کێ دەتوانێت ئەم دەسەڵاتە لەسەر حکم لاببات؟، ئەوە بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو ئیسلامییە سیاسیانە نیین که‌ بتوانن ئه‌م کاره‌ بکه‌ن، چونکه‌ خۆشیان ته‌واوکه‌ریی مێژووی ده‌سه‌ڵاتن، ته‌واوکه‌ریی ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ن که‌ به‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌دا دێت! ئه‌وان کە مانگانە موچە و بەراتیان لە دەسەڵاتەوە بۆ بڕاوەتەوە و هەر شتێک دەبێت بەڕیش و جبەوە دەچنە لای سەرۆکی هەرێم و سەفتە پارە وەردەگرن و خۆشیان بە ئۆپۆسیسیۆن ناو ده‌به‌ن، گوایە لەخەمی گەلدا لەسەر بەرماڵ نزا دەکەن، لەبەردەرکی سەرا لەسەر مقەبا نوێژ دەکەن و داوای موچەی زیاده‌ی مەلاکان دەکەن. ئێمە گومانمان نییە، ئەم بزوتنەوانە، کە خۆیان ناو ناوە ئۆپۆسیسیۆن بەهیچ شێوەیەک نایانەوێت دەسەڵات بڕوات نغرۆ بێت، چونکە به‌م شێوه‌یه‌ ئاشیان دەگەڕێت، بۆ نمونە بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ ئەوەی پێی بزانن بەشێکن لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

ئێمه‌ گومانمان لانەماوە کاتێک گۆڕان هات و دەستی خستە ناو ئەو چالاکیەکه‌ی ١٧ی شوبات و ڕۆژەکانی دواییه‌وه‌، مەبەستیان تەنها ئەوەبوو کە لەگەڵ هێزە ئیسلامیە سیاسییه‌کانی تردا، هه‌موو داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی تووڕه‌ له‌ بار به‌رن و کارتێکی فشاریش بێت بۆ سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێ کردنی داواکاریەکانیان. له‌هه‌مانکاتیشدا لە هەوڵی ئەوەدابوون، تا ئەم چالاکییه‌ نەهێڵن، له‌وه‌ش ده‌ترسان ئەم گربوونەوەیە زیاد بکات و ببێت بە ڕاپەڕێنێكی ڕاستەقینە و خەڵک بڕیاری لابردنی دەسەڵات بدات. بە گەڕانەوەمان بۆ ئەو ڕۆژانە دەبینین دەیان سینارویۆی دروستکراو مان بەرچاو دەکەوێت کە بۆ خۆی جێگەی تێرامانە و وردبونەوە و وانە لێوەرگرتنە.

لێرەدا بە ئەنجامێک دەگەین کە ئەمە بخەینه‌ ناو خانەی ئەزمونی چالاکی جەماوەرییەوە و نەڵێین سەر کەوتووین، بەڵکو ئەم ئەزمونە ئه‌وه‌مان فێربکات، که‌ چۆن خۆمان ئاماده‌ بکه‌ین بۆ ڕاپەڕینێکی ڕاستەقینە، دوور له‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌ی، که‌ به‌ ناو هه‌یه‌، یادکردنەوەی بە پێویست نازانم، چونکە " ئەوانەی یادی شکست دەکەنەوە، بڕوایان بەسەرکەوتن نییە" بۆیە دەکرێ لەم چالاکییەوە وانەی شۆڕشگێڕی فێربین، دەکرێ بڵێن ئەو وانانە فێربین، کە لە١٧ی شوباتدا ڕووی داوە نەهێڵین جارێکی تر لە داهاتوودا ڕووبداتەوە. بە باوەڕی من لە ئێستادا هەر چالاکییەکی تر لە ئێستادا بێتە کایەوە هەمان هه‌ڵه‌ی ١٧ی شوبات و ڕۆژەکانی تری لێده‌که‌وێته‌وه‌، ئەنجامی باشتری نابێت، چونکە ئێمە پێویستمان بە ڕێخراوێکی سیاسیی و بزوتنەوەیەکی تره‌ لە دەرەوەی ئەو دەسەڵات و ئۆپۆسیسیۆنەی، که‌ بەرۆکی خەڵکیان گرتووە. بۆ ئەوەی بمانەوێت یان بۆ ئەوەی ڕاپەڕین بە مه‌به‌ست بگات دەبێت، ئێمە خاوەنی ڕێخراوێکی سیاسی بین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە