کەی لە فێڵ و درۆی داگیرکەرانی کوردستان تێدەگەین؟

Monday, 06/10/2014, 12:00

1373 بینراوە


زامن پشتبەستنە بە خەڵکی کوردستان نەک بە وڵاتان

ڕۆژی ٢ی ئۆکتوبەری ٢٠١٤ سەرۆکوەزیرانی تورکیا (ئەحمەد داوود ئۆغڵو) ڕایگەیاند: "بۆ کۆبانێ چی پێویست بکا درێخی ناکەین، چونکە نامانەوێ کۆبانی بکەوێتە دەستی داعش."

ڕۆژی ٢٨ی سێپتێمبەری ٢٠١٤ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردوەتەوە: سوپای وڵاتەکەی بەپێی ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان ئامادەیە، ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنوری سوریا و تورکیا دروست بکات بۆ پاراستنی ئاوارەکان لە ھێرشەکانی داعش.

ئەحمەد داوودئۆغڵو و ئەردۆگان و ھەموو کاربەدەستە باڵاکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەگەر لە مستەفا کەمال فێڵبازتر و خوێنڕێژتر نەبن، کەمتر نین.
مستەفا کەمالی خوێنڕێژ و فێڵباز بەر لەوەی کە جێ پێی خۆی قایم بکات، ئەوکاتەی کە ھێشتا ئەفسەرێکی پلەداری دەوڵەتی عوسمانی بوو، دەیان جار لە دیاربەکر و سیواس و ئەرزڕوم و ئەرزنجان و گەلێک شوێنی دیکەی باکوری کوردستان لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکاندا کۆبووەتەوە و سوێندی بە قورئان و شەرەفی خۆی و شەرەفی دەوڵەتەکەی خواردووە کە ئەو بە دڵ کوردی خۆش دەوێت و ھەموو ھەوڵێکی دەخاتەکار بۆ ئەوەی کورد بە مافە نەتەوەییەکانی شاد ببێت. بەو جۆرە سەدان کەسایەتی و سەرۆک ھۆزی کوردی لەخشتەبرد و فریوی دان و شەڕی ڕوس و یۆنانی پێکردن و پارە و ئازوقەی ھەزاران سەربازی تورکی پێ دابین کردن. ھەزاران کورد لەپێناوی دەوڵەتی تورکیادا کوژران و لەناوچوون. وەفای دەوڵەتی تورکیا و مستەفا کەمالی خوێنڕێژ ئەوە بوو کە لە یەکەم ھەنگاودا کەوتە گرتن و کوشتن و ڕاونانی ھەزاران کەسایەتی کورد. سەدانی لێ لەسێدارەدان، ھەزارانی خستە زیندانەوە و ئەوپەڕی دڕندانە ڕەفتاریان لەگەڵ کردن، ھەزارانیشیان دوورخستەوە و لە کات و شوێنی جیاجیادا دەرمانخواردیان کردن و بە ئەوپەڕی دڕندانە لەناویان بردن. تاکە تاکەیەک کە لەو جینایاتانە ڕزگاریان بوو، پاشان بەشێکی کەمی بیرەوەرییەکانی خۆیان نووسیوەتەوە و باس لەو ھەموو فێڵ و درۆ و ساختەکاریی و دڕندەییەی مستەفا کەمال و دارودەستەکەی دەکەن.
ئایا ئێمەی کورد پێویستیمان بە ھەزاران ئەزموونی تاڵی دیکە ھەیە تا تێبگەین کە ھیچ داگیرکەرێکی کوردستان دۆستمان نین و ھەموویان پیلانگێڕ و دوژمنن و ھەرچی ھەست و سۆزێک بەرامبەر کورد دەردەبڕن، ھەمووی فێڵ و درۆن و ئەگەر بۆیان بکرێت گشت کورد جینۆساید دەکەن.

مێژوویەکی دورودرێژە و بە ھەزاران بەڵگەوە بۆمان سەلماوە کە تورکیا یەکێکە لەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی کوردستان کە سڵی لە ھیچ جینایەتێک بەرامبەر بە کورد نەکردووەتەوە. ھەموو شێوازەکانی دڕندەیی و کوشتن و لەناوبردنی بەرامبەر بە کورد بەکارھێناوە.

کورت و پوخت دەبێت بزانین ئەم داودوۆغڵو و ئەردۆگان و کاربەدەستانەی ئەمڕۆی تورکیا ھەریەکەیان مستەفا کەمالێکن و ھەرچی فێڵ و درۆ و ساختەکارییە لە دژی کورد بەکاری دەھێنن و بۆیان بکرێت و بۆیان بلوێت ناھێڵن یەک کورد بمێنێت.
کۆبانێ و ھەر بستە خاکێکی کوردستان دەبێت لەلایەن خەڵکی کوردستان خۆیەوە و بە پشتیوانیی خۆی بپارێزرێت. یەکگرتوویی و نییەتپاکی ھێز و لایەنەکانی کوردستان و پشتبەستن بە خەڵکی کوردستان زامنی سەرکەوتن و سەرفرازییە، نەک پشتبەستن بە ھێزی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت.


https://www.facebook.com/3kontrakt?fref=ts





سەنتەری لێکٶڵینەوەی کۆنتراکت



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە