سوریا؛ نەریتی "جەرگ‌و دڵی ئینسان خواردن!"

Wednesday, 15/05/2013, 12:00

1730 بینراوە









مرۆڤایەتی ئەم دڕندەیی‌و دڵڕەقییە(لینکی قسەکانی ئەبو سەقر)ی پێویست نییە!؟ بەڵام باشە بۆچی وەکو ڕێبازێک گیراوەتەپێش!؟ بڕیاربوو دیموکراسی هاوەردەکراو بۆ خۆرەڵاتی ناوین لەجێی حوکمی شمولی‌و دیکتاتۆرییەت، ئاشتی‌و ئارامی‌و سەقامگیریی لەگەڵ خۆی بهێنێت! بەڵام زیاد لە ٢ دوو دەهەیە وەک ئەڵێن، پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی ناوچەکە، جگە لە گرژی‌و قەیران، جگە لە جەنگ‌و پێکدادان، جگە لە چاندنی تۆوی دوژمنایەتی‌و ڕکابەری قەومی‌و نەتەوەیی‌و تائیفی‌و ئایینی هیچی تری پێشکەش نەکردووە.

لە جیهانی عەرەبی جەماوەری ستەمدیدەو ناڕازی ڕاپەڕین لە دژی بەستەڵەکی ڕژێمە تاکڕەو و چەقبەستووەکان. بەڵام ڕۆژئاوا وەکو لانکی دیموکراسی پیلانی لەباربردنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ناوچەکەی بە بودجەی زەبەللاح خستە بەرنامەی کارییەوە.

ڕەوشی سوریا باشترین ئاماژەیەو بەڵگەی ئەم قسانەیە. زیاد لە ٢ دوو ساڵە بەدوای ڕاپەڕینی خەڵکیدا لەدژی ڕژێمی بنەماڵەی ئەسەد، ئاسەوارێک بۆ شۆڕس نەماوەو کۆمەڵگای سوریا گۆڕاوە بۆ قەسابخانەیەکی ڕاستەقینەی هاوڵاتیان! کوا هیممەتی ڕۆژئاواو دیموکراسییەکەی!؟ بۆچی کۆتایی ناهێنن بەم دۆخە تراژیدییەی کۆمەڵی سوریا!؟ ئێمە هەموومان باش ئەزانین جەنگ‌و دڕندەیی‌و پێکدادانەکانی سوریا بە پارەو پوولی دەوڵەتە زلهێزەکان‌و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان ئەنجام ئەدرێت. هەموو دنیا ئەزانێت ئەوەی لە سوریا ئەگوزەرێت، دەرەنجامی سیاسەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوایە لەلایەک، لەولای تریشەوە بەرەنگار بوونەوەی ڕوسیاو چینە لە دژی سیاسەت‌و ئامانجەکانی بەرەی یەکەم.

پەیامێک کە ڕەوشی ناهەمواری سوریا داویە بەدەستەوە، پێمانئەڵێ، کێشمەکێشی دوو بەرەی جیهانی ئیمپریالیی لەپێناو ناوچەی نفوزو دەستگرتن بەسەر سەرچاوەی ووزەو موقەدەراتی ناوچەکەدا درێژەی ئەبێت تا دڵڕەقی‌و دڕندەیی، ئینسانییەتی ئێمە لەنیو خوێن‌و جەنگ‌و قینلەدڵی‌و دوژمنایەتیدا نقوم نەکات! ئەبو سەقر، سەرکردە لە سوپای "ئازاد"ی سوریا دڵی سەربازێک دەردێنێ‌و ئەیخوات، پاساویشی گرتەیەکی ڤیدیۆیی نێو مۆبایلی سەربازەکەیە، کە چەند سەربازێک سووکایەتی بە دایکێک‌و دوو کیژ ئەکەن بە ڕووتی! ئەم هەواڵە بە جیهاندا بڵاوبۆتەوەو خەریکە ئینساف‌و ویژدان بەلایدا تێئەپڕێت!! قووڵبوونەوەی ڕەوشی سووریا نەریتێک بەرهەم دێنێت ئینسان بۆ تۆڵەسەندەوە وەکو ئەبو سەقر جەرگ‌و دڵی ئینسانی تری هاوجۆری خۆی دەربێنێ‌و بیخوات، تا دەمارگیریی‌و ڕقی خۆی پێ پاساو بدات!! ڕەوشی سوریا بۆتە کارگەی بەهەمهێنانی دڕندەیی پۆست مۆدێرنیزم! دڵی ئینسان دەردێنن‌و ئەیخۆن‌و پاساوی پووچی بۆ دێننەوەو بە ئای فۆنی ٥ پێنج گرتە ڤیدیۆییەکەشی بڵاو ئەکەنەوە. رەنگە پارەیەکی باشیش بکات تا میدیای بێشەرمی بۆرژوایی بینەری زیاتر بۆ کەناڵەکانیان ڕاکێشن!

سوریا نەریتێکی بۆرژواییانەی وەهای بەرهەم هێناوە، ئاسایی ترین کارێک ئەوەیە هەر دەستەو تاقمێکی چەکدارو خوێنمژ، ئەتوانن بەهانەیەک پەیدا بکەن‌و قەسابخانەیەک بەرپا بکەن، لەژێر ناوی تۆڵەسەندنەوەدا. ئەم دڕندەیی‌و خوێنمژییە نابێت قبووڵ بکرێت.

دوو ساڵ پەلەقاژەی کۆمەڵگای سوریا لەنیو تونێڵی مەرگدا دەلیلە! بۆرژوایی جیهانی، دەوڵەتانی گەورەی خاوەن بڕیار لە جیهاندا، ئەتوانن کۆتایی بەم رەوشە پڕ ئازارەی سوریا بهێنن، بەڵام نایانەوێت ئەنجامی بدەن. چونکە هێشتا لەسەر دابەشکردنی نفوزو دەسەلات‌و قەبارەی بەشی خۆیان ڕێکنەکەوتوون!

ئینسانییەتی ئێمە پێویستە لەجێگای هەڵبژاردنی لق‌و پەلەکانی ئیسلامی، لە سەلەفی‌و عەلەوی‌و ئیخوانی‌و جۆری خومەینییەکەی تا بگات بە تاڵیبانییەکەی، لەجێگای قەومپەرستی‌و تائیفی‌و ناسیونالییزم، وەکو ئۆکسجین پێویستیان بە کۆمۆنیزم‌و سۆشیالیزم هەیە! تەنیا بەدیلێک کە ئەتوانێت سنوور بۆ ئەم دڵڕەقی‌و ئەم دڕندەییەی لە سوریادا بەرپابووە، کۆمۆنیزمی کرێکارییە. خەڵکی ناوچەکە ئەتوانن لەدەوری ئاڵای سۆشیالیزمی کرێکاری ئیرادەی شۆڕشگێڕانەیان بهێننە مەیدان‌و شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لە دژی سەرتاپێی سیستەمی سەرمایەداری بەرپابکەن.

[email protected]

١٥ئایار٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە