شكستى كۆمۆنیزم

Wednesday, 16/12/2009, 12:00

2113 بینراوە


ئەوەى كەمنى هاندا ئەم ووتارە بنوسم ، گەشانەوەى ژیلەمۆى قسەو باسى ئەمڕۆى نێو دونیاى سیاسەت و ڕۆشنبیرى كوردیە لەسەر كۆمۆنیزم و ماركسیزم و سۆسیالیزم و بزوتنەوەكانى ، كە لەشێوە گشتیەكەیدا پەیوەست دەبێتەوە بەو جێگاوڕێگایەى ئیمڕۆ واخەریكە سەرلەنوێ فەلسەفەى ماركسستى لە دونیادا بەخۆیەوە دەبینێت و شكلأ دەگرێت ، لەئەنجامى غەرق بونى هەرچى زیاترى بۆرژوازى لە پاشەرۆى خۆیدا . ڕەنگە زۆر گۆشە و كەنار بدۆزینەوە تا لێیەوە سەیرى ئەم مەسەلەیەبكەین ،گیروگرفتێك كەبۆ ئەم بزوتنەوەیە پێشهاتوە خەریكى سفر كردنەوەیەتى زۆر قسە و بابەتى فكرى و عەمەلى هەڵدەگرێت ، بەڵام من لە گۆشەى چینایەتیەكەیەوە لێى دەڕوانم . كە هەركەس لەگۆشەیەكەوە خەمى لێكدانەوەى هۆكارەكانى فڕێدانەدەرەوەى ئەم بزوتنەوەیە لە كایە كۆمەڵایەتیەكان دەخوات . وە هەندێك ووتەى ماركس و ئەنگڵس بەناچارى وەردەگرم كەبە پێویستى دەزانم . سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین كە ووشەى چەپ یەكسان نیە بە ووشەى كۆمۆنیست یان كۆمۆنیزم ، یانى چ لەڕوى واتاو چ لەڕوى ناوەرۆكەوە . بەڵكە جیاوازن . دەكرێت بەزۆربەى بزوتنەوە ناڕازى و دژەكانى نیزامى حاكم بوتریت چەپ ، بەڵام ناكرێت پێیان بوترێت كۆمۆنیست . وەك ئەوەى ئێستا لە ئەوروپا دەیبینین چەپەكان (سۆسیال دیموكراتەكان یان ڕاستترە ئەگەر بڵێین كۆمۆنیزمى ئەوروپى) هێزێكى سەرەكین لە زۆربەى ووڵاتانى ئەورپادا ، كە بونەتە پارێزەرى نیزامى سەرمایەداری ، بەڵام هەموو كۆمۆنیستێكى ڕاستەقینە چەپە ،نیسبەتەن بە دەسەڵات . حیزبێكیش بەخۆى بڵێت كۆمۆنیست ناكرێت و ناشبێت وەك چەپەكانى ئەوروپا ببێتە پارێزەرى ئیزامى سەرمایەدارى ، چونكە كۆمۆنیزم یانى لەبنج و بناوان دەرهێنانى ئەو سیستمە ، جگە لەوەى كەخۆى سیستەمە ، وەكاتێك كۆمۆنیزم بەرجەستەدەبێت كە نیزامى سەرمایەدارى بەتەواوى لەبەین چوبێت . هەروەك دەشگونجێت لەیەك كاتدا هەردوو ووشەكە ببنە تەعریفى یەك بزوتنەوە . یانى بەیەك نامۆنین و لە پەیوەندیەكى توندوتۆڵدان ، یانى ئەم ووشەیە (چەپ) زۆر بەتوندى گرێخواردوە لەگەلأ ووشەى كۆمۆنیزمدا ، بۆیە بەهەڵەداچونێك لە بەكار بردنى ئەم دوو ووشەیەدا هەیە ، سەرەڕاى تێنەگەیشتن لە ناوەرۆك و ئایدیاو فەلسەفە و لێكدانەوە و ئامانج و كارى هەریەكێكیان . بەڵام ئێمە لێرەدا بەتەواوى مەبەستمان كۆمۆنیزمە .
كۆمۆنیزم بزوتنەوەیە ، جگەلەوەى سیستەمە ، وەسیلە و ئامڕازە ، ئامانجە ، دواجار زانستە . نەك سیفەتى شەخسى ، بەشەخسى كردنى ، كلیلى شكستەكەیە ، دەكرێت بەكەسێك بوترێت كۆمۆنیست یان ماركسیست ، بەڵام ناتوانین بڵێین ئیتر ئەم كەسە خاوەنى ئەو بزوتنەوەیە ، یان حیزب و بزوتنەوەیەك ناوى ئەو لەخۆبگرێت . چونكە بزوتنەوەى ڕزگارى یەك چینى تەواوە لە كۆى دوو چینى پێكهێنەرى كۆمەڵگا . خودى ماركس بەرۆكى خۆى لە هەموو ئەو خزمەتە تەكاندوە كە پێشكەشى ئەم بزوتنەوەیەیى كردوە و دەڵێت (بیروڕاى تیۆرى كۆمۆنیستەكان ، بەهیچ جۆرێك ، لەسەر بیروباوەڕێك دانەمەزراوە كە لەلایەن ئەم یان ئەو ڕێپیشاندەرى جیهانیەوە داهێنرابێت ، یاخود دۆزرابێتەوە . ئەم بڕوایانە تەنیا دەربڕینێكى گشتى هەلومەرجى واقعى خەباتى چینایەتى و ئەو جوڵانەوە مێژوییەن كەوا بەبەرچاومانەوە لەكاردایە .) ، بەڵام كام بزوتنەوە ،كام وەسیلە و ئامڕازە ،یان ڕاستترە بڵێین كامە زانستە، بێگومان هى ڕزگارى چینى پڕۆلیتاریایە . وەك ئەنگڵس دەڵێت (كۆمۆنیزم زانستى هەلومەرجى ڕزگارى پڕۆلیتاریایە .) ئیتر بەهیچ شێوەیەك نابێتە عینوانى شەخسى بۆ هیچ كەسێك . كە نمونەى زۆر زۆر لەبەردەستدایە لەم بارەیەوە . هەر بەم مەعنایە ، كۆمۆنیست كەلە دونیاى واقعیدا ماناى پەیڕەوى حیزبێكى شۆڕشگێڕى دیاریكراوى خاوەن بەرنامەى ڕزگارى چینى كرێكار دەگەیەنێت ، گۆڕاوە بە زاراوەیەكى ڕووت ، وە بۆتە خاوەنى چوارچێوەیەكى ئاسنى ژەنگ گرتوى ئایدۆلۆژى . هەرئەمە گەورەترین ناحەقیە بەدرێژایى یەك مێژوو كە دەربارەى ماركس و فەلسەفەكەى كراوە ئێستاشى لەگەڵدابێت ، یەكێك لەسەختترین ئەو جەنگانەى ماركس بەرپاى كرد لەدژى ئایدۆلۆژیابوو، كەچى كوڕە ڕەسەنەكانى ماركس بەشێوەیەكى پاسیفانە كەوتەنەتە گەشانەوە و فولێكردنى پشكۆى ئایدۆلۆژیا . بەدیوەكەى تریشیدا مادام زانستە كەواتە بەپێى هەلومەرجى نوێ و چونەسەرەوەى ئاستى پێشكەوتنى دونیا و بەتایبەتى دونیاى سەرمایەدارى و زانستى سەردەم ئەمیش دەگۆڕێت ، یانى تاكتیك و سیاسەت و لێكدانەوە و وەسیلەكانى بەرجەستەكردن و بردنە پێشەوەى دەبێت ڕەنگدانەوەى سەردەمەكەى خۆى بێت ، بەبێ لەدەستدان و پشتكردنە ناوەرۆكى مەسەلە بنەڕەتیەكە (كێشەى چینایەتى) . كەواتە زیندویى ئەم بزوتنەوە لەوەدایە كە ڕێك پایە و ماتەریاڵى خۆى لە كۆمەڵگاى سەرمایەداریەوە پەیدا دەكات ، یانى ئاوێنەى ڕونى سەردەمە . پێچەوانەكەشى ڕاستە . هەربۆیە ماركس دەڵێت (چ گۆڕانكاریەك بەدیدێ لەسەر دەوڵەت لە كۆمەڵگاى كۆمۆنیستیدا ؟ بە ووشەیەكى تر ، چ ئەركێكى كۆمەڵایەتى هاوشێوەى ئەركى ئێستاى دەوڵەت لە كۆمەڵگەى كۆمۆنستیدا دەمێنێتەوە ؟ تەنها زانست دەتوانێت وەڵام بەم پرسیارە بداتەوە .) ئەگەرچى ماركس لێرەدا باسى دەوڵەت دەكات ، بەڵام ئەوەش بەیان دەكات كە كاریگەرى زانست تا چ ڕادەیەكە بۆ بزوتنەوەی چینى كرێكار .
چینى كرێكار . ماركس ئەم چینە بەتەواوى دەلكێنێت بە شۆڕشەوە. بە قەولى ماركس (لەناو ئەو چینانەدا كە ئێستا ڕاستەوخۆ بەرەنگارى بۆرژوازى بونەتەوە ، تەنها یەك چینیان بەڕاستى شۆڕشگێڕە كە ئەویش چینى پڕۆلیتارە . هەموو چینەكانى تر لەگەلأ پەرەسەندنى پیشەسازیى گەورەدا دەڕوخێن و لەناودەچن .) هەربەم مەعنایە ، سەرەنجام دوو چین دەمێننەوە . وەك ئاشكرایە ئەوانیش چینى چەوسێنەر و چینى چەوساوەیە ، یانى سەرمایەدار و كرێكار ، كە سەرمایەدارەكان تەواوى هۆیەكانى بەرهەمهێنانیان دەست بەسەراگرتوە ، یانى دەسەڵاتیان بەسەر كۆمەڵگا و ڕەوتى مێژوى كۆمەڵایەتیدا دەشكێت ، سەرەنجام كرێكارانیش تەنها بە لێسەندنەوەى ئەو هۆیانە و گێڕانەوەى بۆ تەواوى كۆمەڵگا و خودى كرێكاران ، لەڕێگەى شۆڕشێكى سەراسەریەوە . دەتوانن تەواوى ئەم هاوكێشەیە توخمەكانى جودابكەنەوە و هاوكێشەیەكى نوێى لێپێك بهێنن كە یەكسانە بە كۆمۆنیزم . ئینجا دەبێت ئەوەش زیادبكەین كە بۆ ئەوەى چینى كرێكار بتوانێت بەگشتى خەبات بكات تا بگاتە ئەم سەرەنجامە ، دەبێت خۆى وەك چینێك ڕێخراو بكات . كە بێگومان بەشێوەیەكى ئۆتۆماتیكى پێویستى پارتێكى شۆڕشگێڕى خاوەن بەرنامەى ڕزگارى ئەم چینە بەدواى خۆیدا دەهێنێت . ئەوجا لێرەوە بەرنامەى كارى حیزبە كۆمۆنیستەكان دەستپێدەكات ، بۆ ئەمكارەش هەرگیز فەلسەفە و بەرنامەیەكى لەوەى ماركسیان شیاوتر جنگ ناكەوێت .تا بیكەنە بەرنامەى حیزبى كۆمۆنیست .
حیزبى كۆمۆنیست و چەپ و ئەو هێز و لایەنانەى ئەم تابلۆیەیان بۆخۆیان نوسیوە لەكوردستاندا ، ئەگەر بخەینە ژێر وردبینى و تێڕوانینەوە ، ئەوا دەبینین ، ئەم تەیفە لە ئەحزاب بونەتە نوێنەرى مەیل و تەیفە جۆراو جۆرەكانى ترى كۆمەڵگا لەجێى چینى كرێكار ، لێرەوە دەگەین بەو خاڵەى كە ئەم بزوتنەوانە سیفەتى شۆڕشگێڕیان لەدەست داوە پوختەى ئەمە سەرەنجامێكى وا بەدەستەوەدەدات كە شكستى كۆمۆنیزم لەوەدا ببینمەوە كە پشتى لە جیاتى ڕوى كردۆتە چینى شۆڕشگێڕى كرێكار . بە شێوەیەكى ڕواڵەتى ڕەنگە بڵێن لە كوردستان كرێكار نیە یان زۆر زۆر كەمە !. ئەمەش ئەوە بەشوێن خۆیدا دەهێنێت ئەم حیزبانە نەتوانن پشت ئەستور بەم چینە بێنە مەیدان ، بەدوایدا ناچارن جۆرێكى تر لە سیاسەت بەرنە پێشەوە . باشە ئەگەر وایە سەروەت و سامانى كۆمەڵگا لە كوێوە بەرهەم دێت ؟ سەرمایە چۆن گوڕدەخوات ؟ گەشەى كار و سەرمایە لە كوێوە دێت ؟ ئاو و كارەبا و ئارد و نان و تەلەفۆن و چیمەنتۆ و گەچ و خانوبەرە و نەوت و گواستنەوە ....هتد كێ كارى تیادەكات و بەرهەمى دێنێت ؟ هەموو ئەمانەش كرێ ى كارى ڕۆژانە وەرناگرن ؟ كە جگە لە هێزى كار هیچى تریان نیە بیگۆڕنەوە بەو پارەیەى سەرەنجام لە ژێر سایەیى یاسایەكى بێ ماناى كاردا وەریدەگرن ؟. سەرنج بدەن . لەناو دڵى خوێناویترین جەنگى ئەم سەدەیەدا و لە ناو كورەى داخراوى ئەم جەنگەدا . لە بەغداددا . كرێكاران چەرخى ژیانى كۆمەڵگایان دەچەرخان . لە كاتێكدا ڕۆژى بەسەدان كەس دەبوونە قوربانى ، ئەمان گەنمیان دەكردە ئارد و ئاردیان دەكردە نان و كارەبا و ئاویان بۆ خەڵكى دابن دەكرد ، جەنگ نەیتوانى ژیانى كۆمەڵگا ڕابگرێت . سەربازانى ئەمریكا نانى سى ملیۆن نەفەریان لە ماكدۆناڵدەوە بە ئامادەكراوى بۆ نەهێنابوون تا كۆمەڵگا لە برسا نەمرێت ، نان و ئاو كارەبا و پێویستیە سەرەكیەكانى ژیانى ڕۆژانە لە كۆمەڵگادا بەرهەمدەهات و ئەویش لەسەر شانى كرێكاران و بە سوتاندنى عارەقى ئەوان بەرهەمدەهات ،ئەو جەنگەى كە كێشمەكێشى خوێناوى تەواوى بزوتنەوەكانى نێو كۆمەڵگاى لەخۆگرتوە جگە لە كرێكاران ، هەمویان لە كۆششى بەدەست هێنانى جێگەو ڕێگەى باشتر و قایم كردنى پایەكانى دەسەڵاتیاندان ، بەڵام كێشەو گیرو گرفتەكانى چینى كرێكار هەروەك خۆى بەبێ گۆڕان ڕەوت دەكات . كە ئەویش لە غیابى بزوتنەوەكەیدا شكڵدەگرێت . بۆیە كرێكاران هیچ جۆرە پەیوەندیەكى تر جگە لە ململانەى چینایەتى ناناسن . وە مان و ژیانیان لەسەر ئەمە ڕاوەستاوە . بە دیاریكراویش تابەو شوێنەى بە كوردستان دەگەڕێتەوە كۆمۆنیزم لە كوردستاندا بزوتنەوەیەكى ناواقعیە . بەم حاڵەى ئێستایەوە . كۆمۆنیزم هەلومەرجێك نیە كەدەبێت دامەزرێت ، فكرەیەك نیە كە دەبێت واقعیەت خۆى لەگەڵدا بگونجێنێت . ئێمە ئەو بزوتنەوە واقعیە ناودەنێین كۆمۆنیزم كە هەلومەرجى ئێستا هەڵدەوەشێنێتەوە . ئەم ئەركەش بە چینى كرێكار سپێردراوە .
چەپ و كۆمۆیزم و سۆسیالیزم بزوتنەوەكانیان لە كوردستاندا گرێخواردوون لەگەلأ ناڕەزایەتى و نەفرەتى خەڵكى ، مودافعى مافەكانى منداڵان و ژنان و خانەنشین و ، داواكارى ئاو كارەبا و موچە و مانگرتنى شۆفێرانن ...هتد ، ئەكرێت ماشێنى هەموو ئەمانەى لێباربكەین ، بەڵام ئەمەكارى ئەمان نیە ، بەلەناوبردنى نیزامى سەرمایەدارى هەموو ئەوانەش لەناودەبەی كە لەوەوە سەرچاوەیان گرتوە . بۆیە ئێمە بە هەڵبژاردنى خۆمان كارێك بەسەر كارێكى تردا پەسەند دەكەین ! من ناڵێم نابێت ئەم كارانە بكات ، دەبێت سەرسەختانە بیكات . بەڵام كارى هەرە سەرەكى ئەو كەنایكات ئەوەیە دەبیت چینى كرێكار ڕێخراوبكات . تا ئەم كارەش نەكات هەمیشە بێ ئاسۆ دەمێنێتەوە . لەم میانەیەدا ناتوانێت جگە لە مەى ئێستاى جێگە و ڕێگەیەكى ترى هەبێت . هەرئەم بێ ئاسۆییەش وایكردووە ببنە خاوەنى ڕواڵەتێكى تر ، ئەویش ئەوەیە كە هەركاتێك هەستیانكرد بۆنەتە سێ نەفەر یەكێكیان لە دوانەكەى تر جیا بێتەوە و ئیدعاى ماركسى و كۆمۆنیستى ئەێڵى بوونى خۆى بەوانیتر بفرۆشێتەوە . ئەگەرچى وا نیشان ئەدات كە نوێنەرى ئەم چینەیە ، بەڵام بەرمەبناى كارى ئەم حیزبانە ئەوە نیشان ئەدات یان دەیسەلمێنێت كە نوێنەرایەتى كرێكاران ناكەن ، ئەگەرچى تا نیزامى سەرمایەدارى حاكم بێت زەمینەى ئەوە خۆشدەكات بەشوێن خۆیدا سەدان حیزب و ڕێخراو و ئۆرگان و ناوەندى جۆراوجۆر سەردەربێنن ، بەڵام تەنها ئەو لایەنەیان دەتوانێت بچێتە گرەوى وەدیهێنانى كۆمەڵگایەكى ئازاد و یەكسان و بێ چینى چەوسانەوە پەى بەوە بەرێت هێزى ڕاستەقینەى كرێكاران ڕێخراو بكات و مەشخەڵى شۆڕشیان باتە دەست . هیچ بزوتنەوەیەك بە ئەندازەى كۆمۆنیزم سەرچاوەى هێزەكەى دیارى نەكراوە ، بەڵام حیزبە كۆمۆنیستەكانى كوردستان بەشێوەیەكى هەزەلى بەدەر لەم سەرچاوەیە و لەدەرەوەى ئەم و لەناو كایەكانیترى كۆمەڵگادا عەوداڵى كۆكردنەوەى هێزن . بۆیە هەر بەو چەشنەیان لێبەسەر دێت . بۆیە ئیتر ئەم خولیا و خواستەیان بەجێهێشتوە .
وەك دەبینین لە شەو و ڕۆژێكدا بزوتنەوەى گۆڕان خۆى دەكاتە خاوەنى هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەى نێو كۆمەڵگا ، هەموو ئەمانە دەكاتە پەیامى خۆى بەشێك خەڵكى ناڕازیش لە خۆیەوە دەئاڵێنێت ، بەڵام دواجار كێرڤەكەى بەرەو لاربونەوە دێتەوە . بۆ بزوتنەوەى چەپ و كۆمۆنیست ڕاستە ئەمە مەیدانى ململانە و جەنگە ، بەڵام ئەمە بزوتنەوەى ڕزگارى چینى كرێكار و پڕۆلیتاریایە نەك ڕێخراوى ناحكومى . حكومەت ئامادەیە چارەسەرى هەریەكێك لەمانە بەتێپەڕبونى كات نیشان بدات و وەڵام بداتەوە ، بەڵام ئەوەى هەرگیز ئامادەنیە لێى لابدات و چارەسەرى بكات كێشەى كارو كرێى كار و كارى بەكرێیە . یانى چەوسانەوەى چینێك لەلایەن چینێكى ترەوە . یانى كێشەى چینایەتیە . لەبەر ئەوەى یەكسانە بە هەڵوەشانەى كۆى خودى سیستەمەكە . بۆیە ئیتر ئەم بزوتنەوەیە گۆڕاوە بە بزوتنەوەیەكى تر ، هەموو ئەوانەى ئێستا وەك تاكتیك لەبەرامبەر دەسەڵاتى سەرمایەدا بەكارى دەبات هیچ نیە جگە لە كارى خۆ سەرگەرم كردن ، یانى ستراتیژى نیە تەنها لە ووتنەوەى چەند ووتەیەك زیاتر كەلەسەر ڕووى ڕۆژنامەكانیان پەخشى دەكەنەوە ، كە سنورى فەنتازیا تێناپەڕێنێت . لەتەواوى ئەو گۆڕانكاریانەى لە سەحنەى سیاسی وكۆمەڵایەتى و ئابوریدا پێشهاتوون ، هیچیان بە قازانجى كرێكار و كرێى ڕۆژ و كارى بەكرێ و قانون كاردا نەشكاونەتەوە . ئەمانە هەمووى لە جێگەى خۆى باقیە و كەسێك دەستى لێنادات ، شۆڕشى 58 شكست دەخوات ، بەعس دێت ، ئەو دەڕوات یەكێتى وپارتى دێن ، بزوتنەوەى گۆڕان دەبێتە پەیامبەر و ماشێنى ڕزگارى مەردوم . باسى ئەمانە باسێكى ترە كە جیاوازە لە باسى حیزبێكى كۆمۆنیستى ڕاستەقینە . كە ئەویش ڕێخستنى چینى كرێكارە بەرەو ڕەهاى .
ئیسلامیەكان كاتێك بوونە بزوتنەوە هەموو دەرگاكانیان داخست و تەنها لە دەرگاى مزگەوتەوە توانیان هێز و قودرەتى خۆیان بێننەدەرەوە ، چونكە بەباشى و بەتەواوى لەوەگەیشتبوون كە ئەوان چۆن بزوتنەوەیەكن ، بەڵام كاتێك بە فشارى دەسەڵات ئەم دەرگایەیان داخست ، بەشێوەیەك دەسەڵات دەرگاى دەسەڵاتى بۆ خستنە سەرپشت بەڵام ئەوەندەیان هێز پێنەما لەودەرگایەوە كاتێك چونە ژوور بكۆكن . ئیتر توشى قەیران و پاشەكشە بوون . ڕاستیەكەى كرێكارانیش بەدەورى خۆیان نەخشیان هەبوە لەپێكانى ئەم بزوتنەوەیەدا ، بەڵام بەئەندازەى حیزب نا . لەبەر ئەوەى حیزب هۆشیارتر و بە دسپلینتر و ڕێخراوترە ، بۆیە یەكەمین بەرپرسیارى ئەم شكستەیە . ئەگەر كۆمۆنیزم زانستى هەلومەرجى ڕزگارى پڕۆلیتاریایە ، كامە حیزبى كۆمۆنیستى تەنها دە ئەندامى لەناو چینى كرێكار و پڕۆلیتاریادا هەیە ؟ ئەمە ئیتر واقعە كەتەنها لە خەیاڵدا دەكرێت وەلاوە بنرێن . ئەمەیە شكستى ئەێڵى چەپ و كۆمۆنیزم لە كوردستاندا .
لە پاڵ ئەمەدا حیزب و مۆدیل و ڕێخستن و ڕابەرى و زمان و تەواوى پێكهاتە و ساختومانەكەى نەخشیان هەیە ڕۆلأ دەگێڕن ، لە كارى هەر ڕۆژە و دۆزینەوەى كەلێن و شێوە نمایش و گوڕخواردنەوە لەناو كۆمەڵگادا ، ئەگەرچى وادێتە پێش چاو كە ئەمانە كارێكن دەكرێت ئاسان لێیان تێپەڕێنرێت ، بەڵام هاوكێشەكانى نێو كۆمەڵگا حەلكردنیان لە هاوكێشەى كیمیاوى و بیركارى زۆر سەخترە ، چونكە ئاكامەكەى هەمیشە لەوەى پێشوو جیاواز دەدات بەدەستەوە . بەپێى دیالەكتیكى ماركس كۆمەڵگا هەمیشە لە حاڵەتى گۆڕاندایە . بۆیە ئەوەى كەماوەتەوە ئەوەیە دەبێت ئەو حیزبانەى بەخۆیان دەڵێن كۆمۆنیست بەتەواوى دەست بەردارى ئەم شێوازەى كاركردنى ئێستایان ببن ئەگەر نا هاوكێشەى ئەمان دەمێكە حەل بوە و ئاكامەكەى داوە بەدەستەوە ، وە بەكار خۆشیان چەقۆ خوێناویەكەیان داوەتە دەستى فەلسەفەى ماركس . l
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە