قاچاخچیەكانى نەوت دەبێت دادگایى بكرێن

Saturday, 31/07/2010, 12:00

1472 بینراوە


بەتاڵانبردن و قاچخیكردن بە خوێنى خەڵك و سامانى ئەم هەرێمەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانى كوردستان و گروپەمافییكانەوە تادێت درێژەى هەیە، نەبونى كارو گرانى بازارو بێبەشبونى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە لە خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان و مەترسى گیانیان لە دەیان نەخۆشى كوشندە لەلایەك و چەوسانەوەى سیاسى و پێشێلكردنى ماف و ئازادییەكانى خەڵك لەلایەكى تر تەنگیان بەژیانى پرمەینەتى خەڵكى ئەم هەرێمە هەڵچنیوە.
بەقاچاخ بردنى نەوت بەبەرچاوى خەڵك و میدیاى دەرەكى و ناوخۆییەكانە، جگە لەوەى كە دزییەكى گەورەیە لە داهات و ژێرخانى ئەم هەرێمە وە ئەشبێتە هۆى ناشرینتركردنى دەسەڵاتى حكومرانى و سیستەمە بەناو دیمۆكراتیەكەى كە تا دۆێنى بۆ رزگاركردنى گەلانى عێراق پێشنیارى پراكتیزەكردنى ئەكرا. بێئاگاى و خەمساردى و بەشدارى راستەوخۆى كاربەدەستە باڵاكانى حكومەت و حیزب لە بەتاڵانبردنى نەوتى خاو بەئاشكراو بەبەرچاوى خەڵكەوە یان هەر سامانێكى ترى نەتەوەیى جگە لە وەى كە تاوانە، زەنگێكى خەتەرناكیشە لەسەر گوزەرانى ئێستا و ئایندەى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە.
بەڵگەو لێدوانە دژیەكەكانى هەریەك لە سەرۆكى هەرێم وسەرۆكى حكومەت و سەرۆكایەتى پەرلەمان و وەزیرى داراى و وەزیرى سامانەسروشتیەكانى كابینەكەى د. بەرهەم ساڵح گەواهیدەرى تێوەگلان و بەشداربونى ئەوكاربەدەستانەیە لەو بازرگانیە رەشەى كە بەخوێن و سامانى خەڵكى كوردستانەوە ئەیكەن.بۆیە ئێمە وەك تۆرى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەڵك -لە كوردستان داواى هاتنە دەنگ و هەڵوێستى بەپەلە لەتەواوى خەڵكى كوردستان و گشت حیزب وچین وتوێژو رێكخراوەمەدەنیەكان ئەكەین لە پێناو ئەم خاڵانەى خوارەوە:
1- سازدانى كەمپین و خۆپێشاندان و نارەزایەتى دژ بە قاچاخ بردنى نەوت.
2- فشارخستنەسەر داواكارى گشتى بۆ بەدادگایى گەیاندنى تاوانباران و گرتنى قاچاخچیەكانى نەوت.
3-لێپێچینەوە و بانگهێشتكردنى بەپەلەى كاربەدەستە باڵاكانى حكومەت لەلایەن پەرلەمانەوە لەسەر ئەم دۆسێیە، لەپێناو بەرەسمى ناساندنى قاچاخچیەكان و كەسانى تێوەگلاو لەم تاوانەدا.
4- گەراندنەوەى برى پارەى بەقاچاخ براوى نەوت بۆسەر میزانییەى حكومەت.
5-داخستن و بەدادگا گەیاندنى سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكان و سەرجەم كۆمپانیاكانى بەشدار لەم بەقاچاخ بردنەى نەوت.
6-دەركردن (فەسڵكردن) دەستلەكاركێشانەوەى ناچارى ئەو كاربەدەستانەى كە لەسەرجەم دامەزراوە حكومیەكاندا بەشداربوون یان كەمتەرخەمیان نواندوە یان كارئاسانیان بۆ بەتاڵانبردنى نەوت كردوە.

*تۆرى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەڵك/سلێمانى
28/7/2010


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە