کوردەکان لە نێوان جەنگی سوننە و شیعە باوەڕدا

Sunday, 21/04/2013, 12:00

2178 بینراوە







لە سەرەتای دروست بوونی ڕەوتی شیعەگەریەوە، ساتێک جێگرەوەکانی پێعەمبەری ئیسلام و لە نێوانیشیان دا عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب لە لایەن تەواوی برا موسولمانەکانیەوە قبوڵ نەکراو دواجار حوسێنی کوڕی دووەمی لە شەڕی کەربەلادا بە دەستی ئەمەوییە ناحەزەکانی کوژرا. لەو ساتەوە لە خۆرهەڵاتی ناویندا ململانێیەکی باوەڕی لە بەینی ئەم دوو ڕەوتەی ئاینی ئیسلامدا دروست بووە و دواجار ئەم ململانێیە خۆی بەتەواوی لە و ساتەدا دەرخست کە حوکمڕانی شاهەنشای لە ئێران لە کۆتای حەڤتاکاندا ڕوخێنراو و دەوڵەتی جمهوری ئسلامی شیعە باوەڕلەسەر دەستی ئیمام خومێنی ڕاگەیەندرا.

هەرپاش کەمێک دەوڵەتی سووننەی عەرەبی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن جەنگێکی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئەم دەوڵەتە نوێیە هەڵگیرساند، کە بنچینەی دروست بوونی لەسەر ڕەوتی شیعەگەرای دەڕۆی. بە مانەوەی ئەم قودرەتە نوێیە و درێژە پێدانی بە سیاسەتێکی ئاڕاستەکراوی ڕەوتی شیعەگەری، وزەو توانایەکی گەورەی بەخشیە ئەو دەوڵەت و ناوچانەی هەڵگری ئەم باوەڕە بوون، ئەمە بەدەر لەوەی سووننەی ناوچەکەی خستە کێبڕکێیەکی ناتەندروستی سیاسی گەورەوە لەگەل تەواوی شیعەکانی ناوچەکەدا و بەتایبەتی لەگەڵ خۆیدا.
ئەم بەریەک کەوتنە ئەوکات بەتەوای سەری هەڵدا کە دەوڵەتی سوننەی عەرەبی دراوسێ هەرەسی هێنا و ئیدی دانیشتوانی زۆرینەی شیعە باوەڕ، دەسەڵاتیان لە عێراقی نوێدا لە ساڵی ٢٠٠٣ دا گرتە دەست و ناڕاستەخۆ سنووری دەسەڵاتی سیاسی شیعەگەری لە ناوچەکەدا بەرفراوان تربوو، تا وای لێهات وەکو مەترسی بۆسەر دەوڵەتە سوونەکانی ناوچەکە و دەوروبەری دەربکەوێت. ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە دەوڵەتی شیعەی ئێرانی ڕاستەوخۆ پشتیوانی بزوتنەوەی شیعەگەری ناوچەکە و بە تایبەتی بزوتنەوەی حیزبوڵای لوبنان لە دژی دوژمنە سەرسەختەکی ئسڕائیل دەکات.

لەگەڵ ئەوەی شیعەباوەڕلە ناو خۆیاندا تەواوبێ ناکۆکی نین، بەڵام بە دروست بوونی دەوڵەتێکی نوێی شیعە لە عێراق کە دواجار سنووری بە دەوڵەتی برا فارسە شیعەکانیانەوە هەیە و خاوەنی سامانێکی زۆری نەوتە، هاوكێشەی ناوچەکە تەواو گۆڕا. ئیدی بەهاری عەرەبیش یارمەتی هەستی شیعەگەری و داخوازی دانیشتوانی شیعەی لە ناوچەکە و بە تایبەتی لە وڵاتانی بەحرێن و یەمەن و قەتەر و کوێت دا، خواستی بەشداربوونیان لە دەسەڵات و بەڕێوبەرایەتی وڵاتەکانیان هەڵبکشێت و ئەم داوایەش ئەوکاتە بە تەواوی دەرکەوت کە لە بەحرێن ناڕەزای تەواو کەوتەوە و ئێدی دەوڵەتی پێشڕەوی سوننەکان، عەرەبستانی سعودییە یارمەتی سەربازی گەیاندە ئە و وڵاتە و بە زەبری هێز نارەزایەتیەکەیان کپکردەوە.

ئەمانە بەدەر لەوەی لە عێراقی نوێدا لەوساڵانەی پێشودا شەڕێکی خوێناوی و بێبەزەی لە نێوو هەڵگرانی باوەڕی سوننە و شیعەی موسوڵماندا هەڵگیرسا و ڕووە هەرە ناشرینەکەی خۆی ساتێک نیشاندا کە مرۆڤەکان بە هەموو تایبەتمەندیەکانیانەوە لە باوەڕی سووننە و شیعەگەریدا بچووک دەکرانەوە بە بێ جیاوازی ڕەگەزو تەمەن و باری تەندروستیان، دڕندانە بەناوی ئاین و خوداوە دەستدرێژیان دەکردە سەریەکترو بە تاک و کۆمەڵ کەوتوبونە گیان و ماڵی یەکتری.

دواجار ساتێک پڕشنگی بەهاری عەرەبی کەوتە ڕژێمە دڕندەکەی شیعە باوەڕی سوریەوە، بە تەواوی ئاراستەی ململانێکان لەسەر ئەم ڕژێمە زەقبوونەوە و سەرۆک و میرو پاشای سوننە و شیعە مەزهەب بەسەر دوو بەرەی باوەڕیدا دابەش بوون، هەرچی شیعەی ناوچەکەو بە تایبەتی فارسەکان بە توانای مرۆی و سەربازی و ئابووری خۆیانەوە لە هەوڵی مانەوەی ڕژیمەکەی خێزانی حافزئەسەدی ئەفلەقیدان و هەرچی سوونە باوەڕیشە یارمەتی شۆڕشگیرە سوننەکان دەدەن .

دەبێت لێرەدا ئەو پرسیارە بکەین مانەوە یاخود ڕوخانی دەوڵەتی فاشیستی سوری لە بەرژەوەندی کێ دایە؟ ئاشکرایە بە ڕوخانی ئەو دەوڵەتە گورزێکی کوشندە لە جمهوری ئسلامی دەدرێ و ئیدی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێرانی زۆر نزیک دەبێتەوە و ئەمەش وا دەکات ئەم ڕژێمە بێوچان و بە هەموو توانای خۆی پشتیوانی ڕژێمەکی ئەسەد دەکات. هەرچی ڕژیمە سونەکانی ناوچەکەن لە هەوڵی کەمکردنەوە و لە ناو بردنی دەسەڵاتی شیعەگەریدان کە بە مەترسی بۆ سەرخۆیانی دەبینن.

کارەسەتەکە ئالیرەوە دەست پێدەکات ڕێکخستنەکەی باشووری کوردستان و بە تایبەتی خێزانی مەلا مستەفا و پارتەکەیان بە ئاشکرا چوونە نێوو ئەم ململانێ ئایینیەوە و خۆیان لە بەرەی سووننەی عەرەبیدا دەبیننەوە، هەرچی دەستەکەی ماڵی تاڵەبانیە لە بەرەی ڕەوتی شیعەگەراندا . هەرچەندە کوردەکان خۆیان دونیایەک کێشەیان هەیە و سەربە نەتەوەی عەرەبیش نین، ، خەریکە ئەم دوو سەرۆکە باشوری کوردستان بە پێنج ملیۆن مرۆڤەوە دیسانەوە توشی شەڕو ماڵ وێرانی دەکەنەوە و جارێکی تر بەڵای ژێردەستەیی دەهێننەوە بەسەر ئەم نەتەوە ناڕۆشنگەرەدا.

ئەمە جگەلەوەی ئەم دوو سەرۆکە لە سەردەمی شەڕی براکوژییەوە هەرێمەکەیان لەت کردوەو لە بێباوەڕییەکی بنچینەیدا دەڕواننە یەکتری و تا ئێستاش بۆخاتری مانەوەیان، لەسەرستراتیژی هاوسنوریان دەڕۆن. هەروەکو لە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا دەبیندرێت بە ئاشکرا هەرێمی زەرد دەستی خستۆتە نێو دەستی تورکی دراوسێی ولە ڕێگەی چەندین بنکەی سەربازی وهەواڵگریشەوە پارێزگاریان لێدەکرێت تا ئەمڕۆ.

هەریمی سەوزیش کەم تا زۆرێک بە هەمان شێوە لەگەڵ هاوسنورەکەیان جمهوری ئسلامی ئێراندا، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات تاکوو ئێستەش ئەم دوو پارتە و سەرۆکەکانیان نە باوەڕیان بە یەکتری ونە بە پرۆژەیەکی نەتەوەی کوردی هەیە کە کیانی کوردی بپارێزێت و دواجار بەرەو سەربەخۆیی ببات، وە نە خاوەنی سیاسەتێکی سەربەخۆشن.

هەرلەم دیدەوە سەرۆکی هەرێمی زەرد نمایشی بە توانای خۆی و بنەماڵەکەی جارێکی تر کردەوە و دووربینی خۆی لە بەرامبەر سەرۆکە هاوپەیمانە سەوزەکەی نیشان دایەوە و سەرۆك وەزیری شیعەی عێراقیش قارەمانی خۆی بۆ ساتێک دەرخست و گرێوو لەسەر مەیلی سووننە ناحەزەکانی دەکات، ئەوکاتی پشتیوانی ئەوانی بەدەست هێنا ئەوا بۆ جارێکی دی هەڵدەبژردرێتەوە و بە هێزو توانایەکی زیاترەوە بەرەنگاری کوردەکان و بەتایبەتی ماڵی مەلا مستەفا دەبێتەوە کە وەکوو یاخیبویەکی عێراقی بەدوور لە هەموو یاساو ڕێسایەکی سەروەری و فیدڕاڵی عێراقی هەڵسووکەت دەکەن و کەسیش ناتوانێت لێیان بپرسێتەوە.

ئیدی لەو لاشەوە سەرنجی شوێنکەوتوەکانیان و بەشێکی دانیشتوانی ناوچەکەیان بۆ ئەم نیمچە شانۆیە ڕادەکێشن و ڕووی گەندەڵچی خۆیان بۆ ماوەیەک دەشارنەوە کە من نامەوێت لێرەدا نمونەی گەندەڵیان بهێنمەوە و بۆ جێگایەکی تری ‌هەڵدەگرم. نەهێنیەکی ئاشکرایە ئەم سەرۆک خێڵانە هەردەم کورت دەبینن و هەریەکەیان خەریکی بەرژەوەندی خێزان و خێڵەکەیەتی لە ڕێگەی ئەو پارتانەی کە سەرۆکیانن. ئەمانە یاری بە ئاگر دەکەن، گەر خۆیان بخزێنە ناو ئەو جەنگە باوەڕیەوە کە لە دونیای ئیسلام دا لە نێوانی ڕەوتی سوننە و شیعەگەری دا هەڵگیرساوەو دەبێت وریا بن و نەبن بەژێرەوە و خەونی ملیۆنان مرۆڤی کورد ژێرخاک نەنێن.

ئێمەی کورد ئەوەی پێویستیمان پێی نیە جەنگێکی باوەڕیە، ئەوەی ئێمە پێویستمانە جەنگێکی عەقڵیە لەگەڵ خۆمان و دەوروبەرماندا. خۆخزاندنە نێو ئەو جەنگەی کە هی ئێمە نیە، مایەی نەزانی و داماوی بەناو سیاسەت مەدارەکانی کوردە. کۆمەڵگا لە ژێر دەستی ئەم بەڕێوبردنە خێڵەکیەدا زۆر زەلیل و داماو کراوە، بە بێ نرخدان پێی وگەڕانەوە بۆ بۆچونیان، بەگژ یەکتر و میللەتانی ناوچەکەیان دا دەکەن و نەهامەتی و لەبارچونی خەون و خۆشیەکانیان تا ئەمڕۆ بۆ دەهۆننەوە.

ئێمەی کورد بە درێژای مێژووی هاوچەرخ دەچەوسێندرێینەوە وخاکەکەمان لە لایەن هاوئاینەکانمانەوە داگیرکراوە و تا ئێستەش برا موسوڵمانەکانمان دان بە مافە سەرەتاییەکانی ئێمەدا نانێن، ئێمە مافمان دەخورێ لەبەر ئەوەی کوردین و گرنگ نیە بۆ ئەوان باوەڕمان بە چی هەیە. ئێمە لە دێرزەمانەوە جەنگی ئاینگەرایمان دۆراندوە، ئەویش ساتێک سەڵاحەدینی ئەیوبی خاچ پەرستەکانی تێکشکاند و وانەی قارەمانی و ئاشتی خوازی فێری دوژمنەکانی کرد وخاکی پیرۆزی ڕزگار کرد.

هەرلەودەمەوە برا موسوڵمانەکانمان لە پاداشتی ئەو مێژوە جوان و پڕشانازییەی سەلاحەدینی ئەیوبیەوە تا ئەمڕۆ بە نەوەکانی ڕا نابینن لە نێوسەرەتایترین مافە ڕەواکانیان کە خوداکەیان پێی داون بژین. ئێمە جارێک قودسمان ڕزگار کرد بۆ موسوڵمانان و خاچ پەرستە مەسیحەکانیشمان فێری دلاوەری و یەکترقبوڵکردن کرد، بەرەکەشی وا تا ئەمڕۆلە هەردوولاوە دەچنینەوە.

بە فێربوونی وانەیەک لەم مێژووە پڕشانازی و تاڵە، هەموو جۆرە شەڕو خزانە نێو جەنگێکی ئاینگەراییەوە بۆ ئێمەی کورد بێواتایە، ئێمە لە هەمووان باشتر دەبێت بزانین جەنگی ئاینەکان یەکێکە لە بێ واتاترین جەنگەکانی کە مرۆڤەکان پێی هەڵدەستن و نیشانەیەکە بۆ لاوازی فەرهەنگی عەقڵی و شارستانی مۆڤەکانی ئەم ناوچەیە..



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە