ژینگە لە نێوان ئەخلاق و بێ نرخ بووندا

Thursday, 04/04/2013, 12:00

1901 بینراوە







یەکێک لە توانا دێرینەکانی مرۆڤ وهۆی گەشەی بەردەوامی بە درێژایی مێژووەکەی ئەقڵە کە بەردەوام مرۆڤ لەو ڕێگەیەوە لە خودی ئەقل خۆیی و دەوروبەری ورد دەبێتەوە، سەرەنجام لە ڕێی ئەم توانایەوە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری بنەڕەتی و دژواریش دەداتەوە و دەشتوانێت بڕیارو هەڵسوکەوتەکانی لەسەرڕێک بخات. ئەم توانا گەردونی یە پێوستی بە تەواوکەرێک و بگرە بە هەوێنێک هەیە ئەویش کە ئەخلاقە، ئەم تایبەتمەندێتیە بە بڕوای من تەواوکەری توانای ئەقڵەو وە هەروەها هیچ توانایەکی ئەقڵی بەبێ ئەخلاق تەواو نیە ولەگەڵ خودی مرۆڤ بووندا یەکناگرێتەوە.

مێژووی مرۆڤ هەرچەندە مێژووی بوونەوەرێک نیە کە هەردەم وا هەڵسوکەوت بکات کە ببێتە نمونەیەک بۆ ڕەفتارکردن، بەڵام بەبڕوای من ئامانچ لە بوونی مرۆڤ بوونەوەرێکی ئەخلاقیە وداڕشتنی ئەو کاتە سنوردارەیەتی لەسەر بنچینەیەکی ئەخلاقی، بەدەر لەمە بوون و تەواوی دوونیاکەی خۆی دەخاتە ژێر پرسارەوە. سروشتی مرۆڤەکان وەهایە کە هەمووکات لەسەر بنچینەیەکی ئەخلاقی یاخود ئەقڵێکی ئەخلاقی بڕیارنادات و زۆریان گیرۆدەی تایبەتمەندی جۆراو جۆری خۆویستن وناڕۆشنبیریان بەرەوئەم هەڵسوکەوتەیان دەبات وئیدی کەمتر بیرلە نرخی مامەڵەکردنێکی ئەخلاقی دەکەنەوە. ئالێرە مرۆڤەکان ئەو بەها بەنرخ و گەردونی یە پاشگوێ دەخەن و بیریان دەچێتەوە کە مرۆڤ دەکاتە بونەوەرێکی بێ هاوتا لە بونیدا.

ئەویش ساتێک کە ئەخلاق بنچینەی ڕەفتارەکانی پێک بهێنێت، دواجار ئەم هەڵسوکەوتەی با بە گەردونیش بکرێت. کەواتە مرۆڤ بەهەر کارێکی کە هەڵ دەستێت و لێرەدا دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆی بکات، ئایا ئەم شێوە بەرخوردەم لەگەڵ دەوروبەرم و ژینگەکەم لەسەر بنچینەیەکی ئەخلاقی دروست بووە و بۆ ئەوە دەبێت تەواوی مرۆڤەکان چاوم لێبکەن!

بەداخەوە لاواز بوونی ئەم بەها گەردونی یە و بێنرخ سەیرکردنی لەو کۆمەڵگایەی منی لێوەهاتووم ئێجگار لە هەڵکشاندایە و تەواوی مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگایەی بە بێ جیاوازی پلەو پایەو ڕەگەزو ئاین گرتۆتەوە. من لێرەدا دەمهەوێت تەنها تیشک بخەمە سەر ژینگە و لەو سۆنگەیەوە دەڕوانمە بێنرخ سەیرکردنی لە نیشتیمانەکەمدا.

هەرچەندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پیشەسازی زۆر لاوازە وبەتایبەتیش لە باشوری کوردستان هیچ بوونی نیە، بەڵام ئەم ناوچەیە بە کارەساتێکی دژوار و مەترسیداری ژینگەیدا تێدەپەڕێ. لەوکاتەوەی بەڕێوبەرایەتی کوردی لە باشوری کوردستان بەرقەرارە ژینگەی ئەم ناوچەیە ڕوبەڕوی مەترسی گەورە بۆتەوە و ئەم بەڕێوبەرایەتیەش شتێک بە ناوی پارێزگاری ژینگە ناناسێت و زۆر بێ هەستانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئاو وهەواو زەوی یەکەی دەکات کە بنچینەی ژیانی پێکدە‌هێنن.

ئەم بەڕێوبەرایەتی یە کە لە دوو پارتی ‌عەشایرو سەر بە دوو بنەماڵە پێک هاتووە، تا ئەمڕۆ هیچ سیاسەتێکی ژینگەپارێزی یان نیە وهەڵسوکەوتیان لەم بارەیەوە بەتاڵە لە ئەخلاق و هیچیش گوێ بە و خاک و ئاسمان و ئاویان نادەن کە بە درێژایی مێژووی چەندهەزار ساڵەیان پشت و پەنای کوردەکان بووە. ئەمانە هەروەکو ئەوەی سبەی بفڕن بۆ سەرمانگ و لەوێ درێژە بە ژیانیان بدەن هەڵسوکەوت دەکەن.

بەڕێوەبردنی وڵاتێک یاخود ناوچەیەک پێویستی بە مرۆڤی شارەزاو لێزان هەیە لە تەواوی بوارەکاندا و بەتایبەتیش لە بواری ژینگەدا، کە ئەمڕۆ لەسەر ئاستی دونیا پێگەیەکی گرنگ و هەستیاری هەیە و بۆتە یەکێک لە کێشە دژوارەکانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی. کارەساتەکە ئالێرەوە دەست پێدەکات کە تاکو ئێستا لە باشوری کوردستان لە هیچ ئاستێکدا تەنها فەرمانگەیەکی کارا بۆ ژینگەپارێزی بوونی نیە.

هیچ ڕێکخستن و پەروەردەیەکی زانستی ژینگەیی و سروشتی بوونی نیە وهەم بەرێوبەرایەتی یەکە وهەم کۆمەڵگاش زۆربێ ئاگا و بێنرخانە لەگەڵ ژینگەکەیاندا مامەڵە دەکەن و بەکاری دەهێنن. زۆربەی مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە بەدورن لە هەموو ئەخلاقێکی ژینگە پارێزی و بوونە دوژمنی خاک و ئاو و ئاسمانیان و بەوەشەوە ناوەستن و کەوتونەتە گیانی دارو درەخت و زەویە کشتو کاڵیەکانیان. خۆڵ و پاشماوەکانیان بێ بەرپرسانە فڕێدەدەنە سەرزەوی و لەو ڕێ یەوە خاک و ئاو هەوایان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پیس و بیماردەکەن. کانزاکانی سەرزەوی و ژێر زەوی بێ هەستکردن بە بەرپرسایەتی ژینگەیی و بێ گوێدان بە دەرەنجامەکانی بۆ داهاتوو بەکارو بەفیڕۆ دەبەن.







ڕێژەی ئاوی خاوێن لەم هەرێمە لاوازە و هەندێ جار سەرچاوەی ئاوەکانی دەبنە نەخۆشی جۆراوجۆر بۆ دانیشتوانەکەی و بەدەرلەمەش ئاستی ئاوی بن زەوی یان بەرەو کزبوون و پیس بوون دەبەن، هەواکەیان پیس و خاکە جوانەکەیان بێ پیت و چەندەها نەخۆشی جۆراوجۆر بۆخۆیان و نەوەکانیان دروست دەکەن. شارەکانیان نوقمی ماشێن و سوارڕەوەکانیان بووە و بێ گوێدان بە پیس بوونی سروشتەکەیان کەوتونەتە دوای سوارڕەوی گەورە و بەرزە وە لەم ڕێگایەشەوە پاشماوەیەکی زۆری گازی ژەهراوی و زیانبەخش بەرهەم دەهێنن. بەبەردەوامیش پاشماوەی ئەم گاز و بەنزینەش هەڵدەمژن و دەرونی خۆیان و دەوروبەرەکەیان ژەهراوی و بیمار دەکەن.

سەیرانگاو دەشت و شاخە دڵ ڕفێنەکانیان کردۆتە زبڵدان و تەنەکەی خۆڵ، پاشماوەکانیان هەروا فڕێدەدەن و بیرناکەنەوە سبەی دۆست و دراوسێکەیان بە شێوەی ئەوان دەچنە گەشت و نایانەوێت لەناو پاشماوەی خۆڵ و پلاستیک وشوشەی شکاودا سەیران بکەن و کاتەکەیان بەسەر بەرن.

هەرچی گوندنشینانیشن خۆڵ و پاشماوەکانیان لە دەوروبەری خۆیان فڕێ دەدەن و پاشانیش مەڕوماڵاتیان لێ دەلەوەڕێنن وژینگەکەیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پیس و ئاژەڵەکانیان نەخۆش دەخەن. ئەم شێوە هەڵسوکەوتانە لە داهاتویەکی نزیکدا کێشەی گەورەی ژینگەیی بۆ ئەم کۆمەڵگایە دروست دەکەن و وایان لێ دەکات ئە ووڵاتەی کە هێشتا بۆیان ئاوەدان نەبۆتەوە بە خواستی خۆیان بەجێی بهێڵن!

ئاشکرایە سەرەتای کۆچی ژینگەیی لە هەندێک شوێن دەستی پێکردوە و ئیدی لەوناوچانەی روبەروی مەترسی ژینگەیی دەبنەوە وردەوردە مرۆڤەکان بەناچاری دەستی لێهەڵدەگرن. لەوبەینەشدا بەتایبەتی کێشەی کەمی ئاو تادێت لە هەڵکشاندایە و ئەم کێشەیەش لەداهاتودا شارەزایان بە خراپی لێکیدەدەنەوە، بە تایبەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.

هەرلەئێستەوە دەبینین کەمی ڕێژەی ئاو سەری هەرڵداوە و بۆتە کێشە بۆ ناوچەکە و بەتایبەتێش بۆ باشوری کوردستان، لێکدانەوەی سیاسی ناوچەکەش بۆ ئەو ئاراستەیە دەڕوات، وڵاتەکانی دراوسێ کۆنتڕۆڵی یاخود زامنی ئاو بکەن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و لەوڕێگایەوە باڵادەستی خۆیان بۆ داهاتوو ئامادە و سازبکەن.

بەداخەوە هەرچی بەڕێوبەرایەتی ئەم ناوچەیەشە بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە هیچ بەرناومە و پلانێکی کورت و درێژخایەنی ژینگەیی وئاوپارێزی یان تا ئێستە نی یە، هەموو کاری ئەم بەڕێوبەرایەتی یە لەم ڕوەوە بووە بەوەی نەوت و گازی بن زەوی دەربهێنن و لەپێناوی بەرژەوەندی خێزان و خێڵەکەیاندا بەتاڵان فرۆش و بەکاری بهێنن. لە داهاتوودا دوورنیە کە نەوت و گازەکەیان لەبەرامبەر ئاوی خاوێندا پێبگۆڕنەوە !

لەگەڵ ئەمانەش دا بە داخەوە هیچ ڕێکخراوێکی مەدەنی کارا بوونی نیە کە ڕەوتی ژینگەپارێزی گەشە پێبدات و دواجار شێوەیەک لە پەروەردە و هەستی ژینگەدۆستی لەم کۆمەڵگایەدا دروست بکات و لەورێگەیەوە جۆرێک لە فشار بۆ بەڕێوبەرایەتی هەرێمەکەیان دروست بکەن.

دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنی باشوری کوردستان دەبێت بە زووی و گشتگیرانە بەرنامەیەکی فراوان و یاسایەکی پێشکەوتوو بۆ ڕوبەروبونەوەی تەواوی مەترسی یەکانی سەر ژینگەی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا دابڕێژن. لەسەر ئاستی بەرزی بەڕێوبەرایەتی دەبێت فەرمانگە و ڕێکخستن بۆ ژینگەپاراستن دروست بکرێت، یاساو پلانی درێژخایەن ڕێکبخرێت و پشکنینی زانستیانە بکرێت و ئیدی مەترسی یەکانی سەر ژینگەی کوردستان بڕەوێنەوە و پاراستنی ژینگە بەرەو ئاستێکی بەرز بڕوات.

بەرێوبەرایەتی باشور دەبێت لە ڕێگەی فەرمانگەی هاتوچۆوە سیاسەتێکی هاوچەرخ و ژیرانە بگرێتە پێش و چارەسەرێک بۆ ئەو هەموو سوارڕەوانە بدۆزێتەوە کە لە هەرێمەکەدا هەن و رۆژانە زیادیش دەکەت. دەىێت هۆکانی هاتۆچۆی گشتی دروست بکرێت و برەوی پێبدرێ، بنچینەی هێڵی شەمەندەنەفەری کورت و درێژە ڕێگا دروست بکرێت و باج لەسەر پێدانی مۆڵەتی سوارڕەو دابنێت. دەبێت ڕێگاوبان بۆ پاسکیل و ماتۆڕی بچوک ڕێک بخرێت و هەوڵبدرێت سیستەمی هاوتوچۆی شەمەەندەفەری ژێرزەوی دروست بکەن.

لە بواری دارستان و کێڵگە کشتوکاڵیەکاندا دەبێت برەو بە چاندنی دار و درەخت بدرێ و هەوڵبدرێ لەڕێگەی دروستکردنی دارستانەوە، پێداویستی ناوخۆ پڕبکرێتەوە و لەوڕێگایەشەوە هەلی کار دروست بکرێت بۆ ئەوهەموو بێکارەی لە هەرێمەکەدا هەیە. چیدی کێڵگە کشتوکاڵیەکان نەکرێنە باڵاخانە و کۆشک و لەوڕیگەیەوە بنچینەی ئابوری کشتوکاڵی وڵاتەکە لەناونەبرێت.

هەرچی دەستگای خۆڵ وخاشاکە، هۆکانی گواستنەوەی خۆڵ وخاشاک لە گوندو شوێنەگشتی و سەیرانگاکانەو بۆ شارەکان وشوێنی دیاریکراو رێک بخات و دواجار لێپێجینەوەی یاسایی توند لەگەڵ ئەوانەدا بکرێت کە سروشت و ژینگە پیس و یاساکانی پێشێل دەکەن. ئەم فەرمانگەیە دەتوانێت لەڕێگەی ڕێنمای و پلانی ئابوری یەوە خشتوخۆڵی کوردستان جیابکاتەوە و رێک بخات، دواجار بەم کارەیان دەتوانن هەوڵی دووبارەبەکارهێنانەوەی بدەن و چیدی هاوڵاتیانیش پلاستیک و شوشەو کاغەزەکانیان بەفیڕۆ فڕێنەدەن.

ئافرەتان و پیاوانی ئاینی و خاوەن باوەڕ، دەبێت ببنە رێنیشاندەری باوەڕداران و پاراستی ژینگەکەیان کە خوداکەیان پێی بەخشیون بپارێزن و با لە بیریان نەچێت، ئامۆژگاری نەکراون ئەو سروشتەی کە پێیبەخشیون و هێناویەتە بوون لەوپێناوەدایە کە وێران و لەناوی بەرن، بەڵکوو دەبێت بە جوانترن شێوە بیپارێزن و بیڕازێننەوە و چیدی ئاوها بێبەرپرسانە هەڵسوکەوت نەکەن و باوەڕداران بە شتی ڕۆتینی و بەسەرچووەوە خەریک نەکەن.

لەسەر ئاستی کۆمەڵگاش دەبێت ڕێکخراوی ژینگەپارێزی بێنەدروست کردن و بە هەماهەنگی لەگەڵ خانە پەروەردەی یەکاندا هەستی پارێزگاری ژینگە دروست بکرێت.هەرچی میدیاشە بە گشتی دەبێت بایەخ بە بواری سروشت و ژینگەپاراستن بدەن و جۆرێک لە ئاگابوونەوە و هەستی ژینگەپارێزی لەنێو کۆمەڵگادا دروست بکەن.

بەلەبەرچاوگرتنی گەلێک کارەساتی تر لەم کۆمەڵگەیەدا و بەتایبەتیش لەمدیدە ژینگەی یەوە ئەوەمان لا ئاشکرا دەبێت، کەسێتی یەکان لە ووڵاتی من لەڕووی ئەخلا‌قی و شارستانی بوونەوە گەشە ناستێنن، کلتوری ژینگەپارێزی ناناسن و نیشتمانەکەیان بە لاسەنگ بوون و داهاتوویەکی نادیار دەبەخشن.

ڕێبەندانی ٢٧١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە