یاداشتێك لە فراكسیۆنى گۆڕانەوە لە پەرلەمانى كوردستان

Monday, 07/03/2011, 12:00

1739 بینراوە


بۆ بەڕێزان/
- سەرۆكى هەرێمى كوردستان- عیراق
- سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان- عیراق
- سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى كوردستان
- ئەنجومەنى سەرۆكایەتى كۆمارى عیراق
- سەرۆكى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق
- سەرۆك وەزیرانى عیراق
- رێكخراوى چاودێریكردنى مافى مرۆڤى نێودەوڵەتى
- پەرلەمانى ئەوروپا
- نوێنەرایەتى نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق (یونامى)
- سەفارەتو كونسوڵگەرییەكان لە بەغداو هەولێر
- دامودەزگاكانى راگەیاندنى ناوخۆو جیهانى
- راى گشتى كوردستانو عیراقو جیهان

بابەت/ یاداشت

لە دواى روداوەكانى 17/2/2011 وە تا ئێستا، كە 7/3/2011 و تەواوى ئەو پەلامارانەى بە هێزى چەكدار كراونەتە سەر خۆپیشاندەرانى مەدەنى، هەر لە كوشتن و برینداركردن و دەستگیركردنى نایاسایى بەبێ بڕیارى دادگا تا دەگاتە بێ سەروشوێنكردنیان.
لە ئەمڕۆدا دۆخى هەرێمى كوردستان بە ئاقارێكى ترسناكتردا هەنگاو دەنێت، كاتێك دواى بڕیارەكانى پەرلەمانیش لە بەروارى 24/2/2011 كە تایبەت بوو بە مامەڵەى مەدەنیانەو رێزگرتن لە مافى گوزارشت كردن لە ناڕەزایى خەڵكى كوردستان، هێشتا پەلامارى چەكدارانە بۆ سەر ماف و ئازادى هاوڵاتیانى خۆپیشاندەر بەردەوامە، لەو روانگەیەشەوە پەلامارە چەكدارییەكانى شارى هەولێر و ناوچە جیاجیاكانى دیكەى كوردستان لە رۆژى 25/2/2011 بۆ سەر هاوڵاتیانى مەدەنى و دەستگیر كردنیان ، شەوى 6/3/2011 هێزێكى چەكدارى دەمامكدار لە نیوە شەوداو بە بەرچاوى هێزەكانى ئاسایشى سەر بە یەكێتى نیشتمانى كوردستان لە شارى سلێمانى پەلامارى تەواوى ئەو خێمانەیان داوە، كە خۆپیشاندەران لەبەر دەركى سەراى ئازادى شارى سلێمانى هەڵیانداوەو شەوانە تیایدا دەمێننەوە، وێڕاى سوتاندنى خێمەكان تەواوى ئامێرە دەنگى و كەلوپەلەكانى دیكەى خۆپیشاندەران و مانگرتوانیان سوتاندوەو خەڵكەكەیشیان ئازار داوەو ژمارەیەكیشیان لێدەستگیر كردوون، هەمانشەو پەلامارى (رادیۆى دەنگ)، كە رادیۆیەكى سەربەخۆیە لە شارى كەلار دراوەو سوتاندویانە.
دۆخەكە كاتێك ترسناكتر بووە، كە جگە لە هەڕەشەى كوشتن لە رێى نامەى ئەلیكترۆنیەوە لە خۆپیشاندەران و چالاكوانانى كۆمەڵگەى مەدەنى و پەرلەمانتارانى فراكسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى كوردستان، رۆژى 6/3/2011 لە ناو حەرەمى پەرلەماندا لەلایەن پاسەوانەكانى یەكێك لە پەرلەمانتارانى سەر بە دەسەڵات و بە بەرچاوى خۆیەوە بە چەك پەلامارى پەرلەمانتارى فراكسیۆنى گۆڕان (برهان رشید حسن) دەدرێت و بریندارى دەكەن، لەوەش ترسناكتر ئەوەیە لەبەرئەوەى پاسەوانەكانى حەرەمى پەرلەمان بێلایەن نین، بۆیە لە روداوەكەدا هەڵوێستیان بێلایەنانە نەبووە.
لێرەوە داوا لە هەموو لایەكتان دەكەین، وێڕاى بە رەسمى ئیدانەكردنى روداوەكانى دواى 17/2/2011ى هەرێمى كوردستان، گوشارەكانى خۆیشتان زیاتر بكەن بۆ سەر دەسەڵاتى سیاسیى لە هەرێمى كوردستان بۆ هەرچى زیاتر رێزگرتن لە ماف و ئازادیەكانى خۆپیشاندەرانى مەدەنى و سەرجەم هاوڵاتیانى كوردستان.وەبەرپرسیاریەتى ژیان و سەلامەتى هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران دەخەینە ئەستۆى دەسەڵات لە هەرێمى كوردستان.


فراكسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى كوردستان
7/3/2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە