نەخۆشخانە 400 قەڕەوێڵەیەكە لەنێوان هەڕەمەكەى خۆفۆ و تاوەرى خەلیفە و بردنى ملیار دینارەكانى دەزگاى تەندروستى .

Tuesday, 20/04/2010, 12:00

1541 بینراوە


تەواو نەكردنى پڕۆژەى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە باشترین وەڵامە بۆ بەرهەم ساڵح و ئەو دەسەڵاتە دز و گەندەڵەى سلێمانى و یەكێتى كەچەندە كەمتەرخەمن لەئاست كێشە و داواكاریەكانى ئەو میللەتە و خەڵكى كوردستاندا ، بەجۆرێك ئێستا چیڕۆكى تەواونەكردنى ئەم پڕۆژەى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەیى سلێمانى بووەبە(1*) حیكایەتى مێشەكە .
دیارە سەربارى ئەوەى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان سەقەت و ترسناكە پڕۆژەكانیشى لەژێر ڕەحمەتى كۆمپانیاكانى حزب و بەرپرسەكان ئەنجام ئەدرێ ؟ باشترین پرسیارێك كەئەكرێ هەموومان بیكەین لەبەرهەم ساڵح و بەرپرسانى ئیدارەى سلێمانى و یەكێتى كەلەوەتاى پڕۆژەى ئەم نەخۆشخانەیە دەست بەكاربووە چەندان پڕۆژەى حزبى ئەنجام دراون و تەواو بوون ؟ چەندان سەدان هەزار ملیۆن دۆلارى ئەم میللەتە دزراوە و براوە ؟ .
مێژووى دروست بوونى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە ئەگەڕێتەوە بۆ بڕیارى 986 و هەر لەو بڕیارە 40 ملیۆن دۆلارى بۆ تەرخان كرا واتا (40 ملیۆن دۆلارى ساڵى 2002) ئەتوانین بڵێین بەراورد بەئێستا ئەى كرد 120 ملیۆن دۆلار ، لەگەڵ هەرزانى مەوادى بینا و كرێى كرێكار و وەستاو ...
ئەوەى شایەنى باسە ئەم نەخۆشخانەیە كەدەستى بەكارەكانى كرد هێشتا بەعس هەر لەسەر كاربوو و سەدام حوسێن سەرۆك كۆمارى عێراق بوو ، واتا سەدامى دووەم فەخامەتى تاڵەبانى ناوى لەكولەكەى تەڕیش دانەبوو كەببێتە جێگرەوەى سەدام ، وەلەهەمووشى سەیرتر كاتێ بەردى بناغەى ئەم پڕۆژەیە دانرا دروست كردنى بەرزترین تاوەر لەجیهاندا (تاوەرى خەلیفە لەدوبەى) بەخەیاڵى میرى دوبەیشدا نەهاتبوو ...
تەواو نەكردنى ئەم پڕۆژەیە و بردنى پارەى خەیاڵى و زەبەلاح بەناوى ئەم پڕۆژەیەوە بەردەوام بوو تالەساڵى 2005 عومەر فەتاح و دكتۆر محەمەد خۆشناو وەك ئەوەى هەنگیان لەدارا دۆزیبێتەوە 17 ملیۆن دۆلارى تریان بۆ تەرخان كرد و هاتنە سەر شاشە و بەمنەت و توڕەبوونێكى زۆرەوە ڕایان گەیاند كە 1 / 1 / 2006 تەواوى ئەكەین و خەریك بوو تەڵاقى یەكتر بخۆن ، بەڵام وەك درۆى هەمیشەیان و خۆڵ كردنە چاوى خەڵكەوە كەعومەر فەتاح لەسەرى ڕاهاتبوو (تاڵەبانى واجۆش و پەروەردەى كردبوو) لەو بەروارەشدا تەواویان نەكرد و 5 ملیۆن دۆلارى تریشیان بۆ تەرخان كرد و بەهەموو لایەكیان ڕاگەیاند كەئەمجارە بۆ 1 / 11 / 2006 تەواوى ئەكەین ئەم بەروارەش ڕۆیشت و هەر ئێوە خۆش ... دیسانەوە بەتەرخان كردنى پارەیەكى خەیاڵى ترەوە 464 ڕۆژى تریان بۆ درێژ كردەوە و ووتیان مانگى 12 ى 2009 تەواو ئەبێ و بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى سلێمانى خۆى سەرپەرشتى پڕۆژەكە ئەكات (2*) بەتەنفیز موباشر ئەم بەروارەش ڕۆیشت و دووبارە ئێوە خۆش ...
لەهەمووى كارەساتتر ...
لەهەمووى كارەساتتر ئەمەیە ئێستا دواى چواردە ساڵ بڕیاردان لەم پڕۆژەیە و هەشت ساڵ كاركردن تیایدا 57 ملیۆن دۆلارى تریشیان بۆ تەرخان كردوە بڕیاریان داوە بەر لەتێكچوونى دونیا لەكۆتایى 2012 هەرچۆنێك بێ بەسەقەتیش بێ وەك باقى پرۆژەكانى ترى وەزارەتى تەندروستى سەردەمى ئیدارە دز و گەندەڵەكەى عومەرفەتاح تەواوى بكەن.
خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ...
(3*) هەڕەمەكەى خۆفۆى میسر كەبۆتە سەیر و سەمەرەترین و شوێنەوارترین ئاسەوارى مێژوویى جیهان بە 25 ساڵ تەواو بووە ، بورجى خەلیفەش كەبۆتە بورجێكى هەوربڕى جیهانى سەدان قاتى لە 2004 دەستى بەكاركردن كردوە لە 2010 تەواو بووە كەچى نەخۆشخانە 400 قەڕەوێڵەیەكە دوایى بەڕێ كردنى دوو ئیدارەى گەندەڵى سلێمانى بەرهەم ساڵح و عومەر فەتاح و دوو حكومەتى دووئیدارەیى یەك سەرۆكى ماوەدرێژى نێچیر و ماوە كورتى ئێستاى بەرهەم ساڵح و بەڕێ كردنى ژمارەیەك وەزیرى تەندروستى ..... ئێستاش هەر تەواو نەبووە كەبەئیعترافى خودى عیماد ئەحمەد كەماوەیەك لەشوێنى عومەر فەتاح وەك جێگرى سەرۆكى حكومەت دەست بەكاربوو لەكابینەكەى نێچیرڤان بارزانى ئەم پڕۆژەیە 30 ملیۆن دۆلارى تێدا دزراوە .
ئێستا ئێمە و میللەت بەگشتى و خەڵكى تێكۆشەر و كوردپەروەرى قارەمانى سلێمانى بەتایبەتى حەقى خۆمانە بپرسین لەمەكتەبى سیاسى و بەرپرسانى یەكێتى و تێكڕایى بەرپرسە ملیاردێرە زمان درێژە دزەكانى ترى یەكێتى ...
كەئایا لە 2002 وە تائێستا چەندان پڕۆژەى حزبى لەمە زلتر تەواو كراون ؟ بۆ بورج و كۆشكە زەبەلاحەكانى فاروقى مەلامستەفا و هێرۆى برایم ئەحمەد لەماوەى ساڵێك و دوو ساڵ تەواو ئەبن كەچى ئەم پڕۆژە خزمەتگوزرایە گرنگانە كەپەیوەندى ڕاستەوخۆیان بەتەندروستى ژیانى زیاتر لەملیۆنێك ئینسانەوە هەیە تەواو نابێ ؟ چەندان گرێ بەستى نەوت و بیرە نەوت تەواو بووە و ئێستا نەوتەكەى ڕاوانەى ئێران و ووڵاتانى درواسێ ئەكرێ ؟ چەندان كۆشك و تەلارى عومەرفەتاح و دكتۆرمحەمەدخۆشناو و مەكتەبە سیاسى و سەركردایەتیەكانتان لەسەر حسابى ئەم پڕۆژەیە تەواو بووە لە 2002 وە تائێستا ؟ چەندان گوندى ئەڵمانى و شارى خەونەكان و نەخۆشخانەبازرگانیە ئەهلى و حزبیەكان و پڕۆژەكانى كۆمپانیاى نۆكان و ئیدارەى گشتى تەواو بووە ؟ خێرە ئەمە هەر تەواو نەبوو ؟ چۆن ڕووتان هەیە بەبەردەمى ئەم نەخۆشخانەیەدا بڕۆن ؟ یان گەرەكتانە كۆمەڵێك عومەرفەتاح و دكتۆر محەمەد خۆشناوى ترى لەسەر دەوڵەمەند و پەروەردە بكەن ؟ .
تەرخان كردنى ئەو هەموو بڕە پارە خەیاڵیانە و ماوە درێژكردنەوانە جگە لەدزى و گەندەڵى نەبێ چ مانایەكى تر ئەگەیەنێ ؟ ئەبێ ئێستا بەرهەم ساڵح چ بەهانە و بیانوویەكى هەبێ بۆ تەواو نەكردنى ئەم پڕۆژەیە ؟ ...
دواجار ئێوە بڕیاربدەن و بپرسن..
ئەو هەموو 30 ملیۆن دۆلارانەى مانگانە بۆ حزب براوە لەگەڵ ئەو هەموو ملیۆن دۆلارانەى لەدەزگاى تەندروستى پێشمەرگە و نەخۆشخانەكانى شۆڕش دزراوە كەتەنها لەماوەى یەك ساڵدا پاڵپشت(4*) بەڕاپۆرتى دەزگاى چاودێرى دارایى (یەك ملیار و دووسەد و سى و دوو ملیۆن دینار) ، بەڵێ تەنها لەماوەى یەك ساڵى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەدا دزراوە ، ئێستا بدرایە بەهەر كۆمپانیایەك غەیرى كۆمپانیاكانى حزب و بەرپرسەكان نەبێ تائێستا سەدان نەخۆشخانەى 400 قەڕەوێڵەیى تریان دروست نەكردبوو لەسەرانسەرى كوردستان ؟.
گروپى چیای كوردستانپۆست .

1* حیكایەتى مێشەكە و باس كردنى تاوەرى خەلیفە لەنووسینێكى بەڕێز كاك ڕەحمان غەریب دا هاتبوو كەلەسەر ئەم نەخۆشخانەیە نووسى بووى (ڕۆژنامەى هاوڵاتى ژمارە 593 لاپەڕە 20) .
2* تنفیز مباشر نوێترین داهێنانى سیستەمى گەندەڵى بوو كەعومەر فەتاح لەسلكى تەندروستى داى هێنا لەنووسینێكى تردا بەدرێژى باسى كارەساتەكانى ئەو سیستەمە ئەكەین .
3* هەڕەمەكەى خۆفۆى میسر بە25 ساڵ تەواو بوو كەچى نەخۆشخانە 400 قەڕەوێڵەیەكە 13 ساڵە تەواو نەبووە ؟ ئەمە پرسیارى پەیامنێرى ئاوێنە بوو لەوەزیرى تەندروستى تاهیرهەورامى كە زۆر بەتووندى و ناشیرینى وەڵامى دابوویەوە (ڕۆژنامەى ئاوێنە ژمارە 202 لاپەڕە 9) .
4* ڕاپۆرتى دەزگاى چاودێرى دارایى گشتى ژمارە 20/12/33 لە 28 / 2 /2009 .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە