ساڵی 2012 و کۆتایی جیهان

Wednesday, 19/12/2012, 12:00

1508 بینراوە



لەسەرتای بوونەوە ،درکی گشتی کە هەڵهێنجراوی کەرتکراوەکانی درکی تاکە ،لە دژە هارمۆنییەکدا دەژێ لەگەڵ سروشدا . رەهەندە دورو نزیکەکانی سروشت هەردەم جێی بایەخ و دیوێکی قولی ترس بووە بۆ مرۆڤ . ئەم روداوە سروشتیانە لە نەستی تاکدا و لەدوایشدا لە درکی گشتیدا کاریگەری گەورەی هەبووەو بەردەوام چیرۆکی خۆپاراستن و پاڵەوانێتیان دورست کردووە بەرامبەر هێزێکی بێبەزەیی و دڵرەق .ئەم چیرۆکانە بوون بە ئەفسانە ،ئەفسانەش لەگەڵ رێرەوی زەمەندا ئەبێتە بەشێکی زیندووی مێژوو . بەڵام لەلێکخشانی درکی گشتی و روداوی یۆتوبیایی چەمکێکی بەهێز دروست بوو کە دواتر ناویلێنرا موقەدەس ، چەمکی موقەدەس چەمکێکە لە دووی خۆی چەند رەهەندێکی قول لەگەڵ خۆی بەکێش دەکات سەرەکیترینیان ،موقەدەس پرواپرە لە راستی راستیش تاکە بەهایە لە بووندا بەزیندوی دەمێنێتەوە .موقەدەس لەو دیوی خۆیدا چەمکێکی بەرامبەر لەگەڵ خۆی دروست دەکات ئەویش ناموقەدەسە ، ئەگەر موقەدەس راستی بێ دەبێ ناموقەدەس درۆ بێ وە ئەگەر موقەدەس نەمر بێ دەبێ ناموقەدەس مردنی هەبێ . مرۆڤ لەسەرتای سەرەتاکانەوە بەو راستیانە گەیشتووە کە مرۆڤەکان دەمرن و رۆژ ئاوا دەبێ و شەویش کە رۆژ هەڵدێ کۆتایی دێ و وەرزەکانی ساڵیش هەر بەو شێوەیە .ئەم هاوکێشەیە چەند واتایەکی فێری مرۆڤ کرد و ئەم واتایانە لە زهنی مرۆڤایەتیدا بە بۆماوە گوازرایەوە بۆ نەوەکان ، موقەدەس گوزارشتێکە دەبەخشرێ بە خودا ، لەبەر ئەوەی خودا موقەدەسە پراوپرە لەراستی و نەمری ،بەرامبەر خودا مرۆڤ هەیە پراوپر لە درۆ و مەحکومە بە مردن . کەواتە بوون لەوەتی هەیە گێژاوێکە یان باشتر بڵێم کێشمەکێشێکی بەردەوامی نێوان موقەدەس و ناموقەدەسە ، نێوان خواو مرۆڤ ،نێوان نەمری و مردن نێوان لەدایك بوون و مردن چونکە بەرامبەری مردن ژیان نی یە ،ژیان پرۆسێسێکی بەردەوامە بۆ بەردەوامی لەدایك بوون بە واتایەکی تر ئەگەر لەدایك بوون نەبێ ژیان نابێ ،،
باسەکەی من پەیوەندی بە کۆتاییەوە هەیە واتا موقەدەس ناگرێتەوە ، بەڵکو باسێکە لە روانگەی دیدی خۆمەوە ئەروانمە کۆتایی ...بیری کۆتایی ، بیرێکە لە گەڵ مرۆڤدا هاتووەو رۆچۆتە قولایی نەستی یەوە ،ئەم بیرکردنەوەیەش هەڵقوڵاوی دیتنێکی بەردەوامی مردنە کە بەردەوام کەسە نزیکەکانی ئەکاتە ژێرباڵی یەوەو بەرەو نادیار دەیان بات ، بینینی کۆتای رۆژە بەهاتنی شەوو کۆتایی شەیشە بە هەڵهاتنی رۆژ ، لە بیرمان نەچێ کە دیوی ئەودیوی موقەدەسیشە کە کۆتایی نایە ، بەڵێم کۆتایی جیهان لای من بەو شێوە دراماتیکی ومائساویی یە نی یە بەڵکو بە شێوەیەکی جیاوازە .
، کۆتایی لە دیدێکی یەوە یكسانە بە مردن ، مردن بەنەمان . هەر نەمانێ بۆ خۆی مردنێکە ،یان شێوەیەکە لەمردن . ئەگەر ئەمە بە پایەیەك ئەژمارد بکەم ئەتوانم بڵێم ، ئەو درکە گشتییەی کە هەڵهێنجراوی درکی تاكە پشتبەستوو بە ئەفسانەو مێژوی دوروست کراوو ،ئەگات بەو باوەرەی هەموو شتێ ئاکامەکەی ئاوابوونەو هەڵێتنێکی نوێیە ، مردن و هەڵسانەوەیە ، بە شێوەیەکی چەسپاو لە ئەودیوی درکی یەوە نیمچە راستی یەك ئەچەسپێنێ کە سەرچەم چەمکەکانی دنیا پێکهاتوە لە تازبونەوەیەکی بەردەوام ، بۆ ئەوەی شتێ تازەبێتەوە دەبێ یەکەم جار کۆتایی پێبێ ، ئەمە پەیوەندی بە تێزێکی باڵاترەوە هەیە . کۆتایی جیهان مانای ئەوە نییە ،وەك ئەوەی باس دەکرێ ،بەردێ لە قولای ئاسمانەوە دەکەوێتە خوارەوەو دنیا سەرەو ژور دەکات ، نە ماناشی ئەوەیە لە شەرێکی جیهانی تردا زلهێزەکان بە بۆمبی ئەتۆمی مرۆڤایەتی قردەکەن وکۆتاییدێ . کۆتایی جیهان دێ بەڵام بەشێوەیەکی تر ، بە شیوەیەکی ناوەکی ،بەو شێوەیەی کە کۆتایی واتایایەکی نوێ بدات بە جیهان . ئەو کۆتاییە گۆرین و تازەبوونەوەی بیرکردنەوەو درکە کە لە مێژووی یەکی دورستکراوەوە هەڵمانگرتۆتەوەو ئەفسانەش هێڵە گشتیەکانی دیاری دەکرد ، بینینی جیهانە بە شێوەیەکی تر و لە ژێر سایەی سیستمێكی نوێ ،لەوانەیە کۆتایی بەسیستمی دراو بێت لەدوای ساڵی ٢٠١٢ لەوانەیە زۆرترین نەخشە لەسەر جیهانی ئەمرۆ مەحکوم بێ بەگۆران . ئەم بیرکرنەوە نوێ یە هەڵگری تەرمی بیرێکی کۆنە کە لە تەواوی جیهاندا پەیرەو دەکرێ و کوردستانەکەی ئێمەشی گرتۆتەوە بە مردنی ئەم دید و بیرکردنەوەیە بە جۆرێك لە جۆرەکان جیهان کۆتایی دێ .گۆرانێکە لە بیرکردنەوەو هۆشیاری بەرامبەر داتاو سیستمە ئابوریەکان و بەرامبەر بە پرسیارە هەرە گرنگەکانی زهنی مرۆڤایەتی ،تێگەیشتنێکی نوێ یە بۆ هێما شاراوەکان و تەلیسمە نەکراوەکان ،لەوانەیە تێگەیشتنێکی نوێ بێ بۆ بونیات نانی بیر بەشێوەیەکی نامەئلووف و بینینی هاوکێشەکانی مانا و گواستنەوەی زانیاری و وتا ،لەوانەیە تازەکردنەوەیەکی ئەو دالانەبێ کە مەدلولەکان ئەیبەخشن وسپیکردنەوەی ئەو بەخت رەشییەبێ کە مرۆڤ لە دێر زەمانەوە بەکۆڵییەوە هەڵیگرتووە .تێگەیشتنێکە بۆ هۆکارەکانی وەرگرتنی ووزە لە تاکەکانەوە و کارلێکردنییان لەگەڵ یەکتری ،ئەم تازە بوونەوەیە تەنها لە کاتی مردنی ئەو تێگەیشتنە کۆنەوە دێ کە تائێستا باوو بووەو بەمانایەك لە ماناکان ئەمەش کۆتایی جیهانە .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە