پەیکەری چاوەڕوانی

Thursday, 18/12/2014, 12:00

1373 بینراوە





خۆشەویستم

هیواکانم

لەچەشنی دار و بەرد

تێکەڵاو بوون

ئێستاکە هیچ کامیان

شفرەی ئەم ژیانە ناکەنەوە

لەم کتێبی گومانە

کام درەخت ئەبێتە سێبەر

بۆ حیکایەتەکانم

تا لە دەمی وەریندا

لە شوێنی گەڵاکانی من هەڵوەرم

نازانم

چ (با)یەک

جانتای غیرەت ئەکاتە شان و

پشکۆی بیرکردنی تۆ ..

لە مندا ئەکوژێنێتەوە

چاوەڕێم

وەک هەمو ئەو فاریزانەی

چاوەڕوان بوون بگەنە خاڵەکان و

نەگەیشتن

خۆشەویستم

تکا ئەکەم

گه ر ناتوانی دیەبی گەڕانەوەت

بدەیتە بەر تیشکی چاوم

وەک مۆمی ژوورەکەت

پەیکەرێک

بۆ چاوەڕوانیم بتاشە

تاکو چیتر

نەبمە پاسەوانی تەنیایی.




سوزى بابانى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە